خانه / پێشنیاری ده‌سته‌ی نووسه‌ران / ڕۆمانی «تەنیا» چاپ و بڵاوکرایەوە

ڕۆمانی «تەنیا» چاپ و بڵاوکرایەوە

ڕۆمانی «تەنیا» چاپ و بڵاوکرایەوە

ئاکۆ عەباسی

 لەگەڵکوو چاومان بە نێوی «ئۆژێن یۆنسکۆ» دەکەوێ، خێرایەکی شانۆنامەکانیمان وەبیر دێتەوە کە سەردەمی دوای شەڕی جیهانی دووهەم نووسی. لەوانەشە ئەگەر بڕێکی دیشی لێ بکۆڵینەوە یادێک لە «تیاتری ئابزۆرد»یش بکەین، چون دەزانین تازە پینەی ئابزۆرد بە نێوی یۆنسکۆوە دووراوە. ئەگەر لە راستیش لانەدەین سەروبنی تیاتری یۆنسکۆ باسی تەنیایی مرۆ و سەیروسەمەربوونی ژیان و بێ‌واتابوونی بایەخەکانە. هەتا ئەو جێیەی لە وەڵامی ئەو پرسیارەی کە لێی دەپرسن ئەرکی ئەدەبیات لە کۆمەڵگادا چیە، دەڵێ:”هیچ”.

یۆنسکۆ لە ژیانی‌دا تاقە جارێک دەستی دا رۆمان نووسین، ئەویش رۆمانی «تەنیا» بوو. زۆر رەخنەگر لۆمەیان کرد و نووسیان بەو کارە خۆی سووک کرد و نەدەبوو خۆ لە رۆمان دا، هێندێکیش بردبوویانە لای سەرێ و بە شان و باڵیان‌دا هەڵدەکوت و رۆمانەکەیان پێ شاکارێکی ئەدەبی بوو. بۆخۆشی ئاقیدەی وابوو دەیکوت تیاتر زمانی دەربڕینی ئیدەکان نیە و زۆرتر بۆ ئوستوورە دەبێ، ماوەیەکە بیری فەلسەفی دایگرتووم و لە کەرەستەیەکی پەیوەندی‌گرتنی باش دەگەڕام کە ئەویشم لە رۆمان‌دا دیتەوە.

«سی‌وپێنج‌ساڵی تەمەنی دەست‌هەڵگرتنە لە کار و هەڵات‌هەڵات.»! رۆمانی تەنیا بەو رستەیەوە دەست پێ دەکا. کابرایەکی وەڕەز و ماندوو لە تەمەنی سی‌وپێنج‌ساڵی میراتێکی لەکوت‌وپڕی پێ دەبڕێ و لەمەودوا ناچار نابێ کار بکا. کابرای تایەن رقی دونیای لە کارەکەی دەبێ و لەو وایە ژیان ئەوەندە ناهێنێ بۆی هەڵسووڕێی و ئارەقی ماندوویەتی بۆ بڕێژی. سەری لە خەڵک سوڕ دەمێنێ بۆچی ئاوا دڵیان داوە بەو ژیانە و ئاشق دەبن و ئیمان دێنن و شەڕی بۆ دەکەن. ژیان بۆ ئەو هیچ بەهایەکی رەهای نیە، جا بۆیە بۆ ئەوەی لە نەهامەتی و رەنجی ئەو جیهانە هەڵێ مل دەنێ لە ئارەق‌خواردنەوە و هەموو دڵ‌خۆشییەکەی ئەوەیە نیوەڕۆ دابێ و خۆ بکا بە چێشت‌خانەیەک‌دا و پارووە نانێک بخوا و پاشان رێی ماڵێ بگرێتەوە بەر. جاروبار هەست دەکا ئاشق‌بوون دەتوانێ واتایەک بدا بە ژیانی، چەند جارێک دڵ دەدا بە چەند ژنی هاوکاری و هێندەی پێ ناچێ لێیان وەڕەز دەبێ، یان ئەوان لەو وەڕەز دەبن. چەند جارێکیش لەگەڵ پێش‌خزمەتی ئەو چێشت‌خانەیەی وا سەرانسوێی دەکرد کەین‌بەین ساز دەکا، ئەو ئەشقانەش سەر ناگرن و ئاخروئاقیبەت هەر تەنیا دەمێنێتەوە. هەست دەکا ئەگەر ماڵەکەی بگوازێتەوە بۆ گەڕەکێکی قەراغ شاری پاریس دۆخی دەگۆڕدرێ، ئەویش وا دەکا. کەچی لەو گەڕەکەش حەسانەوە بە خۆیەوە نابینێ. خەڵکی گەڕەک هەموو بە گومانەوە سەیری دەکەن، سەریان لەو پرسیارە سەیروسەمەرانەی وەژان دەکەوێ، راستە خەڵکیش هەر ئەو پرسیارانەیان هەیە، بەڵام ئەوان قەناعەتیان بەو نەزانییەی خۆیان هێناوە و بەردێکیان لەسەر داناوە و دانیشتوون ژیانی ئاسایی خۆیان دەکەن، بەڵام گێڕەوە دەسبەرداری ئەو پرسیارانە نابێ و هێندەی دێنێ و دەبا هەتا بەو ئاکامە دەگا ژیان ئابزۆڕدە و مانای راستەقینە قەت دەستەبەر نابێ. ژیانی رۆژانەی گێڕەوە هیچ شتێکی ماناداری تێدا نیە، هەموو رۆژێک سەری سەعاتێک هەڵدەستێ، دەست و دەم‌وچاوی دەشوا، دەچێتە چێشت‌خانەیەکی هەمیشەیی و نان دەخوا و پاشان هەر بەو خەیابانەی وا پێی‌دا هاتووە دەگەڕێتەوە ماڵێ. ئەو کاتانەی هەست دەکا زۆر وەڕەزە یان بەلای پرسیارێکەوە ژانەسەری گرتووە پەنا دەبا بۆ مەشڕووب‌خواردنەوە و ئەو سەرخۆشییەی وا دەکا بۆ چەند ساتێک ئەو پووچی و بێ‌واتاییەی ژیانی لەبیر بچێتەوە و تەنانەت دڵی پێ بدا. گێڕەوە لە تەنیاییەکی کوشەندەدا دەژی، زۆر جار هەوڵ دەدا دۆست و ناسیاو بۆخۆی پەیدا بکا، بەڵام ئاخرسەر هەست دەکا کەس لەو تێناگا و چارەنووسی ئەو هەر تەنیاییە.  لەو سەروبەندەدا ئاقڵی دەگۆڕێ و لە دۆخێکی وەهم و خەیاڵاوی‌دا دەژی.

 گێڕەوەی رۆمانەکە کابرایەکی تەمەن سی‌وپێنج‌ساڵە کە بە شێوەی تاک‌بێژی دەروونی یەکەم‌کەس خەریکە ریوایەت دەکا. ناوبەناو دیالۆگیش دێتە نێو ریوایەتەکەوە. یۆنسکۆ لەو رۆمانەدا بە ئیلهام‌وەرگرتن لە رووداوەکانی مەی ١٩٦٨ی فەڕانسە تیز بە بنەما ئیدئۆلۆژیکییەکان دەکا: شەڕێک لە نێوان دوو باڵی حیزبێکی سیاسی‌دا ساز دەبێ و زۆرکەس لەو شەڕەدا تێدادەچن. گێڕەوە  هەوڵ دەدا ناوبژیوانی دوو لایەنەکە بکا، بەڵام هەوڵەکەی سەر ناگرێ و تەنانەت چەند جار تۆمەت‌بار دەرکرێ کە بوورژوایە. یۆنسکۆ زۆر لەسەر ئەو رووداوە تڕاژی-کۆمیکانە دەڕوا و وای دەگێڕێتەوە کە نائەقڵانین. تەنانەت چەند جار لەگەڵ سارتر تووشی دمەقڕە دەبن و یۆنسکۆ پێی دەڵێ من سارتری ئۆمانیستم خۆش دەوێ، ئەتۆ لەو رێبازە لات داوە و لەجیات ئەوەی بێنی باسی تەنیایی و مەرگ بکەی دێنی بانگەشەی ئیدئۆلۆژیک دەکەی!

رۆمانەکە ناچێتە خانەی ژانڕی ئەدەبیی «رۆمانی نوێ»وە، تەنانەت ژانڕی رۆمانی «تیاتری ئابزۆڕد»یشی نیە، زۆرتر رۆمانێکی دەروون‌ناسانە و ئێگزیستانسیالە. کەسایەتی سەرەکی رۆمانەکە زۆر لە “مۆرسۆ” لە بێگانەی کامۆ و “رۆکانتەن” لە هێڵنجی سارتر نزیکە. هەرچەند زۆرتر وا باوە دەڵێن رێبازی ئێگزیستانسیالیسمی سێ‌کوچکەی “سارتر، بوار، کامۆ” مەیدانی رۆمانیان بەدەستە، بەڵام یۆنسکۆش بەو رۆمانە لەگەڵ ئەو سێ نووسەرە دەکەوێ. بە بڕوای سارتر  بۆ ئەوەی لە «بوون» و ئابزۆرد دەرباز بین دەبێ خۆمان بە لای فەرهەنگ و هونەرەوە خەریک بکەین. ئەوەش هەر ئەو کارەیە وا گێڕەوەی هێڵنج لە کۆتایی رۆمانەکەدا دەیکا ئەو کاتەی دەیەوێ بۆ ئەوەی لە ئابزۆردیتەی «بوون» هەڵێ بڕیار دەدا دەست بکا بە نووسینی رۆمانێک. سارتری گەنج ئەو چاوەڕوانییەی لە دەقی ئەدەبی هەیە کە بتوانێ تەکووزییەک بەسەر بێ‌سەرەوبەرەیی سرووشتیی «بوون»دا بسەپێنێ. کامۆش پێی وایە مرۆ بوونەوەرێکی سرووشتییە و ناتوانێ خۆی لە یاساکانی سرووشت دەرباز بکا، تەنانەت فەرهەنگیش ناتوانێ ئێمە لە ئابزۆردی بوون رزگار بکا. دەتوانین بڵێین یۆنسکۆ لە نێوان ئەو دوو شێوە روانینە ئێگزیستانسیالەیە. کەسایەتی تەنیا هەم هەوڵ دەدا خۆی بەلای فەرهەگەوە خەریک بکا ئەو کاتەی دەخوێنێتەوە و پرسیاری فەلسەفی بۆ ساز دەبێ و هەمیش تەواو بڕوای بەو ئابزۆردبوونە سرووشتییە هەیە و پێی وایە مرۆ قەت ناتوانێ وەڵآم بۆ ژیان ببینێتەوە و هەتاهەتایە ناتوانین بەهایەک بۆ ژیان دەستەبەر بکەین. ئەگەر زۆری لێ ورد بینەوە لەوانەیە بتوانین بڵێین “تەنیا” ئۆتۆبیۆگڕافییەکی یۆنسکۆیە.

فۆڕمی رۆمانەکە ئازادە، یانی ئەوەی کە دابەش نەکراوە بە چەند بەش‌دا. رستەکان زۆر میکانیکین و رستەی کورت تەزبێح‌ئاسا یەک‌بەدوای‌یەک ریز کراون. هەر ئەو تەکنیکی فۆڕمییە وا دەکا خوێنەر زۆرجار وەڕەز بێ و چێژی خوێندنەوەکە کەم کاتەوە. “کایە-بە-وشە” لەو رۆمانەدا زۆر لەکار کراوە، هەرچەند لە تەرجومەی ئەو کارەدا تەواوی وردەکارییەکانی زمانی نەگوازراوەتەوە سەر زمانی کوردی و رەنگە ئەوە یەکێک لە خاڵە لاوازەکانی تەرجومەکە بێ.

لە کۆتایی‌دا زۆربەی هەرەزۆری کارەکانی یۆنسکۆ باس لە گەڕانە بەدوای بەختەوەری، حەقیقەت و راست‌گۆیی، ئاخرسەریش ئاکامەکەی ئەوەیە ئەو بەهایانە تاکەکەسین  و دەبێ لە تەنیایی‌دا بۆیان بگەڕێین. رەنگە ئاکامی ئەو گەڕانەش بۆ کەس دەستەبەر نەبێ. بۆخۆی دەڵێ:«تەنیا بابەتێکی گرینگ بوونی هەیە، ئەویش چاوەڕێ‌بوونە… تەنیا شتێکی لەدەستمان دێ ئەوەیە چاوەڕێی شتێک بین، لە جێیەکی دی، رەنگە بتوانین ئەم جیهانە لە وەهمێک‌دا ببینینەوە، لە رووناکییەک‌دا، بۆ وێنە ئەو کاتانەی بە منداڵی هێندێک ساتەوەخت بوون چەندە هەستمان بە بەختەوەری دەکرد و سەرودڵ‌خۆش بووین، دەبێ چاوەڕێ بین رەنگە لە داهاتووش‌دا بتوانین بیبینینەوە».

 بۆ داگرتنی ته‌واوی بابه‌ته‌که ببنە ئەندامی کاناڵی تلگرامی ماڵی کتێبی کوردی…

 https://t.me/kurdishbookhouse

ئەم بابەتە تایبەتە بە ماڵی کتێبی کوردی و بڵاوکردنەوەی بە ئاماژەدان بە سەرچاوە ڕێگە پێدراوە.

درباره‌ی ماڵی کتێبی کوردی

همچنین ببینید

کتێبی «خۆبەڕیوەبەری شەنگال» چاپ و بڵاو کرایەوە

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *