خانه / تازه‌ چاپکراوه‌کان / ژاراوی خەزان و …

ژاراوی خەزان و …

ژاراوی خەزان و …

عەزیز وەلیانی

بڕیارم دابوو بە بۆن و بەرامەی چەپکێ لە گوڵزاری نیشتمان، یان بیستنی هەواڵێکی هەست‌بزوێن، تەنانەت خەندەنیگای ژێردەمامکی نەوباوەیەک، کەش‌و‌هەوای سەروتار خۆش کەم. خۆزگەم دەخواست بە لەدایک بوونی شێعرێکی خۆشی‌بەخش لە شاعیرێکی بێ‌دەرد و زووخاو سەردەقی وتارەکەم داگیرسێنم؛ بەتەما بووم بە سۆزی عەشقی دوو نەونەمام، پیت و وشەکان بێنمە سەما تا لەم گەڵاڕێزانەدا گۆوەندێ ساز کەین بەڵکوو تپەی دڵمان دەهۆڵی شادمانی بکوتێ.  

بەڵام مخابن، بەڵام مخابن! چاوی چاوڕوانم کوێر، کڕکەوتوو و تاساو، تەنانەت بۆ سەبووری دڵ تەنانەت تۆزقاڵێ لە بریا و خۆزگەکانم نەهاتنە دی و چم شک نەبرد! 

دیسان پاییز، هەمیسان لە پاییزا هوروژمی تێکڕایی چەند پەتای مەرگ و میحنەت و بێ‌بەشی، بەرۆکی ئەم وڵاتەیان گرتۆتەوە.

لێگەڕێن با لە ڕۆژژمێری خەزانی ئەم ساڵ تۆمار کرێ کە شەقام گرژ و مۆن و پەشۆکاو، دەستەکان لێک نامۆن، لێوەکان لە گۆ کەوتوون نەکا هاڵاوی نادیاری پەتایەک، بخزێتە هەناومان و ڕێی نەمان بگرینەبەر. ڕەشەبای مەرگ بەڕەڵدا بووە و دەلورێنێ تا وەکوژێنێ چرای دەماڵان، گوڵستان ژاکاو و گۆڕستان ئاوەدان. فریشتە سپی‌پۆشەکان گەلێ شەکەت و بێ‌بڕست، بەڵام هەروا لەسەر پێ و نەسرەوتوون. دەمێکە بۆنی تەرم و دڵی هەڵقرچاوی کەسەکان دوور لە ئاوەدانی و کۆڕی خزمان جێی بە بێنی سوورەگوڵانی وڵاتەکەم لێژ کردووە، دەمێکە ئاگر کەوتۆتە دارستانی هومێد و خەونەکان. دەمێکە تەقە و نیخەی سینگی کۆڵبەرانی شەکەت بۆتە ئاهەنگی شەو و ڕۆژی کەژ و بەندەنی سەرسنوور. گشتی ئەمانە سووچێکن لە دیمەنی دڵ‌هەژێنی ئەوڕۆی وڵات.

گرفتی ئابووری بۆتە سەرەکی ترین دۆزی ژیان. سەرباری دەردان گەندەڵکار و ناچیزەکان بێ ڕووبینی و بێ دەمامک ڕۆ بوونە سامان و داهاتی شارەکان؛ گەرەکیانە غرور و عیزەتی ”ئینسان” بچڕژێنن و دەخوازن وشەی درۆ و ڕیا  و فەساد ببنە ئامرازێک بۆ گەیشتن بە مراد.      

با لە ڕۆژژمێری خەزانی ئەم ئەمساڵ تۆمار کرێ، کە لە ڕۆژهەڵاتی ناوین پەتای پڕ ڕەمز و ڕازی کڕۆنا و ئیستبداد بوونە ئاوەڵ‌دووانە و دیمۆکراسی شەقامیان لە سوچێ قۆڵ‌بەست کردووە و گزیرەکانیان بە ئەرخەیانی شاڵاو دەبەنە سەر بنەماکانی داد و عەداڵەت. کۆمەڵگا کڕ و مات کەوتووە و وشەی ”ئازادی” بۆتە هاوارێکی قەتیس‌ماو لە ڕوح و لەشی مرۆڤی سەردەم.

کەوابوو لە هەل‌و‌مەرجێکی ئەوتۆ، خۆ تەیار و پۆشتە کەین بە بیری نوێ، شێوازی نوێ، ڕێبازی نوێ، بکەوینە ئەندێش و قورسایی ئەم تەم و غەم و کەسەرە بتاوێنین و ئیزن نەدەین دەلاقەی هیوا بۆ دوا‌ڕۆژ ڕووناک گاڵە بدرێ، تا بەرەی داهاتوو بە متمانە و عیلم و زانستەوە دەنگ هەڵبڕن و سرودی سەرفرازی بە گوێی مێژووی نیشتمان‌دا وەخوێنن، ئینجا ڕیز بە رێز و شان بە شان ڕێ ببڕن بەرەو گوڵزاری سەربەستی.     

سه‌رچاوه‌: سەروتاری ژمارە ٢١٤ی گۆڤاری مەهاباد

داگرتنی فایلی ده‌نگی

 بۆ داگرتنی ته‌واوی بابه‌ته‌که ببنە ئەندامی کاناڵی تلگرامی ماڵی کتێبی کوردی…

 https://t.me/kurdishbookhouse

ئەم بابەتە تایبەتە بە ماڵی کتێبی کوردی و بڵاوکردنەوەی بە ئاماژەدان بە سەرچاوە ڕێگە پێدراوە.

درباره‌ی ماڵی کتێبی کوردی

همچنین ببینید

کتێبی «مژاوا» بە قەڵەمی جان دۆست وەرگێڕان کرایە سەر زمانی کوردی سۆرانی

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *