كتێبی «مێژووی گریان» بەرهەمی سەڵاح حەسەنپاڵەوان وەرگێڕدرایە سەر زمانی فارسی
كتێبی گرینگی «مێژووی گریان» بەرهەمی ناوازەی نووسەر و توێژەری بەتوانای كورد «سەڵاح حەسەنپاڵەوان» بە پێنووسی پاراوی «ڕەزا كەریممجاور» وەرگێڕی بەناوبانگی بۆكانی، وەرگێڕدرایە سەر زمانی فارسی و لەلایەن دەزگای بەناوبانگی چاپەمەنیی «ئاگە»ی تارانەوە چاپ و بڵاو كرایەوە. دەقی سەرەكی ئەم بەرهەمە كە یەكێك لە دوو بەرهەمی گرینگی توێژكارانەی حەسەنپاڵەوانە، لە ساڵانی ڕابردوودا دوو جار لە كوردستان چاپ كراوە و لەلایەن ڕەخنەگرانیشەوە ئاوڕدانەوەی باشی بۆ كراوە. گرینگیی ئەم كتێبە لەوەدایە كە تا ئێستا كارێكی ئەوتۆ نەك هەر لە كوردستان، بەڵكوو لە ناو گەلانی دراوسێش و تەنانەت لە زمانەكانی بیانیشدا بەم شێوەیە نەكراوە. ئەمە یەكەم كتێبی حەسەنپاڵەوانە كە دەكرێتە زمانی فارسی.
ئەم كتێبە لە ۲۶۸ لاپەڕەدا و لە ئەژماری ۵۰۰ دانەدا چاپ كراوە و ئێستا لەلای هەموو كتێبفرۆشیە گرینگەكانی وڵاتی ئێران دەس دەكەوێ.