خانه / پێشنیاری ده‌سته‌ی نووسه‌ران / کتێبی پیرەمێرد و زەریا وەرگێڕانی شێرکۆ بێکەس بڵاوکرایەوە

کتێبی پیرەمێرد و زەریا وەرگێڕانی شێرکۆ بێکەس بڵاوکرایەوە

کتێبی پیرەمێرد و زەریا وەرگێڕانی شێرکۆ بێکەس بڵاوکرایەوە

پێشەکی وەرگێڕ

وەک بێتەوە بیرم پانزە ساڵ لەمەوپێش، لە سەردەمێک‌دا کە هێشتا لە دنیاى شیعر و ئەدەب‌دا، سەرەتاى هەنگاونان و چاوکردنەوەم بوو، وەختێ بۆ یەکەم‌جار چیرۆکى «پیرەمێرد و زەریا»ى «هێمنگوا»یم بە زمانى عەڕەبى و لە وەرگێڕانى نووسەرى ناسراو «منیر البعلبکى» خوێندەوە. لەو کاتەوە ئاواتەخوازى ئەوە بووم ڕۆژێ لە ڕۆژان ئەم شاکارە ئەدەبییە مەزن و زیندووە کە بۆ زوربەى زۆرى زمانى نەتەوەکانى ئەم دنیایە وەرگێڕدراوە –بکرێ بە کوردى و بخرێتە بەردەستى خوێنەرانى و پێشکەشى کتێبخانە هەژارەکەى بکرێ.
بەڵام دواى ئەوەى ساڵان تێپەڕێن و ئەم ئاواتە لە لایەن ئەدیبێکى ترەوە نەهێنرایە دى. بەتایبەتى ئەوانەى ئەیان‌توانى ڕاستەوخۆ و یەکسەر هەر لە زمانى ئینگلیزییەوە کارەکە بە ئەنجام بدەن. ئەوسا من لە لاى خۆمەوە بڕیارى ئەوەم دا ئەم ئەرکە گرانە بگرمە ئەستۆ و وەک پڕۆژەیەکى ئەدەبیى گرینگ، لە خانەى کارەکانى داهاتووم‌دا جێگەیەکى تایبەتى بۆ تەرخان بکەم و لە وەختى بۆ دانراوى خۆی‌دا دەست بە وەرگێڕانى بکەم. بەڵێ لە سەرەتاى ساڵى ۱۹۸٠دا دەستم پێ‌کردووە لەگەڵی‌دا ماندوو بووم و تەواوم کرد. بەڵام گرێیەک هەر لە دڵم‌دا بوو ئەویش وەرگێڕانى بەرهەمەکە بوو لە زمانى عەڕەبییەوە نەک لە زمانى «ئەسڵەوە» واتە ئینگلیزییەوە چوونکە ئەمزانى گرتنى ئەم ڕێگە ناڕاستەوخۆ و پێچاوپێچە لە مەیدانى هونەرى وەرگێڕان‌دا، لەوانەیە وەرگێڕ تووشى گەلێ هەڵەى نالەبار و نابەجێى وا بکات کە لە ئەنجام‌دا بەتایبەتى دواى چاپ‌کردن و بڵاوبوونەوە لە سەرى بکەوێ و ئەمە جگە لەوەى لە بەها و نرخى کارە ئەدەبییەکە بهێنێتە خوارەوە و لەکەدارى بکات. بۆیە بە چاکم زانى ئەو گرێیەش لە دڵم‌دا نەهێڵم. بۆ ئەمەش داوام لە هاوڕێى ئەدیب کاک کەماڵ میراودەلى کرد وەرگێڕانەکەى من و دەقە ئینگلیزییەکە لەگەڵ یەکتردا بەراورد بکات و دەستنیشانى کەم‌وکورتى و ناتەواوییەکانم بۆ بکات تا بتوانم بە دڵنیایی‌یەوە بیخەمە بەردەستى خوێنەران، کاک کەماڵ دڵسۆزانە هات بە دەنگمەوە لە ماوەیەکى کەم‌دا بەراوردەکەى کرد و دەستنووسەکەمى بۆ هێنامەوە. کاک کەماڵ بە شێوەیەکى گشتى لە ڕاست و درووستی وەرگێڕانەکەم ڕازى بوو. ئەو هەڵە و ناتەواویانەى دەستنیشانى کردبوون لەوە کەم‌تر بوون کە چاوەڕوانم ئەکردن. بەکورتى دواى بەراوردەکە و ڕاست‌کردنەوە ئینجا دڵنیا بووم ئیشەکەم بە سەرئەنجامى گەیشتوە و ئەتوانێ ڕێگەى چوونە ناو خوێنەرانی کورد و کتێبخانەکەى بگرێ و لەمەیش‌دا یاریدەدان و یارمەتى کاک کەمال جێگەى ڕێز و خۆشەویستیەو لە بیر ناکرێ. ئەبێ ئەوەش بڵێم کە لە وەختى وەرگێڕانى ئەم شاکارە ئەدەبییەدا تووشى کۆمەڵێ وشە و زاراوەى وا هاتم کە نەک هەر بە کوردى نین، تەنانەت هەندێکیان لە دەقە عەڕەبیەکەش‌دا هەروەکوو ئەسڵەکە چۆنە وەها نووسراونەتەوە. چوونکە بەشى زۆرى ئەو وشە و زاراوانە پێوەندییەکى ڕاستەوخۆیان بە جیهانى زەریا و ناوى ئەو ماسى و زیندەوەرە ڕوەکى و حەیوانیانە و، ئەو گژوگیاى ئۆقیانووس و کەنداوانەوە هەیە کە کورد نەیبوە و نییەتى و ئیتر داتاشین و بەزۆر درووست‌کردنیانیشم خستە لاوە و لە دەقە ئینگلیزییەکەدا چۆن ناو براون بەو جۆرە نووسینمەوە و بەڵام ئەوەى پێویستى بە ڕوون‌کردنەوە هەبووبێ لە پەراوێزەکان‌دا باسم کردوون. دەربارەى ناوونیشانى چیرۆکەکەش ڕاستییەکەى ئەوە بوو هەر وەک کاک «کەماڵ»یش پەنجەى بۆ ڕاکێشابوو بەپێى گۆڕینى حەرفى ئەبووایە «پیرەمێردەکە و.. زەریا» بنووسرێ، لەبەر ئەوەى دیارە باسى تەنها لە پیرەمێردەکەیە و بەس. بەڵام من لەمەیان‌دا ویستم ئەو «کە»یەى پیرەمێردەکە لە خوێندنەوەی‌دا نەبێتە قۆرت و خۆش‌تر و ڕەوان‌تر بخوێنرێتەوە. بۆیە وام بە باش زانى هەر بە ناوونیشانى «پیرەمێرد و زەریا» تەرجومەى بکەم. ئەمە جگە لەوەى هەر لە یەکەمین دێڕى چیرۆکەکەوە، خوێنەر، ئەزانێ کە مەبەست تەنها لە پیرەمێردێکە نەک پیرەمێردەکان و هەموو پیرەمێردێ بەگشتى.
گومان لەوەدا نییە کە بەشى زۆرى خوێندەواران و بەتایبەتى ڕووناکبیرانى کورد هیمنگواى ئەناسن و ڕەنگە لە بەرهەمێکیشیان زیاتر خوێندبێتەوە بەڵام بۆ زۆربەى زۆرى ئەو خوێنەرە کوردانەى کە لە زمانى کوردى بەولاوە چی تر نازانن بە پێویستم زانى کورتەیەکى ژیانى ئەم کەڵە ئەدیبەیان بخەمە پێش‌چاو بەرلەوەى دەست بە خوێندنەوەى «پیرەمێرد و زەریا»کەى بکەن.
ئێرنێست میلە هیمنگواى لە ساڵى ۱۸۹۹دا لە «ئوک پاک» کە هەرێمێکى خۆش و دیارى «گشیکاگۆ»یە لە دایک بووە. باوکى پزیشک بووە و لە هەمان کاتیش‌دا وەرزشەوانێکى لێهاتووش بووە، لەو شەش منداڵەى هەیبوون، هیمنگواى دووەمیان بوو.
لە ساڵى ۱۹۱۷دا بۆ یەکەم جار وەک ڕاپۆرتنووسێکى گۆشەى وەرزش لە ڕۆژنامەى «ستار» و «کانساس سیتى»دا دەستى کرد بە نووسین و بۆ ساڵى داهاتوو خۆى کرد بە شۆفێرى ئۆتۆمبێلى «ئیسعاف» و لە جەبهەى شەڕى ئیتالیادا بریندارەکانى ئەگواستەوە. هیمنگواى لەم شەڕەدا خراپ زامدار کرا و دواى ئەوە گەڕایەوە بۆ ئەمریکا لە ڕۆژنامەى «ستارویکلى»دا دەستى کرد بە بڵاوکردنەوەى نووسین و ڕاپۆرتەکانى و لە ساڵى ۱۹۲۱دا ژنى هێنا.
دوابەدواى ژن‌هێنانى وەک پەیامنێرێکى گەڕۆک چوو بۆ ئەوروپا و لە بارەى زۆر کۆنفرانسى گەورەوە ڕاپۆرتى خۆى بڵاو کردەوە، لە فەڕەنسا گیرترودشتایین و ئەزراپاوەند و جیمس جویسى ناسى، هەروەها لە ساڵى ۱۹۲۲دا دەربارەى تەواوى ڕووداوەکانى شەڕى یۆنان و تورکیا ڕاپۆرتى بڵاو کردەوە.
لە ساڵى ۱۹۲٣دا یەکەمین بەرهەمى ئەدەبى کە بە ناوى «سێ چیرۆک و دە هۆنراوە»وە بوو بە شێوەیەکى تەسک و سنوورداردا بڵاو بووەوە، دواى ئەوە خۆى دایە ڕاوکردن و زۆرانبازى و خۆڕاهێنان بە ژیانى سەختى زەریا و دارستان و هەمەجۆرە تاقی‌کردنەوەى ژیان، لە ماوەى شەڕى ناوخۆدا سەرى لە ئیسپانیا دا و دواى ئەوە زۆربەى ژیانى لە کوبادا بردە سەر و لە تەموزى ساڵى ۱۹۶١دا کۆچى دوایى کرد.
هیمنگواى هەر لە سەرەتاوە وەکوو ڕابەرى شێوازە نووسینێکى تازەى سەردەم و خاوەن ڕێبازێکى ئەدەبى توندوتۆڵ و تایبەتى خۆى سەپاند، لە ماوەى ژیانی‌دا وەک ئەفسانەیەک دەنگى دایەوە، بەڵام هەروەکوو (جۆن واین) لە ڕۆژنامەى «ئوبزیرڤەر»دا دواى مردنى نووسى:
«هەر چەندە لاسایی‌کەرەوەکانى هیمنگواى زۆرن، بەڵام هەرگیز (قوتابخانەى هیمنگواى) بەڕاستى درووست نەبووە، چوونکە ستانداردەى ئەو دایمەزراند زۆر توندوتۆڵ و سەخت بوو»
بەرهەمە هەرە بەناوبانگەکانى هیمنگواى ئەمانەن:
مەرگ لە نیوەڕۆدا ۱۹۳۲٫
زەنگەکان بۆ کێ لێ‌ئەدرێن ۱۹۴۰٫
پیرەمێرد و زەریا ۱۹۵۴٫
لە سەر ئەم بەرهەمەى دواییان ئەکادیمى سوێدى هەر لە هەمان ساڵ‌دا واتە لە ساڵى (۱۹۵۴)دا خەڵاتى (نۆبڵ)ى پێ بەخشى.

شێرکۆ بێکەس

  https://t.me/kurdishbookhouse

 ئەم بابەتە تایبەتە بە ماڵی کتێبی کوردی و بڵاوکردنەوەی بە ئاماژەدان بە سەرچاوە ڕێگە پێدراوە.

درباره‌ی ماڵی کتێبی کوردی

همچنین ببینید

فەرهەنگی زارەکیی موکریان پڕۆژەیەکی دوورودرێژی زمانی و کلتووری

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *