خانه / پێشنیاری ده‌سته‌ی نووسه‌ران / کتێبی پیرەمێرد و زەریا وەرگێڕانی شێرکۆ بێکەس بڵاوکرایەوە

کتێبی پیرەمێرد و زەریا وەرگێڕانی شێرکۆ بێکەس بڵاوکرایەوە

کتێبی پیرەمێرد و زەریا وەرگێڕانی شێرکۆ بێکەس بڵاوکرایەوە

کتێبی پیرەمێرد و زەریا لە شاهکارەکانی ئەدەبی جیهانە کە لە لایەن نووسەری ئەمریکایی ئێرنێست هیمنگوای نووسراوە، نووسەر بە خووڵقاندنی ئەم شاهکارە توانیوییە‌تی خەڵاتی نۆبێل بۆ خۆی مسۆگەر بکات.

ئەم ڕۆمانە ناوازەیە کە لە لایەن «شێرکۆ بێکەس»ەوە بە زمانی کوردی وەرگێڕدراوەتە‌وە، پێشتر لە لایەن بڵاوگەی سەردەم، لە هەرێمی کوردستانی عێڕاق چاپ و بڵاو کراوەتەوە. جێگای ئاماژەیە بڵاوگەی ڕاژە بۆ ئەوەی کتێبە‌کە بە‌ئاسان‌ترین شێوە بگاتە دەستی خوێنەرانی کورد لە ئێران، لە سەر ئیزنی دەزگای سەردەم و کاک ئازاد بەرزەنجی سە‌رلە‌نوێ ئەم ڕۆمانەیان لە چاپ دایەوە.

لە چاپی نوێی کتێبەکەدا چاپەمەنی ڕاژە تەنیا ڕێنووسەکەیان یەکدەست کردووەتە‌وە و هیچ گۆڕانکارییەک و دەستتێوەردانێکیان لە دەقی وەرگێڕانەکەدا پێک نەهێناوە.

شێرکۆ بێکەس

وەرگێڕ لە پێشەکی کتێبەکەدا دەڵێ: ئاشکرایە ڕۆمانى «پیرەمێرد و زەریا»ى ئێرنێست هیمنگواى یەکێکە لە شاکارە ئەدەبییەکانى جیهان. بەر لە بیست ساڵ ئەم ڕۆمانەم لە عەڕەبییەوە کرد بە کوردى و، هەر ئەو کاتەیش هەر دوو مامۆستایان شوکور مستەفا و کەماڵ میراودەلى بە وەرگێڕانەکەى من‌دا چوونەوە و کاک کەماڵ لەگەڵ دەقە ئینگلیزییەکەش‌دا بەراوردى کردبوو، وەک سەرئەنجامیش هەر دووکیان کارەکەیان پەسەند کرد و لە ۱۹۸٢دا دەزگاى ڕۆشنبیرى و بڵاوکردنەوەى کوردى لە بەغدا بە چاپى گەیاند و کەوتە بەردەستى خوێنەران. شایانى باسیشە بەدرێژایى ئەو هەموو ساڵانە لە لایەن هیچ نووسەر و ڕەخنەگرێکى کوردەوە بە تەرجومەیەکى ناشایستە لە قەڵەم نەدرا.
هەڵبەت هیچ کارێکى وەرگێڕان بێ کەم‌وکوڕى نابێت. ئێستەیش دواى تێپەڕبوونى نیزیکەى بیست ساڵ بە پێویستم زانى کە بۆ دووەم جار چاپ بکرێتەوە، دواى ئەوەى کە ڕەنگەى تاک‌وتەراى لە یەکەم چاپ لێ‌مابێتەوە. لەم چاپە تازەیەش‌دا مەگەر لە ڕووى ڕێنوسى ئەم‌ڕۆوە یان لە ڕاست‌کردنەوەى هەندێ هەڵەى یەکەم چاپ‌دا، ئەگینا دەستکارى چۆنیەتى تەرجومەکەم نەکردووتەوە. لە هونەرى وەرگێڕان‌دا من لایەنگرى تەرجومەى حەرفى نیم. گرینگ گواستنەوەى ماناى ڕستە و گەیاندنى گەوهەرى بابەتەکەیە، واتە ئەو کاتەى خوێنەرێکى کورد ئەم ڕۆمانە ئەخوێنێتەوە تێى بگات و تا کۆتایى لەگەڵی‌دا بڕوات و لە هەمان کاتیش‌دا بە ئەمانەتەوە مەبەست و بیروبۆچوونەکانى دانەر نەقڵ کرابێت.

لە سەر بەرگی کتێبەکە هاتووە: پێرەمێرد و زەریا یەکێک لە‌ ڕۆمانە ناسراوەکانی جیهانە کە ساڵی ۱۹۵۲ چاپ و بڵاو کراوەتە‌وە. ئە‌م ڕۆمانە لە ساڵی ۱۹۵۱ لە وڵاتی کوبا لە لایەن ئێرنێست هیمنگوای لە ساتە‌کانی کۆتایی ژیانی‌دا نووسراوە و، هە‌ر نووسینی ئەم ڕۆمانە‌ش بووە هۆکاری سەرەکی بۆ مسۆگە‌رکردنی خەڵاتی نۆبێلی ئەدەبیات کە لە ساڵی ۱۹۵۴دا بە‌خشرا بە ئێرنێست هیمنگوای.
ئەم ڕۆمانە ناوازەیە بە زۆربە‌ی زمانەکانی جیهان وەرگێڕدراوەتەوە و یەکێک لە پڕفرۆش‌ترین ڕۆمانەکانی جیهانە کە شاعیر و نووسە‌ری بە‌توانای کورد؛ شێرکۆ بێکەس بە زمانێکی ڕەوان وەریگێڕاوەتە‌وە سە‌ر زمانی کوردی و، لە لایەن وەرگێڕی خاوەن ئە‌زموون؛ شوکور مستەفا پێداچوونەوەی بۆ کراوە.
پیرەمێرد و زەریا چیرۆکی پیرەمێردێکی کوبایی‌یە کە لە دوورەدەستی زەریادا بۆ ڕاوکردنی ماسییەکی زەبەلاح شەڕی مان و نەمان دەکات.

  https://t.me/kurdishbookhouse

 ئەم بابەتە تایبەتە بە ماڵی کتێبی کوردی و بڵاوکردنەوەی بە ئاماژەدان بە سەرچاوە ڕێگە پێدراوە.

درباره‌ی ماڵی کتێبی کوردی

همچنین ببینید

بەردینە، ڕۆمانێک ڕۆنراو له سەر بناغەکانی قایەت، مێژوو، بەیت و بن زاراوەیەکی کۆن

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *