خانه / پێشنیاری ده‌سته‌ی نووسه‌ران / دەرکەوتنی زمانی کوردی لە شیعری نالیدا

دەرکەوتنی زمانی کوردی لە شیعری نالیدا

دەرکەوتنی زمانی کوردی لە شیعری نالیدا

زمان ئامرازی دەربڕینی بیری مرۆڤە، شیعریش ڕێگایەکە بۆ گەیشتن و ناسینی کۆمەڵە خەیاڵ و ڕاستییەکانی زەینی شاعیر، کە لە مێشکی هەڵدەقوڵێت و  دەڕژێته مێشکی کۆمەڵگاوه. شاعیر بۆ ئەوەی کارتێکەری لەسەر بەردەنگ هەبێت، زمانی ئاسایی دەباتە دەرەوەی ڕەهەندی کاتی و فەزایی و بۆ زمانێکی ئەدەبی دەیگۆڕێت. زمانی شاعیر هەم بیرکردنەوەکانی خۆی و هەم واقیعەکانی کۆمەڵگایە کە لە زەینیدا ڕەنگ دەداتەوە؛ بۆیە لێکدانەوەی شیعری هەر شاعیرێک، ڕوون‌کردنەوەیەکە بۆ بارودۆخی هزری، ڕامیاری و کۆمەڵایەتی سەردەمی شاعیر. شاعیر بە پلانێکی ڕێکخراو لە شیعرەکەیدا دەچێتە ناو بۆچوونەکانی و وا دەکات وشەکان بە شێوەیەکی دیاری‌کراو لە زەینەوە بۆ زمان بڕژێن.

شاعیر له مامەڵه کردن لەگەڵ واقیع و پرسەکانی کۆمەڵگادا، هەستێکی کاریگەری هه‌یه که ده‌توانێت ڕەنگدانەوەی هەموو بابەته گرنگەکان بێت، بۆیە لە تاوتوێی زمانی هەر شاعیرێکدا، خوازراو یان نەخوازراو، لە بەستێن و جۆرەکانی بیرکردنەوەشی دەکۆڵرێتەوە. دەبێت بگوترێت پێوەندی بەردەوام لە نێوان زمان و زەیندا هەیە و دەکرێت چاوەڕوانی ئەوە بکرێت زمانی مرۆڤ ڕاستەوخۆ ڕەنگدانەوەی تایبەتمەندی تواناکانی زەینی مرۆڤ بێت و زمان بە جۆرێک ئاوێنەیەکی ڕاستەوخۆی زەین بێت؛ بابەتێک کە بۆ سیستەمەکانی تری زانست و بیروباوەڕی مرۆڤ گونجاو نییە. بە واتایەکی تر، هزر دەبێتە بناغە و نوێنەری بۆچوونەکانی شاعیر و بنەمای شی‌کردنەوەی خوێنەران بۆ بارودۆخی ژیانی سەردەمی شاعیر و وشەش سەرخانە؛ کەوایە مرۆڤ پێویستە بۆ گەیشتن بە بنچینە و تێڕوانینی شاعیر، لە هزر و زمان، یان ناوەرۆک و فۆڕمی شیعری بکۆڵێتەوە؛ بۆ نموونە، نالی بە جۆرێک لە جۆرەکان مەیلی هزری، ڕامیاری و ئایدۆلۆژی و بایەخدان بە زمانی کوردی لە خەیاڵی شیعری و لە زمان و شیعری خۆیدا بەرجەستە کردووە.

نالی گرنگی بە هەردوو لایەنی مانا و فۆڕم داوە. غەزەلەکانی لە شیعری کوردیدا هاوشێوەی غەزەلەکانی حافزە و لە دڵی کۆمەڵگای کوردیدا وەها پێگەیەکی هەیە کە وەک نموونەیەکی بەرزی غەزەل هەژمار دەکرێت. ئەوەی کە شیعرەکانی بە تێپەڕینی کات بووەتە جێی پەسەند، بەڵگەیەکی بەهێزە بۆ ئەوەی دەریخەین بەگشتی ڕەخنە و بۆچوونی شاعیر سەبارەت بە شیعرەکانی لەسەر بنەمای واقیعی ناو شیعرەکانی دامەزراوە. هەستی نیشتمانپەروەری شاعیرێکی وەک نالی لە چوارچێوەی (زمانی کوردی) و خۆشەویستی بەدەر نییە، ئەوەی جێی باوەڕ بێ، ئەوەیە نالی هەستی بەوە کردووە نەتەوەکەی ماف خوراوە و بەو هۆیەشە دواکەوتووە، بەڵام ئەم هەستەی ئاوێتەی زمان شیعری کردووە. نالی ڕێچکەی شیعری کوردی لە ڕووی زمانەوە گۆڕیوە و زاری کوردیی ناوەندی کردۆتە زمانی شیعری بەرز کە لە قالبی غەزەل و قەسیدە و هتد، دەردەکەوێت، هەڵبژاردنی ئەم شێوازە بەو مەبەستە هۆی ئەوە بووە زمانی نەتەوەیی بکات بە زمانی خەیاڵ و شیعری دەوڵەمەند و پڕ لە وێنەی خەیاڵی و لێوڕێژ لە جوانیناسی پێ دابهێنێت،

تەبعی شەککەر باری من کوردی ئەگەر ئینشا دەکا

ئیمتحانی خـــۆیە مەقسوودی لـە عەمدەن وا دەکا

ئەو چەند دێڕە سەلمێنەری شانازی کردنی نالی بە زمانی کوردییە و بەگشتی نووسین بە زمانی کوردی وەک ئەرکێکی نەتەوەیی پێناسە دەکات. به‌لای ڕه‌خنه‌گرانه‌وه‌ ڕه‌نگه‌ ده‌بوو له‌و سه‌رده‌مه‌دا شیعر تەنیا هه‌ر به‌ زمانی عه‌ره‌بی، یان فارسی بنووسرێت؛ نالیش لەم بیرۆکانە باش تێگەیشتووە و هه‌وڵی داوه‌ زمانی کوردی بێنێته ڕیز و ئاستی زمانه‌کانی دیکەی دونیا و بیکات به‌ به‌ڵگه‌ی مانەوە و ده‌وڵه‌مه‌ندی زمانی کوردی. لە سەردەمی نالیدا به‌شێک له‌ ڕه‌خنه‌گرانی به‌ کوردی شیعر هۆنینەوەیان به‌ لاوازای هه‌ستی شاعیر و تەنانەت شوورەیی زانیوە؛‌ بۆیەش‌ شاعیرێکی وه‌ک نالی ڕاستەوخۆ وەڵامی داونەتەوە. نالیش شاعیرێک بووە بە زاری کوردیی ناوەندی شیعری هۆنیوەتەوە، بۆیە کاتێک ڕەخنەگرانی ئەو کات شیعرەکانی نالی دەخوێنەوە، ڕەخنەی لێ‌دەگرن و تانەی لێدەدەن. لێرەدا دەردەکەوێت نالی تووڕەیە لە ڕەخنەگران و ڕاستەوخۆ بە زمانی شیعری لە وەڵامیاندا دەڵێت: با کەس تەشەرم لێ نەدات بڵێت شیعرەکانی کوردین، هەر شاعیرێک دەتوانی شیعری کوردی بهونێتەوە، بەڵێ زۆر کۆلکە شاعیر هەن دەتوانن شیعر بە کوردی بنووسن، بەڵام خۆ شیعر هۆنینەوە تەنیا هەر هاوسەنگی دوو باڵەکەی و یەکێتی دوا پیتەکانی نییە، کەسێک نەزان نەبێت بەهۆی ئەوەی شیعرەکانی بە زمانی کوردین ڕەخنە لە شیعرەکانی ناگرێت، چونکە مەبەستی تەنیا ڕیزکردنی وشە نییە، بەڵکوو واتایە کە دەبێت بە شوێنیدا بگەڕێن. ئەم بایەخدانەی نالی بە زمان و ناوەرۆک و واتای شیعری، بەو هۆیە بووە لەو سەردەمەدا گەلێک کۆلکە شاعیر هەبوو و ڕەخنەیان لێ‌گرتووە کە شیعرەکانی نالی تەنیا داهێنانێکی دەستکردە و هیچ واتا و مەبەستێک ناگەیەنن، بۆیە لە وەڵامی ئەو جۆرە ڕەخنانەدا ڕاستەوخۆ دەڵێ هۆنینەوە و داهێنانەکانی بەهرەی خۆماڵین و ڕەسەنایەتی تێدا بەدی دەکەن. بۆیە لە زمانی شیعریدا نالیش بەم شێوەیە وەڵامییان ئەداتەوە:

کـــــەس بە ئەلفازم نەڵێ خۆ کوردییە خۆکردییە

ھەر کەسێ نادان نەبێ خۆی تالیبی مەعنا دەکا

شانازی کردن، یان خۆ پەسن کردن وەک مێتۆدێکی ئازاد لە ڕەخنەی شیعردا ناسراوە. دەکرێت شانازی‌کردن تاڕادەیەک وەک یەکێک لە دەرکەوت و ئامرازەکانی ڕەخنەی شیعر لە نێو شاعیراندا هەژمار بکرێت. شانازی کردن، یان خۆپەسن کردن لە شی‌کردنەوەی شیعردا لە ناو شاعیرانی کۆن و هاوچەرخدا نەریتێکی باو بووە. بەشێوەیەکی گشتی شاعیران لە پەسنی بەرهەمەکانیان، یان لەسەرتر دانانیان بەسەر بەرهەمەی شاعیرانی دیکەدا، وەک ڕوانگەیەکی سەربەخۆ لە ڕەخنەی شیعردا دەتوانێت زۆر کاریگەر بێت لە تێگەیشتن لە شێواز و هزرکانیان، چونکە بۆ دەست‌نیشان‌کردنی شێواز و ناسینی بیری شاعیر، یەکێک لەو ڕێگایانە لێکۆڵینەوەیە لە ئەو بابەتانەی شاعیر باسی خۆی دەکات و ڕەنگە لەو ماوەیەدا بۆچوونەکانی خۆی سەبارەت بە ژیانی کەسی و کۆمەڵایەتی دەرخست بێت. شانازی‌کردن یەکێکە لە مەبەسته دیارەکانی شیعری نالی کە ڕاستەوخۆ شانازی بە شاعیرییەت و خەیاڵی شیعری لە زمانی نەتەوەیی خۆیدا دەکات بە مەبەست و دەڵێت: ئەو شاعیرییەتە هێز و توانای ئەوەی هەیە بەهەر زمانێک لەو زمانانەی دەیزانێت هونەری خۆی دەرببڕێت، زمانی کوردی لەپێش ئەودا بەشێوەیەکی وا دەرنەکەوتبوو کە ببێ بە زمانی زانست و بەتایبەت زمانی شیعر. شانازی‌کردن بە زمانی کوردی لێکدراوێکە لە هەستی نیشتمانپەروەری نالی کە دەگاتە ڕادەیێک دان بەوەدا بنێت خەیاڵیشی کوردییە. بەمە نالی خۆی دەکات بە شاعیری ڕاستەقینەی نەتەوەی کورد، ئەوەی کە نە تەنیا بە زمانی کوردی دەنووسێت، بەڵکوو خەیاڵیشی ڕەنگدانەوەی (بوونی کورد) ـە کە بیری کوردایەتی و ڕەوشتی کوردەواری دەگرێتەوە. نالی بەردەوام دەبێ لە لێکدانەوەی پەیوەندی نێوان زمان و ڕەگەزەکانی شیعر و چۆنیەتی ئەنجامدان و ڕێک‌خستنی.

بێتە حوجرەم، پارچەپارچەی موسوەدەم بکڕێ بە ڕۆح

ھــەر کـەسێ کووتاڵ و پــارچەی بێ‌بەدڵ سەودا دەکا

نالی ڕاستەوخۆ لە وەڵامی ڕەخنەگرانی سەردەمی خۆی دەڵێت: شیعری کەس لە ڕەوانی و واتا بەرزیدا ناگاتە شیعری من، شیعری خۆی بە تاڵی ئاوریشم دەشوبهێنێت و شیعری کۆلکە شاعیرانیش بەپەتک دەشوبهێنێت. دیارە قەت پەتک لە ناسکی و باریکیدا ناتوانێت بەربەرەکانی لەگەڵ تاڵی ئاوریشم بکات. نالی بە سوودوەرگرتن لە هونەری جوانی ‌بایس هەم لایەنی جوانیناسی دێڕەکەی بەهێز کردووە و هەمیش هۆیەکی هونەری ئەدەبی بۆ سەلماندنی لەسەرتر بوونی شیعرەکانی لەچاو شیعری شاعیرانی تردا هێناوەتەوە.

شیعری خــەڵقی کەی دەگاتە شیعری من بۆ نازکی!

کــەی لە دیققەتدا پەتک دەعوا لەگەڵ ھەودا دەکا

 

بۆ زانیاریی زیاتری خۆێنەرانی هێژا دەقی سەرەکیی ئەم وتارە لە داهاتوودا بە شێوازی زانستی- توێژینەوەیی لە لایەن ماڵی کتێبی کوردییەوە بڵاو دەکرێتەوە و ئاماژەش بە سەرچاوەکانی وتارەکە دەکرێت.

  https://t.me/kurdishbookhouse

 ئەم بابەتە تایبەتە بە ماڵی کتێبی کوردی و بڵاوکردنەوەی بە ئاماژەدان بە سەرچاوە ڕێگە پێدراوە.

درباره‌ی ماڵی کتێبی کوردی

همچنین ببینید

خوێندنەوەیەکی کورت بۆ بەشێک لە ئاڵۆزییەکانی کتێب و وتاری کوردی

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *