ڕۆمانی «ناوی خۆیان بیر نه‌ماوه» بڵاو ده‌کرێتەوە
وەشانی نووسیار لە وەرزی نوێی کتێبەکانیدا ڕۆمانی (ناوی خۆیان بیر نه‌ماوه)ی ڕۆماننووس ئارام محه‌مه‌د چاپ و بڵاو ده‌كاته‌وه.
له‌باره‌ی ئه‌م به‌رهه‌مه‌وه ئارام محەمەد ده‌ڵێت: “ئه‌م ڕۆمانه هەوڵێکی دیکەی منە لەنێو پانتایی گێڕانەوەدا. ڕامانه له دیوی كۆمه‌ڵایه‌تی و ده‌روونیی ژیانی مرۆڤ له چاوه‌ڕوانیدا. کارەکە کۆششە تا ڕووناکی بخرێته سەر كۆمه‌ڵێ ڕووداوی په‌راوێز، دۆخ و برینی ئەو مرۆڤانەی لە دوو قۆناغی جیاوازدا له‌نێوان مه‌رگ و ژیاندا وه‌ستان. ئه‌وان له‌نێو تراومایه‌كدا چه‌قیون و سوور دەزانن ئەوەی دەیکەن بێمانایە، کەچی بێهوا نین و بەردەوامن لە گەڕان و گەڕانەوە.”
هەروەها ده‌ڵێت: ” گێڕانه‌وه‌كه ڕه‌نگدانه‌وه‌ی جه‌سته و ده‌روونی شێواو و برینداری مرۆڤەکانە. به‌پێی پێویستی، خەیاڵ و خۆدواندن و گفتوگۆ هه‌یه. ئامانجم بووە هەست و نەستی کارەکتەرەکان لە ڕێگەی ورده‌چیرۆكی پارچەپارچە و جیاوازەوە نیشان بدەم.”
ئارام محه‌مه‌د
ڕۆماننووس (ئارام محه‌مه‌د) لە ساڵی ۱۹۸۵ له دایك بووه. بەکالۆریۆسی لە زمانی ئینگلیزی، لە زانکۆی دهۆک وەرگرتووە. خاوەنی شەش ڕۆمان و کۆمەڵەچیرۆکێک و دوو کتێبی تیۆرییە لەبارەی گێڕانەوە و ڕەخنە. دواترین ڕۆمانی بەناوی (ئەو هاوارەی نەبیسترا)، چاپی وەشانی نووسیار، بووەتە جێی سەرنجی خوێنەر و ڕەخنەگران و براوەی خەڵاتی کاڵ. بەرهەمە چاپکراوەکان: سەمای سڕبوون(ڕۆمان) ۲۰۱۲، خەوتوو(ڕۆمان) ۲۰۱۴، مەرگی مێژوونووس(ڕۆمان) ۲۰۱۶، دەرگەکانیش هیلاکن(چیرۆك) ۲۰۱۸، ڕۆژێک لەو ساڵانە هەڵدەگرم(ڕۆمان) ۲۰۲۰، پۆڵ ڕیکۆڕ و پرسی گێڕانەوە-(ڕه‌خنه) ۲۰۲۱، ئادۆرنۆ و ڕەخنەی کلتووری(ڕه‌خنه) ۲۰۲۱، ئەو هاوارەی نەبیسترا(ڕۆمان) ۲۰۲۲٫ ڕۆمانی (ناوی خۆیان بیر نەماوە) شه‌شه‌م ڕۆمانی ئارام محه‌مه‌ده و له داهاتوویه‌كی نزیكدا له‌سه‌رجه‌م شار و شارۆچكه‌كان بڵاو ده‌کرێتەوە.
لە بەشێک لە ڕۆمانەکەدا هاتووە: (هاوار ده‌که‌ن. هه‌رچی ده‌ڵێن، ناڵێت به‌ڵێ. دێن به توندی لێی ده‌ده‌ن. ده‌ڵێن ده‌تکوژین. ده‌ڵێن ده‌تخنکێنین و هه‌لاهه‌لات ده‌که‌ین. ناڵێت وا مه‌که‌ن. ده‌بێت بگاته ئه‌و ساته، چونکوو ده‌مێکه ده‌زانێت ئه‌و قه‌ده‌ره ناگۆڕدرێت. هه‌رچه‌ند نا‌زانێت که‌ی و چۆن؟ ئه‌وانه‌ی ده‌یکوژن کێن؟ ئه‌وسا بکوژه‌کانی خۆی ده‌ناسی، ئێستاکه نا. به نۆره و بێ پسانه‌وه جنێوی پێ ده‌ده‌ن. به قژ ڕایده‌کێشن.)
هر نوع بازنشر این متن با ذکر منبع «خانه کتاب کُردی» مجاز است.