خانه / تازه‌ چاپکراوه‌کان / دیمانەی تایبەتیی ماڵی کتێبی کوردی لە گەڵ دوکتۆر ساڵار عوسمان

دیمانەی تایبەتیی ماڵی کتێبی کوردی لە گەڵ دوکتۆر ساڵار عوسمان

پرسی کتێب لە کوردستاندا: بە بۆنەی نۆمهەمین پیشانگای کتێبی کوردستان

دیمانەی تایبەتیی ماڵی کتێبی کوردی لە گەڵ دوکتۆر ساڵار عوسمان بریکاری وەزاڕەتی ڕۆشنبیری و لاوانی حکوومەتی هەریمی کوردستان

ماڵی کتێبی کوردی: بەڕێز دوکتۆر سالار عوسمان، بریکاری وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە ناوی ماڵی کتێبی کوردی بە خێڕهاتنی بەڕێزتان و سەرجەم هاوڕێیانتان لە نۆهەمین پیشانگای کتێبی کوردستاندا دەکەین، و سپاس بۆ ئامادەبوونتان لەم دیمانەدا. لە دەستپێکدا پێمان خۆشە وەک کەسایەتێکی خاوەن ئەزموون لە پیشانگاکانی کتێبی کوردستاندا، بووچوونتان سەبارەت بە پیشانگای نۆهەم بزانین.

دوکتۆر سالار عوسمان: سەرەتا پێی خۆشحاڵین کە لە نۆهەمین پیشانگای کتێبی کوردستان بەشدارین، سپاس بۆ پێشوازیی گەرمی بەڕێوەبەرانی بەڕێزی پیشانگا لە شاری سنە، سپاس بۆ ماڵی کتێبی کوردی بۆ سازدانی ئەم چاوپێکەوتنە. بە پێی هەموو لێکدانەوەکان و ڕێژەی بەشداریی خەڵک، پیشانگا زۆر بە باشی دەستی پێکردووە و بە باشیش دەڕواتە پێش، ناونیشانێکی زۆر بە زمانی جیاواز بەشدارن. ئەوەی زۆر گرنگە بەشداریی ٢٧ دەزگای چاپ و پەخشی کوردییە، وە ئێمە وەکوو وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان هەوڵ دەدین لە پێناو ئەوەی ئەم بەشداریە لە نێوان هەرێمی کوردستان و کوردستانی ئێران زۆرتر پەرە بسێنێت.

دوکتۆر سالار عوسمان: ماڵی کتێبی کوردی، دەبێت ماڵی هەموومان بێت.

ماڵی کتێبی کوردی: یەکێک لە تایبەیمەندییە دیارەکانی پیشانگای کتێبی کوردستان لە سنە بەشداریی دەزگاکانی چاپ و پەخشی هەریمی کوردستانە، لە پیشانگای ئەمساڵدا چەند دەزگای هەرێمی کوردستان بەشدارن و میکانیزمی بەشدارییان چۆن بووە و چ هەنگاوگەلێکی دیکە دەتوانێت هەڵبگیرێت بۆ ئەوەی سەردانکەران بتوانن لێرەوە زیاتر خوێنەر و بینەری کتێب و چاپکراوەکانی هەرێمی کوردستان بن؟

دوکتۆر سالار عوسمان: سەبارەت بە میکانیزم هەمیشە لە ڕێگای بەڕێوەبەریی گشتیی فەرهەنگ و ئیرشادی ئیسلامی پارێزگای کوردستان بانگهێشت دەکرێین، دواتر ئێمە لە ڕێگای بەڕێوەبەرایەتیی ڕاگەیاندن و چاپ و بڵاوکردنەوەی شارەکانی هەولێر، سلێمانی، دهۆک و هەڵەبجە کۆمەڵێک ناونیشان کۆدەکەینەوەو دەیهێنین بۆ ئەوەی بتوانین خوینەری کورد لە کوردستانی ئێران ئاشنا کەین بە کۆمەڵێک ناونیشان و کتێب و ناوەڕۆکی جیاواز لە ڕووی فیکری، ئەدەبی، هونەری، فەلسەفیەوە بۆ ئەوەی بتوانین ئەو پردە کەلتوورییە دروست کەین. ئێمە وەک وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان بانگهێشت کراوین و لە پاڵ ئێمەشدا کۆمەڵێک دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی جیاجیا لە هەرێمی کوردستانەوە بەشدارن کە هەرک یەک لەوانیش بایەخ و گرنگیی خۆیان هەیە. ئێمە بەردەوام هەوڵدەدەین سنووری بەشداری و لێکتێگەیشتنمان بۆ بواری کولتووری لە گەڵ پاریزگای کوردستان فراوانتر بکەین، چوونکە پێمان وایە لە ڕێگای فراونتر کردنی ئاسۆی ئەم پەیوەندییە بە تایبەت لە بواری کتێبدا ڕۆڵێکی پۆزەتیڤ ببینین لە هەموو بوارەکانی دی، تەنانەت لە نێوان کۆماری ئیسلامی ئێران و هەرێمی کوردستان.

ماڵی کتێبی کوردی: دونیای کتێبی کوردی و کاری چاپ و بڵاوکردنەوە لە ئێران و هەرێمی کوردستان، لە ساڵانی ڕابردوودا گەشەیەکی بەرچاوی بە خۆیەوە بینیوە، بەڵام هێشتا جۆریک لە شپرزەیی و پەرتەوازەیی لە بوارەکانی وەرگێڕان، چاپ و بڵاوکردنەوەی پێوە دیارە، بۆ یەکخستنی زیاتری ئەم بوارە بۆ ئەوەی خاوەن بوارێکی توکمەتر و کاراتر بێت چ هەنگاوێک پێویستە بهاویژرێت؟

دوکتۆر سالار عوسمان: سەبارەت بە مەسئەلەی کتێبی کوردی، پرسی کتێب لە هەر پارچەیەکی کوردستان جیاوازە لە بەشێکی دیکە و لە بەر ئەو واقیعە سیاسی و جوغرافییە، پێویستە جیاجیا باس بکرێت. سەبارەت بە هەریمی کوردستان بێ بەرنامەییەک لە بواری کتێبدا هەیە، بۆ نموونە دەبێت سەنتەرێک هەبێت بۆ ئەم بوارە کە دەبێت بە دیراسەوە کار بکات. بۆ نموونە پێداویستیی خوێنەری کورد بۆ کتێب هەڵبسەنگێندرێت، بۆ وەرگێڕانیش دەبێت هەر بەرنامەمان هەبێت، چوون کتێب هەیە دوو یان چەند جار وەرگێڕدراوە لە حاڵێکدا کتێبی گرنگ هەیە کە هێشتا نەکراوەتە کوردی. بە کورتی بواری کتێب لە هەرێمی کوردستان پەرەی سەندووە، بەڵام ڕێکنەخراوە، بەرنامەدار نییە، ئەم گرفتە بۆ کوردستانی ئێرانیش هەیە، بەڵام بە تەبیعەتێکی تر، بۆیە پێویستە هەموومان هەوڵی ئەوە بدەین بواری کتێب بەرنامەدار بکەین و ئاراستەیەکی مەعریفی دروستکەین بۆ خوێنەری خۆمان و بتوانین لە ڕیگەی ئەم ئاراستەوە کۆمەڵگەیەک دروست کەین ئاشنا و هاوڕێ لە گەڵ کتێب. بە داخەوە بە پێی ئامارەکان، لە بواری کتێب خوێنی، لە هەرێمی کوردستان، لە عێراق لە ئێران و کوردستانی ئێران ژمارەی خوێنەران بەراورد بە ڕێژەی ستانداردی جیهانی زۆر کەم و لاوازە.

ماڵی کتێبی کوردی: بە رای ئێوە بۆ بەرینترکردنی پەیوەندییە فەرهەنگییەکان بە تایبەت کتێب، لە نێوان هەرێمی کوردستان و کوردستانی ئێران بە تایبەت و وڵاتی ئێران بە گشتی دەبێت چ ئاراستەیەک بگیرێتە پێش و ئایا بەرنامەیەکتان لەم بواردەا هەیە وە لە لایەن ئێرانەوە داواکاریتان لەم بابەتانەدا لێکراوە؟

دوکتۆر سالار عوسمان: ئێمە بەردەوام لە ڕێگای پیشانگاکانی کتێب لە هەرێم، بۆ نموونە، پیشانگای نێودەوڵەتیی کتێبی هەولێر، دەزگاکانی چاپ و پەخشی کوردستانی ئێران بانگهێشت دەکرێن، ئێمەش چەند ساڵە بەردەوام بەشداری پیشانگای کتێبی سنە دەکەین، ئەمساڵیش بەرنامەمان هەیە بۆ ساڵی داهاتوو بەشداریەکی بەرچاوی پیشانگای نێونەتەوەیی کتێبی تاران بکەین. ئەم پەیوەندییانە بناغەیەکی باشن بۆ ئەوەی بتوانین دیوارێک دروستکەین بە ئاراستەی پەیوەندییەکی کولتووریی پتەو.

ماڵی کتێبی کوردی: وەک دوا پەیڤ ئەگەر باسێک یان پێشنیار و قسەیەکتان هەیە بفەرموون:

دوکتۆر سالار عوسمان: من سەرەتا زۆر سپاسی ماڵی کتێبی کوردی دەکەم، بە ڕاستی دەورێکی زۆر گرنگی بینیوە، خزمەتێکی زۆر گەورە دەکات، پەنجەرەیەکی ڕۆشنە بۆ خوێنەران کە لە ڕێگایەوە دەتوانن بە کتێب ئاشنا بن، بگەن بە هەموو ناونیشانیک لە کتێبی کوردی، ئەم ماڵە دەبێت ماڵی هەموومان بێت، بە تایبەتی نووسەران و قەڵەم بەدەستان، جێی دەسخۆشیە و سپاستان دەکەم.

سەرکەوتوو بێت نۆهەمین پیشانگای نێونەتەوەیی کتێبی کوردستان.

ئەم بابەتە تایبەتە بە ماڵی کتێبی کوردی و بڵاوکردنەوەی بە ئاماژەدان بە سەرچاوە ڕێگە پێدراوە.

 

درباره‌ی ماڵی کتێبی کوردی

همچنین ببینید

ڕاپۆرتی کۆڕی “خەسارناسی و هەڵسەنگاندنی چالاکی مەدەنی و ڕێکخراوەیی لە مەریوان”

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *