محەمەدی مەلا کەریم لە بارەی شوکر مستەفا
شوکر مستەفا
بە جەختەوە ئەتوانم بڵێم کوردستانی بەشی عێراق، ڕۆشنبیرێکی فرە بەهرەتری لە مامۆستا شوکور تیا نییە. ئەو کوڕە لادێییە، بێ باوکەی، لە دێهاتی دەورووبەری کەرکووک فێری کوردی و لە ناو تورکمانی کەرکووکا فێری تورکی و لە ژیانی فەقێیەتی و خوێندنی کۆلێجی شەریعەتدا فێری عەرەبی بوو، کە ئێستا لە ڕێگای ئەو تورکییەوە و بە هەموو باڵادەستییەک تورکیی عوسمانی و تورکیی نوێمان بۆ ئەکا بەو کوردییە بەرز و باڵایەی هەموو دیالێکت و زارە کوردییەکان جێیانی بەڕەسایی تیا ئەبێتەوە و ئەو چەشنە عەربییەمان بۆ ئەنووسێ کە شاکارەکانی مەنفەلووتی و مستەفا سادق ڕافیعی و تاها حوسێنمان دێنێتەوە یاد و خۆی لە بەرەی هەموو دیالێکتە دوورەدەستەکانی زمانە بەبنەچە تورکییەکانی قەوقاز و ئاسیای ناوەڕاست ئەدات و گشت ئەمانەیشی بە ڕەنجی شان و بیری خۆی، نەک لە هیچ قوتابخانە و زانکۆیەکا، دەستەمۆ کردووە…
تا ئەم پیاوە بلیمەتە، هەر چەن سەر دێنم و سەر ئەبەم هاوتایەکی لە سەرانسەری نیشتمانەکەمانا بەدی ناکەم. خۆ ئەگەر لەبارەی زانستیشەوە لێی بدوێی، باوەڕم پێ بکەن کەم بابەت هەیە لە کوڕێکی ڕۆشنبیرانی جۆربەجۆری کوردا بێتە ئاراوە و قسەی لێ بکرێ، مامۆستا شوکور بەتوان و لێهاتوویییەکی زۆرەوە نەچێتە مەیدانی و ئەسپی خۆی تیا تاو نەدا…
ئەم وتارە لە ئاهەنگی قەدر لێگرتنی مامۆستا شوکور مستەفادا خوێندراوەتەوە کە دەزگای ڕۆشنبیری و بڵاوکردنەوەی کوردی ئێوارەی ۱۹۹۷/۵/۲۱ لە هۆڵی یانەی هێڵی ئاسمانیی لە بەغدا سازی کرد.
! ئەم بابەتە تایبەتە بە ماڵی کتێبی کوردی و بڵاوکردنەوەی بە ئاماژەدان بە سەرچاوە ڕێگە پێدراوە.