خانه / تازه‌ چاپکراوه‌کان / ناساندنی کتێبی«باران بەسەر کێڵگە دوورەکاندا دەبارێت»

ناساندنی کتێبی«باران بەسەر کێڵگە دوورەکاندا دەبارێت»

ناساندنی کتێبی«باران بەسەر کێڵگە دوورەکاندا دەبارێت» تێکڕای کورتە وتەیەکی تایبەتی وه‌رگێڕ

ناسنامه‌ی کتێب: بەسەر کێڵگە دوورەکاندا دەبارێت»؛وەدیع سەعادە؛ وه‌رگێڕ: بڕیار محەمەد تاھیر؛ چاپ: یەکەم  ٢٠١٨؛ وەشانخانە: باڵندە

بڕیار محەمەد تاهیر

تەنیا دەمەوێت بڵێم ئەم کتێبە یەکەم کاری وەرگێڕانی منە، پێش هەموو شتێکیش گرنگییەکی شەخسیی بۆ خۆم هەیە، هەر بۆیە کردوومە بە کوردی . کتێبەکە هەڵبژاردەیەکە لە کۆی بەرهەمەکانی وەدیع سەعادە، وەک دەیبینن شیعری درێژ و شیعری زۆر کورتیشی تێدایە، بەڵام بە گشتی ئەزموونەکانی کۆتاییی وەدیع سەعادەی لە خۆ گرتووە.
تا توانیومە، هەوڵم داوە وەرگێڕانێکی باش بێت، بەڵام بێگومان بێ کەموکوڕی نییە، وەرگێڕانی شیعرە ئیتر.

وەدیع سەعادە شاعیرێکی لوبنانییە. ٦ـی جوولای ساڵی ١٩٤٨ لە گوندێک لە باکووری لوبنان لە دایک بووە، ناوی شەبتینـە. گوندەکە، وەک زۆر گوندی دی، بە تەواوەتی لەناو سروشتدایە. خۆی دەڵێت، لە ماڵێکدا لە دایک بووم، سەقفەکەی و ئەرزەکەی گڵ بوو. یان دەڵێت، سروشت یەکێک بوو لە ئەندامانی خێزانەکەمان. لە کۆی ئەزموونی شیعریی وەدیع سەعادەدا بە ئاشکرا ئەم ئاوێتەبوونەی سروشت و مرۆڤ دەبینینەوە.
یەکێکی دی لەو تێمایانەی لە شیعری وەدیع سەعادەدا بەری دەکەوین، مەرگە. ئەمەش چیرۆکی خۆی هەیە:
تەمەنی وەدیع ١٤ـساڵان دەبێت، کاتێک لە خوێندنگە دەگەڕێتەوە و گوێی لە مامی دەبێت: “وەدیع… وەدیع… باوکت سووتا، باوکت مرد.”
دەڵێت، کە باوکمم بینی، لەسەر قەنەفەکە دانیشتبوو، یەک پەیکەری گەورە بوو لە خەڵووز. دواتریش جەنگی ناوخۆی لوبنان و مەرگی زیاتر و زیاتر. مەرگ ئاوها هاتووەتە ناو ئەم ئەزموونەوە.
لە سەرەتادا وا پێ دەچێت بە پەرۆشییەکی زۆرەوە دەستی دابێتە نووسینی شیعر، ڕەنگە هێشتا ئەو پەرۆشییە مابێت، بەڵام پێ دەچێت لە سەرەتادا لای وەدیع هیوایەک هەبووبێت، کە ئەم شیعرانە شتێک لە دنیا دەگۆڕن، بەڵام ئێستا…
بگەڕێینەوە بۆ ٤٠ ساڵێک پێش ئێستا، گەنجێکی پڕ هیوا و پەرۆش دەبینین، لە شەقامی حەمرا، لە بەردەم کۆلێژی ئادابدا کتێبەکەی دەفرۆشێت.
ساڵی ١٩٧٣ یەکەم کتێبی خۆی «ئێوارە برای نییە» بە دەستی خۆی دەنووسێتەوە و دەیبات خۆی لەسەر شەقامەکان دەیانفرۆشێت. ئەم پەیوەندییە ڕاستەوخۆیە لەگەڵ خوێنەردا و خوێندنەوەی شیعرەکان بە دەستوخەتی شاعیرەکە خۆی، ئەزموونێکی کەمە، دوای چەندین ساڵیش لە شەقامێکی ئوستورالیا هەمان ئەزموون دووبارە دەکاتەوە.
لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووکدا لەم کۆتایییانەدا نووسیبووی: “ئەدۆنیس، سوپاس بۆ تەلەفۆن و هەواڵپرسینەکەت لە پاریسـەوە. بڵێم چۆنم؟ تەنانەت شیعریش کە وامان دانابوو، شتێک لە دنیا دەگۆڕێت، جگە لە وەهمێک هیچی دی نەبوو.”
وەدیع سەعادە لە بەیرووت دەچێتە گۆڤاری شیعر و لەوێ لە سەرەتاکانییەوە دەست دەکات بە کاری ڕۆژنامەنووسی و بە درێژاییی ژیانی و بە ئێستایشییەوە هەر هەمان کار دەکات. لە زۆر وڵاتی ئەورووپادا کاری ڕۆژنامەنووسیی کردووە.
لە ساڵی ١٩٨١ـدا یەکەم کتێبی چاپ دەبێت، ئەو کتێبەی ٨ ساڵ پێش ئەو بەروارە بە دەستوخەتی خۆی نووسیبوویەوە و بڵاوی کردبووەوە؛ «ئێوارە برای نییە».
لە ساڵی ١٩٨٨ـەوە تاکو ئێستا لە ئوستورالیا دەژی. نزیک بە ١٢ کتێبی شیعریی هەیە، هەندێک لەوانە: «ئاوەکان ئاوەکان، بە زۆری بە هۆی هەورێکەوە، دەقی غیاب، کێ ئەو نیگایەی برد کە لەبەر دەرگاکەدا جێم هێشت، بەو ڕێبوارە بڵێ بگەڕێتەوە سێبەرەکەی لێرە لە بیر چووە…»
وەدیع سەعادە ئێستا تەمەنی ٧٠ ساڵە. ژیانێکی ئارام دەژی، بەڵام پڕ لە غیاب. هەندێک ناویان ناوە شاعیری غیاب. کە شیعرەکانی دەخوێنینەوە، باشتر لەمە تێدەگەین. غیابێک کە پڕە لە ئارامی. شیعرەکانی بە جۆرێک ئارامن، گەر کەمێک زەحمەت بکێشیت، لەناو لاپەڕەکاندا گوێت لە دەنگی هەموو بوون دەبێت.
خۆیشی ئێستا لەم ئارامییەدا دەژی، تەریکە و دوورە لە هەموو کۆڕکۆبوونەوەیەک. ئەوەی ئێستا دەیکات، بە بەردەوامی، گەڕانە بە شەقامەکانی سیدنیدا. لەسەر ئەمە جارێک نووسیبووی: «خاڵم کە ناوی ئەدیب بووە، هەر زوو لوبنانی جێ هێشت و چوو بۆ بەڕازیل، هەرگیز نەگەڕایەوە، ئەوەی دەمزانی تەنیا ئەوە بوو خاڵێکم هەیە ناوی ئەدیبە و لە بەڕازیل دەژی. ڕۆژێک بە ڕێکەوت لە یەکێک لە فێستیڤاڵەکاندا لە بەغداد، چاوم بە کەسێک کەوت لە بەڕازیلەوە هاتبووەوە، هەروا پرسیاری خاڵمم لێ کرد، ویستم بزانم دەیناسێت. گوتی دەیناسم، هەموو ڕۆژێک دەیبینم، بە شەقامێکدا دێت و دەڕوات… پێم وا نییە هیچی تر بکات. ئای خاڵە! منیش وەک تۆم، ڕۆژانە بە یەکێک لە شەقامەکانی سیدنیدا دێم و دەڕۆم… هیچی تر ناکەم.»
«ئیوارە برای نییە» یەکەم دیوانی وەدیع سەعادەیە، کە لەم کتێبەدا من هیچ شیعرێکیم هەڵنەبژاردووە، بەڵام لێرەدا دەمەوێت بگەڕێمەوە سەر یەکەم شیعری، کاتێک ئەم دیوانە دەکەیتەوە یەکەم جار ئەم شیعرە کورتە دەبینیت:

لەم گوندەدا
بەیبوونەکانی ئێواران
کە لە پشت دەرگاکانەوە هەڵدەلەرزن،
لە بیر دەکرێن.
لەم گوندەدا
کە بەیانیان بە خەبەر دێتەوە تاکو باران بخواتەوە
شووشەی جیهان بە دەستمەوە شکا.

پێم وایە ئەم سەرەتایە بۆ شاعیرێک، ئەوە دەهێنێت لە کۆی ئەزموونەکەیدا لەگەڵیدا بڕۆیت.

 

گوێ بیستی شیعری “نیگا” بە دەنگی فرمێسک محەمەد بن کە لە کتێبەکە وەرگیراوە. جێگای ئاماژەیه کاری میکسی دەنگی ئەم ڤیدیویە هونەرمەند رووزبێ مۆسلێح لە ئەستۆی گرتووە

جێگای ئاماژه‌ی ئەم کتێبە لە  هه‌شته‌مین پپشانگای نێونه‌ته‌وه‌یی کوردستان-سنه له  غورفه‌ی سه‌رده‌م و هه‌روه‌ها سەرجەم کتێبفرۆشییەکانی کوردستان دەست دەکەوێت.

ئەم بابەتە تایبەتە بە ماڵی کتێبی کوردی و بڵاوکردنەوەی بە ئاماژەدان بە سەرچاوە  ڕێگە پێدراوە.

 

درباره‌ی ماڵی کتێبی کوردی

همچنین ببینید

کتاو دەستوور زوان کوردی لەکی ڤەباوەت ڕێزوان لەکی چاپ و ڤڵارا بی

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *