ڕۆمانی«هەنار و فریشتەی مردن» بەرهەمی عەتا محەمەد کرایە فارسی
«هەنار و فریشتەی مردن» نوێترین بەرهەمی «عەتا محەمەد» نووسەری نوێخواز و نوێبیری كوردە كە ساڵی ۲۰۱۸ لەلایەن دەزگای ئەندێشەوە چاپ بووە. لەم ڕۆژانە وەرگێڕاوی فارسی ئەم ڕۆمانە بە قەڵەمی «ڕەزا كەریممجاور» و لە لایەن وەشانخانەی «نگاە»ی تارانەوە بڵاو بۆتەوە.
عەتا محەمەد نووسەرێكی ناسراوی كوردە و لە ساڵی ۱۹۷۰ لە شاری سلێمانی لەدایك بووە و هەتا ئێستا ۱۶ بەرهەمی لە بواری ڕۆمان و كورتەچیرۆكدا بڵاو كردۆتەوە و لەم بوارەدا خاوەنی ئەزموون و شێوازی تایبەت بە خۆیەتی. زۆربەی نووسراوەكانی عەتا محەمەد بە شێوەی ڕیالیسمی سێحراوی نووسراون. هەنار و فریشتەی مردنیش هەر بەم شێوەیە نووسراوە.
ئازاد بەرزنجی ئەڵێت: «ئێمە چیرۆكنووسمان كەمە. لە پەنجەی دەست تێناپەڕن. یەكێك لەو چیرۆكنووسانەی كە پێویستە فەخری پێوە بكرێت و بۆ زمانە زیندووەكانی دونیا تەرجەمە بكرێت،چیرۆك و ڕۆمانەكانی عەتا محەمەدە.»
هەژار مەجید دوای خوێندنەوەی سێینە گرینگەكەی عەتا محەمەد لە نامەیەكی ئاواڵەدا دەنووسێ: (هەنار و فریشتەی مردن)م تەواو كرد، بە تەواو كردنی ئەم كتێبە، سێینە سەرسوورهێنەرەكەت تەواو بوو. لەم سێ ڕۆمانەدا دەمانخەیتە بەردەم سێ پرسیاری قوڵ، سێ پرسیار كە وەڵامنادرێتەوە و وەك تەلەبەیەكی تەمەڵ لە بەردەم هەر سێ پرسیارەكەدا دۆشداماوم
۱ـئێمە خۆمان دەژین یان ناوەكانمان؟
۲_ ئێمە خۆمان دەژین یان وێنەكانمان؟
۳_ ئێمە خۆمان دەژین یان چیرۆكەكانمان؟
لە ڕێبەری كتێبسازە كوژراوەكاندا فڕیت داینە بەردەم ئەوەی ئێمە جگە لە كۆمەڵێك ناو هیچ نین، هەر دەكرێ خۆمان نەبین و ئەوەی هەبێت یان ناوەكانی ناو ڕێبەر بێت، یان وێنەكانی ناو پاسەوانان و یان چیرۆكی ناو هەنار و فریشتەی مردن بین.
هەر بە جدی كێ ئەڵێ ئێمە وەك بوونێكی فیزیكی هەین؟ كی ئەڵێ ئیمە ناو و وێنە و چیرۆكی ناو كتێبێك نین؟
ئەزانی چی نازانم چی بنووسم، ناشزانم چۆن باسی بكەم
هەر ئەوەندە ئەڵێم سەرسام و حەپەساوم
و لەناو دونیایەكی قوڵی بیركردنەوەدام
ڕووداوەكان و كەسایەتیەكانی ڕۆمانەكانی عەتا محەمەد تەنیا سەر بە كوردستان نین و ئەم نووسەرە كە خۆی دانیشتووی سویدە، زۆر جار كەسایەتیی بیانی و بەتایبەت سویدی لە ڕۆمانەكانیدا دەردەكەون و وێڕای كەسایەتیە كوردەكان چیرۆكەكان دەگێڕنەوە.
عەتا محەمەد لە نووسراوەكانیدا جگە لە گێڕانەوەی چیرۆك، باسی زۆرێك لە چەمكە فەلسەفییەكان و كێشە كۆمەڵایەتییەكان و فەرهەنگییەكان و كێشە ڕامیارییەكانی جیهانی هاوچەرخ دەكات و بە بۆچوونێكی تازەوە دەیانهێنێتە ناو جیهان چیرۆكەوە؛ بە چەشنێك كە خوێنەر تووشی ڕامان و تێڕامان دەكات.
?ببنە ئەندامی کاناڵی تلگرامی ماڵی کتێبی کوردی
ئەم بابەتە تایبەتە بە ماڵی کتێبی کوردی و بڵاوکردنەوەی بە ئاماژەدان بە سەرچاوە ڕێگە پێدراوە.