خانه / پێشنیاری ده‌سته‌ی نووسه‌ران / ئەزموونەکانی فەرهەنگنووسیی کوردیی؛ وتووێژ له‌گه‌ڵ مامۆستا عه‌لی نانه‌وازاده

ئەزموونەکانی فەرهەنگنووسیی کوردیی؛ وتووێژ له‌گه‌ڵ مامۆستا عه‌لی نانه‌وازاده

ئەزموونەکانی فەرهەنگنووسیی کوردیی؛ وتووێژ له‌گه‌ڵ مامۆستا عه‌لی نانه‌وازاده

سازدانی دیمانه: دوکتۆر مه‌سعوود بینه‌نده

“فەرهەنگی ڕیشەی وشەی کوردیی” فه‌رهه‌نگێکی ڕیشه‌ناسانه‌یه که له لایه‌ن مامۆستا عه‌لی نانه‌وازاده، وه‌رگێڕ و فه‌رهه‌نگنووسی به‌توانای کورد بڵاوکراوه‌ته‌وه. چاپ و وه‌شانی ئه‌م فه‌رهه‌نگه له ساڵی ۲۰۱۷ی زایینی ده‌ستی پێکردووه و تا ساڵی ۲۰۲۱، پێنج به‌رگی له ڕۆژه‌ڤی فه‌رهه‌نگنووسیی کوردیدا دره‌وشاوه‌ته‌وه. به‌رگی شه‌شه‌می  ئه‌م فه‌رهه‌نگه بڕیاره هاوکات له‌گه‌ڵ ئاهه‌نگی نه‌ورۆزی ۲۰۲۲ وه‌کوو پێشکه‌شییه‌ک بۆ هه‌موو هۆگرانی زمان و فه‌رهه‌نگی کوردی بێته ڕووپه‌ڕی کتێب و چاپ و بڵاو بکرێته‌وه. ڕیشه‌ناسی(etymology) و فه‌رهه‌نگی ڕیشه‌ناسانه بوارێکی گرنگی زمانناسییه که له به‌ستێنی زمانه‌وانیی کوردیدا، ته‌مه‌نێکی کورتی هه‌یه و که‌متر له به‌شه‌کانی تر ئاوڕی لێ دراوه‌ته‌وه. پاش هه‌ندێ هه‌وڵی سه‌ره‌تایی له‌م بواره‌دا “فەرهەنگی ڕیشەی وشەی کوردیی” یه‌که‌مین هه‌وڵی چڕوپڕ و تۆکمه‌یه که به ڕه‌چاوکردنی چوارچێوه و میتۆدی زانستی له بنه‌چه‌ی وشه‌ی کوردیی کۆڵیوه‌ته‌وه و ڕه‌چه‌ڵه‌کناسییه‌کی زمانه‌وانیی به‌پێی زمانناسیی مێژوویی به‌رهه‌م هێناوه.  نووسه‌ر له پێشه‌کیی به‌رگی یه‌که‌می فه‌رهه‌نگه‌که‌دا ناوه‌رۆکی فه‌رهه‌نگه‌که‌ی له چه‌ند دێڕدا به‌م شێوه‌یه ناساندووه:

ئه‌م فه‌رهه‌نگه تایبه‌ت دراوه به پێناسه‌ی وشه و به‌م شێوه‌یه داڕشتراوه:

یه‌که‌م: پێشینه‌ی به‌شێک له ده‌نگه‌کانی ئێستای زمانی کوردیی به به‌راورد ده‌گه‌ڵ زمانانی کۆنینه که وه‌ک محه‌ک پرۆتۆئێرانیی له‌به‌رچاو گیراوه…

دووهه‌م: ئێتیمۆلۆژیی یا پێشینه‌ی وشه…

سێهه‌م: فۆرمناسیی یا شی ‌کردنه‌وه‌ی ده‌نگ و بیچم و ڕواڵه‌تی ئێستای وشه ده‌گه‌ڵ ڕیشه‌ی کۆنی خۆی(که وه‌ک محه‌ک پرۆتۆئێرانیی له به‌ر چاو گیراوه) و لێکدانه‌وه‌ی یاسا و تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی ئه‌و ئاڵوگۆڕه.

چواره‌م: هاوڕیشه‌کانی ئه‌و وشه‌یه، ده زمانانی کۆنی هیندیی و ئێرانیی دا + ده زمانانی میانه‌ی ئێرانیی دا + ده زمانانی نوێی ئێرانیی دا + ده زاراوه و بنزاراوه کوردییه‌کان دا.

پێنجه‌م: مۆرفۆلۆژیی و دابه‌ش کردنی وشه به چووکترین کوت و پاره‌کانی.

شه‌شه‌م: باری ڕێزمانیی وشه + گه‌ردانی چاوگ + ڕه‌گی چاوگ.

حه‌وته‌م: مانای به‌ربڵاو به وێنه هێنانه‌وه و هاوکات دیاریی کردنی هاوماناکانی ده زاراوه و بنزاراوه‌کان دا.

هه‌شته‌م: ئه‌و وشانه‌ی که له‌م وشه‌یه په‌یدا بوون(اشتقاق) و هه‌روه‌تر، ئه‌و وشانه‌ی که تێکه‌ڵ به‌م وشه‌یه بوون(ته‌رکیب) و …

به مه‌به‌ستی ناساندنی ئه‌م زنجیره فه‌رهه‌نگه وه‌کوو به‌رهه‌می هه‌وڵ و تێکۆشانی ماندوویی‌نه‌ناسانه‌ی مامۆستا عه‌لی نانه‌وازاده و هه‌روه‌ها لێکدانه‌وه‌ی بواری ڕیشه‌ناسیی وشه‌ی کوردی، وتووێژێک له لایه‌ن توێژینگه‌ی کوردستان‌ناسیی زانکۆی کوردستان و به پێشکه‌شکاریی دوکتۆر مه‌سعوود بینه‌نده له ڕێکه‌وتی ٣٠ی خه‌زه‌ڵوه‌ری ١٤٠٠ی هه‌تاوی له‌گه‌ڵ به‌ڕێزیان ساز دراوه که لێره‌دا ده‌یبینن:

سڵاو و ڕێز و حورمەت بۆ هەموو میوانانی هێژا، ئامادەبووانی بەڕێز و هەروەها سپاس و پێزانینی تایبەت و سڵاو بۆ میوانی بەڕێز مامۆستا عەلی نانەوازادە، فەرهەنگنووس و وەرگێڕ کە ئەوشۆ لەلایەن توێژینگەی کوردستان­ناسیی زانکۆی کوردستانەوە میوانداریی دەکە‌ین، بە پێشکەشکردنی باسێک لەسەر ئەزموونەکانی فەرهەنگنووسیی کوردی، بەتایبەت بواری ڕیشەناسی کە بواری پسپۆڕیی جەنابیانە. بەڕێزان شێوازی بەرنامەکە بەم جۆرە دەبێت کە سەرەتا پێناسەیەکی کورت لە هەوڵ و چالاکییەکانی مامۆستا لێرەدا پێشکەش دەکرێت و دواتر بەپێی پرسیار مامۆستا لە هەوڵەکانی خۆیان لەبواری فەرهەنگنووسیی کوردی و ڕیشەناسیی زمانی کوردیدا باس دەکەن. پرسیارەکان دەبەینە بواری ڕه‌وتی فەرهەنگنووسیی کوردی به‌ گشتی و لە کۆتاییدا بەڕێزان و بەشداربووان دەتوانن کات بگرن و پرسیارەکانیان ئاراستەی مامۆستا بکەن و ئەوانیش بەپێی پێویست وەڵامتان بدەنەوە. سەرەتا دەمانهەوێت پێناسەیەکی کورت لە کار و چالاکییەکانی مامۆستا پێشکەشتان بکەین.

مامۆستا عه‌لی نانه‌وازاده

فەرهەنگنووس، نووسەر و وەرگێڕی کورد مامۆستا عه‌لی نانه‌وازاده ساڵی ١٩٦٠ لە شاری ”مەهاباد” لە دایک بووە و ئێستاکە لە تاراوگە دەژی و نیشتەجێی وڵاتی “سوێد”ە. بەرهەمەکانی عەلی نانەوازادە زۆرتر لەسەر سێ تەوەری سەرەکیی فەرهەنگنووسی، زمانەوانی و وەرگێڕان له‌نگه‌ریان گرتووه. جیا لەوانە نانەوازادە گرینگییەکی ئەوتۆی داوە بە بەهێزکردنی دەقی کوردی لە بواری عێرفان و تەسەووف. بەڵام،گرینگترین پڕۆژەی ناوبراو بریتییە لە ”فەرهەنگی ڕیشەی وشەی کوردیی” کە تاکوو ئێستا ٥ بەرگی لێ بڵاو بووەتەوە. به‌رهه‌مه‌کانی تری مامۆستا بریتین له:

– فەرهەنگی هەرمان.(٢٠٠٥) بەرگی ١. هەولێر

– فەرهەنگی هەرمان(٢٠٠٥). بەرگی ٢. هەولێر

– فەرهەنگی پەهلەویی(٢٠٠٠). تاران. تەوەکولی

– فەرهەنگی ڕیشەی وشەی کوردیی(٢٠١٧). بەرگی ١. سوێد. ستۆکهۆلم

– فەرهەنگی ڕیشەی وشەی کوردیی.(٢٠١٨)م بەرگی ٢. سوێد. ستۆکهۆلم

– فەرهەنگی ڕیشەی وشەی کوردیی.(٢٠١٩). بەرگی ٣. سوێد. ستۆکهۆلم

– فەرهەنگی ڕیشەی وشەی کوردیی (٢٠٢١). بەرگی ٤. سوێد. ستۆکهۆڵم

– فەرهەنگی ڕیشەی وشەی کوردیی. (٢٠٢٠). بەرگی ٥. سوێد. ستۆکهۆلم

– گوڵبژێرێک لە چیرۆکەکانی سادقی هیدایەت، (٢٠٠٦). (وەرگێڕان)، هەولێر. دەزگای موکریانی

– وەهای گوت زەردەشت، نیچە،(٢٠٠١)، (وەرگێڕان). هەوڵێر. دەزگای موکریانیی

– شیبلی تاجی سەری عارفان(٢٠١٢)، (ئامادە کردن)، هەوڵێر. دەزگای موکریانیی

– سەد غەزەلی مەولانا(٢٠٠٦)، هەولێر. دەزگای موکریانیی

– توحفەی موزەفەرییە، ئۆسکارمان (٢٠١٣)، هەولێر. ئەکادێمیای کوردی

– سوڵتانی عارفان بایەزیدی بەستامیی، هەولێر، دەزگای موکریانیی

– دیوانی ئاهەنگی هەرمانی دڵ(١٩٩٤)، سوێد

– بوومی کوێر، سادقی هیدایەت (١٩٩٥). سوێد.(وەرگێڕان)

– گوڵبژێرێک لە شێعرەکانی سۆهرابی سپێهریی(٢٠٠١). تاران. تەوەکولی

– گوڵستان، وەرگێڕان، (٢٠٠٦) هەولێر، دەزگای موکریانیی

– مەسیح تاکسی، کۆمەڵەچیرۆک، (٢٠٠٨)سوێد

 

 بینەندە: چۆن بوو جەنابتان هاتنە بواری فەرهەنگنووسیی کوردی و دەستان دایە نووسینی فەرهەنگی کوردی‌به‌کوردی “هه‌رمان” و هه‌روه‌ها فه‌رهه‌نگی په‌هله‌وی‌به‌کوردی، دواتر چۆن بوو که ئه‌م هه‌وڵانه له فه‌رهه‌نگی شه‌ش به‌رگیی “ڕیشه‌ی وشه‌ی کوردیی”دا گه‌شه‌ی پێدرا و گه‌یشت به ترۆپک؟

 

 نانەوازادە: کاک مه‌سعوود زۆرسپاس بۆ میواندارییتان و ڕێز و سڵاوم هەیە بۆ میوانەکان. عەرزی بە حزوورتان بکەم فەرهەنگنووسیی باسێکی دوور و درێژه، واته ئه‌گه‌ر بمهه‌وێ سه‌ره‌تای ئه‌وه‌تان بۆ ڕوون بکه‌مه‌وه ده‌بێ ڕه‌وتی ٣٠ ساڵ باس بکەم که ئەو فەرهەنگە چۆن گەیشتۆتە ئەوڕۆ، دیارە له هه‌شتاکانه‌وه ئاشنابووم بە فەرهەنگنووسیی کوردیی و فەرهەنگەکانی کوردیی، به‌هه‌رحاڵ ده‌و سه‌رده‌مه‌ دا نووسینی فەرهەنگێکی کوردیی کەوتە مێشمکەوە و ئیدی لەوێوە دەستم کرد بە خڕکردنەوە و لێکۆڵینەوە لەسەر نووسینی فەرهەنگ و ئیمکاناتێکی باشیشم دەس کەوت لە سەر فەرهەنگ. ئه‌م خولیایه هەروا درێژەی هەبوو تا ئەوەی لە سوید کە نیشتەجێ بووم ئیدی ساڵی ١٩٩٢ دەستم کرد بە نووسینی فەرهەنگی هەرمان و ئەویش لە سێ چوار دانە جۆری فەرهەنگ کە هەڵمبژاردبوو ئاخری ئەو مێتۆدم هەڵبژارد کە بۆ فەرهەنگی هەرمانم دانابوو. لەساڵی ١٩٩٩ بەرگی یەکەکەی تەواو بوو، دوایی بە شوێن ئەوە کەوتم بە جۆرێک لە شوێنێک ئه‌و ده‌رفه‌ته هه‌بێت هەموو بەرگەکان چاپ بکرێت. له ئاکام لە زانکۆی ئوپسالا وەکوو پڕۆژەیەک ئەوەی وەرگرت بەڵام بەریان گرت و سەری نەگرت. ویستمان لە هەولێر وەکوو پڕۆژەیەک ئەو کارە بەڕێوەبەرین کە دەورانی شکور مستەفا و وان بوو کە ئەویش سەری نەگرت و ئاکام له ساڵی ٢٠١٠ دیسان دەعوەتیان لێکردم فەرهەنگەکە تەواو کەم، ئیدی وازم له فەرهەنگی هەرمان هێنا و دیتم مەجبوورم بە تەنیا خۆم بینووسم و وەکوو پرۆژەیەک قەبووڵی ناکەن. مێتۆدی کارەکەم گۆڕی و له هەمان ئەو ماتریاڵانەی کە بۆ فەرهەنگی هەرمان خڕم کردبۆوە خستمە سەر فەرهەنگه نوێیەکە و مێتۆد و شێوەکەم گۆڕی و لەوێش دیسان لەگەڵ ئه‌کادیمیای کوردیی هەوڵم دا و چوارساڵ هاتوچۆمان کرد و نامە نووسرا کە بکرێ وەکوو پرۆژەیەک بتوانین بە‌کاری بێنین دیاره دیسان لەوێش سەری نەگرت و ئیدی بۆ خۆم هەمووم تەواو کرد.

فەرهەنگی ڕیشە و پێناسەی وشەی کوردیی ٦ بەرگە و ٥ بەرگی چاپ و بڵاوکراوەتەوە کە یەک بەرگی ماوە کە ئەویش تەواو بووه و ئامادەم کردووە و بەر لە ساڵی نوێ دەینێرم بۆ چاپ کە بۆ نەورۆز ئەویش ئامادە دەبێ. یانی شەش بەرگەکەی تەواو دەبێت و فەرهەنگەکەش تەواو دەبێت. ئەم کارە نزیک سی ساڵی تەقریبەن گرت هەمووی، بەڵام بە چڕیی ۱۲ ساڵ کارم لە سەر فەرهەنگی ڕیشەی و پێناسەی وشەی زمانی کوردیی کردووە.

 

 بینەندە: وه‌ک ده‌زانین ڕه‌وتێک له بواری ڕیشه‌ناسیدا باو بووه که به folk etymology واته ڕیشه‌ناسی عه‌وامانه و هه‌ڕه‌مه‌کی ده‌ناسرێ، له‌م ڕه‌وته‌دا که‌سه‌کان به‌پێی هه‌ست و زه‌وق ده‌ست بۆ ئه‌م کاره ده‌به‌ن و شاره‌زایه‌کی پێویستیان له‌م بواره‌دا نییه. ئه‌مانه هیچ ئارگیۆمێنت و به‌ڵگه‌یه‌کی زمانناسانه بۆ نموونه له بواری فۆنۆلۆژی و مۆرفۆلۆژییه‌وه بۆ سه‌لماندنی بڕیاره‌کانیان بەکارناهێنن. تەنانەت ئەم ڕەوتە بەداخەوە بەرۆکی هەنێ لە ئەکادیمیسیەن و ئەوانەی کاری زانستیشیان کردووە بە جۆرێک گرتووەتە. دەتوانین نموونە بهێنینەوە، جه‌ماڵ نه‌به‌ز له به‌رهه‌مه‌کانیدا به‌تایبه‌ت له فەرهەنگی ئیتمۆلۆجیا(٢٠٠٨)که‌یدا، بە لێشاو لەو چه‌شنه ڕیشەناسییە کەڵک وەردەگرێت. هەروەها بەڕێز سۆران حەمە ڕەش کە ئه‌ڵبه‌ت زۆرتر له بواری مێژوویی کار دەکات بەڵام لە ڕیشەناسیی وشەکاندا بە هەمان شێوە تووشی ئەم خەسارەیە. فەرهەنگی ناو و واتای ئاواییەکانی کوردستان، و ده‌یان کاری تر له‌م بواره‌دا که وەکوو کتێب، وتار و نامیلکە بڵاوکراونەتەوە بەهەمان شێوە تووشی ئەم خەسارە هاتوون. بۆ نموونە ئەگەر ئاماژە بدەین بە هەنێ ڕیشەناسیی وشه‌کان له‌م به‌رهه‌مانه‌دا ده‌بینین له هه‌رکوێ ڕەگی ئار دەبینن پەیوەندی دەدەن بە ئاریاییەوە، لە هەرکوێ مار دەبینن پەیوەندی دەدەن بە میتراپەرستییەوە، لە هەر کوێ دێو دەبینن وەکوو دێوەزناو، دیواندەرە و ئەوانه پەیوەندی دەدەن بە دێو و  ئەفسانە و ئەو جۆرە شتانەوە، به‌بێ ئەوەی هیچ سه‌رنج و بەدواداچوونێکی زمانەوانی بۆ بکەن. جەماڵ نەبەز لە فەرهەنگەکەیدا هه‌ندێک لە وشەکان بەم چەشنە لێک ئەداتەوە، دەڵێت جەهەنم [که دیاره وشەیەکی ئارامییە] لە جێی نزمەوە هاتووە کە وشەیەکی کوردییە، وه‌ک ده‌زانین ئەو ڕەوایەتە له‌ گۆڕێدایه که اسفل السافلین قووڵترین و نه‌ویترین شوێن یان پله‌یه، یان ئەوه‌ی له ئوستوورە‌کانی یۆناندا هادێس(دۆزه‌خ) له‌ژێر زه‌ویدا فه‌رز ده‌کرێت. به‌م پێیه نه‌به‌ز وای بۆ ده‌چێ کە جەهەنم لە جێی نزمی کوردییەوە ڕه‌گی گرتبێ. (وه‌ک ده‌زانین ئه‌و وشه‌یه له پرۆتۆتایپی ئارامی Gi Hennam و عیبری کۆن Gey Hinnom وه‌رگیراوه و په‌رستگه‌یه‌ک بووه له نیزیک ئۆرشه‌لیم که له‌وێدا ئاگری گه‌وره کراوه‌ته‌وه قوربانی پێشکه‌ش به خودای به‌عل کراوه).  له فه‌رهه‌نگی ئیتیمۆلۆژیای جه‌ماڵ نه‌به‌زدا هه‌روه‌ها باسی زۆر وشەی دیکه ده‌کردرێ که به‌ڵگه‌ی زمانه‌وانی بۆ نه‌هێنراوه‌ته‌وه وەکوو وشه‌ی زەعیفە کە پێی وایه فڕی به‌سه‌ر عه‌ره‌بییه‌وه نییه و له زایفۆی کوردییه‌وه هاتووه که له ڕه‌گی زایین و ئه‌فراندنه‌وه به‌رئه‌نجام گیراوه واته زێ‌عه‌فرێن یان زائه‌فرێن. تەنانەت ده‌ڵێت وشه‌کانی خێوەت، خەبەر، خاس، سەقەت به ڕه‌چه‌ڵه‌ک عه‌ره‌بی نین به‌ڵکوو له کوردییه‌وه ئاودیوی پانتایی زمانی عه‌ره‌بی بوون. بۆ نموونه ده‌ڵێت وشەی سەقەت لە شه‌که‌ت و شکاندنی کوردییه‌وه گیراوه. جەنابتان چۆن کارەکانی خۆتان له‌گه‌ڵ ئەم ڕەوتەدا سنووربەندی دەکەن، کە ئه‌وڕۆ بازاڕ و کڕیارێکی زۆری له ئاستی هه‌موانه‌کیدا بۆ خۆی ده‌سته‌به‌ر کردووه؟

نانەوازادە: بەشێکی ئەوەی کە عامیانە یان ڕەمەکییە؛ دە نێو خەڵک دا نەوعێک بلێین کنجکاویی ئینسانە کە وشانە چۆن هاتوون و شتی جالبیش دەگاتە مێشکی ئینسان لەبەر وێکچوونەکانی وشەکان که باس کرا وه‌کوو سەقەت. زۆربەی ئەوانە فانتێزین و بە خەیاڵی خۆیان سازی دەکەن و لەکه‌سەوە بۆ کەس دەگۆڕدرێ. ئەوجار لە چواردەوری کوردستانیش دەبینین زمانهایەکی زاڵ وەکوو زمانی تورکیی، زمانی فارسیی و عەرەبیی پێکەوە پێوەندییان بووە و چوون زمانی کوردیی ده‌و نێوه‌ دا زمانێکی ڕه‌سمی نەبووە هەر بۆیە کۆمەڵێک وشەی زۆرمان لە تورکیی وەرگرتووە، لە عەرەبیی وەرگرتووە لە فارسیی وەرگرتووە و ئه‌وه‌ش زۆر زۆر ئاساییه و ئەوانیش هه‌روه‌تر. تورکیی کۆمەڵێک وشەی ئێجگار زۆری لە فارسیی وەرگرتووە و فارسیی کۆمەڵێ وشەی ئێجگار زۆری لە تورکیی وەرگرتووە و تورکیی کۆمەڵێک وشەی لە عەرەبیی وەرگرتووە و ئەمانە شتێکی ئاسایین. ئه‌و پێوه‌ندییانه ده کۆنیش دا هه‌بووه بۆ نموونه زمانی عەرەبیی له په‌هله‌ویی وەریگرتووە و لە زمانی پارتیی وەریگرتووە باسیشیان کردووە کە ئەو وشانە لە کوێ ڕا هاتوون. جەمال نەبەز و جەماعەتێکی ئاوا حازر نین ئه‌وه‌ی قەبووڵ بکەن کە کورد وشەی لە دراوسێیەکانی وەرگرتبێت. من خۆم وەکوو دەسپێک وەکوو هەموو ئەوانەی دیکە هەوڵم دەدا بە زەینی خۆم ڕیشەی وشەکان ببینمەوە. دوای دیتم ئەوە چارەم ناکات و بۆیە ناچار ڕووم لە زمانەکانی دیکە کرد و زمانی پەهلەویی کە فەرهەنگەکەشیم لێ چاپ کرد لە ژێر کاریگەریی ئەوەدا بوو و سەرەتایەک بوو کە من ئاشنا بووم لەگەڵ ئەم زمانە و ئەو وشانە، هەڵبەت من زیاتر کار لە سەر وشە دەکەم نەک لەسەر خودی زمان. وەردە وردە هەرچی قووڵتر دەبوومەوە ده‌بوو بزانی ئەوێستاییەکەی چییە، پارتییەکەی چییە و زمانهایەکی دیکە کە دە کۆن دا هەبوون. بۆیە لە ٢٠١٠ ئیدی بە جیدی دانیشتم کە هاوکات هه‌م خۆم ئیتمۆلۆژی بخوێنم و یاساکانی فێر بم و بە هۆی کۆمەڵێک ئێجگار زۆر کتێب و کتێبگەلی زانکۆ، بە تایبەت بە زمانی ڕووسی کە من دەمتوانی بەکاری بێنم و بەختەوەرانە ڕووسەکان سەرچاوەیەکی ئێجگار زۆریان هەیە لەسەر زمانانی ئێرانیی و زمانە کۆنەکان و من هاوکات کە بۆ خۆم دەمخوێند کاریشم لە سەر فەرهەنگەکە دەکرد و وشە بە وشە بەراوردم کردووە بزانم زاناکانی دیکە و مامۆستاکانی دیکە له‌و بابه‌ته‌وه چ ده‌ڵێن و من هه‌موو ئه‌وانه‌م پشکنیوه. بە گشتی هەر وشەیەک کە ئێمە ئێستا لە سەردەمی نوێ دا هەمانە ئەو وشانە قفڵ کراون، به نموونه وشە‌ی بەژن قفڵ کراوە، وشەی جەژن قفڵن. کردنەوەی ئەوانەش کۆدی دەوێت و کۆدەکانیش یاسای ئاڵوگۆڕیی ده‌نگه‌کانه له زمانێکه‌وه بۆ زمانەکانی دیکە و لە زاراوەیەکەوە بۆ زاراوەیەکی دیکە. هەتاکوو ئەو قفڵانە نەکرێنەوە هەتا کۆدی ئەوانەت دەست نەکەوێت ناتوانی بنیچینەی ئەوانە ببینییەوە. بۆیە زۆر زۆر گرینگ بوو و منیش هەروام کرد کە بتوانم ئەوەندەی کە لە ئیمکانی مندا هەیە ئەو کۆدانە پێی ببینمەوە و هەرواشم کرد یانی ئەو فەرهەنگە ئەوەندەی کە بە سوور نووسراوە دە فەرهەنگەکە دا که به‌شی ڕیشەناسییەکە ده‌گرێته‌وه، لەوێدا کۆدەکانم باس کردووە کە ئەو وشانە به‌پێی چ یاسایەک و چۆن ساز بوون. ئەو وشانە‌ی که ئه‌مڕۆ بە ناوی سادە دادەنێین لە باری ڕێزمانەوە، بۆ نموونه وشه‌ی بەژن ئیدی بەش ناکرێت و بەژن ناوێکی سادەیە کەچی لە کۆنەوە ئاوەڵناو و پاشگر بووە. [پێکهاتووە لە بەرز + پاشگری نە، یانی: *barz-na < *baršnabašnbažn]. زۆربەی ئەو وشانەی دابەشکرانه‌که‌یانم باس کردوون که به‌پێی چ یاسایه‌ک بوونەتە وشەیەکی ئەمڕۆیی، بۆیه ناتوانین له‌وه‌ی به‌وه‌ی بگه‌ین که سه‌قه‌ت و شه‌که‌ت و شکاندن بتوانن یه‌ک ‌بێن.

 بینەندە: پرسیاری دووهەممان سەبارەت بە دەسکەوتەکانی ڕیشەناسیی وشەیە. ئەوڕۆکە باسی ڕیشەزێیی دەکرێت واته root creation ،  چۆن دەتوانین لەو ڕیشە و ڕەگانە بۆ پێکهێنانی وشە و هاوتاکان و بۆ بەرانبەری وشە زانستییەکان کەڵک وەربگرین کە دەتوانێت سەرچاوەیەکی گرینگ بێت بۆ ئەم بەشە، وه‌ک ئاگادارین زمانی کوردی لەم بەشەدا پێویستییەکی زۆری هەیە؛ دواتر ڕیشه‌ناسی لە بەشی فێرکاریدا چ یارمەتییەک دەتوانێت بدات بە فێرکاریی زمان چ بۆ ئاخێوه‌ره نه‌یتیڤه‌کان(native speaker) و چ بۆ فێرخوازه‌‌کان(learner)، ئەوانەی کە زمانی سەرەتاییان کوردی نییە. لەم بابەتەوە  ئایا ئێوە بیرتان له‌وه کردووه‌ته‌وه که داخۆ ڕیشەناسی یان فەرهەنگەکەی جەنابتان ده‌توانێ چ ده‌سکه‌وتێکی بۆ ئەم بوارانە هەبێت؟

نانەوازادە: ڕیشەناسیی وه‌کوو بناغەی وشەیە و یارمەتییەکی ئێجگار زۆر دەدات هەر وەکوو هاسان کردنەوەیەکە. بۆ نموونە لە وڵاتی سوێد هەرکەس و ژمارەیەکی پێیه، به‌پێی ئەو ژمارەیە وه‌ختێ ژماره‌که‌ی لێده‌ده‌ن، هه‌موو زانیارییه‌کی تایبه‌ت به‌و کۆده دێنێ. مەسەلەن لەسەر عەلی نانەوازادە هەموو زانیارییەکت هەیە، ساڵی چەن لە دایک بووە، ساڵی چه‌ند هاتۆته ئێره، دەگەڵ کێ دەژی و … یانی زانیارییەکی ئێجگار وردیان لەسەر کەسەکان هەیە و تۆ وەکوو ئارشیوێک دەیکەیەوە و ئاگاداری ئەو وشه‌یه ده‌بی، واته دەبینی کە پێشینەی چ بووە و لە کوێڕا هاتووە و هاوبەشی دەگەڵ کێ هەبووە و لێرەڕا بۆمان دەردەکەوێت چەندە کارایە و چەندە ده‌توانێ وشەی لێکدراو ساز بکا و چەندە دەتوانێ وشەی دارێژراو ساز بکات. نموونەیەکی بچووک دێنمەوە مەسەلەن لەو کتێبەکانی کە چاوم لێکردوون هی زانکۆش لە باشوور، زۆربەیان یانی ئەوەی کە دیومن؛ وا بە پاشگر دادەنێن، بۆ وێنە دۆخەوا کە دەڵێن پێک هاتووە لە دۆخ و ئەوا، یا پێشەوا پێکهاتووە لە پێش بە ئیزافەی ئەوا. ئەوا چییه و مەعنییەکەی چییە و ڕیشەکەی لە چی‌ڕا هاتووە، نازانن بۆیە پێیانوایە پاشگرە و هیچ مەعنایەکی نییە، دەڕاستیدا وا نییە و وەختێ کە تۆ لە ڕیشەکەی دەکۆڵییەوە دەبینی یەک لە وایەکان بۆ وێنە دە وشەی پێشەوا دا ئەو وایە بۆ وێنە دەچێتەوە سەر وشەی پێ، لاق کە بە‌پێی یاسایەکی کە دەنگی /پ/ ئەگەر لە پێشەوە نەبوو یا ئاخری وشە بوو دەنگی /پ/ دە زۆربەی زمانانی ڕۆژاوای ئێرانیی دا دەگۆڕدرێ بە /و/، یانی [پێش + ئە + وا] یانی: پێش و پایە، یانێ پێی لە پێشە، پێشەوا، یانی کەسێک کە پێی لە پێشە‌وه‌یه و ڕێبەریی کەسەکان دەکات بۆیە لێره به مه‌عنای پا دێت. دە وشەی چواروا دا یا چواروێ که له موکریان چواروێیشی پێدەڵێن وا دیسان هەمان پایه، یانی چوارپا، چواروا بۆیە لێرەدا دەبینین کە وا پاشگر نییە، ئه‌وجار وایه‌کی دیکەشمان هەیە کە دەچێتەوە سەر خۆراک و خواردن و لە پاک کەوتووە، بۆ نموونه نانەوا، ئەو وایە یانی کەسێک کە خۆراک ساز دەکات، نان ساز دەکات، دۆخەوا یانی خۆراکی دۆ، ئاردەوا یانی خۆراکی ئارد، شۆروا یانی خۆراکی شۆر. یانی وه‌ختێ ڕیشەکەی ئەوانە ده‌ربێنی وه‌کوو مامۆستایه‌ک تێدەگەی لە لێرە مەعنای وایەکان چییە و بۆ لێرە پاشگر نییە بەڵکوو وشەیەکی لێکدراوە. یارمەتییەکی ئێجگار زۆر دەدات بە تایبەت بۆ خوێندکاران، به ‌تایبه‌ت له فه‌رهه‌نگه‌که‌ی من دا ئه‌گه‌ر دیتبێتتان، وشەکان وەکوو کۆکراوەی وشەکانه، واته لە کۆنەوە تا ئێستا وەکوو ئالبۆمێک لە بەر چاوتە که ئەو وشەیە چۆن گه‌شه‌ی سەندووە، چۆن لێی کەم بووەتەوە و چۆن ورده‌ ورده هاسان بووه‌ته‌وه و بۆته وشەیەکی ئەمڕۆیی و هاوکات دە زمانەکانی دیکە دا ئەو ئاڵوگۆڕە چۆن ڕوویداوە یا دە زاراوەکانی دیکە دا، جیاوازیی زاراوەکان هەر دەو ئاڵوگۆڕەیی ده‌نگه‌کان دایه، که‌وایه کەسێک بیەوێت وشەیەک ببینێت هەمووی ئەو ئارشیڤ و زانیارییانەی کە لەسەر ئەو وشەیە هەیە دە‌یبینێ. ئه‌وه‌ش وشە بە وشە فەرق دەکات یانێ کۆمه‌ڵێک وشه‌ی ئێجگار زۆر هه‌یه، به هەزاران کەس و هەزاران ئا‌ڕشیڤی تاکەکان هه‌یه، بۆیە هەرکەسه ‌و ئاڕشیوی خۆی هه‌ر وشه‌یه‌کیش ئاڕشیوی تایبەت بە خۆی هەیە.

 بینەندە: پرسیاری دیکەمان سەبارەت بە مێتۆی جەنابتانە لە کتێبی “فەرهەنگی ڕیشەی وشەی کوردیی”دا، واته جەنابتان لەم کتێبەدا چ ڕێڕه‌و یان مێتۆدۆلۆژییه‌کتان پەیڕەو کردووە، هه‌روه‌ها بە پێی چ مۆدێلێک مەدخەلەکانتان داڕشتووە؟ ئایا دەکرێت بڵێین هەر فەرهەنگێک پێویستی بە پرێسپێکتیوێکی نەزەرییە کە مۆدیلی داڕشتن و پێکه‌ربه‌ندیی وشه‌کان پشتبه‌ست به‌و ئاسۆیه پێکبهێنرێت؟

هه‌روه‌ها لە بەشەکانی دیکەدا چەندە زانیاری و ڕەهەندی جیاواز بۆ ئەو هه‌ر مەدخەلێک دابین کراوە، بۆ نموونە سەرچاوەی سەرەتایی وشە، پێوەندیی لەگەڵ زمانە خێزانەکان، چۆنیەتیی داهاتنی وشە، گۆڕانکاریی نڤیساریی وشە لە قۆناغە جیاوازەکاندا، گۆڕانکاریی واتایی یاخود سێمانتیکی وشە، گۆڕانکاریی دەنگی واتە فۆنۆلۆژی، ڕێکەوتی دەرکه‌وتن و هاوتنە گۆڕەپانی زمان، بەکارهێنانی ئەو وشە لە دەقە جیاوازەکاندا، زانیاریی په‌ڕزمانی(meta language) ئەو وشە بۆ وێنە بواری کۆمەڵناسانە، مێژوویی، دابونەریت و ئوستوورەکان، و هتد؟

 نانەوازادە: عەرزت بکەم دیارە فەرهەنگنووس وەکوو مێعمارێک کە دەیهەوێت فەرهەنگێک بنووسێ بە هەر حاڵ پێویسته مێتۆدێک پەیڕەو بکات و دەبێ نەخشەکەی بکێشێتەوە کە بە چ شێوەیەک وشەکانی ئەو فەرهەنگە شی بکاتەوە، دیارە کۆمەڵێک فەرهەنگ هەن بەپێی دەنگدانەوەی وشەکان دابەش دەکرێن، مەسەلەن فەرهەنگی دووزمانە ساختارێکی سادەی هەیە که هاوتای وشەیەک لە زمانێکەوە بۆ زمانێکی دیکە، بڵێین ئاب-ی فارسیی بۆ ئاو-ی کوردیی یا بە پێچەوانەکەی، فەرهەنگمان هەیە کە یەک زمانەیە وەکوو فەرهەنگی خاڵ کە ساختارێکی سادەی هەیە، بۆوه‌ی بتوانێت بە کەمترین وشە پێناسەی ئەو وشە بکات، فەرهەنگمان هەیە زۆرتر دەچێتە بواری لێکدانەوە، فەرهەنگمان هەیە فەرهەنگی پیشەیی کە لە سەر بابەتی پیشەییەکە دەجووڵێتەوە مەسەلەن فەرهەنگی جۆڵایی، فەرهەنگی کشتووکاڵ کە ئاغای مه‌عرووف قەرەداغی نووسیویەتی. ئەو فەرهەنگەش کە من دە مێشمک دا بوو هەر لە هەرمانەکەیەوە دەمویست ڕوونی بکەمەوە بۆ خوێنەر کە وشەکان لە کوێڕا هاتوون. دە هەرمان دا من  بە کورتکردنەوەی ناوەکان، ئەوێستاییم بە “ئەو” دەنووسی، مەسەلەن وای پێدەڵێن بە نووسینی کوردیش. ئەوده‌مه‌ی کامپیۆتەر تازه بوو زۆر زه‌حمه‌ت بوو بکرێ لاتینیشی له‌گه‌ڵ تێبهاوی، که‌وایه مه‌جبوور بووین بە جۆرێکی تایبه‌ت بینووسین. من ویستم نیشان بدەم کە ئەو وشەیە وشەیەکی کوردییە یا وشەیەکە کە بە قەرز وەرگیراوە و لە زمانەکانی دیکە‌ ڕا هاتووەتە نێو کوردییەوە، لە دوایی لە باری ڕێزمانییەوە ئیشارەی پێ بکەم، لە باری مۆرفۆلۆجییەوە باسی بکەم کە وشەیەکی سادەیە یا داڕێژراوە یا ئاوەڵناوە و هەرکام یا هەر شتێک کە هەیە، لە دوایی پێناسەیەکی باش لە وشەکە لە مەعنای وشەکە کە چەند مەعنای هەیە و هەوڵمداوە کە وێنەی باشی بۆ ببینمەوە. من زۆر لە بەیتەکان ئیستفادەم کردووە وەکوو بڵێین ئەدەبێکی زارەکی کە ده‌توانێت کۆنتر بێت لە زمانی ڕۆژانەی ئێستامان، هەوڵمداوە لە شیعرەکانی کلاسیک ئیستفادە بکەم یا لە نووسراوەی ئەو کەسانەی کە نەسر و شتیان هەیە، بۆوه‌ی کەسێک که سەیری ئەو وشە دەکات بتوانێت زانیارییه‌کی پێویست وه‌ربگرێت. بە پێی توانایی خۆم کە بتوانم کاتی لە سەر دابنێم زانیارییەکی تەواو بدەم بە وشەکە، لە باری ڕیشەکەیشەوە دیسانەوە هەوڵمداوە کە شێوەی گەشە‌کردنی وشەکە لە کۆنەوە بۆ ئەوڕۆ بە وردی ڕوون بکەمەوە نە‌ک تەنیا دە زاراوەی ناوەندیی دا بەڵکە دە هەموو زاراوە‌کانی کوردیی دا شی بکەمەوە که ئەو ئاڵوگۆڕانە چۆن ڕوویان داوە. مه‌سه‌له‌ن جیاوازیی بەینی هەورامیی و زاراوەی ناوەندیی دە چی دایە، هاوبەشییەکانیان دە چی دایە و ئەو جیاوازییانە چۆن ڕوو دەدات. ئەو زانیارییانە قازانج دەگەیەنن کە ئێمە لە یەکتری حاڵی بین، ئێستاش هه‌روه‌کوو بۆ خۆتان ئاگادارن زۆر هەوڵدەدرێ کە زار و شێوەزارەکانی کوردیی لە کوردیی جوێ بکەنەوە بۆ وێنە دە نێو زازا دا بەشێکیان لێ پەیدا بووە کە مەسەلەن خۆیان پێ شتێکی دیکەیە یا هەورامی مەسەلەن ده‌توانێت خۆی پێ شتێکی دیکە بێت یا باس لەوە دەکرێ، مه‌سه‌له‌ن بۆ هەورامیی بە داس دەڵێن دار؟ پرسیارێکی گرینگە ئایا دەنگی /ر/ و /س/ ئاڵوگۆڕییان لەگەڵ یەکتر هەیە؟ ئایا دەکرێت بڵێین دار و داس هەردووکی زمانی کوردیین؟ ئەمە وەختێک ڕیشەی ئەم شتانە نەزانین و شێوەی گەشە سەندنی ئەم وشانە نەزانین، هیچی لێ نازانین که بۆ هەورامیی بە داس دەڵێن دار؟ لە کاتێک دا ئەگەر پێشینەی ئەو وشانە بزانین زۆر بە هاسانی تێدەگەین کە ئاڵوگۆڕێکی بچووک کراوە، داس بە سێی سێ‌نوقتە عەرەبییەکەی بڵێین ئەو /ث/ دە کۆن دا هەبووە،داثرە[dāϑra] ئەوە ڕیشەی وشەی داسە، ئەو ثره دە سێ زاراوەی کوردیی دا واته کورمانجی سەروو، زاراوەی ناوەندیی و باشووریی، ئەو سێ زاراوەیه ثر دەکەن بە /س/، یانی ئەو ئێی ئاخرەش دەقرتێ دە کورمانجیی دا بۆیە داثره ده‌بێته داس بەڵام دە هەورامیی و زازایی دا ثر دەبێتە /ر/، بۆیە داثره (ئەوان ئەیەکەی ئاخری ناقرتێنن) و ئەو ثره دەبێتە ره ده‌بێته دارە، یانی ئاڵوگۆڕیی ثر بە سێ و بە ڕێ ئەو دوو جیاوازییە ساز دەکات و تۆ هاسانتر تێدەگەی کە ئەو جیاوازییانە لە کوێڕا هاتوون، یانی به فیکر و خه‌یاڵ نییه. ئەوە خۆبه‌خۆ نزیکردنەوەیە لەگەڵ یەکتر، ئاشنابوونێکه ده‌گه‌ڵ ئاڵوگۆڕیی کە ئەو زاراوانەی کوردیی یا شێوەزارەکانی دیکە لەگەڵ یەکدی دەیکەن. ئەمە بە وەی تێدەگەین. مەسەلەن پاری /فت/ و /وت/ لە موکریان و لە سۆران یا لە ئەردەڵانیش، ئێمە /وت/ دەڵێین، مەسەلەن ئەشکەوت، مەسەلەن مزگەوت، کەچی لە سۆران و ئەوانه دەبێتە مزگەفت، ئەشکەفت و بەوەی ئەمە تێدەگەین کە لە بەینی سۆران و موکریان /فت/ و /وت/ جیاوازیی ساز دەکا پاشان دەبینی ئێمە لە موکریان بە نەوت دەڵین نەفت، کە بە پێی یاسای زاراوەی ناوەندیی موکریانی دەبا کەلیمەی نەفت بووبا بە نەوت و بە پێچەوانەکەی دەبینین لە سۆران کە دەبا وشەکە نەفت بوایە لەوێ ئەوان پێی دەڵێن نەوت. ئەمە شتێکمان بۆ ڕوون دەکاتەوە کە نیشان دەدات موکریانیی وشەی نەفتی لە فارسیی وەرگرتووە و بۆیە پێی دەڵێن نەفت، ئەگەر لە فارسیی وەرنەگرتبایە و بە پێی یاسای خۆی چووبایە پێشێ دەبا بووبا به نەوت. کۆمەڵێکی یەکجار زۆر وردەکاریی تێدایە و هەر وشەیەک وردەکاریی خۆی تێدایە و من بە وردی ئه‌وانه‌م باس کردووە کە ئەو وردەکارییانە چۆنن و چۆن هاتوون، بۆیە هەم یارمەتیدەرە بۆ زاراوەسازیی ئەو کەسانەی وشە ساز دەکەن، – چونکە من نە تەنیا پێشینەی وشەکان بەڵکە پێشینەی وردە وشەکانیش لێیان گەڕاوم و باسم کردووە، مەسەلەن بڵێن وشەیەکی دەخۆم ئەو “دە”یه لە کوێڕا هاتووە؟ ئەو “خۆ”یه لە کوێڕا هاتووە؟ ئەو “م”ێیه لە کوێڕا هاتووە؟ یانی دابەشکردنی وشەکانیش، پێشینەی ئەو وشانەیشم باس کردووە و بێجگه لە‌وانه‌ش پێشینەی دەنگەکانیشم باس کردووە، مەسەلەن هەر پیتێک کە دە فەرهەنگەکە دا هه‌ڵدەدەیتەوە، بۆ نموونه پیتی /ڕ/ سەرەتا دەنگەکان مەسەلەن دەنگی /ڕ/ لە کوێڕا هاتوون. ئێجگار زۆر، دە دانە، دەنگی مەسەلەن ئا نزیک دە پانزە دانە، باسم کردوه مەسەلەن دەنگی شا، ئەو ئا لە “شا” دا دەگەڵ مەسەلەن دە “پا” دا جیاوازییان چییە و چۆن ئەوانە ساز بوون و گەیشتوونەتە ئه‌وڕۆی ئێمه؟ کە ئه‌مه پێشتر دەنگهایه‌کی دیکەبوون و ئاڵوگۆڕیان بە سەر دا هاتووە و گەیشتوونەتە ئەوڕۆ.-

 بینەندە: مامۆستای بەڕێز لەم پرسیارەدا دەمانهەوێت ئاوڕێک بدەینەوە لە ئه‌و فەرهەنگه کوردیانه‌ی تا ئێستا نووسراون و خەسارناسییەک لە کۆی ئه‌و فەرهەنگانە بهێنینه به‌رباس. وەک دەزانن لە ماوەی ئەم ٢٣٠ ساڵەدا کە ڕەوتی فەرهەنگنووسیی کوردی دەستی پێکردووە، ئەگەر یەکەم فەرهەنگ بە فەرهەنگی ماوریتزیۆ گارزۆنی ئیتاڵی بزانین کە یەکەم فەرهەنگی ئیتاڵی-کوردی نووسی، واته دووساڵ پێش شۆڕشی فەرەنسا تا ئێستا ٢٣٠ ساڵ تێپەڕێوە و له‌م ماوه‌یه‌دا پتر لە ٢٥٠ فەرهەنگ نووسراوە. کاتێک ئاوڕێک له‌م فه‌رهه‌نگانه دەدەینەوە و به ڕوانینێکی درمناسانه‌وه چاویان لێده‌که‌ین دەبینین له بابەتی چەندێتی و چۆنیەتییەوە لاوازن. زۆربه‌یان وەرگێڕانێکی زۆر سەقەتی فەرهەنگەکانی دیکەن، بێگومان ئەوەی کە فەرهەنگێک فەرهەنگێکی دیکە ده‌کاته سه‌رچه‌شن یان مۆدێلی کاره‌که‌ی و ڕێڕه‌وی لێ وه‌رده‌گرێت هیچ کێشە نییە، بەڵام کاتێ ده‌بێته پاشکۆ و وەرگێڕانێکی سەقەتی فەرهەنگێکی دیکە؛ واته نه‌توانێ بە‌پێی مەنتق و پێویستیی زمانی کوردی بێتە ئاراوە، دیارە لە ئاستی فەرهەنگێکی باش دەترازێ و ده‌سکه‌وتێکی ئه‌وتۆی نابێت. وه‌ک ئاماژه ئەو زنجیره فەرهەنگانەی وه‌کوو پاشکۆی گۆڤاری زانستی سەردەم به سه‌رپه‌رشتیی ئه‌کره‌م قه‌ره‌داخی چاپ کراون به نموونه فەرهەنگی فیزیا، ئابووری، وەرزش، پزیشکی، کیمیا، بیرکاری و ئەستێرە‌زانی، شیره‌مه‌نی و توێکاری مرۆڤ و هتد؛ دیاره ئەمانە هەموویان بە جۆرێک وەرگێڕانی ده‌قاوده‌قی هه‌ندێ فەرهەنگی ئینلیزی-عه‌ره‌بی بۆ سه‌ر زمانی کوردین. هیچ زانیارییه‌کی زمانناسانه و وشه‌ناسانه نه له باری بێژه(Pronunciation)‌  پۆلێنبه‌ندیی وشه(Word class)، ده‌نگ‌ناسی(phonology)، نموونه‌ی ڕێزمانی(Phrasal verbs, Idiom, Collocation)، نموونه‌ی کۆرپسی(Corpus evidence) و هه‌روه‌ها ڕیشه‌ناسی(Etymology) له‌م فه‌رهه‌نگانه‌دا نه‌هێنراوه. لایەنێکی دیکە کەمبوونی ڕاده‌ی فەرهەنگی کوردی‌بە‌کوردییه؛ وه‌ک ده‌زانین یەکەم فەرهەنگ له‌م بابه‌ته‌وه فەرهەنگی خاڵە، فەرهەنگەکەی جەنابیشتان واته فه‌رهه‌نگی هه‌رمان بە هەمان شێوە کوردی‌بە‌کوردییە، بەڵام له‌م شێوازه‌دا لاوازییه‌کی ئه‌وتۆ له به‌ستێنی فه‌رهه‌نگنووسیی کوردیدا وه‌‌به‌رچاو ده‌که‌وێ. له لایه‌کی دیکه‌وه ڕاده‌ی فەرهەنگی پسپۆڕی له زمانی کوردیدا زۆر که‌مه و ئه‌وانه‌‌ی ئێستاش تووشی ئه‌و خه‌سارانه‌یه که ئاماژه‌مان پێدا. بوارێکی دیکه ئه‌وه‌یه ئەوڕۆکه زۆربه‌ی فه‌رهه‌نگه کارامه‌کان به تایبه‌ت له ئاستی جیهانیدا له به‌سته‌ری ئانلاین که‌ڵک وه‌رده‌گرن و به‌م شێوه‌یه دەسپێڕاگەیشتنی زۆرتر، ئاسانتر، و خێراتر بۆ به‌کارهێنه‌ره‌کان ده‌سته‌به‌ر ده‌کرێت و هه‌روه‌تر ده‌کرێت به‌رده‌وام به‌ڕۆژ و نوێ بکرێنه‌وه. دیاره له به‌سته‌ری ‌سه‌رهێڵیشدا که‌موکورتی و لاوازی ده‌بیندرێت. به‌ڕای جه‌نابتان بارودۆخی فه‌رهه‌نگه کوردییه‌کان له چ ئاستێکدایه و چۆن ده‌توانین خۆمان له‌م خه‌سارانه ببوێرین؟

 نانەوازادە: من هەروەکی عەرزم کردن کۆمه‌ڵێکی جۆراوجۆر فەرهه‌نگ هەیە بەڵام ئەوەی کە هه‌روه‌کوو پێشینه‌ی فه‌رهه‌نگ باسی بکەین وه‌کوو ئەوه‌ی فەرهەنگی ئیتاڵیی یا ئەوەی خانیی، بە ڕاستی ئەوانە فەرهەنگ نین؛ لەو سەردەمەی کورد وەکوو پێوەندییه‌ک کە هەیبووە ویستوویەتی بە کوردیی زمانێکی دیکە فێر ببێ، مەسەلەن ئەوەی نۆبەهاری خانیی، به‌وه‌ی ویستوویەتی، کە وه‌کوو شیعریش سازی کردووه، به هاوتای شیعره‌که‌ی مه‌سه‌له‌ن پا و ڕه‌جولی بکاته یه‌ک و شاگردەکە تێیبگات. بەڵام ئەوانە[ڕه‌وتی فه‌رهه‌نگنووسیی نوێ] وەکوو سه‌رچاوه‌ی فەرهەنگیی چاوی لێ دەکەن و هەر ئەوەی کە لە ١٩٥٠ بەو لاوە ئیدی فەرهەنگنووسی دەستی پێکردوە، بە دوو زمانەیش دەستیان پێکرد، ئەوەی گیوی موکریانیی یا هەر ئەوەی هەنبانە بۆرینەش کە هەمان ڕەوتە، که له بەرانبەر زمانی عەرەبیی بتوانن وشەی کوردیی دابنێن و لە بەرانبەر فارسی وشەی کوردی بێنن. مەسەلەن ئاب دەبێتە ئاو یا درخت دەبێتە دار و ئەوانە، لە خاڵ گەیشتە ئەوەی کە بە کوردیی شی بکاتەوە و ئەوە هەنگاوی یەکەم بوو کە بە زمانی کوردیی وشەکانی خۆی شی بکاتەوە و دواییش درێژەی هەبوو دە زەبیحییش دا. ئەوانە ئیمکاناتی تاکه‌کەسیی بوون، واته هەمووی ئەو فەرهەنگانەی کە هەتا ئێستا چاپ کراون پێویستیان بە ئیدیت و پێداچوونەوەی ورد هەیە و دەبێت ناوەندێکیش وە ئەستۆی بگرێ و کاری ئیدیت و شتەکانی بکات. ئەوەی کە دەیخەنە سەر ئینتێرنێت من پێم باش نییە، بە ڕاستی ئەوانە هەڵەیان تێدایە و کۆمەڵێکی بە لێشاو وشەیان تێدا هاویشتوون کە ڕوون نییە لە کوێڕا هاتوونەتە دەرێ. من بەشێکی زۆریم چاو لێکرد لەبەر ئەوەی کە خەریکی هەنبانەبۆرینە بووم زۆرێک هەوڵم دا بزانم ئەو وشانەی لە کوێ دەرکێشاون. بۆ نموونە بەشێک لەو وشانەی کە دە هەنبانە بۆرینە دا هەیە، له‌ فەرهەنگی زازایی ماڵمیسانژی دەرکێشاوە کە من هەمبوو و دیتمەوە کە مامۆستا هەژار ئەوانەی لەوەی ماڵمیسانژ دەرکێشاوە و تەرجوومەشی کردووە؛ واته فەرهەنگە‌‌که فەرهەنگێکی زازایی تورکییە. مامۆستا هەژار بەبێ هیچ ئیشارەیەک ئەو وشانه‌ی تێهاویشتووە و تا تۆ نەزانی و کتێبی ماڵمیسانژت نەبێ نازانی کە سەرچاوەی وشەت لە کوێ هێناوە یا تووشی نەزانین دەبین، تووشی تێنەگەیشتن دەبین. مه‌سه‌له‌ن “ئاستش جیا” ده فه‌رهه‌نگی هه‌نبانه بۆرینه‌ دا چۆن ده‌زانی له‌کوێڕا هاتووه، مه‌گه‌ر بزانی ئه‌وه هه‌ورامییه، به‌ڕاستی خوێنه‌ر تووشی کێشه ده‌بێت، بۆیە ئەوانە هەمووی پێویستیان بە ئیدیت هەیە و ئەو فەرهەنگانەش کە ئاکادێمیای کوردییش چاپیان کردووە فەرهەنگی هەورامییە، فەرهەنگی کانی کرمانجییە بێ ئیدیت‌کردن و پێداچوونە و بێ دەستێوەردان و ئەو جۆرەی کە تەحویلیان دراوە بە ئەلکترۆنی، چاپیان کردووە. فەرهەنگی هەرمانیش هەروا بووکە پێداچوونەوەی بە سەر نەکرابوو و هەر ئەوجۆرەی کە لە کامپیۆتەر تەحویلم دابوون هەر بەو جۆرەی چاپیان کردبوو، هیچ پێداچوونەوەیەکیان بۆ نەکردبوو و هیچ زیاد و کەم کردنێکی بەسەردا نەکرابوو، بۆیە لێرەدا خەتا لەو کەسانە نییە کە نووسیویانە بەڕاستی، و ئەوانە هێزی تاکەکەسیی خۆیان لە ئیختیار ناوە و پێویست بوو شوێنێک ئەوانە وە ئەستۆ بگرێت، هەر ئەو جۆرەی ئاکادێمی که ئەو فەرهەنگانەی وه‌رگرت ده‌با لێژنه‌یه‌کی بۆ دانابا، کۆمەڵێک کەس پێداچووبانایە‌وه و ڕێکوپێکیان کردبا و دواتر چاپیان کردبا، بە هەرحاڵ تەواوی ئەو فەرهەنگانەی کە هه‌تا ئێستا هەیە هیچیان پێداچوونەوەیان بۆ نەکراوە، ئه‌وه‌نده‌ی ئه‌من دیومن.

 بینەندە: مامۆستای بەڕێز کاتێک باسی بنەماڵەی هاوبەشی زمانیی دەکرێت وەکوو ئەوەی هێند و ئەورووپاییەکان، به چ واتایه‌که؟ ئێمە دەڵێین ڕەگ یان وشەی هاوبەش هەیە له خه‌زێنه‌ی وشەکانی ئەم زمانانە بۆ نموونە فارسی، کوردی، بەلووچی و ئەمانە، چۆنە کە ئێمە له کۆتاییدا شوناسی وشەیەک پێوەندی دەدەین بە زمانێکی تایبەتەوە، واته سنووری هاوبه‌ش بوون و جیاوازی له‌م بابه‌ته‌دا چۆن دیاری ده‌کرێت؟ چۆنە کە وشەیەک گرێ دەخوات بە زمانێکی تایبەتەوە و دەبێتە موڵکی ئەو زمانە و مەسەلەن بە کوردی پێناسە دەکرێت، یان ئه‌وه‌ی که دەڵێن ئەمە کوردییە یا پەهلەوییە، چۆناوچۆنە مامۆستا؟

 نانەوازادە: ئەوە فەقەت بە ئاڵوگۆڕیی ئەو دەنگانەیە کە ئێمە دەزانین ئەو وشەیە مەسەلەن هی کوردییە یا چ زارێکی کوردییە یا دەزانین لە چ زمانێکی دیکە ڕا، مەبەستم زمانەکانی ئێرانیی، چۆن هاتووە، بەو پێیەی ئێمە دەزانین ئەو وشەیە وشەیەکی پەهلەوییە، وشەیەکی پارتییە، ئەو وشەیە وشەیەکی هەورامییە یا سۆرانییە. زۆر ئاسان وەختێک یاساکان بزانی دەزانیت ئەو وشانە سەر بەکام زمانە. نموونە بێنمەوە، مەسەلەن ئێمە دەڵێین دەر، دەرکە، دەرگا و ئەوە دەچێتە سەر ڕیشەیەکی هاوبەشی بە نێوی دڤەر [dvar پاری دڤ [dv] به ‌پێی یاسایه‌ک ده‌بێته /d/، یانی: دڤەر دەبێتە دەر، [dvardar] بە فارسییش پێی دەڵێن دەر، بەو پێیە دەڵێین گۆڕینی پاری کپی /دڤ/” بە /د/ فۆرمی زمانانی باشووری ڕۆژاواییە دەگەڵ سێ زاراوەی کرمانجی، یانی ئەوانە /دڤ/ دەکەنە /د/ و بۆیە کرمانج دەڵێ دە‌ر، ئێمە دەڵێین دەر، کرماشانی دەڵێت دەر، بەڵام هەورامیی دەڵێت بەر، زازایی دەڵێ بەرە، بەر یا بەرە. ئەوان /دڤ/ دەکەن بە /ب/ [dvarbar]کەچی دە زمانی پارتییش دا ئەوەمان هەیە یانی لە کۆنەوە ئەو خەتتانە جوێ بوونەوە کە بە چ شێوەیەک ده‌بێ بچنه پێشه‌وه که بتوانن فۆرمەکەی خۆیان ڕاگرن. ئەوانە فۆرمن و من لە بەشی فۆرمناسییەکەی دا باسم کردوون کە ئەو فۆرمانە چۆن ساز ده‌بن، و سەر بە چ بنەماڵەیەکن یانی دابەشکردنەکانم بە وردیی باس کردووە، بەوەی ئێمە دەزانین ئەگەر وشەیەک وەکوو بەر فەرزەن دە سۆرانیی دا هەبێ یانی ئێمە ئەوەمان لە هەورامیی وەرگرتووە. مەسەلەن خانووبەرە، بەر لێرە بە واتای دەرگایە دە خانووبەرە دا، خانوو + ده‌رگایه، کەچی ئێمە دە سۆرانیی یان ده کرمانجیی دا “بەر”مان نییە وەکوو دەرگا کەوایە ئێمە تێدەگەین کە ئەو بەرەی کە هەمانە هی بەشی هه‌ورامییه یا ئەوەی کە لە زمانانی باکووری ڕۆژاواییمان وەرگرتووە، یا ئەوەی کە لە پارتیی یا لە کۆنەوە مابێتەوە بەڵام بەوەیڕا دەزانین کە خانووبەرە، وشه‌ی بەرە دێره‌ دا سۆران هی خۆی نییە.

 بینەندە: مامۆستا ئەگەر بمانهەوێت باسی کێشە و ئاستەنگەکانی فەرهەنگنووسی بکەین یا ئەو بەشەی جەنابتان ڕیشەناسی، بەو هۆیەوە کە پەیکەرێکی زمانی واتە تۆڕێکی زمانیی هاوبەش بوونی نییە کە فەرهەنگنووس بتوانێت کەڵکی لێ وەربگرێت و بەکارهێنانی ئەو وشانە لە ڕستە و فرەیزی جیاوازدا ببینێتەوە، ئەگەرچی لە زمانی ئینگلیزی، یان لە وڵاتانی نۆردیک واته سوید، فه‌ندلاند، دانیمارک و نۆروێژ ڕەنگە ئەو کۆرپسە هەبێت بۆ ئەو زمانانە. ئەوەی کە ئەو کۆرپسه لە زمانی کوردیدا لە ئارادا نییە کاری فەرهەنگنووس تا چ ڕادەیەک دژوار دەکاتەوە، یان ئاماژە بدەنە هەندێ لە ئاستەنگەکانی بواری فەرهەنگنووسی بەپێی ئەزموونی خۆتان؟

 نانەوازادە: زمانی کوردی زمانێکی نوێیە بۆ نووسین و کارکردن کە دەیهەوێت کاری پێ بکا و تەقریبەن بڵێین سەد ساڵێکە هەوڵی بۆ دەدات و هەوڵی باشیشی بۆ دراوه، دیارە دە زۆربەی بوارەکان دا شتەکە دەست لێنەدراوە و هەموو شت تازەیە حەتتا بڵێین فەرهەنگنووسیی و نووسینی خۆمان، زمانی ستاندارد و زمانی زانستیی کە ئەگەر بمانهەوێ کاری وەرگێڕانی پێ بکەین، لە باری پزیشکی و فیزیا و هەمووی ئەوانە تەبعەن پێڕاناگا. بە تایبەت لە باشوور که مەجبوورن هەموو شتێک بە زمانی کوردیی بخوێنن بەسەر زمان دا باز دەدەن، مەجبوورن بە پەلە هەموو ئەو ڕێگایە تێپەڕ کەن و مەجبوورن زاراوەیەکی ئێجگار زۆر ساز کەن، هەر بەو جۆرەی کە دەفەرموون ئەوانە ناچارن ئەو کارە بکەن و دیارە ئەگەر بە ڕێگایەکی هەڵەش دا بڕۆن مەجبوورن ئەو کارە بکەن بۆ ئەوەی خوێندنەوەکانیان درێژە پێ بدەن. ئەوە چارەسەر دەکرێت و جیاوازیی هەیە لەگەڵ ئەوەی کورد لە ئێران. کورد لە ئێران کارەکانی بە فارسیی ده‌کا، خوێندنەکەی بە فارسییە و زمانی ناوخۆ بە فارسییە و بە فارسی کارەکانی پێ دەکات و هیچ کێشەیەکی نییە، بۆیه لە سەر زمانی کوردیی دەوستێت. ئه‌گه‌ر سه‌یریش بکه‌ن زۆربەی ئەو کەسانەی کە لەسەر بناغه‌ی زمان کار دەکەن هه‌موو کوردی ڕۆژهەڵاتن، بە تایبەت لەسەر فەرهەنگنووسیی زۆرتری ئەو ناوچەیە کە کاری لە سەر دەکەن، بە هۆی ئەوەی کە کاتی زۆرتریان هەیە و پێویستیان بەو هەموو بازدان و پەلەپەلە نییە. بەڵام له باشوور مەجبوورن ئێستا هەمووی یەکڕا هاتوونەتە سەر ئەوەی کە بتوانن هەمووی شتەکانیان بە کوردیی دەرببڕن و دەرنەتیجە هەوڵێکی زۆر دەدرێت هەم لە لای ئێوە‌وه و هەم لە تورکیا و سووریا و هەمووی ئەوانەی کە لە ئەورووپا و دەرەوەی وڵاتیشن بە هەرحاڵ هه‌وڵ ده‌ده‌ن بە تایبەت بە وەرگێڕان زمانەکەی بەرەو پێش بە‌رن، و هەوڵێکی باشیشیان داوە و من زۆر ڕوونی دەبینم و پێم وایە کە زمان باش دەچێتە پێش.

 بینەندە: مامۆستا لە فەرهەنگەکەی جەنابتاندا، فەرهەنگی ڕیشەیی وشەی کوردی، داڕشتنی پیتەکان ئەوەی کە ٣٥ پیتتان بەپێی ڕیزبەندی داڕشتووە؟ دواتریش هەندێ تایبەتمەندیی ڕێنووسی کارەکەی خۆتان باس بکەن و بفەرموون چۆناوچۆنە و بەپێی چ بەڵگەیەک ئەو ڕیزبەندییەتان ڕچاو کردووە؟

 نانەوازادە: من ئەگەر بتوانم هەندێک بابەت نیشان بدەم، ئەو فایله‌ی ئەگەر ببینن، کەسێک کە بیەوێ فەرهەنگ بنووسێ یەکەم موشکیلێک کە دێته پێش، بۆ زمانی ئێمە و ئەوانەی کە بڵێین پیتی عەرەبییفارسیی دەنووسن، ئێمە تووشی موشکیل دەبین بۆ ڕیزبەندیی و ڕیزکردنی وشەکان. ئەوانەی کە بە لاتین دەنووسین وەکوو کرمانجی تورکیا، پێڕەوی هەمان ڕیزبەندیی دەکەن و ئەوان هیچ کێشەیان نییە ڕیزبەندییەکەیان هەمان ڕیزبەندییە کە لاتینییەکان دەیکەن. زمانی کوردیی ناوەندیی بۆ کێشەی هەیە، بۆ تووشیی ئه‌و موشکیله دەبن؟ ئەو فایله‌ی که لێره‌دا پیشانی دەدەم ئەلفوبێی فینیقییە کە ٣٥٠٠ ساڵ پێش لە فینیقییە لە مەنتەقەی لوبنان و ئەوانە سازکراوە و بۆکاروباری بازرگانیی بەکاریان هێناوە. ئەگەر چاوی لێبکەن ئەو ئالفا و بێتا و گاما، هەموومان خوێندوومانە و بەکاری دەهێنن. ئەوە دایکی ئەلفوبێی به‌گشتیی هەموو دنیایە، یانی هه‌موو ئه‌لفوبێیه‌ک بێجگە لەوانەی چین، که نیگار و شت به‌کار دێنن، ئه‌و ئه‌لفوبێیانه‌ی دیکه سەرچاوەیان هەمووی ئەو ئەلفوبێی فنیقییەیە. فینیقییه‌کان به‌پێی ئەو بازرگانیی و پەیوەندیی دەریاییه که دەبێ دەگەڵ یۆنانییەکان، یۆنانییەکان ئەو ئەلفوبێیە ٣٠٠٠ ساڵ پێش وەردەگرن، دەست دەکەن بە نووسین، یۆناییەکان ٣٠٠٠ ساڵ له‌وه‌ی پێش هەر بەو ئەلفوبێیە نووسراوە‌یان هه‌یه، بەڵام یۆنانییەکان یەکم شت کە دەیکەن ئەوەیە کە دەنگە بزوێنەکان دێننە نێو ڕیزی ئەلفوبێیەوە، یانی لێی زیاد دەکەن. دە حاڵێک دا ئەوانەی دیکە کە ئەو ئەلفوبێیە وەردگرن وه‌کوو ئارامییەکان و لە دوای ئەوە عەرەبەکان، ئەو بزوێنانە ناچنە نێو ئەلفوبێکەوە و نووسراوەکانیان بێ دەنگە بزوێنەکان دەبێ، دواییش وەختێ کە خەتی کووفیی پەیدا دەبێت و قورئانی پێ دەنووسرێ، هیچ نوختەی نەبووە، هیچ حەرف و نیشانەی نەبووە و دوایی دێن ئەو عەلامەت و شتانەی بۆ دادەنێن بۆوه‌ی ئاسانتری بکه‌نه‌وه. ئاخیره‌که‌ێ ده‌گه‌نه ئه‌وه‌ی که ڕیزی ئەلفوبێکەیان دیاری دەکەن. ئەلفوبێیه‌کی کە بە شێوەی ئەبجەد بە ناوبانگە بەو شێوەی دەیبەستن ئەنجەدهوزحطی… کە هیچ بزوێنێکی تێدا نییە، بزوێنەکان دەبنە عەلامەت، مەسەلەن یا سەر و ژێرێکیان بۆ دادەنا یا نوقتەیان بۆ دادەنا. ئەو ئەلفوبێیە، ئەو شێوە نووسینە و ئەو ڕێنووسە دەچێتە نێو زمانی دەریی ئه‌ود‌ەمی سامانییەکان کە ده‌یانهه‌وێ زمانی دەریی پێی بنووسن، هەر ئەو خەت و ئەلفوبێیەی به‌کار دێنن و چوار حه‌رفیشی لێ زیاد دەکەن؛ که دیاره دەزانن حرووفی عەجەمیی پێدەڵێن ئەو “پێ” و “ژ” و “گ” و “چ”. ئەوەی لێ زیاد دەکن و ئیدی ئەوانە دەبنە درێژەپێدەری ئەو ڕێگایە یانێ بزوێنەکان نایەنە نووسین و خۆشیان هه‌تاکوو ئێستا ئەو موشکیلە‌یان هەیه. مه‌سه‌له‌ن وشه‌یه‌کی وه‌کوو “ببر” که بنووسی نازانی بەبرە، بێبەرە، بۆبەرە و کۆمەڵێک خوێندنەوەی دیکەی له‌ سه‌ر دەکرێ. کوردیی کە دەستی پێکرد هەر لە سەرەتاوە وردە وردە هاتنە سەر ئەوە کە دەست لەو ئەلفوبێیەی عەرەبییفارسیی وەربدەن و توانییان بزوێنەکان بێننە نێو نووسینەوە و هەرچەند سەرکەوتووبوون و بزوێنەکان هاتنە نێو نووسینەوە -کاتێک ئەم شتە ڕووی دا کوردیی نووسین و کوردیی خوێندنەوە ڕاحەتتر بوو- بەڵام ڕیزبەندییەکیان بۆ ئەمانە دانەنا، بۆ وێنە ئێمە نازانین بە پێی فەرهەنگەکان کە چاویان لێ بکەین زمانی کوردیی چەند پیتی هەیە. من بە پێی ئەوەی کە ناچارم چاو لە فەرهەنگەکان بکەم فەرهەنگی خاڵ دەڵێ زمانی کوردیی ٢٧ پیتی هەیە. قامووسی زمانی کوردیی زەبیحیی دەڵێ ٣٥ پیتی هەیە و (ص) لێ زیاد دەکات و دەڵێ دە وشەی سەگ دا ئەو وشەی س جیاوازە. هەنبانە بۆرینەی هەژار دەڵێت ٣١ پیتە. منیش دەڵێم ٣٥ پیتە، فەرهەنگی میدیای ئەوڕەحمانی حاجی مارف دەڵێت ٣٦ پیتە. ئاکادێمیای کوردیی دەڵێت ٣٤ پیتە. ئەوانەی کە بە ئەلفوبێی لاتین دەنووسن ڕیزبەندییەکانیان زۆر ڕوونە و ئەو هەموو جیاوازییانە نابینی. مەسەلەن ژمارەی پیتەکان چەندە؟ سەیر دەکەی لە مەدرەسەکان کە دەخوێنن و لە شوێنی دیکەی هەر لە سەرەتاوە کە دەچنە باخچەی منداڵان ئاشنا دەبن لەگەڵ پیتەکان و ئاشنا دەبن لەگەڵ دەنگەکان و ئاشنا دەبن لەگەڵ کۆمەڵێک شت بەڵام ئێمە نازانین کە پیتی پ بە پێی ئەو فەرهەنگانەی کە هەن پیتی چەندەمە؟ فەرهەنگی خاڵ دەڵێت پیتی سێهەمە، قامووسی زمانی کوردیی زەبێحی ڕوون نییە چون زەبیحی بەس دەنگی ئا بە یەکەم داناوە و ماباقی ژمارەی بۆ دانەناوە، بەس نووسیویە ئا یەکەمین دەنگی کوردییە و ئیتر باقی هیچ ژمارەیان نییە. هەنبانەبۆرینە ژمارەی بۆ دانەنەناوە بەڵام کاتێک کە ڕیزبەندییەکەی دەردەکەوێت من بە سێهەم نیشانی دەدەم. فەرهەنگی میدیای ئەوڕەحمانی حاجی مارف دەڵێت پیتی پێنجەمە و ئاکادێمیای کوردییش دەڵێت پیتی چوارەمە. ئێستا بزانین ڕیزی ئەو ئەلفوبێیانەیان چۆن بەکار هێنانەوە ئەو فەرهەنگانە. فەرهەنگی خاڵ بەو شێوە نیشانی داوە بەس ئەلفی داناوە و باقی دەنگەکان بەس دەنگی کپن. زەبیحی دە فەرهەنگەکەی دا ئەوانەی کە ڕەشم کردووە شەش بزوێنی داناوە بەڵام بێ هیچ دیاریی کردنی ژمارەکەیان بەس بە پێی وێچواندنی شکڵی [و] [ئۆ] [ئو] تەقەڵیان لەسەر داناوە یانێ خەتێکی درێژ. هەنبانە بۆرینە بەس دوو دانە بزوێنی داناوە، ئۆ و و ئیدی خەبەرێک لەوانی دیکە نییە، ئەوڕەحمان حاجی مارفیش کە ٣٦ پیتی داناوە دە فەرهەنگی میدیا دا ئۆ و وو و ئێ و یی نووسیووە و ئاکادێمیای کوردیش دیسان هاتووە و ئای داناوە لە گەڵ هەمزە و ئەگەر سەیری تەواوی ئەوانە بکەین دەبینین کێشەیەکیان هەیە و کێشەکەش دە هەمزە دایە و لە شوێنی بزوێنەکان. سەیری بزوێنەکانیش کە دەکەی زۆربەیان بزوێنەکانیان هێناوەتە ئاخر. کەچی دە ڕیزکردن دا هەموو بزوێنەکانیان هێناوەتە پێش. بۆیە ئەمە چارەسەرییەکەم بەو شێوەیە ڕیزبەندییم کردووە هەردوو فەرهەنگی هەرمان و فەرهەنگی ڕیشەیی وشەی کوردیی [ئا] وەکوو یەکەم پیت بەبێ هەمزە. هەمزەش ناچێتە ڕیزی ئاوبێوە و وەکوو نیشانەیەک دەمێنێتەوە و دەناسێنرێ بە خوێندکار. هەمزە بەڵام دەوری کارای هەیە لە ناساندن و دەربڕینی وشە دەنگدارەکان یانی ئەمن هەموو وشە دەنگدارەکانم بە هەمزەوە نووسیوە وەکوو [ئا]، [ئە]، [ئو]، [ئۆ]، [ئوو]، [ئی]، [ئێ]. بەوپێیە بە [ئا]ی بزوێن دەست پێدەکات و بە [ئێ] بزوێن کۆتایی دێت ئەمە شێوەیەکە کە من هەڵمبژارد. بۆ ئەلفوبێ و ڕێزکردنی وشەکان وەختایەک ئەگەر ئێوە سەیری فەرهەنگەکان بکەن ئەوانەی کە ڕیزی خۆیان نووسیوە کاتێک کە وشەکان ڕیز دەکەن دروست دەبێتە ئەو قاڵبەی کە من بۆم داناوە یانی ڕیزکردنی وشەکانی هەنبانە بۆرینە دەگەڵ ڕیزکردنی من دە فەرهەنگی وشەی کوردیی دا یەک شتە بەڵام ڕیزی ئەلفوبێکانمان جیاوازە چونکە مەسەلەن هەنبانە بۆرینە ئیشارەی بە ڕیزی دەنگدارە بزوێنەکان نەکروە بەڵام دە ڕیزکردن دا ئەوەی ڕچاو کردووە، من ئەو شێوەیەیم بەکار بردوە … لە سەر ڕێنووسیش من سێ خاڵ کە ئەگەر بڵێم پەیوەندییی بە ڕێنووسەوە هەبێت سێ خاڵم باس کردووە دەو فەرهەنگە دا کە دوویان زۆر گرینگن یانی بابەتی ڕێزمانیی و لێکدانەوەن هەتا ڕێنووسیی ئەویش /ئیی/ درێژە کە کۆمەڵێک تایبەتمەندیی هەیە و ئەرکێکی قورسی لە سەرە و دەبێ بە درێژ بنووسرێ و جوێ بکرێتەوە لە /ئی/کورت. چون ئەوەی کە /ئی/ بەکاری دەهێنن وەرگرتنە لەسەر ساختاری زمانی فارسیی. ئەوان مەسەلەن جوانی هەر یەک /ی/ بۆ دەنووسن یا یای نسبەتی پێ دەڵێن بەڵام بەگشتیی وەک پیت پێویست ناکا بێتە ڕیزی ئاوبێوە. ئیی درێژ من پێشینەکەشیم پیشان داوە، ئەمە شتێکی سازکراو نییە بەڵکوو هەر لە کۆنەوە لەگەڵ خۆی هێناویەتی وەکوو کووفییک [kūfīk] دە پەهلەویی دا هەیە و بە ئیی درێژ، ئاسۆریک [āsūrīg] ئییەکەی درێژە کە دەبێتە کێویی ئیی درێژ دەکرێتەوە، ئاسۆڕیی، جوانیی، پیریی و ئەوانە هەمووی من پێشینەکانیم نیشان داوە ئەڵبەتە لە بەرگی شەش دا دەبێ و بابەتم لەسەر نووسیوە و لەوێ باسی لێ دەکەم کە پێشینەکەیشی نیشان دەدەم چۆن ئەو ئاڵوگۆڕانە ساز بوون. یانی ئەوەی کە دەڵێن سترێسە یا هێزی لە سەرە وانییە و بەو چارەسەر ناکرێت دروستە وشەی پیریی هێزی لە سەرە و تۆ مەجبووری درێژی بکەیتەوە و ئیی درێژ ئوتوماتیک هێزی لە سەرە بەڵام نیشانەکەی یا نیگارەکەی دەبێت دوو دانە بێ یانی /ئیی/ بۆ ئەوەی کە ڕاحەتتر بخوێنرێتەوە، بۆ نموونە کاتێک کە تۆ دەڵێت (منداڵی من) دەگەڵ (منداڵیی من) تۆ ناتوانی وەک یەک بینووسی و بە جوێیش بیانخوێنیتەوە. یانی بە یەک (منداڵی من) هەم منداڵی من بێ و هەمیش منداڵیی من. دوو شتی جودان و حەتمەن دەبێ کە درێژ بێ و بە درێژیش بنووسرێ. بابەتەکەی دیکە ئامرازی [دە] یە ئەو ئامرازە دەگەڵ چاوگەیش بە شێوەی پێشگری[تێ] دێ، تێکردن، تێنان، ئەمە ئەگەر وشەکانی دیکە هاوتای لەگەڵ باس بکەین مەسەلەن پێکردن: پارەکەم بە تۆ دا نارد. [پێ] کاتی گەردان جوێ دەبێتەوە لە فێعلی خۆی و دەچێتەوە سەر جێگای خۆی دەبێتە [بە] بە عەلی دا ناردن (پێداناردن) دە پێشگری [تێ]ش دا هەر ئەو ئاڵوگۆڕییە سازدەبێ کە ئەو [تێ]یە دەبێتە [دە] یانی: دەستم دە گیرفانم نا (تێنان)، ئەوەش بابەتێکە بۆ لێکدانەوە. بۆ قسەکردن دیارە من کارم نییە مەسەلەن کێ چۆن قسەی پێ دەکات مەسەلەن تۆ دەڵێی دەستم لە گیرفانم نا جیاواز دەبێ لەگەڵ نووسینەکەی، بە نووسینەکەی یانی وەختێ تۆ نەتوانی [تێ] لێکدەیەوە وەکوو مامۆستا لێت پرسن ئەوە چۆنە هەم [تی] و هەم [لێ] یانی لێکردن و تێکردن لە ئامرازی[لە] کەوتوون و یەک سەرچاوەی هەیە ئەوە غەڵەت دەردەچێ و ئەو تێنەگەیشتنە ساز دەکا. ئەوی دیکەیش کە دەکەوێتە سەر ئامرازی [دا] من دا بە وشەوە نانووسێنم بەڵکوو جوێی دەکەمەوە و وەکوو مەسەلەن بە عەلی­دا، دە دەستم دا. من ئەو سێ خاڵەم بە وردیی لە بەر چاو گرتووە لەوانەیە لە شوێنێک وەکوو هەڵە ئەوانە نووسرابن بەڵام ئەوانەم جوێ کردووەتەوە و بەشێک لە کاری ڕێنووسەکە دەنا ئەویدی من هیچ موشکلێکم نییە لەگەڵ ڕێنووس و ئەوانە و هەوڵیش دەدەم کە ئینسان بتوانێت ڕێنووسێکی یەکگرتوو ڕچاو بکات بەڵام ئەوانە هەمووی حەل بکردرێن و ئەوانە هەمووی موشکلێکن دە نووسین دا…

 با بێمە سەر بابەتێکی دیکە: زمانی کوردیی لە کوێی زمانانی هیندوئەورووپایی هەڵکەوتووە؟ بە پێی ئەو فەرهەنگەی کە نووسیومە مێتۆدی کارەکەم ئاوا بووە کە دەپێشدا کە ئەو زمانانەی کە وەکوو زمانی فەرزین بنووسم. زمانە فەرزیەکان چییە؟ ئەوانەی کە لەسەر زمانەکانی هیندوئەورووپایی کار دەکەن ٢٠٠ ساڵ لەمەو پێش بەو ئاکامەی گەیشتن کە پاشماوەی بەشێک لە زمانانی دنیا دەگەڵ یەک هاوبەشییان هەیە، زمانەکانی کۆن، یانی زمانەکانی لاتین و یۆنانیی دەگەڵ هیندی کۆن و سانسکرێت و دەگەڵ ئەوێستا هاوبەشییەکی ئێجگار زۆریان هەیە و لە سەر ئەو ئەساسە تیۆریی زمانانی هیندوئەورووپایی دامەزرا. دیارە کۆمەڵە خەڵکێک لە سەردەمی کۆن بە یەکەوە ژیاون و لە سەر ئەو ناوچەیەی کە پێشتر نەزەریەی زۆر و جیاواز هەبووە کە ئاریاییەکان لە سیبریی و باکووری ئەورووپا هاتوونە ئەو ناوچەیە و داگیریان کردوون و لەوێ ژیاون و مەسەلەن کوردەکانیش دەبنە ئەوانە و پاشماوەی ئەوانەن کە ئەو دەمەی کۆچیان کردووە. بەڕای من کۆچ و کۆچبارێک لە ناوچەی زاگرۆس ڕووی نەداوە و ئەوەی کە ڕوویداوە دە نێو خۆی دا بووە و ئەوانەی کە ئێستا لەو ناوچەیە دەژین پێشتر هەو لەوێ ژیاون و لە شوێنێکی دیکە نەهاتوون و هۆیەکەشی ڕوونە کە شارستانییەت لە ناوچەکانی سیبریی و ئەوانە زەحمەتە و نەشبووە. هەتا ئێستا کۆمەڵە کارێکی ئێجگار زۆر کراوە لە زانکۆکانی ئوسترالیا و کاری تازەیان کردووە و زۆربەی ئاماژەکان بەوەیە کە ناوچەی ئانادۆلی و باکووری کوردستان دەگرێتەوە کە سەرچاوەی ئەو خەڵکانە بوون کە هیندوئەورووپاییان پێ دەڵێن و کۆچ و کۆچباری ئەورووپاییەکان هەتاکوو ٥٠٠ تا ١٠٠٠ ساڵ پێش هەر بەردەوام بووە مەسلەن وڵاتێکی وەکوو سوید هەزارساڵ پێش سویدییەکان هاتوونەتە ئەو وڵاتەی و لێرەو یانی بڵێین ژێرمەنەکەن لە ١٠٠٠ و ١٥٠٠ ساڵ لەمەو پێش لەو ناوچەیە پەیدا بوون. لە دوای ئەوانە دیسان زمانەکانی هیندیش هەر دە مێژووی ئەوان دا هەیە کە کۆچیان کردووە و شەڕیشیان کردووە و مێژووەکەیشیان ئەوە نیشان دەدا، ئەوەیش کە دەمێنێتەوە ئەو خەڵکەیە کە لە ناوچەی زاگرۆس دەژین ئەوان هیچ کۆچ و کۆچبارییەکیان نەبووە بەڵکوو خەڵکی ئەو ناوچەیە بوون و ئێستایش درێژە بەو ژیانەیان دەدەن. هەر لەبەر ئەوەیە کە ئەگەر سەیری ڕیشەناسیی بکەین فۆرمەکانی زمانانی ئەورووپایی کۆنترین فۆرمی وشەن کە پاراستوویانە و ئەوەش هۆی هەیە کە بۆ فۆرمی کۆنیان پاراستووە. لە دوای ئەوان هێندییەکانن کە دیسان فۆرمی کۆنیان پاراستووە بۆیە وەک سەرچاوە یەکەم فۆرمەکان لە فۆرمی زمانانی ئەورووپایی دەردەکەون. یەک لەو وشانەی کە من بمهەوێ لێرە باسی بکەم لەسەر وشەی حەوتە. ڕیشەی ئەوووپاییەکەی حەوت دەبێتە سێپتم [sept] کۆنترینەکەی، کە لە دوایی ئاڵوگۆڕی بە سەر دا دێت و دە زمانەکانی هیندوئێرانیی دەبێتە سەپتە [sapta] یانی ئێمە هەر ئەو فەرزییەی کە ئێستا باسمان کرد ئەگەر وەکوو تێگەیشتنێکی زۆرتر چاوی لێ بکەین وەهایە کەکۆمەڵێک خەڵکێک کە وەختێک لە ناوچەی زاگرۆسی زۆر کۆن دە هەزار ساڵ پتر لەمەو پێش، سێپتمیان بە کار بردووە بۆ وشەی حەوت ئەو کۆمەڵە ئەو وشەیان لەگەڵ خۆیان بردووە یانی ئەوانەی کە کۆچیان کردووە ئەو سەردەمەی وشەی سێپتمیان لەگەڵ خۆیان بردووەتە ئەورووپا. ئەو وشەیە دە مانگی سێپتەمبەر دا فۆرمەکەی پاراستووە. بە پێی مەنتق چاوی لێبکەی کەسێک کە سەفەر دەکات هەمیشە دەستی بە گیرفانییەوەیە و سەرفەجووترەو و و ئەو سەرمایە و پارەی کە پێیەتی تەخشان پەخشان ناکات و ئەو کەسانەش کە کۆچ دەکەن زمانەکەیان پتر دەپارێزن چون ئیمکانی ئاڵوگۆڕکردنیان نییە و ئەو فۆرمەی کە وەریانگرتووە هەر ئەو فۆرمە دەگوێزنەوە بۆ جۆغرافیایەکی تازە، لەوێ دروستە کە کۆمەڵێک وشەی تازە و نوێ دێتە نێو زمانەکەیان بەڵام ئەو وشانەی کە هەیانە هەر بەو فۆرمەی کۆنی خۆیان دەیپارێزن کەوایە هەر ئەو وشەی سێپتم و کۆمەڵێک وشەی دیکەیش کە دەیانبینی بە کۆنترین فۆرمی خۆیان پاراستوویانە. بەس ئەو کەسانەی کە لە خودی ناوچەکەی خۆیان دا ماونەتەوە وشەکەی خۆیان ئاڵوگۆڕی بە سەر دا دێت. زمان دە ناوەندی خۆی دا دائیم ئاڵوگۆڕیی بە سەر دا دێ، دەنگەکان بەردەوام گۆڕانیان بە سەر دا دێ بۆیە ئەو سێپتمە لە ناوچەکە دەبێتە سەپتە و سێپتەم لە بیر دەچێتەوە. ئەو هێندییانەش کە کۆچ دەکەن بۆ هێندووستان ئەوان ئەو وشەی سەپتە دەگەڵ خۆیان دەبەن و وشەی سەپتە دەپارێزن و هەتا ئێستاش هەر وای پێدەڵێن. لە ناوچەکە دیسان ئاڵوگۆڕ بەسەر ئەوە دا دێت دەنگی /س/ دەگۆڕدرێ بە /هـ/ یانی سەپتە دەبێتە هەپتە [hapta]، ئەوە خەتتی جیاوازی نێوان زمانانی هیندوئێرانیی دەگەڵ زمانانی ئێرانییە یانی دەنگی /س/ دەگۆڕێ بە /هـ/، سەبتە دەبێت بە هەپتە. ئەوە شتێکی گرینگە و هەر بۆیە ئێمە لێرە دا مەسەلەن دەزانین ئێستا ئەگەر وشەیەکی /س/ ببێ دە زمانانی ئێرانیی دا ئەوە جێگای مانەوەیە جا من لە دوایی دا باسی دەکەم … ئەو سبتەتەیە بە هەرحاڵ هات و دە ئەڤێستا دا ئەو حەوتە بە شێوەی هەپتە هاتووە، و ئەو هەپتەیش دە هەخامنشیی دا ئاڵوگۆڕێک پەیدا بووە کە پاری /پت/ دەکات بە /فت/ یانی هەپتە دەبێتە هەفتە. پاشانیش ئەوەی لە موکریان پاری/فت/ دەگۆڕێ بە /وت/ و هەفت دەبێتە هەوت یا حەوت.

[بە گشتیی یانی: *hafta < *hapta < *sapta < *septhafthawtħawt]

جا ئێستا بێمە سەر زمانی کوردیی. دوای ئەوەی زمانانی ئێرانی جێگر دەبن لە ناوچەکە ئەوانە بنەمای زمانی ئەوڕۆیی هی هەموو ئەو بنەماڵەیە ساز دەکەن و پەیدا دەبێ لە ناوچەکە کە زمانناسان ئەو دەورانە لە کۆنەوە یانی لە سەردەمی پەیدابوونی زمانانی ئێرانییەوە بە سەردەمی کۆن ناو دەبەن هەتاکوو ڕووخان و تێکشکانی هەخامەنشییەکان بە سەردەمی کۆن ناویان دەبن و لە دوای وی سەردەمی میانە دەست پی دەکا کە زمانی پارتەکان و سۆغدیی و پەهلەوییش دەکەونە بەشی میانە. سەردەمی نوێیش دوای تێشکانی ساسانییەکان و لە بەرەو کەوتنی خەتی ئارامیی و زمانی پەهلەویی جێ دەداتە سەردەمی نوێ. کوردییش هەر سێ قۆناغەی تێپەڕاندووە و بۆیە من بۆ لێکدانەوەی وشەکان ویستوومە ئەو سێ سەردەمەم ویستووە کە ساغ بکەمەوە کە چۆن دەستمان چۆن بگات بە پرۆتۆ یا پێشینەی ئەو وشانە کە بەو سێ قۆناغە دا تێپەڕیوە زمانی کوردیی.

با کورتەیەکیش لەسەر زمانی کوردیی بڵێین کە زمانی کوردیی مەبەستمان لە چییە؟ زمانی کوردیی بە پێی ساختاری زمانیی خۆی پێکهاتووە لە زمانانی کوردیی، بەڵام ئێمە وەکوو عادەت یا هەر شتێک بێت ئێمە هەموویان بە یەک زمان دەناسین بەڵام بەڕاستی یەک زمان نییە و سێ زمانە کە سێ دانە لەوان کرمانجین کە من دە فەرهەنگەکە دا وەکوو بڵێین وەکوو شێوەی زانستییەکەی بە زاراوەی باکووریی، ناوەندیی و باشوویی ناوم هێناون بەڵام دە ناو خۆمان دا دەتوانین بە زمانانی کرمانجی ناویان بهێنین کە زمانی کرمانجی سەروو، خواروو و نێوەڕەاستە و زمانی هەورامیی و زمانی زازایی. هەروامیی و زازایی لە باری زمانییەوە ئەوانە سەر بە زمانانی باکووری ڕۆژاوایین. زمانانی ئێران دابەش کراوە بە سەر زمانانی ڕۆژهەڵاتی ئێرانیی و ڕۆژاوای ئێرانیی. ئەمە کارمان بە ڕۆژهەڵات نییە (ڕۆژهەڵات مەبەستمان ڕۆژهەڵاتی ئێرانە) وەک زمانانی پەشتوویی، یەغنابیی، شوغنیی و زمانەکانی پامیر (کارمان بەوە نییە). زمانانی ڕۆژاوای ئێرانیی کە هەم کوردیی دەگرێتەوە و هەم بەلووچیی دەگرێتەوە فارسیی و گلیکیی و زۆر زمانی دیکەش دەگرێتەوە و لە ڕۆژاوای ئێرانیی دو دەستە زمانی گەورە هەن کە بەشێکیان زمانانی باکوورن و لە باکوور هەڵکەوتوون وەکوو کوردیی، وەکوو تاتیی، وەکوو تالشیی وەکوو مازندەرانیی، وەکوو گیلەکیی و وەکوو کۆمەڵێک وردە زمان کە لە ئازەربایجان هەن و لە لای ئیسفەهان و شیراز و ئەوانە هەن و پێشینەکەیان حەتا دەبەنەوە سەر مادەکان کە سەر بەو بنەماڵەن. لە باشووری ئێرانیش دوو دەستە زمان هەیە کە دستە زمانی لوڕی هەیە کە لوڕیی و بەختیاریی و لاریی دەگرێتەوە و دەستە زمانی فارسیی کە پێکهاتووە لە دەریی، تاجیک و فارسیی ئەوانە دەکەونە ڕۆژاوای باشووری و ئێمە کوردەکانیش دەکەوینە باکووری ڕۆژاوا. بەو پێیە هەورامیی و زازایی بێ هیچ ئاڵوگۆڕیی ساختارییەکەیان لە سەر فۆرمی زمانانی باکووری ڕۆژاواییە، بەڵام دەو نێوە دا کرمانجیی زۆر سەیر هەڵکەوتووە و جیاوازیی دەگەڵ زۆربەی ئەو زمانانەی کە هەیە یانی هاوکات کە سەر بە زمانانی باکووری ڕۆژاوایە هاوکات هاوبەشییەکی زۆر زۆری دەگەڵ زمانانی باکووری ڕۆژاوایی هەیە و هاوکات ساختارەکەیان بە یەکەوە چووتە پێشێ وەکوو زۆربەیان … ئەگەر ئەو جەدەولە چاو لێ بکەین کە نووسراوە، سەردەمی کۆن زمانی کوردیی کرمانجییەکەی کرمانجیی کۆن بووە و کرمانجی کۆن چەندە نزیکە لە مادیی و چ زمانێکی دیکە دەگرێتەوە ئەوە با دە داهاتوو دا ڕوون بێتەوە، سەردەمی کۆن کرمانجیی کۆنمان هەبووە و هاوکات هەورامیی کۆنیش هەبووە و زازایی کۆنیشمان هەبووە. دە سەردەمی میانە دا کرمانج دەبنە دوو زاراوە دەبنە کرمانجیی سەرووی میانە و کرمانجیی خوارووی میانە و هەورامیش دەبێتە هەورامیی میانە و زازاییش دەبێتە زازایی میانە. لە سەردەمی نوێ و دوای هاتنی ئیسلام و خەتیی عەرەبی زاراوەی کرمانجیی سەروو دەبێتە زاراوەی باکووریی و کرمانجیی خواروو دەبێتە زاراوەی باشووریی و زاراوەی ناوەندی کە نووسراوە سۆرانیی بە سوورم داناوە و ئەو نیشان دەدات کە زاراوەی ناوەندیی دە نێو زمانی کوردیی دا نوێترین زاراوەیە کە لە وێکەوتنی زاراوەی باکووریی و باشووریی پەیدا بووە، یانی زاراوەی سۆرانیی زمانێکی نوێیە.

ئێستا بێنین لەگەڵ وشەی بەهار ئێمە ئەوەی بەراورد بکەین.

دە کرمانجیی کۆن دا بەهار وەهەر بووە، دە هەورامیی کۆنیش دا وەهەر بووە، یانی هەورامیی کۆن و کرمانجیی کۆن یەک وشەیان بەکار هێناوە بەڵام زازایی کۆن وەسەر-ی بەکار هێناوە. دە سەردەمی میانە دا وەهەر دەکرێتە وەهار یانی کرمانجی سەروو، کرمانجی خواروو و هەورامی هەموویان وەهار بەکار دێنن، زازایی وەسار بەکار دێنن. دە سەردەمی نوێ دا ئاڵوگۆڕێکی نوێ پەیدا دەبێ. کرمانجیی خواروو و هەورامیش ئێستا هەر وەهار بەکار دێنن و فۆرمی کۆنی خۆیان پاراستووە و هەورامیش هەر وەهار بەکار دێنێ، بەڵام دوو زاراوەی کرمانجیی یانی کرمانجیی سەروو و زاراوەی ناوەندیی دەنگی /و/ دەگۆڕن بە /ب/. ئەوە ئاڵوگۆڕێکی گەورەیە کە بۆ فەقەت دوو زاراوەی کوردیی بەشدار بوون لەگۆڕین و گۆکردنی دەنگی /و/ بە /ب/ وەهار بووەتە بەهار. بۆ دە زاراوەی باشووریی کرماشان و ئیلامەوە ئەوە ڕووینەداوە کەچی هاوکات دەبینین دە فارسییش و دەستە زمانانی باشووری ڕۆژاوایش دا ئەو ئاڵوگۆڕە پێکهاتووە یانی لوڕ و بەختیارییش دەڵێن بەهار، فارسیش دەڵێن بەهار و تاجیکیش دەڵێن بەهار و دوو زاراوەی کوردیش دەڵێن بەهار دە حاڵێک دا ئەو دوو زاراوەی کوردییە هیچ پەیوەندییەکیان نییە دەگەڵ زمانانی باشووریی. چون زاراوەی باشووریی وەکوو خەتێک بەری گرتووین و زاراوەی ناوەندیی و زاراوەی باکوور ڕاستەوخۆ پەیوەندیی بە دەستە زمانانی باشوورییەوە نییە. ئەوە دەبێ یا ئێمە ساغی بکەینەوە کە ئەم /ب/ لە ژێر کاریگەریی ئەوان دا بووە یا ئەوەی کە ڕاستەوخۆ هی خۆی بووە. زاراوەی کرمانجیی ئەو ئاڵوگۆڕەی هاوبەش دەگەڵ فارسیی و دەگەڵ لوڕیی هەیە. ئەوە ڕاحەت ئیسبات دەکرێ. وەرازە [warāza] بە مانای بەراز کە سەرەتایی /و/یە دە زاراوەی باشووری دا بووەتە وەراز. دەکوردیی ئێمە دا زاراوەی ناوەندیی و کرمانجیی بووەتە بەراز . لێرە دیسان هاوکات دنگی /و/ بووەتە /، وەراز بووەتە بەراز بەڵام دە فارسیی دا نەبووەتە بەراز بەڵکوو بووەتە گوراز، ئەوە خۆبەخۆ ئەوە نیشان دەدا کە لە ژێر تەئسیریی فارسیی دا نەبووە بەڵکە خۆی ئەو تایبەتمەندییانەی تێدا هەبووە و ئەو ئاڵوگۆرانەی تێدا بووە، بۆیە هاوکات دوو زاراوەی کرمانجیی و ناوەندیی هەموو دەنگێکی سەرەتایی /و/ کە هەبێ دەبێ بیکەینە /ب/ یانی ئەگەر ئەو دەنگە بووەتە ب هی زاراوەی کرمانجی و ناوەندی نییە و زۆریشن وشەی وا وەک خودی وشە، واژە، وێژ، ئەوانە سەرچاوەکانیان دەڕواتەوە سەر باکوری ڕۆژاوایی و هەورامیی. شتێکی دیکەش کە دیسان دەو بەهارەدا هەیە و زۆر سەرنجڕاکێشە و ئەگەر چاوی لێ بکەن من پێشتر باسی دەنگی /س/ کرد و کە دەنگی /س/ خەتێکە کە جیاوازیی زمانانی ئێرانیی دەگەڵ زمانانی بەر لە خۆی یانی زمانانی هێندوئێرانیی و هیندوئەورووپایی نیشان دەدا، وێسر [wes] بە مەعنیی بەهارە فۆرمی هەرە کۆنەکەی، لە دوای وی هیندوئێرانییەکان کە دەچنە هیندووستان وەسەر [wasar] دەبەن و ئێستایش وەسەر بەکار دەهێنن بەڵام ئەو وەسەرە کە باسمان کرد دە زمانە ئێرانییەکان دا دەبێتە وەهەر [wahar]. دە ئەوێستایش دا ڤەنگهەر [vaŋhar] و دە پەهلەوییش دا وەهارە [wahār]. ئەو دەنگی /س/یە دە زمانی زازایی دا لە کوێڕا هاتووە؟ لە کۆنی کۆنەوە ئەو دەنگی /س/یە گۆڕاوە و هەموو زمانانی ئێرانیی دەنگی /س/یان کردووەتە /هـ/ چۆنە زازایی دەنگی /س/یان نەگۆڕیوە؟ ئەو دەنگی سێیە چۆناوچۆن هاتووەتە نێو زمانی زازاییەوە؟ ئەوە بابەتێکی لێکۆڵینەوەیی ئێجگار گرینگە وەکوو DNA بزانین مەسەلەن زازاییەکان لە کوێڕا هاتووەن؟ ئایا هەر دانیشتووی ئەو ناوچەیەن ئەگەر بووبێن ئایا هەر لە کۆنەوە دەنگی سێیان پاراستوە؟ ئایا لە شوێنی دیکە وەریانگرتوە و هەمووی ئەوانە دەبنە بابەتی لێکۆڵینەوە و منیش ئیتر لەوە زیاتر لێم نەکۆڵیونەتەوە و خوێندکارێک یا کەسانێکی دیکە دەتوانن وە دووی کەون من دە هەموو وشەکان دا وام کردووە یانی شتێکی سرنجڕاکێش و جێی سرنجە و پێویستە لە سەری بوەستن و لێکۆڵینەوەیەکی پتری لە سەر بکەن گرینگە بۆیە ڕیشەناسی ئەو ئیمکاناتەی وەئیختیار دەنێت …

وشەی زستانیش با باس بکەین دیسان هەر بە پێی ئەو فۆرمەی کە لە سەرەوە باسمان کرد ئاڵوگۆڕێکی سەیر ڕوو دەدات دیسانەوە دە دوو زاراوەی کوردیی دا باکووریی و ناوەندیی.

وشەی زستان دە هەموویان دا دەچێتەوە سەر زیمستانە. زیمستان کە دێ هەتا سەردەمی ئێستا هەندێک ئاڵوگۆڕیی بەسەر بزوێنەکان دا دێت کە دەبێتە بزرۆکە یانی دەبێتە زمستان کە هەورامییەکان پێی دەڵێن و زاراوەی باشووری پێ دەڵێن، دوو زاراوەی ناوەندیی و باکووریی ئاڵوگۆڕێکی دیکە دەکەن کە زۆر جیاوازە و دەنگی /م/ دەگۆڕن بە / یا /و/. ئەو ئاڵوگۆڕیی دەنگی /م/ بە /و/ تایبەتە بە دوو زاراوەی باکووریی و ناوەندیی کوردیی لە چاو هەموو زمانانی هیندوئەورووپایی و شتێکی نوێیشە و دە سەردەمی نوێ دا ئەو ئاڵوگۆڕە پێکهاتووە. زیمستان دە کرمانجیی دا بۆتە زڤستان /م/ بۆتە /ڤ/. دە زاراوەی ناوەندیی دا /م/ دەگۆڕدرێ بە /و/ بووتە زوستان بەڵام ئەو /و/ سواوە و نەماوە و بۆیە زستان دەڕاستیی دا هەر ئەو زوستانەیە کە ئێستا بووتە زستان. ئەوە ئاڵوگۆڕێکە کە ئەو دەنگانە دەیکەن و بەو شێوەیە کە ئێمە دەتوانین بیانناسینەوە یانی ئەگەر وشەی زمستان زاراوەی ناوەندیی بەکاری بێنێ فۆرمی زاراوەی ناوەندیی نییە بەڵکە مەسەلەن بڵێن لە زاراوەی باشووریی وەریگرتووە و وشەیەکی ئێجگار زۆری وامان هەیە کە لە زاراوەکانی دیکە وەرمانگرتووە و هاتووەتە نێو کوردیی و بۆ نموونە وشەی وەروەرە یانی بەفربەرە دە ئەسڵ دا لە هەرامیی وەرمانگرتووە و وشەکە دەناسینەوە بۆیە دەتوانین بێژین کە وشەی وەروەرە وشەیەکی هەورامییە کە دە زاراوەی ناوەندیی دا هەیە؛ وشەی زمستان ئەگەر هەبێت لە زاراوەکانی دیکە وەرمانگرتووە.

 بینەندە: سپاس مامۆستای هێژا دەستان خۆش بێت. بەڕاستی ئەو باسی ڕیشەناسییە سەرنج ڕاکێش بوو و هه‌روه‌ها لەسەر کاتەکەی خۆیدا باسەکەمان گەیاند بە کۆتایی و ئێستا ئەگەر ئیزن بدەن پرسیار وەرئەگرین لە بەشداربووانی بەڕێز وباسەکە لە لایەن ئەوانەوە درێژە پێ دەدەین.

داگرتنی PDFی بابەتەکە

 بۆ داگرتنی ته‌واوی بابه‌ته‌که ببنە ئەندامی کاناڵی تلگرامی ماڵی کتێبی کوردی…

 https://t.me/kurdishbookhouse

ئەم بابەتە تایبەتە بە ماڵی کتێبی کوردی و بڵاوکردنەوەی بە ئاماژەدان بە سەرچاوە ڕێگە پێدراوە.

درباره‌ی ماڵی کتێبی کوردی

همچنین ببینید

کتێبی «ژن؛ پرسێکی هاوبەش و ڕوانگەی جیاواز» چاپ و بڵاو کرایەوە

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *