خانه / تازه‌ چاپکراوه‌کان / کتێبی “دەروونشیکاریی جەستەی قوربانی، كە منم کە ژنم” بڵاوکرایەوە

کتێبی “دەروونشیکاریی جەستەی قوربانی، كە منم کە ژنم” بڵاوکرایەوە

کتێبی ” دەروونشیکاریی جەستەی قوربانی، كە منم کە ژنم ” بڵاو کرایەوە.

ناسنامەی کتێب: ” دەروونشیکاریی جەستەی قوربانی، كە منم کە ژنم” نووسینی بەیان عەزیزی ، چاپەمەنی ڕۆسا، سلێمانی ٢٠٢١.

بەیان عەزیزی

ئەم کتێبە یەکێکە لە بەرهەمەکانی پرۆژەی ئاکادمیکی ” ڕێگە”  کە لە ساڵی ٢٠٢٠ ەوە  دەستی بە کار کردووە و لە قەبارەی کتێبی گیرفان چاپ دەکرێت. پرۆژەی ڕێگە ئاوڕ لە بابەتی دەروونناسیی و دەروون شیکاریی و ڕوانینێکی جیاوازی فکریی  دەدات بۆ کۆمەڵگەی کوردیی و بەرهەمی کۆمەڵێک مامۆستای زانکۆ و توێژەر و نووسەرە کە هەوڵیان داوە بە قەڵەمێکی  نوێ و کونجکۆڵ و بە پێگەیەکی زانستییەوە بابەتەکان باس بکەن. 

ئەم کتێبە دەهەمین  بەرهەمی  بەیان عەزیزی یە کە لە ڕوانگەیەکی دەروون شیکارییەوە باس لە گرنگترین قۆناغ و دەروازەکانی ژیانی ژن دەکات و بۆ هەر بابەتێک  فاکتێکی واقعی دەهێنێت لە ئەزموونی ژیاوی ژنان لە بەشە جیاوازەکانی کوردستان.

ژن لە پێگەی قوربانی دا،  نێوانی زەین و جەستە، خەتەنەکردنی ژنان، خوێنی یەکەم و کوشتنی لیبیدو، ئەهوورامەزدا، ئەهریمەن و سووڕی خوێنی ژنانە، Development of Shame گۆڕانکاریی شەرم، حورولعەین و پەردەی مەرگ، کۆمەڵگەی فالووس تەوەر، دڵەڕاوکێی بوون و نەبوون Anxiety ، قەسابخانەی شەڕەف و جەستەی قوربانی ، شەڕەف و نامووس، دالێکی سەیال ، سایکۆبکوژەکان، قێزەوەنبوونی هاوپەیمانی لە سەیرکردندا  و جەستەی فڕێدراوی ژن،  لە تایتڵەکانی  باسەکانی ئەم کتێبەیە.

“بابەتی پیرۆز لە کۆمەڵگەی ئانۆمیکی ئێمەدا “شەڕەف” و “نامووس”ە. ئەم شەڕەفە هەندێ جار زمانە، خاکە، حزبی سیاسییە، ئاڵایە، بەڵام لە کۆنترین و عەینیترین شێوازی خۆیدا کە خاوەنی گۆشت و پێست بێت و زەینی هەبێت، بەستراوەتەوە بە جەستەی ژن. ئەم جەستەیە بە کانوونی شەڕەف و نامووس ناو دەبرێت و دەبێ بپارێزرێت و هەر جۆرە لادان و تێکدانی ئەم سیستمی نامووس و دیسیپلینی شەڕەفە، قوربانی بۆ دەکرێت و بە ڕشتنی خوێنە، کە دیسان بابەتی پیرۆز لێمان خۆش دەبێت و نزیکمان دەکەوێتەوە. ئەگەر باوەڕمان بە وتەی کلۆد ریویێر بێت کە دەڵێ؛ بابەتی پیرۆز، ئەزموونێکی دەروونییە کە بە شێوەیەکی وەهماوی لە ڕاستی و یاساکانی دەرەوە وەرگیراوە؛ ئەوکاتە دەزانین کە چۆن شەڕەف و نامووس وەک حەقیقەتێک دەردەکەوێت و دەبێتە بابەتی پیرۆز و لە لایەن خودی مرۆڤ {ژن} ەوە پارێزگاریی لێدەکرێت و فەرمانەکانی بەڕێوە دەچێت. بابەتی پیرۆز تەنانەت لە دەڤەری ئایینیش بەدەسەڵاتترە و دەبێتە دامەزراوەیەکی ئەوپەڕ ئایینی و دەخزێتە ناو هەموو چەمکەکانەوە. هەر تاکێک بە شێوەیەک لەگەڵ ئەم بابەتە پیرۆزەدا پێوەندی دەگرێت لە نکوڵییەوە، لە مەیل بە بەزاندنیەوە بگرە هەتا ستایشکردن و قوربانیکردن بۆی و ترسان و ملکەچبوون بۆ ئەم پیرۆزە مەزنە. جەستەی ژن لەم بارودۆخەدا هەر لە سەرەتاوە هەڵگری شەڕەفە و خاوەنی گەلێک دال و هێما و سەمبۆل و نیشانەیە، ئامادە دەکرێت کە ملکەچی دەسەڵاتی ئەو وەهمە بێت، کاتێک تێکدەری ئەم دیسیپلینە زلهێزەیە بەڵا و سەرشۆڕیی روودەکاتە ئەو پیکهاتەیە . ئەمە ئەندامانی ئەو کۆمەڵگەیەن کە بە قوربانیکردنی ئەم داراییە و ڕشتنی خوێنی تێکدەر، ڕەزامەندی دەگەڕێننەوە بۆ خۆیان. پیاوانی خێزان، عەشیرە و هۆزن کە داب ونەریتی قوربانیکردنی ژن بەڕێوە دەبەن.”

هەروەها بەشی کۆتایی  ئەم کتێبە ئاوەها پێک هاتووە:

هیچ جیاوازییەک لەئارادا نییە، کە جەستەی ژن لە کوێدا و لە چ کاتێکدا قوربانی دەکرێت، خاڵی هاوبەشی هەموویان ئەوەیە کە جەستەکەیان فڕێ دەدرێت و وەک پیسی و بابەتی زیادە دەخرێتە دەرەوەی کۆمەڵگە و نایشارنەوە و لێی دەگەڕێن هەتا هەمووان بیبینن و بزانن کە ئیتر هۆکاری شکاندنی تابۆکان و تێکدەری ئاسایش نەماوە و گەیشتۆتە سزای کردەوە پیسەکانی خۆی. لە گۆڕستانی ناوەندی هەولێر بەشێک و لە گردی سەیوانی شاری سلێمانی، گۆڕستانێکی تێدایە بە ناوی “بێ ناسنامەکان” و تایبەتە بە زیاتر لە ٢٠٠٠ گۆڕ کە مردووی ئەو کچ و ژنانەی تێدایە کە لە لایەن پیاوانی خێزان و عەشیرەکەیان کوژراون و قوربانی بێناونیشانن. جەستەیان فڕێ دراوەتە سەر شەقام، ناو کیسەی زبڵ، دەرەوەی شار و لە بیابان، ناو چاڵی ئاو، لە پارک، لە گەراجی سەیارەکان و دەیان شوێنی تر. ئەم جەستانە دەکرێت هێشتا لەناو سەلاجەی پزیشکی یاسایی هەموو شارەکانداهەبن و هیچ کەس بەدواداچوونیان بۆ نەکات و هیچ سکاڵایەک سەبارەت بە بزربوونیان لەئارادا نەبێت. ئە وان هەمان نیشانەی لادان و بوونی پیسی و قورسایی سەر کۆمەڵگەی فالووس تەوەر بوون، کە سزادراون و فڕێ دراونەتە دەرەوەی بازنەی بوون و دیسیپلینی باوی سیستمی نامووس. هێرشەکانی بکوژ بۆ سەر جەستەی قوربانی ژن، پیشاندەری ئیرادە و نەترسبوون و ئیمکانیاتی کوشتن لە لایەن ئەوەوە بووە کە توانیویەتی ئەم گشتە نیشانە بەجێ بهێڵێت: ددانی شکاو، دەموچاوی تێکدراو، جەستەی سووتاو، مل و سەری جیاکراو لە جەستە، مەمکی بڕاو، ڕان و سمتی داغ کراو، ئێسقانە شکاوەکان و هەروەها جەستەیەک کە بە هۆی تێزابەوە هیچ شتیکی ناناسرێتەوە. ئەی خودای نامووس و شەڕەف ئەم گشتە قوربانییەمان لێ قبووڵ …

جەستە فڕێدراوەکان، ژنە قوربانییەکان بێ کەوشن یان پیڵاوێکی هەرزانیان لە پێ دایە کە زۆر جار هیی ماڵەوەیە. چوونکە کتوپڕ بانگ کراون و بە خەیاڵی ئەوەی کە لەگەڵ برا یان مێرد یان باوکیان بە سەیارە پیاسەیەکی دەرەوە دەکەن و “باوکی مەزن” ئەوانی بەخشیوە، شتێکی ئەوتۆیان لەگەڵ خۆیاندا هەڵنەگرتووە. جلی ماڵەوەیان لەبەر دایە لە ساکارترین پارچەکان و ڕەنگەکان. هەندێکیان لە سووڕی مانگانەدا بوون، هەندێکیان دووگیان، هەندێکیان خاوەنی پەردەی کچێنی، هەندێکیان خەتەنە کراون، هەندێکیان کە سووتابوون هێشتا گوڵە قژەکانیان مابوو، هەندێکیان خوێنی تەقە لێکردنەکە ستیانەکانیانی خوساندبوو، هەندێکیان هێشتا دەست نوێژیان بوو، هەندێکیان نینۆکەکانیان تازە کورت کردبووەوە، هەندێکیان تازە باڵتاوەکەیان دووریبووەوە، هەندێکیان لەچکەکەیان تازە تازە بوو، هەندێکیان جێگەی داخکردنی منداڵییان بەسەر دەست و قاچدا مابووەوە، هەندێکیان پەردەی گوێیەکیان لە دوای لێدان دڕابوو، هەندێکیان ئاڵقەی بووکێنی لە دەستیاندا توند ببوو، هەندێکیان تازە منداڵەکەیان لە شیر بڕیبووەوە، هەندێکیان هێشتا عەتری سابوونی حەمام لە جەستەیان دەهات، هەندێکیان میزیان بە خۆیاندا کردبوو، هەندێکیان چاویان بەسترابوو، هەندێکیان تۆقا بوون، هەندێکیان بە سکەوە کەتبوون و چنگیان لە ئەرزەکە گیر کردبوو، هەندێکیان دەیان جێگەی سووتان بە جگەرە بە سەر لەشیانەوە بوو، هەندێکیان هێشتا بۆنی برنج یان بەهاراتییان لێ دەهات، هەندێکیان  تازە حەبی ژانەسەریان خواردبوو، هەندێکیان هێشتا تەناف بە دەست و قاچیانەوە مابوو. هەندێکیان …هەندێکیان…هەندێکیان. 

بەیان عەزیزی ماوەی  پێنج ساڵ مامۆستای مافی مرۆڤ و کۆمەڵگەی مەدەنی بووە لە زانکۆی سەلاحەدین هەروەها  لە ئاڵمانیا خوێندنی سایکۆترۆما تێراپی تەواو کردووە  و زیاتر لە بیست و یەک توێژینەوەی مەیدانی  هەیە لە بواری موتالای جێندێر و بوارەکانی مافی  مرۆڤ.

 بۆ داگرتنی ته‌واوی بابه‌ته‌که ببنە ئەندامی کاناڵی تلگرامی ماڵی کتێبی کوردی…

 https://t.me/kurdishbookhouse

ئەم بابەتە تایبەتە بە ماڵی کتێبی کوردی و بڵاوکردنەوەی بە ئاماژەدان بە سەرچاوە ڕێگە پێدراوە.

درباره‌ی ماڵی کتێبی کوردی

همچنین ببینید

همایش میرزا احمد داواشی بە میزبانی دانشگاه کردستان برگزار شد

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *