
کتێبی “زەبیحی ڕووناکبیرێکی گۆڕغەریب” بڵاوکرایەوە
کتێبی “زەبیحی ڕووناکبیرێکی گۆڕغەریب” کۆکردنەوە و لێکۆڵینەوەیەکی وردە لە سەر ژیان، تێکۆشان و بەرهەمەکانی مامۆستا زەبیحی کە لە لایەن فەرەیدون حەکیمزادەوە کاری بۆ کراوە. حەکیمزادە حەول و بەدواداچوونی چەندین ساڵەی خۆی لە هەمبەر عەبدولڕەحمان زەبیحی، لەو کتێبەدا گەیاندووەتە سەرئەنجام و پێشکەشی کتێبخانەی کوردی کردووە.
ئەم کتێبه لەخۆگری هەشت بەشە کە لەو هەشت بەشەدا وتارەکانی کۆمەڵایەتی، سیاسی، ئەدەبی، زانستی، فەرهەنگی و زمانەوانییەکانی زەبیحی جێی گرتووه، هەروەها لە بەشەکانی تر وتووێژەکان، بەڵگەنامەکان و ڕاوبۆچوونی هەندێک لە کەسایەتییەکانی کورد سەبارەت بە زەبیحی هاتوونەتەوە، ئەو کتێبە هەنگاوێکە بۆ پڕکردنەوەی بۆشایییەکانی نەناساندن و پەراوێزخستنی کەسایەتی هەڵکەوتە و تێکۆشەری کورد؛ عەبدولڕەحمان زەبیحی.
نووسەر لە پێشەکی کتێبەکەدا دەڵێیت: عەبدولڕەحمان زەبیحی یەکێک لە کەسە چالاکەکانی سەدەی بیستەمی زایینییە کە توانی لە بواری ڕۆژنامەگەری و نووسین شوێنێکی ئەوتۆی هەبێ. #زەبیحی سەرۆکی ڕۆژنامەگەری کوردی لەو ساڵانەدا بوو، گۆڤاری نیشتمانی ژمارە ١ی تا ژمارە ٧ و٨و٩ی [کە بە یەکەوە بوون] لە ناوخۆی وڵاتدا چاپ کردووە. سەرەڕای ئەوە زەبیحی لە ڕۆژنامەی کوردستان (مەهاباد ساڵی١٣٢٤هـ/١٩٤٦ز) و گۆڤاری نیشتمان (مەهاباد ساڵی١٣٢٢هـ/١٩٤٣ز) و دوای پەڕیوەبوونی بۆ گەرمێن لە گۆڤار و ڕۆژنامەکانی باشوور وەک: هاوکاری، ڕۆشنبیری نوێ، چریکەی کوردستان (بە نێوی برزوو)، خەبات (بە نێوی زانا)، ڕزگاری (مامۆستا عیسا)، ڕۆژنامەی کوردستانی نوێدا نووسینی هەبووە. بە وتەی خوالێخۆشبوو نەوشیروان مستەفا، گۆڤاری باهۆزی بە زمانی عەڕەبی و پێشڕەو(ی) بە زمانی کوردی لە بەغدا دەرکردووە.
دەبوو زەبیحی و ئیشەکانی لە ماوەی ساڵانی ١٣٢٠ تا ١٣٥٩ی هەتاوی دووپاتە و چەندپاتە خوێندنەوەیەکی بۆ بکرێتەوە. بۆ ئەو کارە هاتوچۆ و گەڕان لە ڕۆژنامە و گۆڤارەکانی ناوخۆ و باشوور و ڕۆژئاوای کوردستانی گەرەک بوو کە ئەز بە هاوکاری هاوڕێیانم، توانیم نزیکەی زۆربەی وتار و نووسراوەکانی وەدەست بێنم. شارەکانی مەهاباد، سلێمانی، هەولێر، تاران، سنە، قەڵادزێ و ڕانیەی گەڕام و زۆر بابەتم هێناوە. زانستگای هەولێر و سلێمانی گەڕام و ڕۆژنامەی «خەبات»، «هاوکاری»م لەوێ دەست کەوت.
لێرەدا دەمهەوێ بڵێم کاتی خۆی کاک عەلی کەریمی (خوشکەزای مامۆستا عولەما) لە ساڵی (٢٠٠٥ز)دا کتێبێکی لە سەر ژیان و بەسەرهاتی عەبدولڕەحمانی زەبیحی نووسی بوو و ئەزیش وەک سەرچاوە کەڵکم لێ وەرگرت. وتارەکانی مامۆستا زەبیحی کە کاتی خۆی لە گۆڤاری نیشتمان چاپی کردوون و عەلی کەریمی لە کتێبی نیشتمان چاپی کردوون، خۆم لێ نەداون. تێکۆشاوم تا بۆم دەلوێ لە دووپاتە خۆم ببوێرم، بۆی هەیە لە چەند جێگەدا لە دەستم دەرچووبێ و دووپاتەکاری کرابێتەوە، ئەویش مەبەستێکی تێدا بووە. لە کتێبی ژیان و بەسەرهاتی عەبدولڕەحمانی زەبیحی چەندین وتاری مامۆستا نەهاتبوون.
وەنەبێ گەلی کورد کەسایەتی هەڵکەوتە و زانای خاوەن بیر و ئەندیشەی لە چەشنی زۆربەی گەلانی تر نەبووبێ و نییەتی، بەڵکوو بە دەیان و سەدان لەو کەسایەتییانە هەبوون که لە تەموتومانی زەمەنی نالەباردا، یان ون بوون و سەرگوریشتە و چارەنووسیان نەخراوەتە بەرچاو، یاخود کەمتر ئاوڕیان لێدراوەتەوە. عەبدولڕەحمان زەبیحی یەکێک لەو کەسایەتییە ناودارانەی کوردە کە تاکوو ئێستا بە کەمی ئاوڕ لە ژیان و تێکۆشان و بەرهەمەکانی دراوەتەوە. زەبیحی لە ساڵی ۱۹۲۰ ز، لە شاری مەهاباد لە دایک بووه، لە تەمەنی لاوییەتیدا کۆمەڵەی ژێکاف لە سەر دەستی ئەو و چەندین کەسایەتی تر دادەمەزرێت، زەبیحی ڕۆڵێکی بەرچاوی لە ڕووداوە گرینگەکانی ناوچە و کوردستاندا هەبووە و لە کاتی پەڕیوەبوونی بۆ باشوور سەرەڕای گرینگیدان بە زمان و کلتوور، درێژە بە چالاکییەکانی کۆمەڵایەتی و سیاسی خۆی دەدا و هتد.»
فەرەیدون حەکیمزاده ساڵی ۱۳۴۷ی ههتاوی لە شاری سەردەشت لە دایک بووه، له ساڵی ۱۳۷۸ی ههتاوی بهکالۆریۆسی زانستی پهروەردەیی وەرگرتووە. حەکیمزاده لە ساڵی ۱۳۷۰ی ههتاوییەوە دەستی کردووە بە چالاکی فەرهەنگی و نووسین، و دەیان وتاری لە ڕۆژنامە و گۆڤارەکاندا بڵاو کراوەتەوە.

 بەرهەمەکانی حەکیمزاده بریتین له؛
بەرهەمەکانی حەکیمزاده بریتین له؛
۱- دڕک و داڵی ئەلجەزایر
۲ـ سردشت در آینهی اسناد تاریخی
۳- ناوی جوانی کوردی
۴- ساوجبلاغی موکری، مهاباد در آینەی اسناد تاریخی
۵- سێ پیاوی سەیر و سەمەرە
۶- ویلهێلم لیتن لە کوردستان ۱۹۱۵
۷ـ هەژار لە لووتکەدا
۸- بەرهەمەکانم؛ کۆی وتارەکانی نووسەر تا ساڵی ۱۳۹۴ی هەتاوی
 بۆ داگرتنی تهواوی بابهتهکه ببنە ئەندامی کاناڵی تلگرامی ماڵی کتێبی کوردی…
 بۆ داگرتنی تهواوی بابهتهکه ببنە ئەندامی کاناڵی تلگرامی ماڵی کتێبی کوردی…
ئەم بابەتە تایبەتە بە ماڵی کتێبی کوردی و بڵاوکردنەوەی بە ئاماژەدان بە سەرچاوە ڕێگە پێدراوە.
 ماڵی کتێبی کوردی
ماڵی کتێبی کوردی 
				 
						
					 
						
					 
						
					