خانه / پێشنیاری ده‌سته‌ی نووسه‌ران / رۆمانی «تەنیا»؛ گێڕانەوەیەکی راستگۆیانە

رۆمانی «تەنیا»؛ گێڕانەوەیەکی راستگۆیانە

رۆمانی «تەنیا»؛ گێڕانەوەیەکی راستگۆیانە

مەحموود محەمەدیان

کامۆ لە شوێنێکدا شرۆڤەیەکی کورت بەڵام سەرنجڕاکێش لە کەسایەتیی مۆرسۆ ئاراستە دەکات. ئەو دەڵێ: «مۆرسۆ تووشی شێتیی راستگۆیی (جنون صداقت) بووە؛ ئەو بۆ هەر شتێک بە ئەندازەی خۆی هەست و ئێحساسی دەجووڵێ، نە زۆرتر نە کەمتر». دیارە رۆمانی بێگانە زۆری قسە لەسەر کراوە، بەڵام هیچیان بەئەندازەی ئەم شرۆڤەیەیەی خودی کامۆ وردبینانە نین. ئەم تێبینییە زیرەکانەیەی نووسەری تاعوون تەنیا مۆرسۆ ناگرێتەوە، بەڵکوو بۆ ژمارەیەکی زۆر لە کاراکتێرە داستانییەکانی نیوە دووهەمی سەدەی بیستەم وەڕاست دەگەڕێ.

سەروبەندی دوای شەڕی جیهانی دووهەم هەر وەک دەزانن سەردەمێکی زۆر هەستیارە لە مێژووی هاوچەرخی ئەوروپادا. سەردەمێکە وا ئارمان و ئاسۆ بەرین و شکۆدارەکانی ڕۆشنگەری لە نسکۆ دان و لە هەموو لایەکەوە شک و گومانیان دێتەوە سەر. ئەو کەلان‌ڕەوایەتانەی کە لە داوێنی هزری مۆدێرنەوە سەرچاوەیان گرتبوو خەریک بوو درزیان دەبەست و چیدی نەیاندەتوانی هەست و نەستی مرۆڤ بەدەستەوە بگرن و ڕاکێشی خۆیانی بکەن. مرۆڤ جارێکی دیکە لە پێکهاتەکان هەڵکەندرا و رووبەڕووی خۆی بووەوە.

لە وەها بارودۆخێکدا هونەر دیسانەوە ئەرکی مێژوویی خۆی کە نواندنەوەی راستەقینەکان و پێشەگایەتی کۆمەڵگایە بەجێ دێنێت. هەر بۆیە بۆ نموونە لە ئەدەبیاتدا شاهیدی ئەوەین کە بەتایبەت بنەماکانی کەسایەتی‌سازی لە گێڕانەوەدا ئاڵوگۆڕی جیدی بەسەردا دێت. ئەگەرچی گێڕەوەی گێڕانەوە مۆدێرنەکانیش لە گۆشەنیگای یەکەم‌کەسەوە چیرۆک و بەسەرهاتەکانی بۆ دەگێڕاینەوە و، جاری وابوو خۆیشی دەبوو بە کاراکتێرێک لە ناوئاخنی چیرۆکەکاندا بەڵام لەدوای ئەو دوو شەڕە عالەمگرەوە ئیتر هەر بەجارێک دەرگای لە هەموو جیهان گاڵە دا و بە چڕێ ڕووی لە خۆی کردەوە. لێرەدا بوو کە دەرکەوت ئەدەبیاتی هەرە داهێنەرانەش، کاردانەوەیە.

ئەبزۆردیزم یەکێک لەو گۆڕەپانە فکرییە نوێیانە بوو کە لەلایەن نووسەرانی ئەو سەردەمەوە بونیات نرا و هەتا ئێشتاش ئاسەواری ئەم وەرچەرخانە (یان کاردانەوەیە) بەسەر ئەدەبیاتی جیهانەوە دیارە. ئەوەی کە چ کەسێک سەرەتا ئەم مژارەی هێناوەتە بەر باس و لەڕاستیدا مانیفیستی ئەم جۆرە بیرکردنەوەیەی داڕشتووە جێی مشت و مڕ بووە و هەیە. بەڵام لەم ناوەدا چەندین روخسار لە هەمووان زیاتر دەدرەوشێنەوە.

سامۆئێل بێکێت رەنگە ناسراوترین نووسەری ئەبزۆرد بێ. شانۆنامەی «چاوەڕوانیی گۆدۆ» بە جۆرێک بەیاننامەی ئەبزۆردیزمە. کامۆ، یەکێکی دیکە لەو سیما ناسراوانەیە کە کەشی ئەبزۆرد بەسەر دەقە ئەدەبی و فکرییەکانیدا زاڵە و بۆ نموونە لە کتێبی ئەفسانەی سیزیەفدا ئەم شتە بە باشی دەبیندرێ.

ئەوەی وا من دەمهەوێ لەم یادداشتە زۆر کورتەدا بپەرژێمە سەری، رۆمانی نووسەرێکی ئەبزۆردە کە بەنیسبەت ئەو دوو نووسەرەی وا باسمان کرد – لانی‌کەم لە کوردەواری خۆماندا – کەمتر ناسراوە. رۆمانی «تەنیا» لە نووسینی ئۆژن یۆنسکۆ یەکێک لە دوایین کارەکانی ئەم نووسەرە فەڕەنسییەیە. یۆنسکۆ پێشتر بەهۆی شانۆنامەکانیەوە ناسرابوو و لە کۆتاییەکانی تەمەنیدا دەست دەداتە نووسینی ئەم رۆمانە.

«تەنیا» مۆنۆلۆگێکی تاڕادەیەک دوور و درێژە و بەسەرهاتی ژیانی کەسێکمان بۆ دەخاتە روو کە لە نیوەی دووهەمی سەدەی بیستەم و سەروبەندی رووداوەکانی دەیەی ٦٠ـدا دەژی، سەر بە چینی مامناوەندی کۆمەڵگایە و پاش ئەوەی میراتێکی پێ‌دەبڕێ و خۆی خانەنشین دەکات، دەست دەکات بە گێڕانەوەی خۆی. بە رستەی کورت بەڵام وردبیانە درێژە بە کارەکەی خۆی دەدات و دوای ئەوەی دەستی لەدڵی دەبێتەوە کە ئەو پووڵەی وا بە میرات پێی بڕاوە خەرجی بکات، مەنزڵ دەگۆڕێ و لەوێوە بەرەبەرە شەڕ دەست پێدەکات و ریتمی گێڕانەوەکەش توندتر دەبێ. وای لێدێ ئەو ڕستە خەمۆکانەی وا لەسەرەتاوە رەنگە خوێنەر وەڕەز بکات لەنەکاو یەک یەک و دوو دوو مانا لەخۆ دەگرن. ئەو کەسایەتییە نەوسن و چاوبرسییەی وا تەنیا لە فکری خۆشبژێویی خۆیدا بوو، لە رواڵەتێکی زۆر ئاوەزمەندانەدا دەردەکەوێت و ئیتر بە ئاسانی ناتوانین لە تەنیشت رستە کورت و خزەکانییەوە تێپەڕ بین.

ئەم ئاماژانەی سەرەوە کە پێناسەیەکی کورتن لە رۆمانی «تەنیا»، هەموویان سەر بە روانگەیەکی فکری دیاریکراون کە بە دەرکەوتەوەی جۆراوجۆر بەڵام هاوشێوە، لە کاری باقی نووسەرانی ئەم رێبازەدا بەدی دەکرێت. ئەم رۆمانە وەکوو هەموو کارەکانی پێشووی یۆنسکۆ دارماڵە لە هزری ئەبزۆردیستی و هاوکات دەتوانین ریشەگەلی ئیگزیستانسیالیستیشی لێ دەرباوێین. ئەگەرچی بۆخۆی هەرگیز ئەم شتەی قەبووڵ نەکردووە و دایمە لۆمەی ئەو رۆژنامەوان و لێکۆڵەرانەی کردووە کە لێرە و لەوێ بەم جۆرە باسی دەکەن و دەڵێ من تەنیا ویستوومە ناخی خۆمتان بۆ هەڵڕێژم. بەڵام تازە خۆشی بێ و ترشی بێ لەم فیگۆڕە فکرییەدا پۆلێن کراوە و بەڕاستیش هەر وایە.

ئاکۆ عەباسی

وەرگێڕانی ئەم رۆمانە لە زمانی سەرەکییەوە بۆ زمانی کوردی چەند مانگ لەمەوبەر لەلایەن چاپەمەنیی خانی و بە قەڵەمی وەرگێڕی بەتوانا ئاکۆ عەباسی هاتە ناو کتێبخانەی کوردییەوە. ئاکۆ عەباسی پێشتر بە چەندین وەرگێڕانی دیکە خۆی لە گۆڕەپانی وەرگێڕاندا تاقی کردووەتەوە. جێی ئاماژەیە سەرجەم کارەکانی ئەم وەرگێڕە لە زمانی فەڕەنسییەوەن.

ئەگەر بمهەوێ بەکورتی وەرگێڕانی رۆمانی «تەنیا» و کارەکانی دیکەی عەباسی (شانۆنامەی دادپەروەران-کامۆ، کۆچیرۆکی باوەتوان-موپاسان و …) پێک بگرم دەتوانم بڵێم ئەم دوایین وەرگێڕانەی، سەر و گەردنێک لەوانی دیکە بەرزترە. وەرگێڕ لەم کارەدا بە باشی توانیویەتی ئیمکاناتی زمانی کوردی بناسێت و بیخاتە خزمەت وەرگێڕانەکەیەوە. ئەگەر لە کارەکانی پێشوویدا لە هەندێک شوێندا رەنگە بە شێوەیەکی ناپێویست کەڵکی لە ئیدیۆم و دەستەواژەکان وەردەگرت، ئەوە لەم کارەیدا زۆر بە باشی شوێنی نیشتنەوەی هەر کامەیانی دۆزیوەتەوە و دەکاری کردوون.

تەنز و گەمە بە وشە، هەر وەک لە پێشەکی کتێبەکەدا ئامێژەی پێکراوە، بەشێکن لە ناسنامەی نووسراوەکانی یۆنسکۆ. دیارە وەرگێڕ بەباشی ئەم شێوەنواندنەوەیەی لە زمانی مەخسەددا بەکارهێناوە، بە چەشنێک کە هەندێک جار لەبیرت دەچێتەوە لەگەڵ دەقێکی وەرگێڕدراو رووبەڕووی و لەهەمانکاتدا کەمتر تووشی گرێ و گۆڵی زمانی و داڕشتنی نامۆی رستەکان دەبی.

کۆندرا دەڵێ نووسینی رۆمان کارێکی توێژینەوەییە و نووسەر دەبێ پڕاوپڕ بێ لە زانیاری و شارەزایی لەمەڕ ئەو مژار و بابەتەی وا بڕیارە بیگێڕێتەوە و هەروەها ئەو قاڵب و چوارچێوەیەی کە قەرارە کارەکەی لەودا پێشکەش بکات. بە بڕوای من وەرگێڕی رۆمانیش دەبێ هاوشانی نووسەر، زاڵ بەسەر چوارچێوەی کارەکەدا و بگرە زیاتریش، چون ئەو دەبێ هاوکات چاوی لە زمانی سەرەکی و لە زمانی مەخسەد بێ و ئەمەش کارەکەی ئەو ئەستەمتر دەکاتەوە. هەر بۆیە من لام وایە ئەم وەرگێڕە جگە لە ئاشنابوون لەگەڵ ئەم چەشنە نووسینە کە لە پێشتر باسمان کرد، شارەزاییەکی باشیشی لەسەر مێژووی کۆمەڵایەتی و سیاسیی سەرەتاکانی سەدەی بیستەمی فەڕەنسا هەیە و ئەم زانیاریانە بە شێوەیەکی ژێرپێستی لە زمانی وەرگێڕانەکەدا خۆ دەنوێنن.

رەنگە پێکگرتنی دۆخی ئەو کاتی فەڕەنسا و ئێستای کوردستان سەرەتا نامۆ بنوێنێ، بەڵام کاتێک لە قووڵاییدا ئەم هەڵسەنگاندنە ئەنجام دەدەین دەبینین کە زۆریش لێک دوور نین. لێرەش وەک ئەو کاتی فەڕەنسا کەلان‌ڕەوایەتەکان تا رادەیەک هەرەسیان هێناوە و چیدی ناتوانن یان بە باشی ناتوانن وڵامی پرسەکانی تاکەکانی کۆمەڵگا بدەنەوە. لەلایەکی دیکەوە شەپۆلەکانی ئەتۆمیزاسیۆن و لێکترازانی خێرای تاکەکان، بواری بۆ بەهێزبوونی تاک‌گەراییەکی ڕەها خۆش کردووە و دەرهاویشتەی ئەم پرۆسەیە مرۆڤێکە کە لای وایە مێژوو لەوەوە دەست پێدەکا، لەودا گەشە دەستێنێت و هەر لەویشدا هەرەس دێنێت و لەناو دەچێت. ئەگەرچی جاروبارە تیرێک لە رابردوویەکی نۆستالژیکەوە، ئەم گۆمە مەندە دەهەژێنێت و سەرلەونوێ هەر ئەو مرۆڤە هەست بەوە دەکات لەوانەیە بتوانێ لەگەڵ دیکەی هاووڵاتیان کارێک ئەنجام بدات، بەڵام ئەو داهێزران و خەمۆکییە، کە لەوانەیە دەرکەوتەی هەقیقەتیش بێ، رێگەی لێ دەگرێت، چۆکی پێ دادەدات و لە پانسیۆن و ژوورە تاکەکەسییەکەی خۆی دەخزێنێتەوە.

مەبەستم لەو ئاماژە کورتەی سەرەوە ئەوە بوو کە واوێدەچێ وەرگێڕ بە ئاگاهییەوە دەستی دابێتە وەرگێڕانی دەقێکی لەم چەشنە. چون ئەگەر چاوێک بە دەوروبەری خۆماندا بگێڕین دەبینن کەم نین لەو کەسانەی کە ئەگەرچی هەگبەیەکن لە زانست و مەعریفە بەڵام هیچ بزوێنەرێکی دەرەکی و تەنانەت دەروونیش شک نابەن بۆ ئەوەی لێهاتووییەکانیان بخەنە خزمەتی بەرەپێشچوونی مێژووەوە. ئەم سڕبوونە، رووتین و شێوەژیانێکی نوێی خولقاندووە و ئەمجارەیان تەنانەت مۆخی ئێسکەکانیشی گرتووەتەوە؛ هەر ئەو سڕبوونەوەی وا دەوروپشتی کاراکتێری رۆمانی «تەنیا»ـی داگرتووە. کاراکتێرێک کە بێ‌ناوە و ئەمەش وا دەکا بە چڕی لەگەڵی بکەوینەوە پەیوەندییەوە و هەر کەسێک بتوانێ خۆی لەگەڵ ڕێک بخات و بچێتە ئەو قاڵبەوە. قاڵبێک کە لەئێستادا زیاترین کڕیاری هەیە.

کاراکتێتری رۆمان لەو شوێنانەدا کە جموجۆڵی کۆمەڵگا دەبینی دێ ببزوێ و شان بە شانی دیکەی ئەندامانی کۆمەڵگا خۆی کە شۆڕش و گۆڕانکارییەکان وەربدا بەڵام گوتاری سەرەکی کە گوتاری ئەتۆمیزەبوون و دابڕانە هەر خێرا رەوانەی ماڵ و ژووری تەنیاییەکانی دەکاتەوە. ئەویش وەکوو بەشێکی زۆر لە مرۆڤەکانی دیکە «لە تلوزێنەوە سەیری ئینقلاب دەکا»؛ هەڵبەت تلوزێنەکەی ئەو پەنجەرەکەی رووەو خەیانانە کە دواتر بۆمبا و فیشەک ئەم دەلاقەیەشی لێ گاڵە دەدات و لە دوایین رستەکانی رۆمانەکەدا ئەوەی وا لە دەوروبەریەتی (کومێد و میچ و …) دەبێتە دەلاقە.

ئەم چەشنە روانینە بۆ جیهان رەنگە ناهومێدمان بکات بەڵام لەکۆتاییدا راستگۆیانەترین جیهانبینیە بەنیسبەت ئەو نەزم و نۆرمەی وا ئێمەی لەئامێز گرتووە؛ بەنیسبەت ئەو کەشەی وا سات بە سات و ئێرە و ئەوێی لێ گرتووین و وەک شتێک هیچ چارەی نایە. کاراکتێری «تەنیا» لەوە گەیشتووە کە ئادۆرنۆ گوتەنی تەنیا مەتەرێزێک کە ڕەنگە نیزامی زاڵ نەتوانێ زەفەری پێ‌ببات مەتەرێزی وشە و دەستەواژەکانن. هەر بۆیە بێ‌منەتانە خۆی لە بەستێنی وشەکاندا ئاوەڵا کردووە و بێ‌ئەوەی شەرم بکا یان بترسێ راستییەکان هاوار دەکات.

لەکۆتاییدا دەستخۆشی لە ئاکۆ دەکەم بۆ هەموو ماندووبوونەکانی بەدیار وەرگێڕانی ئەم رۆمانەوە کە ئاگادارم چەندە بە هەستیارییەوە وشە و رستەکانی شەن و کەو دەکرد. هیوادارم لەسەر کاری وەرگێڕان شێلگیرتر بێ و کۆسپ و تەگەرە نەختێک چییە، نەیەتە ڕێی.

 بۆ داگرتنی ته‌واوی بابه‌ته‌که ببنە ئەندامی کاناڵی تلگرامی ماڵی کتێبی کوردی…

 https://t.me/kurdishbookhouse

ئەم بابەتە تایبەتە بە ماڵی کتێبی کوردی و بڵاوکردنەوەی بە ئاماژەدان بە سەرچاوە ڕێگە پێدراوە

درباره‌ی ماڵی کتێبی کوردی

همچنین ببینید

بەردینە، ڕۆمانێک ڕۆنراو له سەر بناغەکانی قایەت، مێژوو، بەیت و بن زاراوەیەکی کۆن

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *