خانه / پێشنیاری ده‌سته‌ی نووسه‌ران / دیوانی «شوکری فەزڵی» بەم زووانە بڵاو دەکرێتەوە

دیوانی «شوکری فەزڵی» بەم زووانە بڵاو دەکرێتەوە

دیوانی «شوکری فەزڵی» بەم زووانە بڵاو دەکرێتەوە

دیوانی “شوکری فەزڵی” لە کۆکردنەوە و ساغکردنەوەی، کاروان عوسمان خەیات پێشکەشی کتێبخانەی کوردی کرا. کاروان عوسمان خەیات، ئامادەکاری دیوانەکەی شوکری فەزڵی لە وتووێژێکی تایبەتی لەگەڵ ماڵی کتێبی کوردی گوتی: ساڵی ۲۰۰۹ که‌ دیوانی شوکری فه‌زڵیم چاپ کرد، ئه‌وکات ده‌ستنووس و که‌شکۆڵێکی ئه‌وتۆم له‌ به‌رده‌ستدا نه‌بوو، دوای ئه‌وه‌ بۆم ده‌رکه‌وت که‌ مامۆستا ئازاد عه‌بدولواحید له‌ شاری هه‌ولێر خه‌ریکی دیوانی شوکری فه‌زڵییه‌ و ساڵانێکه‌ مه‌شغووڵی ئه‌و کاره‌یه‌، به‌ڕێزیان له‌به‌ر نه‌بوونی هه‌ندێک وتار و بابه‌تی شوکری که‌ تاکو ئێستا ده‌ستی نه‌که‌وتووه‌، چاپی نه‌کردووه‌. له‌ ده‌وری مانگی سێ و چواری ئه‌مساڵدا ویستم ده‌ستنووسه‌کانی نه‌جمه‌دین مه‌لا کۆ بکه‌مه‌وه‌ و شیعره‌ بڵاونه‌کراوه‌کانی نێو ئه‌و ده‌ستنووسانه‌ گردوکۆ بکه‌مه‌وه‌ و به‌راوردیان بکه‌مه‌وه‌ و به‌شێوه‌یه‌کی زانستی چاپیان بکه‌م، به‌ڵام دوای ئه‌وه‌ی ته‌ماشام کرد ئه‌م کاره‌ ماوه‌یه‌کی زۆری ده‌وێت و هه‌ندێک له‌ دۆستانیش چه‌ند جارێکه‌ پێشنیاریی ئه‌وه‌م بۆ ده‌که‌ن که‌ پرۆژه‌ی دیوانۆچکه‌ یان به‌شێکی دیوانی شاعیران ئه‌نجام بده‌م، چی دی شیعری ئه‌و شاعیرانه‌ به‌ پرژوبڵاوی نه‌مێنێته‌وه‌، ئه‌م کاره‌ وه‌کو یه‌که‌م کار به‌ پرسوڕای هاوڕێیان و دۆستانم ده‌ستم دایه‌ و ئه‌نجامم دا.
ئه‌م دیوانۆچکه‌یه‌ ئه‌و شیعرانه‌ له‌خۆ ده‌گرێت که‌ له‌ ده‌ستنووس و کتێبه‌ چاپکراوه‌کانی به‌رده‌ستمدا هاتووه‌، زیاتر پشتم به‌ ده‌ستنووس به‌ستووه‌ و ده‌ستنووسه‌کانیش هیی ده‌وره‌ی شاعیرن و باوه‌ڕ پێکراون، هه‌رچی شیعرێک دوو جار له‌نێو ده‌ستنووسه‌کانیشدا هاتبێت،‌ به‌راوردم کردوون و ئاماژه‌م پێیان داوه‌. له‌م دیوانه‌دا هه‌ندێک شیعری تێدایه‌ له‌ چاپه‌کانه‌وه‌ وه‌رم گرتووه‌ و له‌ ده‌ستنووسه‌کانی به‌رده‌ستمدا نه‌هاتبوو، ناچار بووم له‌وانه‌وه‌ وه‌ری بگرم. هه‌ندێک سه‌رچاوه‌یش هه‌بوون نووسین و شیعره‌کانیان دووباره‌ بوون‌، هه‌وڵمدا شتی دووباره‌ نه‌نووسم و دیوانۆچکه‌یه‌کی پوخت و پاراو ئاماده‌ بکه‌م.
سه‌باره‌ت به‌ ژیانی شاعیریش ئه‌وا جگه‌ له‌و یه‌ک دوو ده‌ستنووسه‌، هه‌ندێ سه‌رچاوه‌ی چاپی هه‌یه‌ که‌ به‌شێکی زۆریان دووباره‌ن و له‌ یه‌که‌وه‌ وه‌ریان گرتووه‌، من ته‌نیا چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌کیانم وه‌رگرتووه‌ و نه‌م ویستووه‌ دووباره‌یی و ئاڵۆزیی بۆ خوێنه‌ر دروست بکه‌م. دوو بابه‌تی گرنگیش له‌سه‌ر شوکری فه‌زڵی نووسراوه‌، ئه‌و بابه‌تانه‌یشم لێره‌دا هێناوه‌، یه‌کیانم وه‌کو پێشه‌کیی داناوه‌ و ئه‌وی تریشیان له‌به‌ر ئه‌وه‌ی به‌ بابه‌تێکی گرنگم زانی، پێم خۆش بوو له‌ کۆتاییدا بیهێنم.
بابه‌ته‌که‌ی مه‌لا جه‌میلی ڕۆژبه‌یانی زۆر خاڵی گرنگی له‌سه‌ر ژیان و شیعری شوکری فه‌زڵی تێدایه‌ و قسه‌وباسی نێو شیعره‌کان و ساغکردنه‌وه‌ و بیره‌وه‌ریی ئه‌م و ئه‌و و قووڵبوونه‌وه‌ بۆ نێو ژیانی مناڵی شوکری و شه‌ڕه‌شیعری شوکری و شێخ ڕه‌زا، هه‌رکه‌سێکی تریش بێت ئه‌م باسه‌ بێ چه‌ند و چوون ده‌کاته‌ پێشه‌کیی دیوانۆچکه‌یه‌کی وه‌ها. له‌ لایه‌کی تریشه‌وه‌ قسه‌کانی مه‌لا جه‌میلی ڕۆژبه‌یانی و ئه‌و ده‌ستنووسانه‌ی لێره‌دا به‌راورد کراون ده‌خاته‌ پای ته‌رازووی ڕه‌خنه‌یی و لێکۆڵینه‌وه‌ی ورد و ده‌قیق، هه‌ر ئه‌م باوه‌ڕه‌ وای کرد که‌ ئه‌و بابه‌ته‌ وه‌کو پێشه‌کیی دیوانۆچکه‌ی شوکری فه‌زڵی دابنێم.
له‌ به‌شێکی تریدا ده‌ستنووسه‌کانم ناساندووه‌ و وێنه‌یشیانم داناوه‌، به‌مه‌یش گرنگییه‌کی تری ئه‌م دیوانۆچکه‌یه‌ ده‌خاته‌ ڕوو. ئه‌و شیعرانه‌ی که‌ له‌م دیوانۆچکه‌یه‌دا هاتووه‌، به‌تایبه‌ت شیعره‌کانی شوکری، وه‌کو مه‌لا جه‌میل باسی ده‌کات، شوکری فه‌زڵی له‌چاو شێخ ڕه‌زادا شاعیرێکی وه‌ها گه‌وره‌ و ده‌قیق و ورد نه‌بووه‌ له‌ ڕووی ڕه‌وانبێژیی و شیعر دانانه‌وه‌، هه‌ر بۆیه‌ له‌ هه‌ندێک جێگادا گرفتی کێش و سه‌روا ده‌بینه‌وه‌ یان هه‌ندێک زه‌رووریاتی شیعری و وێنای نه‌شاز، ئه‌و گرفتانه‌یش بۆ دوو خاڵ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، یه‌کیان نه‌بوونی ده‌ستنووسی شاعیر و ئه‌وی تریشیان هه‌ڵه‌ی کاتبان، هه‌ر بۆیه‌ تا ئێستا ئه‌وه‌ی له‌ به‌رده‌ستدا هه‌یه‌ ده‌خرێته‌ به‌ر دیدی خوێنه‌ران و له‌ هه‌ڵه‌ به‌ده‌ر نییه‌.
هیوادارم ئه‌م به‌رهه‌مه‌ مایه‌ی بنچینه‌ی دیوانێکی باش و زانستی بێت بۆ شوکری فه‌زڵی و هه‌وڵێکی جدی بێت بۆ ساغکردنه‌وه‌ و دۆزینه‌وه‌ی ته‌واوی به‌رهه‌مه‌کانی شاعیر.

 بۆ داگرتنی ته‌واوی بابه‌ته‌که ببنە ئەندامی کاناڵی تلگرامی ماڵی کتێبی کوردی…

 https://t.me/kurdishbookhouse

ئەم بابەتە تایبەتە بە ماڵی کتێبی کوردی و بڵاوکردنەوەی بە ئاماژەدان بە سەرچاوە ڕێگە پێدراوە

درباره‌ی ماڵی کتێبی کوردی

همچنین ببینید

ڕاپۆرتی کۆڕی “خەسارناسی و هەڵسەنگاندنی چالاکی مەدەنی و ڕێکخراوەیی لە مەریوان”

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *