شاعیری ناوداری کورد محەمەد عومەر عوسمان کە ناسراوە بە ژەنەڕاڵی پاییز لە ماڵەکەی خۆیدا کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.
سەرکەوت ئەحمەد وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی ڕایگەیاندووە کە کاتێک برایەکی محەمەد عومەر عوسمان چۆتە ماڵەکەی، بینیویەتی کە بە پانکەی ماڵەکەیەوە خۆی هەڵواسیوە و خۆی خنکاندووە.
محەمەد عومەر عوسمان لەساڵی ١٩٥٧ لە گەرەکی دەرگەزێنی شاری سلێمانی لە دایکبووە، خوێندی سەرەتایی، ناوەندی و ئامادەیی هەر لە شاری سلێمانی تەواو کردووە هەر لەسەرەتای لاوی دەستی بە کتێب خوێندنەوە کردووە لە ساڵی ١٩٧٥ دەستی کردووە بەنوسینی شعر و بڵاوکردنەوە.
محمد عومەر عوسمان کۆی بەرهەمەکانی لە دیوانێکەیدا بە ناوی لە غوربەتا بڵاو کردۆتەوەو تا ئێستا دوو ماستەر لەسەر شێعرەکانی وەرگیراوە لە چوار نامەی دکتۆرا وەک سەرچاوەی سەرەکی بەکار هاتووەو تائێستا شێعرەکانی بۆ چەندین زمانی زیندوو وەڕگێڕدراون.
دەقی هۆنراوە بەناوبانگەکەی:
نیگای چاوانی پایزو مەستی
وەک چەم ڕژایە دەشتی گیانمەوە
دەستی خۆزگەمی خستە نێو دەستی
وێنەی دوو دڵ و تێرێکمان هەڵکەند
لەسەر قەدی ئەو دار ئەرخەوانە
توخوا تۆ بڵێی ئەو دارە مابێ
یان ئەویش سوتوی سەر گۆڕەکانە