نامەیەک بۆ مامۆستا سەلاحەددینی ئاشتی چرا هەمیشە گەشەکەی مەهاباد و ئاوەدانی ماڵی زمان و ئەدەبی کوردی!
بەیانی باش، دڵنیام لای هەڵگرانی ئاڵای جوانی و دادپەروەری، ئاشتی و بەیەکەوە ژیانی جیاوازییەکان، مەرگی “هێمن”ی مەزن مەرگێکی فیزیکی جەستەییە، چونکە هێمن ناتوانێ بمرێ و مردنیش بە هەموو کەس ناوێرێ!
جا بۆ ئەو زمانە لاڵ نەبێ و لە گۆ نەکەوێ کە پێی وایە هێمن بەڕاستی مردووە؟ ئایا دەکرێ ئاوابوونی خۆر لە دەم کەلی ئێوارەدا، سەرهەڵگرتنی ڕووبار ڕووەو دەریا لە سەرچاوەدا، بزر بوونی لووتکەی قەندیل لەناو تەم و کڕێوەدا، درەخت لە وەرینی خەزاندا، هەور لە داکردنی باراندا، ناو بنێین مردن؟
ئەی ئەوەنیه لایەکی کوردستانی مەزن لە خۆشەویستیی مام هێمن منداڵ و گەنجیان ناوی “هێمن”ە!
ئەی ئەوەنیە هەموومان کە سیاسەت ڕاومان دەنێ بە ڕاکەڕاک خۆمان له گەورەماڵی “ناڵەی جودایی” و “له کوێوە بۆکوێ” دەنێین!؟
ئەی ئەوەنیە کەوا کەڕەنای شەڕی ناوخۆ و بە بچووکی نیشاندانی کورد و زمانەکەی و سیاسەتی “نان بۆ قەساب و گۆشت بۆ نانەوا!!” لە کورد بوون و لە خوێندنەوە دەمانتۆرێنێ، هێمن لەگەڵ خۆمان ئاشتمان دەکاتەوە؟
ئەی ئەوەنیە هەموومان بەردەوام لە خۆشەویستیی هێمن بیری ئازادی و گوڵ و بەهار و باران و شیری دەستی شەنگەبێری و شمشاڵی شەوێنی شوان دەکەین؟
ئەی ئەوەنیە لە گەرمەی ساتوسەودا کردن بە نیشتمان و هەڕاج کردنی ئەخلاقی مرۆڤدۆستی، شیعرەکانی هێمن فریامان دەکەوێ و دەمانهێنێتەوە سەر ڕاستەڕێی ئومێد و هەڵسانەوە؟
مامۆستا سەلاحەددینی ئاشتی!
تەنها ئەوانە بۆ گەڕانەوە بۆلای جوانی و ژیان و باوەشی نیشتمان سەر بە ماڵی “هێمن”دا ناکەن کەوا سیاسەت وڕ و کاس و پارە ویژدانی سڕ کردوون! تەنها ئەوانە کاریان بە هێمن نەماوە، کە کاریان بە نیشتمان و مرۆڤدۆستی نەماوە…
ڕاستە هێمن مرد، بەڵام مردنێک باڵاتر لە ژیان.
زیرەک کەمال
ڕۆژی شەممە ۲۰ / ٤/ ۲۰۲۰
چرا هەمیشە گەشەکەی مەهاباد و ئاوەدانی ماڵی زمان و ئەدەبی کوردی.
——————————————–
تێبینی: ئەم یادداشتەم بەپیرەوەچوون و وڵامدانەوەیەکە بۆ بیرەوەریی سەلاحەددینی ئاشتی سەبارەت بە کۆچیدوایی مامۆستا هێمن کە نووسیویەتی و ناوی ناوە:”هێمن و هەستی پێی مردن”.
! ئەم بابەتە تایبەتە بە ماڵی کتێبی کوردی و بڵاوکردنەوەی بە ئاماژەدان بە سەرچاوە ڕێگە پێدراوە.