خانه / پێشنیاری ده‌سته‌ی نووسه‌ران / هونەری نووسین، تەوژمی ریالیزمی جادوویی جوداخوازیی لە كۆمەڵە چیرۆكی دنیا سی پیتە

هونەری نووسین، تەوژمی ریالیزمی جادوویی جوداخوازیی لە كۆمەڵە چیرۆكی دنیا سی پیتە

هونەری نووسین، تەوژمی ریالیزمی جادوویی جوداخوازیی لە كۆمەڵە چیرۆكی دنیا سی پیتە

دانا عەسكەر

هەر نووسەرێك بە پاشخانێكی فیكریی یا مەعریفی یا ئایدیۆلۆجی تایبەت و چێوەیەكی مەعریفی ئیستاتیكی و فەنتازیی ئەدەبی و رۆشنبیریی پێش خۆی دەست بە نووسین دەكات، كە دەرهاویشتەی قۆناغەكانی كلاسیك و رۆمانتیك و ریالیزم و دواجاریش ریالیزمی جادوویی، واتا هەر قوتابخانەیەكی ئەدەبیی فیكریی درێژكراوەی قۆناغی پێش خۆیەتی، ئەوەی ئەمڕۆ لە دنیای ئەدەبیی ئێمەدا كاریگەریی بەسەر مەعریفە و دنیابینی و سەلیقەی نووسینەوە هەیە، ئیشكردنە لەسەر پاشخانی فیكریی و بونیادی مەعریفەی نوی، كە سەرچاوەكەی پێشكەوتنی قۆناغ و بونیادی فیكریی نوێیە، ئەویش تەوژمی ریالیزمی جادووییە، كە لە سەرەتاكانی سەدەی بیست سەریهەڵدا و تایبەتتر لە ساڵی ۱۹۲۵ لە ئەڵمانیا كۆمەڵێك هونەرمەندی شێوەكار لە شاری مانهایم پیشەنگایەكی هونەری شێوەكارییان كردەوە كە بریتی بوو لە ۳۰ تابلۆ، یەكێك لەو كەسانەی سەردانی ئەم پیشەنگەیەیان كرد، رەخنەگری ئەڵمانی فرانك رووە بوو، ئەو یەكەم كەس بوو بەمجۆرە هونەری گوت”ریالیزمی جادوویی” ئیدی تەوژمی واقیعی سیحریی جێی بزووتنەوەی گوزارشتیی گرتەوە، پاشان لە چل و پەنجاكانی هەمان ساڵ، بەپێی گۆڕانكاریی ریشەیی لە دۆخی كۆمەڵایەتی و سیاسی لە ئەوروپا، بەتایبەت رۆشنبیریی سەردەمی رێنیسانس تەوژمێك پەیدابوو دژی هەموو بزاوتێك بوو بەناوی جادوویی و سەمەرەوە، ئەم رەوتە لە نووسین دوای رووبەڕووبوونەوەی لەگەڵ نووسین و ئەدەبیاتی نوی، بەو بەهانەیەی جادوویی و سەمەرەیی پاشماوەی سەردەمە تاریكەكانە، پاشان چۆن كاردانەوەیەك بۆ رەتكردنەوەی ئەو بۆچوونە نالۆژیكییە ریالیزمی جادوویی لە ئەمریكای لاتین زیاتر گەشە دەكات، نووسەرەكانی ئەمریكای لاتین پەرەیان بەو ئاراستەیە دا، تا گەیشتە ئەوروپا و دواتر ئەمریكای باكوور بە سوودوەرگرتن لە رێبازی سوریالی و گەڕانەوەی ئەفسانە بۆ نووسین و گەشەكردنی چەندین بزوتنەوەی ئەدەبی و سوود وەرگرتن لە هونەریی تازەگەریی و گەشەی رۆشنبیریی میللی لە چوارچێوەی جوگرافیای ناوچەكەدا، ریالیزمی جادوویی دەبێتە بنەمای گوزارشتی ئەدەبی نوی. یەكێك لەو نووسەرانەی زۆر گرنگی بە ریالیزمی جادوییی داوە، نووسەری ئەرجەنتینی خۆرخی لویس بۆرخیسە، بەتایبەتی لە چیرۆكەكانیدا بە شێوازێكی دیار جەختی لەسەر ئاڕاستەی ریالیزمی جادوویی كردووەتەوە، لەوانە كۆمەڵە چیرۆكی (الالف) كە محەمەد ئەبولعەتا وەرگێڕاوە بۆ عەرەبی. لەم كۆمەڵە چیرۆكەدا بۆرخیس بەنێو دنیایەكی جادوویی و سمبولیدا شۆڕدەبێتەوە و وێنەی دال بە زۆرترین بوون دەبەخشێت، وشەی ئەلئەلف لەبەرانبەر وشەی لۆگۆسی لاهوتی مەسیحی بەكاردێت، بەمانای خاڵی سەرەتای جیهان دێت، كە دەكرێت چۆن تەوژمێكی نوی تەفسیری بۆ بكەین. یەكێكی دی لەو نووسەرانەی رۆڵی كاریگەریی هەبووە لە گەیاندنی رێبازی ریالیزمی جادوویی، نووسەری دیاری ئەمریكای لاتین، نووسەری كۆڵۆمبی، گابرێل گارسیا ماركیزە، شێوازی نووسینی ماركیز بەوە ناسراوە خوێنەر دەباتە نێو دنیایەكی خەیاڵئامێزەوە، لە هەمانكاتدا بەشێوەیەك خوێنەر لە خشتە دەبات خەیاڵ و واقیع بەجۆرێك ئاوێتە دەكات، كە فەنتازیا و ئیستاتیكای بارگاوی بە ئەفسانە ئەو جیاوازیەمان بۆ دەخاتەڕوو كە لە قۆناغەكانی پێش خۆی جیای دەكاتەوە، ئەم رێبازە بۆ قۆناغی ئێستای ئەدەب لە دنیادا، بەباوترین رێبازی ئەدەبی ئەژماردەكرێت، ئەوەی زیاتر كاریگەریی بەسەر ئەدەبی ناوچەكەی ئێمەدا هەبووە لە رێی نووسینەكانەكانی بۆرخیس و ماركیزەوە بووە. بەشێكی دی لەو نووسەرانەی بە رێبازی واقیعی سیحریی دەنووسن، نووسەری چیلیی، ئیزابیل ئەلەندیی، ئەمیر تاج ئەلسر، چیرۆكنووسی سودانی خاوەن خەڵاتی بۆكەری ساڵی ۲۰۱۱ لە رۆمانی ” ڕاوی سەرەمێكوتە” وەرگرتووە، یەكێكە لەو نووسەرانەی كاریگەریی زۆری لە دنیای عەرەبی و ئەوروپی هەبووە، بەتایبەت پاش وەرگێڕانی زۆربەی رۆمانەكانی بۆ زمانی ئینگلیزی و فەرەنسی و ئیتالی.

ئەوەی لەم سەرەتایەدا باسمان لێوەكرد سەرنجێكی كورت بوو لەبارەی تەوژمی ئەدەبی ریالیزمی جادوویی، سەرەتاو سەرهەڵدانی و كاریگەرییەكانی لە رۆمان و چیرۆك و بڵاوبوونەوەی ئەو تەوژمە لە ئەدەبیاتی دنیا و ناوچەكەدا، بەو پێیەی ئەدەبی كوردیی لە قۆناغێكی سیاسی ناجێگیر لە گۆشەیەكدا پەراوێزخرابوو، دەكری ئاماژە بەوە بدەین لە دوای راپەڕینەوە نووسین لەژێر كاریگەریی تەوژمی ریالیزمی جادوویی بەڕێژەیەكی باش دەركەوت، هەر لەو ماوەیەدا چەندین رۆمان و كۆمەڵە چیرۆك چاپ و بڵاوبوونەوە، ئەوەی لەم ماوەیەدا خوێندوومەتەوە، یەكێك لەو بەرهەمانە كۆمەڵە چیرۆكی ” دنیا سی پیتە”ی  مەحمود نەجمەدین ە، ئەمە بەو مانایە نییە ئیتر چیرۆكی دی نەبێت، بەڵكو بەو مانایەی لەم ماوەیەدا ئەم كۆمەڵە چیرۆكە سەرنجی راكێشام، قسەی من لەم نووسینەدا لەبارەی كۆمەڵە چیرۆكی دنیا سی پیتە، ی مەحمود نەجمەدینەوە دەبێت.

بەو پێیەی پێشتر لەبارەی چیرۆكی مەحمود نەجمەدینەوە نووسینم هەبووە، شارازەییەكی ئەوتۆم لەبارەی نووسینیانەوە هەیە، پاش خوێندنەوەی كۆمەڵە چیرۆكی” دنیا سی پیتە” بە بەراورد دەگەڵ ئەزموونی پێشووی، گۆڕانكارییەكی بابەتیی لە نووسین و گێڕانەوە و تەكنیكی چیرۆكنووسین لای ئەم نووسەرە بەدی دەكرێت، ئەگەر خوێنەری ئازیز پێشتر بەر چیرۆكەكانی مەحمود نەجمەدین كەوتبێت، بە ئاشكرا ئەو جیاوازییە بەدیدەكات، هەرچەندە  پێشتریش ئەم تەوژمە كاریگەری لای نووسەر هەیە، بەڵام جیاواز لەم كۆمەڵە چیرۆكە كە بەشێوەیەكی رەها لە جوگرافییەكی دیاریكراوی جادوویدا كاری كردووە، لی لە چیرۆكەكانی پێشووی بە تەكنیكی دۆناودۆن كاری كردووە، كە ئەویش گۆشەیەكی دی ریالیزمی جادووییە، هەر بۆیە ناونیشانی بابەتەكەم بە ریالیزمی جوداخوازیی ناوزەد كردووە.

دنیا سی پیتە، نەخێر چوار پیتە، كاكە سی پیتە! زۆرجار قسەمان لەسەر كاریگەریی ناونیشان لە لای خوێنەر كردووە، كاتێك چلۆن كاریگەریی و پرسیار لای خوێنەر بەجێدەهێلی، ئەگەر بڕیارە دنیا چوار پیت بێت ئەوە یانی ئێمە واقیع دەگێڕینەوە نەك چیرۆك، هەموو كۆكین لەسەر ئەوەی چیرۆك بەشێوەیەكی رەها گێڕانەوەی واقیع نییە، بەڵكو بەخەیاڵكردنی واقیع و تێكشكانی ئەو فۆرمە ریالیستییەیە كە دنیای چیرۆك لە قۆناغێكی جیاواز كاری لەسەر كردووە، ئەمە ئەو فۆرمەیە كە مەحمود نەجمەدین لەم كۆمەڵە چیرۆكەدا كاری لەسەر كردووە، وەك لە چیرۆكی دووماهی ئەم كۆمەڵە چیرۆكەدا، تایتڵی چیرۆكی سیدرا رۆیشت و دنیا سی پیتە دەخوێنینەوە، من لێرەدا پوختەی چیرۆكەكە بۆ خوێنەر بەجێدەهێلم. بۆ من یەكەمجارە كۆمەڵە چیرۆكێك بخوێنمەوە یەكێك لە كارەكتەرەكان پاڵەوانی هەموو چیرۆكەكانی نێو كۆمەڵە چیرۆكەكە بێت، سیدرا گرێی هەموو چیرۆكەكان و پاڵەوانی نێو هەموو حیكایەتەكانە، ئەم بیرۆكەیە ئەگەر داهێنانی مەحمود نەجمەدینیش نەبێت، تەوزیفێكی هونەریی و تەكنیكی نوێیە لە چیرۆكی كوردیدا، دەكرێ بە یەكێَك لەخاڵە جەوهەریی و جیاوازییەكانی دنیای نووسینی ئەم نووسەرەی لە قەڵەم بدەین، زۆرترین چیرۆك و رۆمانی جادوویی ریالیزمیمان خوێندبێتەوە هێندەی زمان و تەكنیكی گێڕانەوەی جادوویی بوون، هێندە چیرۆكەكان ئەو پانتاییە جادووییەیان داگیرنەكردووە، لای مەحمود نەجمەدین پێچەوانەی نووسەرانی پێش خۆی، حیكایەتەكان جادوویین، نەخشەی زۆرینەی چیرۆكەكان ئیشكردنە لەناو قوڵایی خەیاڵی كارەكتەرەكان، جیاوازی لە تەكنیكی چیرۆكنووسین لای مەحمود نەجمەدین، گۆشەی جیاوازی دیاریكرنی حیكایەتە، ئەویش بەریەككەوتنی خەیاڵی كارەكتەر و بوونەوەرە نا روونەكانە، بوونەوەری ناو خەیاڵی مرۆڤ، یا دروستكەری خەیاڵی مرۆڤ، لە رێی ترس لە داب و نەریت، ترس لە خودا و جەنجاڵیی خەیاڵی مرۆڤ لەو گۆشە دژبەیەكەی كە لەنێوان زانست و جەهلدا سەرهەڵدەدات. چیرۆك بەدەوری چ هێڵیكدا دەسووڕێتەوە؟ لە كوێدا ئەم پرسیارە لە خۆمان دەكەین! بێگومان لەو شوێنەدا ئەم پرسیارە دەكرێت، گیڕانەوە یا تەكنیكی گێڕانەوە رەوتێكی جیاواز لە رەوتی چیرۆكی باو، یا وێنەی گشتیی چیرۆك لە دنیای چیرۆكی كوردیدا بەدی بكەین، بەو مانایەی باری سایكۆلۆجی لەم كۆمەڵە چیرۆكەدا زاڵە بەسەر كۆی رەهەندەكانی دی، هەموو یەكی لە چیرۆكەكانی ناو ئەم كۆمەڵە چیرۆكە بە ئاوایەكی بەربڵاو هەڵگریی خەونی چیرۆكە شاراوەكانی خەیاڵی كارەكتەرەكانن، ئەو تارماییانەی بەشێكی كاریگەرن لە تەكنیكی گێڕانەوەی حیكایەتی نێو ئەم كۆمەڵە چیرۆكە كە داڕشتن و شێوازی نووسینی مەحمود نەجمەدین لە چیرۆكنووسەكانی دی جیادەكاتەوە، واتا لە وێنەیەكی دیدا ئەم كۆمەڵە چیرۆكە تەنها خەم و حیكایەتی گشتیی نییە، بەڵكو خەمی تاكە لەناو خەمە ئاڵۆزەكانی مرۆڤایەتی، ئەو گۆشە لەبیركراوەی ئەندێشەی مرۆڤ، تارمایی دنیایەكی جیاواز لە ژیانی مرۆڤمان بۆ دەخاتەڕوو، سەرچاوەی سەركەوتنی گرێی نووسین لای نووسەر، زمانە، كە سەرەكیترین رایەڵەی بوونیادی چیرۆكە، لە رێی زمانی گێڕەوەی نادیارەوە، ئەوەی رۆلان بارت لە كتێبی مەرگی نووسەر زۆر بە چڕی لەبارەیەوە نووسیویەتی.

بنەماكانی بەرهەمهێنانی چیرۆك یا رۆمان لەسەر ئەم رایەڵانە پێكدێن، زمان، داڕشتن، لۆكەیشن، كارەكتەر، گرێچن، شێوازی هونەریی ئەدەبی،  پوختە. نووسەری سەركەوتوو دەتوانی لە كەمیی شوێن و كارەكتەر چیرۆكی سەركەوتوو بەرهەم بهێنێت، بەشێكی زۆری چیرۆكەكانی ئەم كۆمەڵە چیرۆكە لە پانتایی كەمیی شوێندا رووداوگەلی جۆراوجۆری بەرهەم هێناوە، هەم لە رووی داڕشتن و هەم گرێچن و شێوازی هونەریی، سەركەوتووە، كە چێژ بە خوێنەر دەبەخشێت، نموونەی چیرۆكی كەللە زراو، سیدرا رۆیشت و دنیا سێ پیتە و چەند چیرۆكێكی دی نێو ئەم كۆمەڵە چیرۆكە، لە چیرۆكێكدا شوێن پانتاییەكی زۆری داگیركردووە، لێ پانتاییەكان بروسكە ئاسا بەر خەیاڵی خوێنەر دەكەون،  رووداوەكە بە تەمێكی تەنك شوێنیان لە خەیاڵی خوێنەر كاڵ كردووەتەوە، بەو مانایەی چیرۆك هەڵگری پەیامەكەی بەر لە شوێن بە خوێنەر دەگەیەنی، كە سەرچاوەكەی حیكایەتە، ئەم شێوازی گێڕانەوەیە لە چیرۆكی بەڵای سەرشین و زۆربەی نووسینەكانی نێو ئەم كتێبە بەدی دەكرێت.

لە دووماهی نووسینەكەماندا دەگەینە ئەو بڕوایەی، نووسین لای محمود نەجمەدین، گرێیەكی ئاڵۆزی بیردۆزەیی و سایكۆلۆجیە، بیردۆزیی لەم حیكایەتانەدا بوونی سیدرایە، كە بەكۆدی شاراوەی نێو هەموو چیرۆكەكان ئەژمار دەكرێت، لێ ئەم بوونە لە سیاقی بابەتیانەی گێڕانەوەدا دەكرێ وەك گرێیەكی سایكۆلۆجی یاخود سیمبولێكی شاراوەی نێو كەشی دنیا تایبەتەكەی گێڕەرەوەی هەموو شتزانی لە قەڵەم بدەین. سایكۆلۆجی، وەك ئەوەی لە سەرەتاوە  ئاماژەمان پێدا، ئیشكردنە لەناو خەیاڵی ئاڵۆزی كارەكتەرەكان، كە لە شەڕێكی هەمەلایەنەدایە لەگەڵ دنیایەكی پەنهان، ئەویش دنیای بوونەرە خورافییەكانە. زۆربەی رووداوەكان پەیوەندییان بە سایكۆلۆجیای كارەكتەرەكانەوە هەیە، ئەم فۆرمە لە نووسین لە نێوان ئاگایی و نائاگایی گێڕەوەدا بەرجەستە دەكرێت، ئاگایی بەو مانایی گێڕەرەوەی هەمووشتزان و گێڕەوەی نادیار، وەك ئەوەی رۆلان بارت باسی لێوە دەكات. كەسی یەكەمی گێڕەرەوە منی نووسەر نییە، لێ گێڕەرەوەی هەمووشتزان، خودی نووسەری حیكایەتەكانە، زمانی گێڕانەوە زمانی گشتییە، گشتیی لە نێوان دیار و نادیار. زمان وەك چەمكێكی كاریگەر لە بونیادی حیكایەت، زمانێكی پاراو وبێ گرێ و گۆڵە، تایبەتمەندی زمان لە بونیادی چیرۆكەكاندایە، كە بارگاوییە بە فەنتازیا و ئیستاتیكا، بۆیە لە كۆتایی هەر چیرۆكیكدا نووسەر پانتاییەكی بەربڵاوی بۆ بیركردنەوەی خوێنەر بەجێهێشتووە، ئەمیش ئەو هاوكێشە كراوەیەیە كە لە تەوژمی ریالیزمی جادووییدا خوێنەر دەخاتە نێو بیركردنەوەیەكی قووڵەوە، مەحمود نەجمەدین بەم كۆمەڵە چیرۆكە، شوێنێكی تایبەتی بۆ خۆی لە چیرۆكی كوردیدا كردووەتەوە.

_________________

سەرچاوە:

۱- كۆمەڵە چیرۆكی دنیا سی پیتە.

مەحمود نەجمەدین. چاپەمەنی خانی.. چاپی یەكەم.

۲- دوا گفتوگۆكانی بۆرخیس و ئوسڤالدو فراری.

وەرگێڕانی لە فارسییەوە: رەئوف بێگەرد.

! ئەم بابەتە تایبەتە بە ماڵی کتێبی کوردی و بڵاوکردنەوەی بە ئاماژەدان بە سەرچاوە  ڕێگە پێدراوە.

درباره‌ی ماڵی کتێبی کوردی

همچنین ببینید

کتێبی «تابوتێک پڕ لە وەنەوشە» بڵاوکرایەوە

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *