
کۆڕی پەردەلادان لە کتێبی شانۆنامەی «چرۆ» بەرهەمی کوورش زارعی لە سنە بە ڕێوە چوو
ئەمڕۆ شەممە ۱۶ی جۆزەردان بە بەشداری نووسەری دیاری کوردستان دکتۆر قوتبەدین سادقی و هۆگرانی شانۆی کوردی، کۆڕی پەردەلادان لە شانۆنامەی «چرۆ» بەرهەمی کوورش زارع ڕەمشتی لە ئاکادمیای سادقی لە سنە بە ڕێوە چوو.
چرۆ گێڕانەوەیەکی مۆدێرن لە قەیرانی خۆکوشتنی ژنان لە ململانێی نەریت و قانووندا
شانۆنامەی چرۆ دووهەم بەرهەمی چاپکراوی کوورش زارعڕەمشتی نووسەر و شانۆنووسی هاوچەرخە و لەم دواییانەدا لە لایەن «٤٩ کتێب» لە وڵاتی سوید چاپ کراوە. ئەم بەرهەمە لە فۆرمێکی مۆدێرندا دارماتیزە کراوەتەوە. ئەم شانۆنامەیە بە ڕێبازێکی تازە و پرسیارئامێز باس لە پرسی ئاڵۆز و تاڵی خۆکوشتنی ژنان دەکات.
نووسەر لەم بەرهەمەدا، ئەم دیاردەیە لە دەرەوەی تێڕوانینی دەروونی یان تاکەکەسی پێناسە دەکاتەوە، و لە ڕایەڵەی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان پێناسەی دەکاتەوە. ئەو ململانێ دوو بۆچوونی لێکدژمان پیشان دەدات، لە لایەک عەقڵانییەتی پێش مۆدێرن و نەریتگەرایی کە لەسەر بنەمای بیروباوەڕی کۆن و لە لایەکی دیکەوە قانوون و زانست و ڕێبازێکی مۆدێرن، ئەم ململانێیە شانۆنامەکە دەگۆڕێت بۆ گۆڕەپانێک بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گوتارەکان.
ماڵی کتێبی کوردی