
مامۆستا عەزیز گەردی لە ئاوێنەی کتێبەکانیەوە

د. محەمەد یەعقووبی
بەشی سێهەم
لە دوای باس کردن لە پێوەندی نێوان ئەدەب و ڕەوانبێژی، باسەکەمان لە سەر شرۆڤەی ڕوونبێژی چڕ دەکەینەوە. ڕوونبێژی هەڵگری بابەتەکانی، لێکچواندن، خوازەو خواستن و درکەیە و هەرکام لەمانەیش دەستکردی سۆزن و سۆزیش لە دڵی ئەمانەدا جێی خۆی دەکاتەوە. پێچەوانەیشی، سۆز هەر کام لەمانە وە دەر دەخات و ئەیانهێنێت. نووسەر و هۆنەر و شاعیر بەم سازدەرە هونەرییانە، زمان گەوهەربەندی دەکەن و دیاری دەکەن بەرهەمەکە تەڕو پڕ دەچێتە دڵی خوێنەرەوە یان نا؟ ئایا نووسەر لە نووسیین و هونەرنواندندا ڕێبازێکی نوێی بەتاقی کردوەتەوە یان ڕێچکەی کەسانی دی دەپێوێت و شتێکی نوێی نەخولقاندووە؟ ئایا ڕێچکە شکێنە یان ڕێچکەڕۆی کەسانی دیکەیە؟ هۆنەر سازەکان بە جێ بەکارهێنراون یان نابەجێ جێیان گرتووە؟ ئایا بەرهەمەکە لە کێبرکێی جوانیدا، گرەوی جوانی بردوەتەوە؟ ئەگەر جوانە، شوێن و بنەڕەتی جوانیەکەی لە چیدایە و ئایا نووسەر توانیویەتی جۆشی دڵی بدا بە خوێنەر و خوێنەر لە هەست و سۆزی خۆیدا شەریک بکات؟ لەم بەشەیدا شتێکی سەرسووڕهێنەر کە بە لامەوە زۆر جێگای بایەخ بوو، ئەوەیە لەم بەشەدا مامۆستا عەزیز بە هێنانەوەی زۆرتر لە سەد پرسیاری بە جێ، بۆ خۆی زانست دە خوولقێتێت، چونکوو هەمووان دەزانین زانست لە پرسیاری نوێوە دەخولقێت، یان با وا بڵێم خودی پرسیاری نوێ، عەینی زانستە. مامۆستا گەردی بە ڕێزکردنی سەدان پرسباری بنەڕەتی و جوان جوان، زەین بەرەو خولقاندن دەبات، چونکوو خودی پرسیارەکە خولقێنەرە. لە لای مامۆستای پسپۆڕی ئاوەها، دەزانیت کاتێک دەڵێن پرسیار، زانست دەخولقێنێت واتاکەی چییە، لەبەر ئەوەی کاتێک پرسیارەکانی مامۆستا گەردی دەخوێنیتەوە، پێش لەوەی بچیتە ناوەڕۆکی باسەکەوە، لە پرسیارەکاندا تۆی زانستەکە وەشیاوەو لە بیری خوێنەردا پێشتر چەکەرەی کردووە. لێرەدایە دەزانیت زانست ڕیزکردنی ڕستەکان نییە، بەڵکوو وەگڕخستنی پرسیارە بنەڕەتییەکانە. لە پرسیارەکاندا زانستەکە چێ دەکات و بەو پرسیارانە فێرکاری زانستی ڕەوانبێژی بۆ خوێنەرەکان دەستەبەر دەکات. با لە بیرم نەچێت بە شاعیران و هونەرمەندانی دەڤەری نووسیینی هونەری شتێک بڵێم، ئەویش ئەوەیە ئەگەر ئەتانەوێت خۆتان بزانن چەندە لە هۆنینەەوەی هونەرەکەتان سەرکەوتوو یان ناسەرکەوتوون تکایە پێشەکی بەرگی یەکەمی ڕەوانبێژی مامۆستا گەردی بخوێننەوە بە ڕوونی بۆ خۆتان دەر دەکەوێت چەندە کارەکەتان هونەرییە یان ناهونەرییە. لە پێناسە کردنی زانستی ڕەوانبێژیدا بۆ کۆن دەگەڕێتەوەو پێناسەکەی لە بۆچوونی یۆنانییەکان و ئێرانییەکان و ڕۆم و هێند و کورد دێنێتەوەو بەو کارەی چەشنێک بەراوردکردنی شاراوەی لە نێوان پێناسەکاندا لە بەردەمی بەردەنگدا خستووە. بۆ خۆم کە ئەدەبی عەرەبم خوێندووەو ئەو پێناسانەم پێشتر دەزانی بۆم زۆر جێگای خۆش حاڵی بوو کە پێناسە قەدیمییەکەی کوردیشم لە ڕەوانبێژی لای مامۆستا گەردی وە دەس کەوت. لە پێناسەی کۆنی کوردی بۆ ڕەوانبێژی دەفەرموێت کورد دەڵێت: کوردێک ئامۆژیاری کوڕەکەی دەکات و دەڵێت ڕۆڵە گیان بەر لەوەی قسە بکەیت، قسەکەت، بیگێژە، بیبێژە، بیوێژە. ئینجا چاو لەو خوازەی ناسینەوە(استعارە شناختی) بە واتا لەیکافی_ جانسۆنییەکەی (خوازە لە ژیانی ڕۆژانەی ئێمەدا، نەک لە زماندا بە تەنێ، بەڵکوولە بیر و کردەیشماندا، بوونی هەیە. چییەتی و ماهییەتی سیستەمی چەمکی ئاسایی ئێمە، کە بیر و کردوەکانمان لە سەریان بنیات ناون، لە بنیاتدا خوازەیین) بکەن چەندە بە جوانی و بەکورتی و پوختی پێناسەی ڕەوانبێژی دەکات. واتە ڕۆڵە پێش لەوەی قسە بکەیت چۆن گەنم دەکەن بە سەرەنداو دەیخولێننەوەو ئەیگێژن و دوایی دەیکەن بە بیژنگداو دەیبێژن و ئەو وەختە پوخت دەبێت و بە کەڵکی ئەوە دێت کە لە گەرۆمەی ئاش بکرێت و بە ئارد بکرێت، ڕۆڵە گیان، قسەکەی تۆیش با بەم چەشنە بێت، پێش ئەوەی قسە بکەیت لێی ورد بەرەوە لە هەڵەو چەوتی و لە شتی زیادەو ناڕەسەن پاکژی بکەوە تا پوخت ئەبێت و جا بە پوختە دەری ببڕە. لەو ئامۆژگارییە پوختەدا، ڕەوانبێژی وەدەر دەکەوێت و پێشان دەدرێت کورد حەزی لە قسەی پڕوپووچ نەکردووە. ڕەوانبێژی ڕاستەقینەیش بیری وای ئەوێت. دوای ئەم باسانە دەپەرژێتە سەر پێناسەی زانستوان و کەسە زاناکان لە ڕەوانبێژی و بە چەشنێکی ڕێک و پێک، بیروڕای زۆرێکیان دێنێتەوە. ئینجا بۆ خۆی لە خوازەیەکی جوان کەڵک وەردگرێت و دەڵێت: نووسیین وەکوو گیاندار وایە، وشە لەش و ڕستە گیانیەتی، دیارە لەش و گیانیش بێ یەک نابن و بە بێ یەکتری هەڵناکەن، چونکوو ئەگەر شیرازەیان لەیەک بپچڕێت، گیان ئەبێتە هەناسەیەکی یەزدانی و لەشیش ئەبێتە تەرمێکی سارد و سڕی بێ هەست.ئەگەر وشە نەبێت ڕستە لە ناخەوە دەربکێشێت، ئەو ڕستەو گوزارەیە لە دونیای نهێنی دەرونا پەنگ دەخواتەوەو هەستی پێ ناکرێ، دیسان ئەگەر ڕستە نەبێت، گیانێک بکات بە بەر وشەدا، وشە ئەبێت بە قەپیلکێکی بێ کاکڵ و کەڵکی نابێت.بە کورتی ئەبێت، ڕستە پڕ بە پێستی وشە بێت. ئەو کاتەی وشە و ڕستە دەست لە ملان و شان بە شان دێن و هەست و سۆزی قسەکەر وەکوو ئاوی ڕەوان یان وەکوو کزەبای بەیان هەر ئەکشێ و هەر ئەکشێ تا ئەگاتە قووڵایی دڵی گوێگر، لەوێوە ئەگیرسێتەوە کە گیرسایەوە وە نەبێ بوەستێ بەڵکوو دەتەقێتەوەو دەتەنێتەوەو لە خوێن و خیچکاوی دەمارەکانیدا گینگڵە ئەداو لەبرەودا دەبێت تا هەر پارچەیەکی لەشی دەکات بە کوورە ئاگرێکی پڕ جۆشەوەو بۆ تەواوی گوێگر ڕائەکێشێ بۆ ئەوەی بکەوێتە سەر هەستی قسەکەرو ڕوو لە گەرووی ئەو بکات. هەر نووسیینێک ئەو کاتەی دەکەوێتە ژێر ئاڵای ڕەوانبێژی و دەنگ ئەداتەوە کە بچێتە نێو دڵی گوێگر و گوێگر بخاتە نێو هەست و سۆزێکەوە کە هیی نووسەرە واتە نووسەر توانای هاوبەش کردنی هەست و سۆزی خۆی لە گەڵ خوێنەردا بکات و خوێنەر وابزانێت ئەو هەستە هەر هیی خۆیەتی، ئەمەیچ هەر یەکێک لەو تیورانەی ڕەخنەی نوێیە کە یەکێک لە مەرجەکانی ئەدەبی بەرز و واڵایە. لە دوای ئەم باسانە دێتە سەر باسی لێکچواندن و چەشنەکانی کە دواییش دەپەرژێمە سەر چۆنیەتی باسکردنی ئەو باسە بنەڕەتییە ئەدەبیانە لە لایەن مامۆستا عەزیزەوە.
ماڵی کتێبی کوردی