
ژانڕی ڕۆمان وەک چاەرسەری مادەهٶشبەرەکان؛ شرۆڤەێیک لە سەر کتێبی “فڕێنی پەروانە”

ماجید ڕمووزی
نووسەری ڕۆمانی “فڕینی پەروانە” لە ژانڕی ڕۆمان بۆ چارەسەر و بنبڕکردنی کێشە کۆمەڵایەتیەکان، باشترین کەڵکی وەرگرتووە. نووسەر لەم ڕۆمانەدا وەک دەروونناسێکی بواری کۆمەڵایەتی وەک کۆمەڵناسێک بەوردبوونەوە لە کێشەی گەورەی ژنان و مادە هۆشبەرەکان بەجوانی لەژانڕی ڕۆمان و توانایەکانی ئەم ڕێبازی ئەدەبی کەڵکی وەرگرتووە. یەکێک لە زانایانی بواری ئەدبیات ئەڵێت: ئیتر سەردەمەی بەدی هاتنی فەیلەسووف و فەلسەفەی نوێ بەسەرچووە و نەماوە، ئەرکی دەربڕێنی فەلسەفەی نوێ و بەدیهاتنی فەیلەسوف لە رێگا و شوێنی ڕۆمانەوە و ڕۆماننووس بەدیدێت. دیارە ئیستا ئەم ئەرکە قورسە نراوەتە ئەستۆی ژانڕی ڕۆمان. بۆچی ڕۆمان وەها توانایی و کاریگەری هەیە؟ کاتێک بە ڕۆمانە ناوازەکانی جیهان وەک ئاناکارنینای تۆلستۆی، شەیتانەکان و برایانی کارامازۆڤی داستایۆڤسکی، خەوگەڕەکانی هێرمان برۆخ و گرەوی بەختی هەڵالەی عەتا نەهایی و زۆر بابەتی تر چاوئەخشینین، بۆمان دەرئەکەوێت کە بەڕاستی ڕۆمان ئەتوانێت و توانیوێەتی ئەم ئەرکە قورسە زۆر بە باشی بەڕێوە بەرێت و مرۆڤ لە دەمارگیری بێخۆ و کردەوی ناعەقڵانی دورخاتەوە . هەروەها دابەزینی بەهاکان لە کۆمەڵگا لە ناوەرۆکی ڕۆمانی “خەوگەڕەکان “بە باشی و ڕاشکاوی نێشان دراوە. خەیانەتی ژن و ئاکەمەکەی لە ڕۆمانی ئاناکارنینایش نموونەێکی ترە لە کاریگەری ئەم ژانڕە.
بەباوەڕی من نووسەری ڕۆمانی “فڕینی پەروانە” وەک زاناێیکی بواری سوسیولۆژی و زانستە کۆمەڵایەتیەکان بەناخی ژیان و هەڵس و کەوتی کەسایەتیە ژنەئالوودەبووکان لە زەمەنە بەسەرچووکانی تەمەنیان ڕۆچووە و هەروەها هۆجۆراوجۆرەکانی تووشبوون بە مادە هۆشبەرکان،بە چیرۆک گێڕاوەتەوە.
بەڕای زانایانی ئەم بوارە، “لەکۆمەڵگای کوردەواری بە هۆی داب و نەریت ومیراتی کۆنی ئەم مەڵبەندە، کێشەی مادە هوشبەرەکان نەدەبوو ببیندرایە و بە تایبەت لە ناو چینی ژنان”. بەڵام هەروەک لەم ڕۆمانەدا کە تا ڕادەێکی زۆر بە ڕێبازی ڕئالیستی و بەسەرهاتێکی راستەقینە نیشان دراوەو دیارە بە چەندین هٶی کۆمەڵایەتی و ڕامیاری مرۆڤی کوردی بە داخەوە تێوەگلاندوە. بۆیە ئەم ڕۆمانە لە جۆری خۆیا بە بڕوای من بە ئامانجی خۆی گەیشتووە و بەڕاستی سەرنج ڕاکێشە، ئەگەرچی لە باری تەکنیک، فۆڕم و گەڵالە و دەیان شێوە و ڕێباز و هونەری چیرۆک نووسین و لەباری هونەری ڕۆمان بەو ئامانجە نەگەێشتوە.
دیارە نووسەر خۆی لە جەرگەی شەڕ و بەرخۆدان لەدژی مادە هۆشبەرەکاندا بووە، بۆیە ئەم ڕۆمانە ئێجگار ڕووهەڵماڵراو بە ناخی رەش و تاریکی کێشەی ژنانی تووشبوو بە مادەهۆشبەرکان چۆتەخوارەوە، لەگەڵیان مردوەو زیندو بۆتەوە، شەوانی ساردی زستان لە کۆڵان و شەقام بوونی نەگبەتیانی دیووە و تەنانەت خۆفرۆشتنیانیشی بۆ وەدەستهێنانی چکێک هێرۆئین دیوە. ئەو تەنانەت دیویەتی کە چۆن مادە هۆشبەرەکان ئاوەز و عەقڵی مرۆڤەکان تا ئاستی ئاژەڵ بوون دائەبەزێنێت.
لە زۆر شوێنی ئەم رۆمانەدا کاروباری ناعقڵانی و هەروەها رەفتار و کردەوەی بێ ئاوزانەی ئەم کەسایەتیانەی ناو ئەم ڕۆمانە بەتایبەت ژنانی ئالوودەبوو عیبرەتێکی گەورەی مرۆڤایەتی لەپشتە. نووسەر کونە غاری تاریک و نووتکی ئالوودەبوون بە مادە هۆشبەرەکان و ژیانی سەگ مەرگی کەسایەتیەکانی وەها ئەگێڕێتەوە کە هەر مرۆڤیک سەرسام ئەکات.
نووسەر هەندێک جار وەک هەمووشتزانی بێسنوور دەرئەکەوێت و بەزمانی یەک دوانێک لە کەسایەتیەکانی ناو ڕۆمانەکە ئەدوێت. لە هەمان کاتدا، بە ڕوانگەیەکی پۆزێتیویستییەوە، کۆمەڵگا و تاکەکەس ئاگادار دەکاتەوە.
بۆ پەروانە کێشەی دوای تەرککردنی مادەهۆشبەرکان زۆر قووڵتر و ماڵوێرانکەرترە لە تووشبوونەی جاری ئەوڵ؛ پەروانە دوای چاک بوونەوە و پاک بوونەوە لە مادە هۆشبەرکان بەخۆیا دێتەوە و بۆ چارەسەری ئەم کێشە گەورە پەنائەباتە بەر میکانیسمێکی کۆنی لە سەر داب و نەریتی دیرۆکی کوردی، ئەوەیش بەدیهێنانی و دامەزراندنی رێخراوەکانی بواری کۆمەڵایەتیە، کە وەک میرات و دیرۆکی کۆنی کۆمەڵگای کوردی جێگای باس و خواسە.
ڕۆمان دەسئەنقەست یان پسپۆڕانە بە زمانێکی ئێجگار پاراووئەوتۆ ژیانی پەروانە ئەگێڕێتەوە. ناوەرۆکی ئەم ڕۆمانە وەها دڵهەژێنە کە خوێنەر قەتیس دائەمێنێت و لە خۆی ئەپرسێت بۆچی لە کۆمەڵگای کوردەواریش شتی واهەیە؟
لەباری شێوەی نووسینەوە ڕستەکان کورت و بێ پێچ و پڵووچن. کەسایەتیەکانی وەک مەریەم، لەیلا، دوکتور وریا، پەروانە، بێگەرد و نەسرین هتد لە ناو ئەم ڕۆمانەدا زۆر بە جوانی بەشێک لەم چیرۆکەی پڕ لە چارەڕەشی خۆیان ئەگێڕنەوە. یەکە دوێک لە کەسایەتیەکان هەندێجار بە زاراوەی کرماشانی و جاریوایشە بە زاراوەی سنەیی ئەدوێن ئەم شێوە گێڕانەوە بەشێکیتر لە جوانیەکانی ئەم ڕۆمانەیە دەرئەخات.
فلاش بەک (سەرنج لە ڕابردووی کەسایەتیەکان) زۆر جار و بەجوانی تووشبوو بە مادە هۆشبەرکان بەگێڕانەوەی ڕابردووی خۆیان بۆ گەیاندنی چەمکە کۆمەڵایەتیەکانی هۆی ئالوودەبوون بەباشی بەکار هاتووە.
نووسەر زۆر کات بە نیشاندانی کێشەکان لەڕوانگەی جۆراوجۆر و بوارەکانی ژیانی پەروانەی تووشبوو بەمادە هۆشبەرەکانەوە، کۆمەڵگای ئەمرۆ لە مەڕ پەروەردەی منداڵ و شێوەی ژیانی بنەماڵەکان ئەهەژێنێت. نووسەر کێشەی ماڵوێرانکەری مادە هۆشبەرەکان بە چیرۆکی ریئالیستیانە و هەڵماڵڕاو ئەگێڕتەوە کە ڕەنگە هیچکام لە میدیا جۆراوجۆرەکان نەیانتوانیبێت ئەوەها ئەم کێشە ماڵوێرانکەرە نیشانی بدەن. زۆر بە جوانی بە شێوەی زانستیانە ڕێگا تاقیکراوەکانی چارەسەرەکانی ئالوودەبوون تائێستا، ئەنێتە ژێر پرسیار و بە چیرۆک لەناو چیرۆکدا ئەگێڕێتەوە. نووسەر ئەڵێت کە ئەم ڕێگانە کە تا ئیستا بڕاون و رێبواری زۆر شکەستخواردوی بووە، لەم سەردەمە تەواو ئاڵۆزە بەکەڵک نایەت، ئەبێت وەک هەموو تاقیکراوەکانی بێ بنەما و بێ پەیوەندی بە داب و نەریتی کوردی وەلای نێین.
بەم هەموو قسەوباسانە، ڕۆمانی “فڕینی پەروانە” وەک ڕێنوێنێکی بواری زانستی ئالوودەبوون بەمادە هۆشبەرەکانەوە، پێویستە لە قوتابخانەکان بۆ هەموو مامۆستایان بەدەرس و وانە بووترێت و دوپات و چەنپات بکرێتەوە. بۆیە پێم وابێت جیا لە زۆر هۆی تووش بووی بە مادە هۆشبەرکان، هەڵسوکەوتی بنەماڵەکان هەروەها شێوەی ژیانی دایک و بابەکان پێشانگای بەرگری لەتووشبوونی منداڵەکان بە مادە هۆشبەرەکانن.
ئەگەر بێینە سەر هۆکانی تری تووشبوون، وەک دەسەڵات و وەک بەرپرسانی ڕاستەوخۆی ئەم کێشە ماڵوێرانکەرە، ئەوەی ئێستا لەم ڕەشاوی دابەزینی بەهاکان بە هۆی ئاوسانەوە(توڕم) و شەڕەوە پێش هاتووە، بێشک مرۆڤی بێدەسەڵاتی ئەم مەڵبەندە زۆر زیاتر لە خەڵکانی تری ئەم وڵاتە ئەخاتە ژێرباری قورسی ئەم کێشەوە. بە باوەڕی ئەز لەم سەردەمە بێخاوەن و ئاڵۆزەی ئێستا پەناکانی خۆمان و منداڵەکانمان بەرینە بەر فەرهەنگی واڵا نەک شتی پڕوپووچ، بۆیە ئەم ڕۆمانە بەکەڵکە.
ئەم بابەتە تایبەتە بە ماڵی کتێبی کوردی و بڵاوکردنەوەی بە ئاماژەدان بە سەرچاوە ڕێگە پێدراوە.
ماڵی کتێبی کوردی