
هەمووشتزانی بێسنوور، لەنێو “هەمووشتزانی بێسنوور”دا

سوهەیب عەلی
سهیدقادر هیدایەتی موعجیزەیەکە بۆ درەخستنی تواناییەکانی زمانی کوردی، تا چیدی ئێمە بیانوویەکمان بەدەستەوە نەبێ کە زمانی کوردی زمانی مێژوو، فەلسەفە، زاسنت، و… نییە و لە هەمووشی گرنگتر زمانی گێڕانەوە و ڕۆمان نییە و ڕۆمان نووسین بە زمانی کوردی ئەستەمە. کاتێ نووسهرێكی وا هەیە و ئەتوانێ بەشێک لە توانایی زمانی کوردی دەربخات کە لەوانەیە ئێمە قەد بە مێشکماندا نەهاتبێ و زمانمان پێی هەڵنەچەرخابێ، ئیدی ئەمجار ئەوە لاوازی لە ئێمەوەیە کە زمانمان بە سووک و هاسان گرتووە و زمانی کوردیمان بە گاڵتەجاڕی بەکارهێناوە. ئەمە لاوازی ئێمەیە کە لە ڕێنووسێکی سەرەتاییەوە تێناپەڕین بۆ وردبوونە و قووڵبوونەوە لە زماندا بەگشتی و لە زمانی کوردیدا بەتایبەتی. نامانەوێ بزانین مێژووی ئەم زمانە لەکوێوەیە و پێکهاتە و فۆرم و ساختاری چۆنچۆنینە و چ دەقگەلێکی پێ نووسراوە و چ گۆرانیگەلێکی پێ وتراوە و هەنووکەش چۆن ئەتوانین بە شێوازێکی دروست و ڕێکوپێک لەکاری بخەین و بە زینوویەتی ڕایبگرین و بە شێوازێکی داهێنانە ئەدەبیاتی پێ بخولقێنینەوە.
هەڵبەت ئەم بەکەم گرتنەی زمان پێم وابێ لەنێو جیلی تازەدا زۆرتر باوە. ئێمە وەک چۆن گرنگی بە ڕێنووس نادەین و بگرە کاتێ زۆرێ نازانن بە کوردی بنووسن، بە هەمان شێوەیش نووسەران و شاعران و خوێندکاران و… گرنگی بە ساختار و فۆرم و داڕشتنی وشە و ڕستە و بەگشتی گرنگی بە چۆن بەکارهێنانی زمان نادەن و لێرەشەوە گرنگی بە داهێنان و دەرخستنی توانایی زمانی خۆیان نادەن. پێم وابێ ئێمە لە سەردەمی ڕواڵەتدا ئەژین و قووڵایی گرنگییەکی ئەوتۆی نەماوە. کاتێ تۆ بە پەیجێکی ئینستاگرامی و بەدەرکەوتن لە کاناڵێکی تەلەفزیۆنیدا ئەتوانی بە قەدەر هەژار و هێمن مەشهوور بی، پێم وانییە بتەوێ پشتی خۆت بەوەوە بێشێنی کە وەک سهیدقادر هیدایەتی هەنبانەبۆرینەکەت بەدەستەوە بدڕێ هێندە دانیشی و وەک کتێبێک به وردی له سهرهتاوه تا كۆتایی بیحوێنییهوه! ئێمە لە سەردەمی پەلەپەل و هەڵپەهەڵپدا ئەژین. سەردەمێ لە بێ متمانەیی بە وشە و بە نووسین. وەکی چۆن خەڵکی ئەڵێن ئەدەبیات چ سوودێکی بۆ ئینسان نییە و هەرکەس کەوتە شوێن کتێب، شێت و بەدبەختە، بەو شێوەش نووسەرەکەش لە ژێر کاریگەری هەمان شتدا – بێ ئەوەی لەوانەیە بە خۆی بزانێ – خۆی پێ کەمە و نووسینی پێ کەمە و نووسراوەی پێ گرنگ نییە مەگەر تا ئەو ئاستەی کە تەرەفدار و جەماوەر بە دەوری خۆیدا کۆبکاتەوە!.
بەڵام سهیدقادر هیدایەتی وەک نووسەرێکی بەتوانا و با بڵێین وەکی مامۆستایەکیش کە بیەوێ ئێمە فێری نووسین بکات؛ بە تۆقی عەزازیل و بە گابۆڕ و دیکەی ڕۆمانەکانی، بێجگە لە هەموو خوێندنەوەکانی دیکە و ڕوانگەی دیکە بۆ بەرهەمەکانی، بیانووی بە ئێمەی قەڵەمبەدەس نەهێشتەوە کە چیدی بە سووک بڕوانین بۆ وشە و ڕستە و بە سووک بڕوانین بۆ بەکارهێنان و لەکارخستنی زمان. بیانووی ئەوەی پێ نەهێشتین کە لاوازیی خۆمان بکەین بە خەتای خوێنەر و وڵات و زمانی کوردی و نەبوونی حکوومەت و نەبوونی زانکۆ و… ڕاستە تاڵە بەڵام؛ خەتا لە نەخوێندەواری نووسەرەکانەوەیە.
بە کورتی لێرەدا ئەمەوێ بپەرژێمە سەر تازەترین ڕۆمانی هیدایەتی بەناوی: «هەمووشت زانی بێسنوور» و بە پێشەکییەشمدا دیارە کە ئەمەوێ لە گۆشەنیگایەکی دیکەوە سەیری ئەم ڕۆمانە بکەم و زۆرتر باسێک بێ لە دەردەدڵی خۆم لەگەڵ هاوڕێیانی قەڵەم بە دەستدا، تا باسێکی زانستی لەسەر ڕۆمانەکە. هەرچەن دیارە پەرژانە سەر جۆری گێڕانەوە و تەکنیکی گێڕانەوە و فۆرم و ساختاری ئەم ڕۆمانە بە گشتی پێویستی بە وتاری زانستی دیکە هەیە و ئەوەش دیارە کە کەسانی دیکە لەسەری ئەنووسن. کەسانی شارەزا باشتر ئەتوانن ئەم هەلە بگوازنەوە بۆ نووسەران و ڕۆماننووسانی کورد کە ئەم بەرهەمە چۆن و بە چ شێوازێ داهێنانەیە و چۆن ئەتوانێ خزمەت بە داهاتووی گێڕانەوە و ڕیوایەتی کوردی بکات. بەڵام باسەکەی من ئەمەیە: چۆن وشە بەکار بێنین؟ یان چۆن بنووسین؟ ئەم ساکارترین ئیشەی دونیا کە تەنانەت ئێستە زیرەکی دەستکردیش ئەتوانێ بیکا، چۆن بکەین بە شاکارێکی هونەری، چۆن بیکەین بە ئەدەبیات، چۆن بیکەین بە کتێب. ئەم نووسینە کە هەموومان بە بەدیهی گرتوومانە و هێشتا پێمان وایە لەوانەیە بەهرەیەکی خوایی بێ، یان جنۆکەیەک و فریشتەیەک پێمان ئیلهام بکات و ئیدی ئێمە پاڵمان لێدابێتەوە و تەمرین و ڕاهێنانی لەسەر نەکەین، چۆن ببێ بە بێستوونی عەشقێک و پێویستی بە فەرهادێک ببێ کە عاشقانە لە پێناویدا هۆش و زەکاوەت و زیرەکی و کات و ساتی خۆی بۆ دابنێ. دیارە ئەمەوێ بێ هیچ شەرم و بێ هیچ ڕوودەربایسییەک بڵێم؛ ئەم ڕۆمانە ئەیەوێ ئێمە فێری نووسین بکات/بکاتەوە. تەنانەت نووسەرەکان زۆرتر. چ بگا بەو کەسانەی خولیای نووسینیان لەسەردایە و ئەیانەوێ فێر ببن کە بنووسن و ڕیوایەت بگێڕنەوە. ئەمەش هیچ لە گرنگی ڕۆمانەکە کەم ناکاتەوە و ڕۆمان لە جێگەی خۆیدا ڕۆمانە. تۆ هەمووشت زان وەک ڕۆمانێکی کوردی و بەرهەمی تازەی نووسهر ئەخوێنیتەوە. بەڵام دیارە باسەکەی من لەسەر ئەم ڕۆمانە بنەڕەتییە و ئەمەوێ لە گۆشەنیگای خۆمەوە باس لە بابەتەکەی بکەم. هەرچەن دیاریشە نامەوێ خوێندنەوەی خۆمی بەسەردا بسەپێنم و لەوانەیە کەسانی دیکە بە هیچ شێوازێ ئەم خوێندنەوەی من قەبووڵ نەکەن، بەڵام ئیدی وەک وتم ئەمە خوێندنەوەی منە و من پێم وایە هەمووشت زان بەڵێ ڕۆمانە، بەڵام ڕۆمانێکی کە لەم سەردەمەی نوێدا ڕەخنەیەکی جیددییە لە قەڵەمبەدەستانی ئێستای ئێمە و لە هەمان کاتیشدا کۆرسێکی زانکۆییە بۆ فێرکاری نووسین.
نووسین بە قەداسەتی پێشامودێڕنیەوە. نووسین بە گرنگی پێشامیدیاییەوە. نووسین کاتێ بە «و مِن ربّە کلمات»ـەوە دەست پێدەکات. واتە سهیدقادر هیدایەتی وەک ئێمەی سەردەمی میدیا و سەردەمی پەلەپەل و هەڵپەهەڵپ و سەردەمی کامێنت و کەپشن، چاو لە زمان ناکات. ئەو ڕێک وەک قاڵیچنێکی هەزاران ساڵ پێش بە حەوسەڵە چاو لە نەقش و نیگاری بەرهەمەکەی ئەکات و ئەڵێی خەتاتێکی تەواو ئوستادە و هیچ پەلەی نییە لەوەدا کە «ن»ـێ بە سەدان شێوە داڕێژێتەوە و بەڵام جوان دایبڕێژێتەوە. تۆی نووسەر یان قەڵەمبەدەس کاتێ هەمووشت زان ئەخوێنیتەوە، یەکەم شت کە ئەبێ سەرنجی بدەی ئەو ساختمانە جوان و ڕێک و پێکەیە کە بە وشە بونیاد نراوە. ڕێنووس لە جێی خۆیدایە و ڕێزمان لەجێی خۆیدایە. وشەکان وەها نین وەک ئەم نووسراوەی من تەنانەت، کە ئەگەر لێزان و شارەزایەکی زمانزانی کورد بێت و تەماشای بکات بڵێ؛ ئەوە چۆن ئاوا بێ یاسا و ڕێسا ئەم وشانەی لەپاڵ یەکدا ڕیز کردووە؟. بە پێچەوانەوە ئەڵێی؛ مامۆستایەکی سەختگیر و تووڕە بەسەریەوە بووە و نەیهێشتووە وشە قاچی لار دانێت و پڕاوپڕ بە یاسا و بنەمای ڕێزمانی ڕۆشتووەتە پێشەوە. واتە نایەوێ وەک هەندێ نووسەر، کە بەڕاستی لە ڕێزمان و یاسا و ڕێساکەی نازانن، خۆی لەژێر ناوی داهێنانی ساختە و ساختارشکەنی ساختە و درۆیینەدا بشارێتەوە. ئەو ڕێزمان ئەزانێ. زمان ئەزانێ. چۆنییەتی بەکارهێنانی وشەکان هێندە دەقیق و ڕێکوپێکن کە ناتوانی ئیرادی ئەوەی لێبگری کە دەبوو ئەم کردارە لە پێش ئەم ئاوەڵناوەوە بوایە و ئەم جێناوە هەڵەیە و ئەم کردارە تێپەڕە و نابێ تێپەڕ بایە. خۆ ئەگەریش داهێنانی کردبێ کە کردوویەتی، ئەوە لە ڕووی زانینەوەیە و زانیویەتی چی بکا و چۆن بکات. زانیویەتی پێی لەسەر مێژووی دەق و وشە داناوە و هەنگاوی دواتر کە بەرپرسیارێتی هەڵێنانەوەی لە ئەستۆی ئەمدایە، ئەبێ چۆن هەڵێنێتەوە و چۆن پێی دانێ. واتە خۆی ئەزانێ کوێ داهێنانە و لەکوێدا ئەبێ بکرێ. ئەزانێ پێشتر چی کراوە و ئێستە ئەبێ چی بکرێ و دواتر چی ئەکرێ. خۆ ئەگەر وانەبێ، هەرچی نەزانینە ئیدی داهێنانە و بگرە کۆمێنتنووسەکان کە بە زۆر ڕێنووسێکی ئاسایی ئەزانن، باشترین داهێنەرانی ئەم زمانە کوردییەن. چوون هێندە بێ سەر و بەر ئەنووسن، ڕێک لە شێعری هەندێ شاعر و مەتنی هەندێ نووسەر ئەکەن. بە کورتی و بەگشتی تۆ کاتێ ئەم ڕۆمانە ئەخوێنییەوە ڕێک ئەزانی لە هەورامانێکی ڕەسەنی مێعماریدای بە وشە و ڕستە و قەداسەتی بونیاتنانی نووسین. نووسین وەک پیشە و نووسین وەک تەمرین و ڕاهێنان و نووسین وەک ئینقلاب و ئێعتراز و نووسین وەک بەگژ نەریتی باودا چوونەوە و نووسین وەک ئەخلاق و نووسین وەک مێژوو و نووسین وەک عەقڵ و ژیری و بیرکردنەوە و نووسین وەک خەیاڵ و نووسین وەک گێڕانەوە. دواتر دیارە ئێمە لە چیرۆکێکی سەیرداین، لێرە هەرچی هەیە وشەیە. [ل: ٧٦] لەنێو شانە مێروولەی وشەداین. ئەو شانە مێروولەیەی کە بۆ خۆی چ بمانەوێ و چ نەمانەوێ نیزام و سیستمی تایبەت بەخۆی هەیە. هەر بۆیە یەکەم خاڵی گرنگ بۆ نووسینیش لێرەوە دەست پێدەکات. لەیەکەم ڕستەی ئەم ڕۆمانەوە. وشە و چۆنییەتی بەکارهێنانی وشە. “ئێمە لە چیرۆکێکی سەیرداین. لێرە هەرچی هەیە وشەیە”. وشە بۆ خۆیان ئازادانە دێن و ئەچن و ڕیوایەت بەرەو پێش دەبەن و نووسهر بڕوای لەسەر ئەوەیە کە تەنانەت نازانێ ڕستەی دواتر چییە و چۆنە و پێی وایە ئەبێ ڕاوەستین بزانین چ دەبێ.«لێگەڕێن چیرۆکەکە بۆخۆی ڕوو بدا…»{ل: ١١٢} کاراکتر هەمان وشەیە. وشە هەمان کەسایەتییە کە بۆ وێنە هەڵاڵە لە گرەوی بەختی هەڵاڵەدا و عەبدولموتەلیب لە گابۆڕدا. واتە چۆن عەبدولموتەلیب لە گابۆڕدا هەر وشەیە و کەچی ئێمە حەسێبی کەسێکی ڕاستەقینەی بۆ دەکەین، لێرەدا وشە ئەو ڕۆڵە ئەگێڕێ و ئێمە ئەبێ هەمان هەست و نەست بە نیسبەتی وشەوە بگرین. ئەم ڕۆمانە وشەمێحوەرە و ڕستە دەگێڕێتەوە. هەموو شتەکان تەنها لە وشە و ڕستەدا ئەقۆمێن. کاراکترەکان هەموو وشەن و هیچی دی. ئایا خوێنەر ڕاهاتووە لەگەڵ وشەدا و لەگەڵ ڕستەدا بچێتە نێو چیرۆکەوە؟ ئایا بۆی تەحەموڵ ئەکرێ هەموو شت تەنها وشە بێ.؟ عەشق وشە بێ؟ برسییەتی وشە بێ؟ نەخۆشین و بیمارستان و پادگانی سەرباز وشە بێ؟ زیندان وشەیە ئاخۆ؟ گرتن و کوشتن و تێهەڵدان وشەیە؟ وشەگرتووخانەشمان هەیە ئاخۆ؟ هەڵسەنگاندن، هەڵگڵۆفاندن، هەڵچەرخاندن، هەڵسووڕاندن، هەڵکڕاندن، هەڵچەقاندن، هەڵخڕاندن، هەڵگەڕاندن، هەڵخولاندن، هەڵپێچاندن، هەڵجەڕاندن، هەڵدڕاندن، هەڵقرتاندن، هەڵچۆڕاندن، هەڵوشکاندن، هەڵڕشاندن، ئاخۆ هەموو ئەمانە بە وشە ئەکرێ؟ من وشەم، تۆ وشەی، هەموو شتێک وشەیە.؟ ئەرێ ئەکرێ هەموو شت وشە بێ. سەرەتا وشە بوو. وشە لای خودا بوو. خودا وشە بوو. {سەرەتای ئینجیلی یوحەننا} سهیدقادرهیدایهتی ئەتوانێ هەموو شت بە وشە بکات. هەر لە سەرەتای ڕۆمانەکەیدا سەربازێ ئەنووسێت و هەر ئەو سەربازە وشە بە وشە و ڕستە بە ڕستە ئێمە ٢٦٣ لاپەڕە لەگەڵ خۆی دەبات. ئەو سەربازەی کە ئەتوانێ سێهەم کەس بێت و یەکەم کەس بێت و من بێت و فێر ببێت و تووڕە ببێت و لە پادگان ڕا بکات و کڵاوەکەی ون بکات و سەدان ڕووداوی دیکە بەسەر خۆی و ئێمەشدا بێنێ. ئەتوانێ تەنانەت وشە عاشق بکات. وشە بگرێ و لە زیندانی بهاوێژێ. وشە وەک شانە مێروولەیەک بگێڕێتەوە و بیکا بە ڕۆمانێکی شانۆنامەیی و لە زاری مێروولەکانییەوە قسە بکات. ئەتوانێ لە بیست هەزار ساڵ پێشدا فڕۆکەیەک بۆ عەمەلیاتێکی خێرا هەڵسێنێ و بیگەیەنێتە پادگانێکی سەربازی کە دووسەد و شتێ سەربازی تێدا ڕیز کردووە. ئەتوانێ جلشۆرکەی وشە ڕۆشن بکات وشەی تێ بهاوێژێ و هەڵیسووڕێنێ و هەڵیسووڕێنێ و هەڵیسووڕێنێ و وشکی کاتەوە و وشکی کاتەوە و وشکی کاتەوە و تۆ بیبینی و دەنگەکەشی ببیستی. {ل: ١٤٥} ئەتوانێ سەربازێ لە بیست هەزار ساڵ پێشدا بباتە ڕستۆرانی لاپەڕە ٨٢ و لەو ڕستۆرانەدا عاشقی بکات و بۆ تا ئەبەد دڵی لەو لاپەڕەیەدا بهێڵێتەوە. ئەمە هێزی سهیدقادرهیدایهتییه کە شاعرانە و بە شێوازی ئاشنایی سڕینەوەی کی جوان ئەزانێ ناوکی وشە کەوتبێ یان نا. «وابزانم وشەم کەوتووە؛ تۆ نازانی وشە بێنیتەوە؟» ئەمە زانستی نووسهره کە ئەزانێ «پێموانییە وشە ببێ کێشەیەکی دەروونی نەبێ» و پێی وابێ ئەبێ ببرێتە لای دەروونناس و ئەبێ شێوازی مردنی بگۆڕێت و خۆی ببوێرێ لە بیرکردنەوەی ناخۆش و ئسترس و قاوە و سیگاریش نەخوات. نووسهر پێی وایە؛ «وشە بوونەوەرێکی سەیرە./ وایە. جاری وایە بە ڕواڵەت و بە لەش تەندروستە، کەچی دەبینی هاوارێکی لێرەیە و هاوارێکی لە بەشی یەکە./ سەیریشە. بڵێی بۆ وابێ؟ هێندێک پێیانوایە کێشەی دەروونی هی ترۆمایەکی نادیارە لە ڕابردووی وشەدا و…» {ل: ١٩٢} هەر لێرەوەیە ئێمە ئاشنا دەکات لەگەڵ مێژووی وشەدا. وشە لای ئهو مێژووی هەیە. مێژوویەکی دوور و درێژ؛ «مێژووی وشە تەژیە لەو لاپەڕانەی وا لە هەر ڕستە و پەراوێزێکیاندا سەدان لەتە سواڵەت لە دڵی شکاوی ئەم وشە و ئەو وشە بەجێ ماوە./ مێژووی وشە بۆ ئاوایە؟/ مێژوو لەت و کوتە؛ هەر لەتێکی لە ڕستەیەکدا و هەر کوتێکی لە قوژبنێکدا بەجێ ماوە.»{ل: ١٠٥} سهیدقادر وەک فیقهولوغەت زانێکی بەتوانا سەرنجی ئێمە بەرەو لای ڕیشە و ئەسڵ و ئەساس و بنەمای زمانناسی و وشەناسی و گۆڕانکاری مێژوویی وشەکان و ڕستەسازدان و… ڕادەکێشێ. ئەو پێی وایە تەنانەت تێکڕای مێژوو وشەیە. تێکڕای حەقێقەت وشەیە. مێژوویش هیچ نییە بێجگە لە لەتوکوتییەکی بەربڵاو لە نێو ڕستەی جۆراوجۆردا. لە نێو هەموو زمانەکاندا و لە نێو هەموو چیرۆکەکاندا. ئاخۆ ئەمە قسەیەکی فیلسووفانەی گرنگ نییە لەسەر حەقێقەت و لەسەر مێژوو و لەسەر وشە؟. بێگومان بەڵێ. بێگومان زۆر فیلسووفانە توانیویەتی تەماشای وشە و حەقێقەت و مێژوویش بکات و بڵێ: حەقێقەت بەربڵاو و لەتوکوتە و لەتوکوتەکەیشی نە لای کەس و مەکتەبێ؛ بەڵکە لەنێو ڕستەی جۆراوجۆردایە. ئەوەیە توانیویەتی ئەو کەشفە گرینگەش بکات کە ئەڵێ: هەر وشەیەک زۆر چیرۆکی بۆ گێڕانەوە پێیە؛ بەڵام وشە با چیرۆکی خۆیان لە ژێر دەیان قسە و باسی لاوەکیدا بشارنەوە»{ل: ١١٦} چیرۆک چییە بێجگە لە وشەی بەدوای یەکدا هاتوو؟ ئەمە ئێمە لە نێو وشەکانداین و خۆمان ڕیوایەت دەکەین. بە هەموو بەربڵاوی وشەکانمانەوە. بە زمانی جیاواز و لە شوێن و کاتی جیاوازدا. «مێژووی ڕستە و وشە پڕە لە وشە خنکاو و پەراوێزخراوەکان.» و «هەر وشەیەک کەسایەتییەکە». لێرا خوێنەرە کە ئەتوانێ بڕیار بدات کە ئاخۆ ئەچێتە نێو دونیای دەقەوە یان خۆی بەدوور دەگرێ لە دەق. ئەگەر خوێنەر بچێتە نێو دونیای دەقەوە ئەوە بێگومان ئەو سەربازەی سەرەتا کە بە نووسراوە هاتە نێو ئەم چیرۆکەوە، چیدی نووسراوە نییە و کەسایەتییە. وەک چۆن ئەوە نووسەری باشە کە ئەتوانێ کاراکترێکی کە تەنها لە نووسیندا هەیە – وەکی هەڵاڵە و یان عەبدولموتەلیب و یان دونکیشوتی سیروانتس – بکات بە کەسایەتییەکی ناودار و بیهێنێتە نێو دونیای مرۆڤەکانەوە. بە کورتی پێی وایە لە مێژووی وشەدا: «هیچ وشەیەک هاوتا و هاوواتای هیچ وشەیەکی دیکە نییە، هەر وشەیەک تاق و بێ هاوتایە، هیچ وشەیەک جێگای هیچ وشەیەکی بۆ پڕ نابێتەوە…. هیچ وشەیەک دووپاتەی وشەیەکی تر نییە. هەر وشەیەک هەستێکی تایبەت لەسەر بیسەر و بینەر بەدی دێنێ. وشە هەرکام ڕواڵەت و دەروونی شاراوەی خۆیان هەیە؛ تێکەڵی ڕواڵەت و دەروون، پێکهاتەیەکی نامۆ و تێکتەنراو بەدی دێنێ. بۆیە هەر وشەیەک لە هەر ڕستەیەکدا دەتوانێ هەستێکی تایبەت بەدی بێنێ. کەوابوو نەتەنیا وشەکان هاوتا نین، بەڵکوو هەر وشەیەک دەتوانێ بێ بڕانەوە واتا و هەست بەدی بێنێ.»{ل: ٩٧} هیچکام لەم قسانە، قسەی بێ بنەما نین و هەرکام لەمانە بە کتێب و بە مەقالاتی زۆر لەسەریان نووسراوە لە ئەدەبیات و ڕەخنەی ئەدەبی و دەروونناسی و زمانناسی و…دا و باسیان لێ کراوە. ئەوەیە لەم ڕۆمانەدا ئەبێ وشە هەست پێ بکەینەوە. سەرلەنوێ وشە بدۆزینەوە. وشە بخوێنینەوە. وەک وشە بیبینین و لە هەمان کاتیشدا پێمان کەسایەتی نێو چیرۆک بێ. ئێمە لە چیرۆکێکی سەیرداین. هێندە سەیر کە ئەڵێی سەرەتای هەبووتی مرۆڤە بۆ سەر زەوی و سەرەتای ناسین و پێناسەی هەموو شتە. ئەم چیرۆکە ئەڵێی فیلمێکە و پێمان پیشان ئەدات دەستپێکی خیلقەت چۆن و لەکوێوە و بۆ کوێ و زەمەن، چ کات و سەردەم، چ سەردەمێک و مرۆڤ چۆن داردارەی کرد و گەورە بووی و عەشقی ناسی و شەڕی ناسی و مردنی ناسی. ئەوەیە لێرە لەم چیرۆکەدا «تەنانەت نیشانەکان و وشەکانیش هەموو کەسایەتین.» لە عەلامەتی تەعەجوب و نوقتە و عەلامەتی پرسیارەوە بگرە، تا سەرباز و ژنراڵ و هەمووشت زانی بێسنوور و…
جا لێرەوە ئەچینە نێو دوو باسی قووڵی دیکە کە بەڕاس زانایانە و قووڵە. باسەکان لە دەروونناسی نووسەردا و بگرە لە فەلسەفەی نووسینیشدا زۆر گرنگن و زۆر زانایانە و بە کورت و پوختی ئەیەوێ ئێمە تێگەیەنێ. هەر دوو بابەتەکەش پێوەندیان بەم خاڵە سەرەتاییەوە هەیە کە وەک وتم یەکەم خاڵە بۆ نووسین و نووسەر بوون. ئەم دوو خاڵەش یەکەم باسی سانسۆڕە و دووهەم باسی جەبر و مەجبووری نووسەرە؛
پێی وایە لەژێر گوشاری سانسۆڕیشدا و تەنانەت لە زیندانی وشەشدا هەر ئەبێ وشە ڕسالەتی خۆی بەڕێوە ببات. نووسهر پێی وایە هیچ هێزێ ناتوانێ بەر بە «وشەیەکی تر» بگرێ. ئەو وشەی ترە هەر ڕۆژێ خۆی ئەنوێنێ و دەرئەکەوێ. «بۆ دژی عەقڵی لە ڕستەدا؟/عەقڵ وشەکان ڕێک دەگووشێ و تەڕاییان تێدا ناهێڵێ./ بەڵام وشە عاقڵ و زانابێ باشترە./ لەم چیرۆکەدا عەقڵ بۆ وشەیەکی تر نییە؟/ ڕەنگە جارێ نەخرابێتە وشەنامەی هەمووشت زانی بێ سنوورەوە.»{ل: ٤٩} واتە هەمووشت زان ئەگەرچی لە بیست و پێنج هەزار و دووسەد و حەفتا و نۆ ساڵ لەوە پێشیشدا دەستووری ئەوەی دابێ کە هەموو چیرۆکێ پێش بڵاو بوونەوەی بچێتەوە بەڕدەستی و ئەو بە وردی لێی ڕامێنێ و هەمووشتی پێ هەڵەبێ و «دونیا لەپێش چاوی ئەم کابرایە وشەیەکە پڕ لە هەڵە و خواروخێچی» و هەرکات وشەی ژن یان ناوێکی ژنانە ببینێ ئەیسڕێتەوە و هەرچی بەدڵ نەبێ ئەیباتەوە بۆ وشەنامە،{ل: ٥٥ و ٥٦ و ٥٧} بەڵام کێ هەیە و کامە هێز بتوانێ بەربە وشە بگرێ و بەربە ڕیوایەتی وشە بگرێ؟. کامە هێز توانیویەتی چیرۆک گێڕانەوە قەدەغە بکات؟ بەربە گێڕانەوەی حیکایەت و داستان بگرێ؟ لەوانەیە تەنها هێزێ بتوانێ ئەوە بکات، نووسەری خراپ بێت، نەک دیکتاتۆرەکان و دەسەڵاتەکان. نووسەرێ کە نەزانێ کە ئەتوانێ تەنانەت قەدەغەترین شتەکانیش لەژێر ناوی وشەیەکی دیکەدا/«وشەیەکی تر»، یان بە سەدان فێڵ و تەڵەکەی داهێنانە و گۆڕینی گۆشەنیگاکان. یان بە چیرۆکێکی مێژوویی کە بیست هەزار ساڵ پێشتر نەقۆمی بێ و تۆ بیقۆمێنی و سەربازی تێبێنی و ئوردووگا و زیندان و سانسۆڕی تێدا درووست بکەیت. نەهێڵی ژیانی تێدابێ و نەهێڵی ژنی تێدابێ و نەهێڵی ئازادی تێدابێ. گوایە لەم ڕۆمانە تێناگەین ئەیەوێ چی بڵێ؟ گوایە نووسەر ئەتوانێ سەدان شتی نەوتراو بڵێ بێ ئەوەی بیەوێ بیڵێ؟ بەڵێ ئەتوانێ و نووسەری بەتوانا ئەوەیە نەوتراوەکانی لە وتراوەکانی زۆرتر بێ.
دووهەم باسیش ئەوەیە کە سهیدقادرهیدایهتی پێی وایە؛ بەڵێ نووسەر ئەتوانێ دەستێوەردان بکات و وابزانێ ئەتوانێ یان خۆڕسک و تەنها بە دەسەڵاتی خۆی؛ وشەیەک لە پاڵ وشەیەکی دیکەدا دابنێ، بەڵام لە ڕاستیدا هەمیشە بەم شێوە نییە. ئەی چۆنە؟ تکایە با سەرنجێکی ورد بدەین و بە باشی لەم باسەدا قووڵ ببینەوە. پێی وایە؛ نووسەر هەندێ جار بوونەوەرێکی مەجبوورە. بێ هیچ دەسەڵات و ئیختیارێک. واتە؛ جەبری فەلسەفی ڕێگای پێ ئەگرێ بۆ ئەوەی دەسەڵاتی خۆی ڕادەستی دەسەڵاتی وشە بکات. جا بێگومان ئەمە نووسەری بەتوانا بەو شێوەیە و ئێمەش ئەگەر ئەمانەوێ نووسەری بەتوانا بین ئەبێ ڕاهێنانی لەسەر بکەین و نووسەر هەتا بەتواناتر، لەبەرانبەر وشەدا بێدەسەڵاتتر. نووسەر ئەبێ بێڵێ «وشە دەبێ دەسەڵاتی ببێ و خۆی بەسەرهاتی خۆی بەدی بێنێ»{ل: ١٠٢}. واتە جێگای نووسەر هێندەش خۆش نییە کە ئێمە وائەزانین. یان با بڵێم: نووسەر نابێ وابزانێ لە جێگایەکی خۆشدا دانیشتووە و ئیدی ئەم خودایەکە و هیچ بەربەستێکی بۆ نییە. نا! لەبەر دوو هۆکار نووسەر نابێ ئەو هەستەی ببێ. یەکەم لەبەر هەبوونی سانسۆڕ{ل: ٨٨}، دووهەم لەبەر نەبوونی ئازادی و ئیختیار لەڕیزکردنی وشەکاندا. ئەڵێ: وشە ئەبێ دەسەڵاتی خۆی ببێ و نابێ من ئەو دەسەڵاتەی لێ بگرمەوە و بۆ خۆم بەسەرهاتی بەسەردا بسەپێنم. بۆ وێنە تۆ کاتێ ئەتەوێ بنووسی: «ڕستە بریتی نییە لەکۆی وشەکانی»، بەدانانی وشەی «ڕستە»، وات زانیوە ئەوە تۆی کە وشەی «بریتی»ـت بەشوێندا هێناوە. لەکاتێکدا بۆ نووسەری بەتوانا، ئەوە وشەی «ڕستەیە» کە وشەی «بریتی» بەشوێن خۆیدا هێناوە. هەروەها؛ وشەی «بریتی»، وشەی «نییە»، و وشەی «نییە»، وشەی «لەکۆی» و هەرواتر «وشەکانی» بەدوای خۆیدا هێناوە. لێرایە نووسەر زۆر بێدەسەڵاتە. نووسەر بە هەمان شێوە کە سانسۆڕ وشەکانی دەسڕێتەوە، نووسەربوونی خۆشی وشەی پێ دەکار دەکا. واتە چوون نووسەرە؛ ناچارە لەوەی وشەیەکی بەکارهێنا _ وەک نەقاشێ کاتێ ڕەنگێکی ڕێژایە سەر مۆمی نەقاشییەکەی، چیدی ئەو ڕەنگە بۆی دیاری ئەکات کام ڕەنگی دیکە بەدوایدابێ _ دەسەڵاتی خۆی ڕادەستی ئەو وشە بکا و بێڵێ کە وشەکانی دیکەش بەدوایدا بێن. ئەگەر نموونەیەکی بەرچاو بێنمەوە: شوعاری ژن، ژیان، ئازادی دێنمەوە. داڕشتنی وشەی ژن، ژیانی بەدوای خۆیدا هێناوە و ژیانیش وشەی ئازادی. جا ئیدی سانسۆڕ ڕێی پێ دەگرێ یان نا، گرنگ نییە. نووسەر ناترسێ لەوەی سانسۆڕ ڕێی پێ دەگرێ یان نا. نووسەر خیانەت بە دەسەڵاتی وشە ناکات. وشەی ژن، ژیانی هێناوە و وشەی ژیان، ئازادی. ئیدی ئەم دەسەڵاتە؛ لە دەسەڵاتی نووسەر بەدەرە. وەک چۆن لێرایە ئەزانین کە «ڕستە بریتی نییە لە کۆی وشەکان» و بریتیش نییە لە هەموو دەسەڵاتی نووسەر.(لێرەدا ئەتوانین موئەلف چییەی فۆکۆ بێنینەوە بیر). ئەم ڕستەیە زۆر ئاگاهانە و ژیرانە بەکار هێنراوە. هەرچەن دیارە بابەتێکی ترە و من نامەوێ بچمە نێو ئەو بابەتەوە. ئەوە پێوەندی بە ڕەخنەی ئەدەبییەوە هەیە و هێرمنۆتیک و ساختارگەرایی و… کە واتا چییە، و واتا چۆن ئەخولقێ، مەتن تەنها مەتنە، یان ئیرجاعە بەدەریشەوە و یان نا و … زۆر بابەتی دیکە. بەڵام ئەوەی لێرەدا من ئاماژەی پێ ئەکەم ئەوەیە؛ دەسەڵات لە نووسەرەوە ڕادەستی وشە ئەکرێ، وشە بۆ خۆی بەسەرهاتی خۆی دەگێڕێتەوە و وشەی دیکە بەدوای خۆیدا ڕیز دەکات و ڕستە ساز دەکات. ئەوجار ئیدی دەسەڵات لە دەستی وشەشدا نامێنێ. دەسەڵات ئەمجار بەدەستی ڕستەوەیە. یان با بڵێم؛ وشە لە نووسەر یاخی دەبێت بەرەو ڕستە و ڕستەش بۆ خۆی چیدی کەس نییە ڕاگیری بکات و ئیدی دەسەڵات لە دەستی خۆیدایە. واتە ڕستەش یاخییە و ئەگەر وشە ویستوویەتی بە کۆی خۆی، ڕستە ساز بکات و ڕستە هەمان بێ کە کۆی وشەکان، ئەوە بێگومان بەو شێوەیەش نییە و ڕستە بریتی نییە لەکۆی وشەکان و ڕستە کەس نازانێ سەر بە کام واتایە و واتا هیچکەس بۆی ڕاگیر ناکرێ. »سەرباز: یانی چۆن؟ من: ڕستە هەمیشە شتێکی زیاترە لەکۆی وشەکان. سەرباز: چی زیاترە؟ من: هەستێک، تامێک، بۆنێک، واتایەک…” کەوابوو: لەم چیرۆکەدا وشە ئەوە ئەکات کە ئەبێ بیکات و هیچ هەمووشت زانێکی بێسنووریش ناتوانێ بەری پێبگرێ. ڕستەش بە هەمان شێوە ئەوە ئەکات کە ئەبێ بیکات و هیچ وشەیە ناتوانێ بەری پێ بگرێ. لێرەشەوە ڕستە ناتوانێ ئیدی بەر بە واتا بگرێ و واتا بەهەشتی بەرینی پڕ لە ئازادی و ڕەهاییە. واتە؛ ئەیەوێ فێرمان بکات نووسەری باش و نووسەر ئەو کەسەیە لێیگەڕێ وشە ئەوە بکات کە ئەبێ بیکات. ڕاستە نووسەر هەموو شت زانی بێسنوورە، بەڵام بە هیچ شێوازێ نابێ بە نووسەر، مەگین هەمووشت نەزانێ و سنوورداریش بێ. سنووری هەبێ چوون نابێ وشە سەر بە دەسەڵاتی ئەو بێمێنتەوە، هەمووشتیش نەزانێ چوون ڕستە یاخییە و سەر بە واتای ئەو نییە.
ئەوجار کەوابوو لێرەوەیە ئەبێ بچینە نێو ئەو سێ ڕوانگە لە ڕەخنەی ئەدەبیدا کە بۆ واتا هەیە. ئەمەش دیارە لەبەر چەن هۆکارێ؛ یەکەم تا نووسەر باشتر خۆی و جێگە و پێگەی خۆی بناسێ. لێرە لەم ڕۆمانەشدا ئاماژەی پێکراوە. دووهەم تا بزانێ گۆڕەپانی ئەو تا چەندەیە و سنوورەکانی تا کوێن، لێرە لەم ڕۆمانەشدا بۆی وتراوە. سێهەم تا بزانێ و بێ هیچ ئەگەرێ تێبگات لەوەی ئیمڕۆ چۆن تەماشای ئەکرێ کە لێرە لەم ڕۆماندا بە باشی تێدەگات کە چیدی نووسەر، هەمووشت زانی بێ سنوور نییە و چوارەمیش بۆ ئەوەی زۆرتر نێزیک ببینەوە لە ناوەڕۆکی ئەو ڕۆمانە و خوێنەریش لە واتای هەمووشت زانی بێ سنوور بگات و بزانێ هەمووشت زانی بێ سنوور کێیە و چییە. بە کورتی پێش ئاماژە بەو سێ ڕوانگە گشتییە؛ بۆ کۆکردنەوەی باسەکەمان تا ئێرا با بزانین؛ یەکەم خاڵی گرنگ بۆ نووسەر بوون؛ زانستی وشەیە. نووسەر دیارە هیچ ئامرازێکی دیکەی نییە وشە نەبێ و وشە بۆ نووسەر وەکی ڕەنگە بۆ نەقاش و بەردە بۆ پەیکەرساز و دووربینە بۆ وێنەگر و شوێنە بۆ مێعمار و مەلۆدییە بۆ مۆسیقار. نووسەر وەستای بەکارهێنانی وشەیە. نووسەر دووگیانە بە وشە. نووسەر دارێکە و بەرهەمەکەی وشەیە. کەوابوو ئەبێ لە وشە و لەچۆن بەکارهێنانی لە هەموو هەلومەرجێکدا بزانێ. ئەوە کات و ساتەکەی نییە کە گرنگە، ئەیسڕنەوە یان نا، سانسۆڕ دەکرێ یان نا، ئەخوێنرێتەوە یان نا، گرنگ نییە. گرنگ ئەوەیە نووسەر ناتوانێ نەنووسێ و وشە لێی ناگەڕێ کە نەنووسێ.
هەمووشت زانی بێسنوور لەگەڵ وشەی خوداش کێشەی هەیە. پێش هەموو وشەیەک ئەوی سڕیوەتەوە. {١٩٣} ئەمە خەسڵەتی دونیای مودێڕن و فەلسەفەی مودێڕنە. خودا کە مرد، ئیدی ڕۆمان لە دایک بوو. خودا کە سڕدرایەوە ئیدی بەرپرسیارەتی واتا کەوتە ئەستۆی ئێمە. ئێمە لەگەڵ دونیادا ڕووبەڕووین و دونیا یان جیهان هەمووی بە تێکڕا مەتنە. مەتن بە هەموو پێکهاتەکانیەوە. جیهان بە هەموو کون و قوژبنەکانیەوە. ئێمە لە ڕەخنەی ئەدەبیدا سێ جۆرە ڕوانینمان بۆ واتا هەیە؛ یەکەم موئەلیفمێحوەر، دووهەم مەتنمێحوەر، سێهەم خوێنەرمێحوەر. واتە سێ جۆر خوێندنەوە بۆ هەر دەقێ ئەکرێ ببێ و ئەو دەقە هەڵگری سێ جۆر تێڕوانینە. یەکەم ڕوانگە، ڕوانگەی نووسەرتەوەرە و لە نووسەر دەڕوانێ کە ئەیەوێ چی بڵێ. واتە خوێندنەوەیەک بۆ ئەو واتایەی نووسەر لە دەقەکەیدا ئەیخاتە بەرچاو. تۆ بەدوای واتایەکدا دەگەڕێی کە نووسەر ئەیەوێ و نووسەر چی بوێ تۆ ئەتەوێ وەک مەتەڵێ بیدۆزیتەوە و یان لانیکەم واتاکەی کەشف بکەی. دووهەم دەقتەوەر یان مەتنتەوەرە و لە نەقدی ئەدەبیدا هەرچی بێین بەرەو سەردەمی هاوچەرخ، لەم ڕوانگە نزیک دەبینەوە. ئەویش ئەوەیە گرنگی نووسەر/موئەلیف کەم دەبێتەوە. چیدی ئێمە ئەزانین دەق، مەتنێکی زنجیرەیی لە وشەکان نییە کە هەڵگری پەیامی موئەلف/خودا بێت. بەڵکە هەر مەتنێ یان با بڵێین هەر مەتنێکی ئەدەبی سەربەخۆیە و خۆی بەتەنها و بێ نووسەر، کۆمەڵێ مەعنا و واتای هەیە و ئەو مەعنا و واتایانەش، چیدی لە موڵکایەتی موئەلیفدا نین. جا هەڵبەت لێرەدا پێویستە بڵێم؛ ڕۆمانی هەمووشت زانی بێسنوور، خۆی لە خۆیدا بە چەندین شێواز پەرژاوەتە سەر ئەم بابەتە. هەمووشت زانی بێ سنوور ڕۆمانێکە و ئەگەر بمانەوێ لە یەک ڕستەدا کورتی بکەینەوە ئەوەیە؛ هەمووشت زانی بێسنوور چیدی دەسەڵاتی نەما. شانە مێروولەی وشە نیزامێک و سیستەمێکی سەربەخۆیە. تەنانەت خۆی بۆ خۆی هەمووشتزانی هەیە و گۆشەنیگای هەیە و وشەگرتووخانەی هەیە و ئوردووگا و شار و مێژووی هەیە. بە کورتی لێرەدا و لەم ڕوانینەدا (مەتن مێحوەری لە چوارچێوەی بیرۆکە و تێبنییەکانی فۆرماڵیسم، ساختارگەرایی و نەقدی نوێدا) ئێمە بەدوای واتای دەقدا دەگەڕێین. دەق بە هەموو نیشانە و ئیشارە و ساختار و فۆرمی خۆیەوە. لە نووسەر ناگەڕێین چی وتووە و ئەیەوێ چی بڵێ. واتا، لە پێشدا دیاری نەکراوە. وەحی نییە و لە ئاسمان ڕا هاتبێتە خوارەوە. تەفسیر، چیدی مرۆڤانەیە و لێرە و لەم عالەمی ئینسانییەدا ئەمانەوێ تێبگەین. دەق ئەبێ تێمانگەیەنێ. مەتن ئەبێ لە دایک ببێ و دەق قسە بکات و ڕوشد بکات و واتا بخولقێنێ. دەق خۆی بەرهەمی کۆتایی نییە؛ بەڵکە جەریانی تەولیدی مەعنایە. نووسەر کۆتایی بەدەسەڵاتی هاتووە. ئیدی لەگەڵ سیستەمێکی ئیقتدارگەرای دیکتاتۆرانەدا ڕووبەڕوو نین و کۆمەڵگا ڕوشدی کردووە و کۆمەڵگای دیموکراتیک ڕوشدی کردووە و لە ئەدەبیاتیشدا هەمان ئەو ئینقلابانە ڕوویان داوە. چیدی «مؤلف» ژێرەوژوور بووە. وشە و ڕستە هەمووشت زانیان لە هەمووشت زانی خستووە و بوونە بە دوژمنی. خۆیان بۆ خۆیان سەربەخۆییان ڕاگەیاندووە. هیچ هێزێ ناتوانێ بەریان پێ بگرێ و ئەوان سەر بە موڵکایەتی هیچ کەس و هیچ شوێنێ نین. مەگەر موڵکایەتی خۆیان و سیستەمی نیشانە و عەلامەت و هێماکانی خۆیان.
جا لێرایە خوێنەر/نووسەر لەدایک ئەبێ. خوێنەر بوێری ئەوەی پێ ئەدرێ کە خۆی نووسەر بێ. واتە کاتێ نووسەر مردبێت و دەق بیەوێ جێگای بگرێتەوە، ئەی بۆچی خوێنەر جێگای دەق نەگرێتەوە؟. بۆچی خوێنەر نەبێ بە نووسەر؟. کەوابوو سێهەم ڕوانگە ئەوەیە؛ ئەو واتایە کە خۆت هەستی پێ ئەکەی، ئەبێ بە واتا. دەق چی ئەڵێ و نووسەر ویستوویەتی بڵێ چی، گرنگ نییە. تۆ چۆن تێدەگەی و چ واتایەک لە تۆدا دەرکەوتەی هەیە و چ واتایەک ئەخولقێنی. حەقێقەت پارچە پارچە ئەبێ. «چونکە ڕاستەقینە بۆخۆی لەت و کوت و پچڕ پچڕە. گێڕانەوەی هێڵی، بەلاڕێدابردنی ڕاستی و مێژووە». نووسەر لەو گشتییەتەی باڵی بەسەر کۆمەڵگادا کێشاوە، دووردەکەوێتەوە. تەنها خۆی بە خاوەنی حەقێقەت نازانێ. چیدی هەمووکەس ئەتوانێ نووسەری حەقێقەت بێ. خوێنەر بێ هیچ ترسێ لە ئیقتدارێک و هێزێکی دەرەکی، لە نووسەرەوە بگرە تا هێزەکانی دیکە، مەتن ئەخوێنێتەوە/ئەنووسێتەوە. بە واتایەکی دیکە؛ دەقێکی ئەدەبێ جۆرێکە لە دەرکەوتە. پێش ئەوەی هەستی پێ بکرێ و دەرکەوێ، هەڵگری واتا نییە. «واتا کڵاوێکی گەورەیە هەمووشت زانی بێ سنوور لەسەر وشەکانی داناوە. دەبێ خۆمان هەوڵ بدەین واتایەکی تر بەدی بێنین.»{ل: ٩٩} دەقبوونی دەق، لە پێناو خوێندنەوەی خوێنەردایە. خودی کرداری خوێندنەوە وەک کردەوەیەک واتە تەفسیر و وەرگێڕانی مەتن و دەق، لە بەستێن و زەمینەی هەمیشە بگۆڕدا. لە زەمەنی ئێستەدا و لەو کاتەدا ئەیخوێنینەوە، پڕاوپڕ وەک ئێستە کە ئێمە خەریکین هەمووشت زان دەخوێنینەوە و واتای بۆ ئەخولقێنین.
کەوابوو نووسەر لە کوێدایە؟ نووسەر بۆ خۆی ئەبێ وڵامی ئەم پرسیارە بداتەوە و چیتر من لەسەری ناڕۆم. لێرەدا من دێمەوە سەر باسی ڕۆمانەکە و پێم وایە لە هەموو شت زانی بێ سنووردا ئێمە بەجیاواز لەم سێ ڕوانینە ڕوانینێکی دیکەشمان هەیە. تێکەڵاوێک لەم سێ ڕوانگە، یان ئازادی و ڕەهایی لەم سێ ڕوانگە. واتە؛ تەنانەت ئەگەر ئێمە یەک ڕوانگە هەڵبژێرین، ئەوە چیدی واتامان بەرتەسک کردووەتەوە و خۆمانمان پێ هەموو شت زانی بێ سنوورە. هەمووشت زانی بێ سنوور کێیە؟ نووسەرە یان دەقە یان خوێنەر؟ بێگومان هیچییان. بەڵکە کۆی ئەمانە گشتیانە و هیچکام لەمانە بە تەنها نابێ بیەوێ خۆی بە خاوەنی واتا بزانێ. لێرایە کە ئازادی ئەخولقێ؛ هیچکەس ناتوانێ واتا بەرتەسک بکاتەوە. واتا موڵکی کەس نییە. هەمووشت زان ناتوانێ هەمووشت بزانێ و بێ سنوور نییە و ئەبێ سنوورەکانی خۆی بزانێت و بناسێ. تۆ ئەگەر نووسەری؛ واتا لە دەستی تۆدا نەماوە. ئەگەر دەقی؛ دەق تێکڕای ئەو شتە نییە کە خۆی ئەیەوێ. ئەگەر خوێنەری؛ خوێنەرێکی و دەسەڵاتت بەسەر نووسەر و دەقدا نییە.
ئەمە لاکانمان بیردەخاتەوە ؟ لاکان پێی وابوو زمان دیوێکی شاراوەی هەیە و ڕێک وەک مرۆڤ کە فرۆید ئەیوت دیوێکی شاراوەی هەیە، ئەویش دیوێکی شاراوەی هەیە و ئەو دیوە شاراوە بەتێکڕا لە حەوزەی دەسەڵاتی ئێمەدا نییە. ئەمە بارتمان بیر دەخاتەوە کە نووسەر مرد و دەق لەدایک بوو؟ دەق کە سەربەخۆیە و سەربەخۆبوونەکەشی کەس ناتوانێ نکۆڵی لێبکات. هەر ئەوەیکە ساختارگەراکان پێیان وابوو کە زمان ئەوە نییە کە واقعییەت بۆ ئێمە مونعەکیس بکات، بەڵکە واقعییەت دروست ئەکات و ئەیخولقێنێ. ئەی دەریدا چی؟ خوێندنەوەیەکی دەریدایی و ساختارشکێنانە کە دال و نیشانەکان، دال نین بۆ مەدلوولێک و بەڵکە دالن بۆ دالێکی دیکە و دالێکی دیکە بۆ دالێکی دیکە و… شانە مێروولەیەک بە ساختار و سیستەمی تایبەت بە خۆیەوە. بێ ئەوەی هیچ ساختارێکی مونسەجم بتوانێ باڵ بەسەر دەقدا بکێشێ و بەسەریدا بسەپێ. شانە مێروولەیەک لە کونێکەوە بۆ کونێکی دیکە و لە داڵانێکەوە بۆ داڵانێکی دیکە و هەموو ئەمانەش گرنگن و هەمووشیان شانە مێروولەن و بەدەر نین لە شانەمێروولەبوونی خۆیان.
هەرواتر ئەگەر بمانەوێ دەریدایی تەماشای ئەم ڕۆمانە بکەین ئەبێ بپرسین: دەق گرنگە یان پەراوێز.؟ لێرا دووبارە زۆر جوان و زۆریش ژیرانە و زانایانە ئەستێرەیەک دائەنێت و پەراوێزێ ئەنووسێ؛ *پەراوێز لەم ڕۆمانەدا ڕۆڵی سەرەکی ئەبینێ. ئێمە بۆ زۆر شت مەجبوورین هەر لە نێو دەقدا بیر لە پەراوێز بکەینەوە. بیر لەو ئەستێرە بکەینەوە کە دائەنرێت و هەر لە خودی دەقدا، بێ ئەوەی بمانهێنێتە لاخوارووی لاپەڕەکەوە، ئەبێ بچینە نێو دونیای حاشیە و لە دەقی سەرەکی/ناوەندی/پایتەخت دوورکەوینەوە و بە خەیاڵیش بووبێ ئەبێ بزانین ئێمە لە نێو دووالیزمی دەق و پەراوێزداین. «…ئەکرێ بە بەزاندنی چوارچێوەکانی ئەوان واتای نوێ بەدی بێ./ سێهەم کەس: مەگەر لە پەراوێزدا». {ل: ١٠٣} بەکورتی و بە پوختی بەم کۆدانەوە با بێنیەوە سەر ڕۆمانەکە و بڵێن؛ نووسەری بەڕێز ئەبێ بزانێ هەمووشت زانی بێ سنوور نییە. ئەبێ مامەڵەی هەمووشت زانی بێ سنوور لەگەڵ خۆیدا نەکات. نابێ هەمان دەسەڵات ببێ کە وشەی نێر و مێی لێک جیا دەکردەوە و سانسۆڕی دەکرد. چیدی دوژمنی دیکەی بۆ پەیدا بووە. گۆشەنیگاکانی دیکە لەدایک بوونە و ئەوانیش قسەیان پێیە بۆ کردن و ڕیوایەتی تایبەت بە خۆیان هەیە. واتە چیدی هەمووشت لە چاوی هەمووشت زانی بێ سنوورەوە نابینرێ. ناشکرێ ببینرێ. نووسەر ئەگەر خۆی بە خوا ئەزانێ، چیتر ناتوانێ نووسەری باش بێ. ناتوانێ دەقی ئەدەبی بخولقێنێ. نووسەری باش ئەبێ بزانێ، ئەبێ چی نەزانێ؛ «زۆر وشە هەر دەزانن دەبێ چی بزانن، تۆ دەزانی دەبێ چی نەزانی»{ل: ١٣٦}. ئەڵێ: تۆ بێ؛ یەکەم کەس و سێهەم کەس و سەرباز و هەمووشت زان و بەگشتی بەتێکڕای گۆشەنیگاکانی دیکەوە ڕیوایەت بکە و بگێڕەرەوە. لە هیچ چوارچێوەیە مەترسە. هەمیشە لە یەک پەنجەرەوە تەماشای واقعییەت مەکە. هەمیشە بە یەک شێواز لە حەقێقەت مەڕوانە. هەمیشە داهێنان بکە و داهێنانەکانیشت تێپەڕێنە و دووبارە و سەرلەنوێ داهێنان بکە. ئەڵێ: «سێهەم کەس هەموو سنوورە دەستکردەکانی نێو چیرۆک ببەزێنێ و…» وەک چۆن خۆی لەم چیرۆکەدا کردوویەتی و تەنانەت سنووری ڕۆمانیش دەشکێنێ و ئاوێتەی شانۆنامەی دەکات. بە کورتی دوژمنی هەمووشت زانی بێ سنوور گۆشەنیگاکانی دیکەن و گۆشەنیگاکانی دیکە جێگا بە هەمووشت زان لێژ دەکەن. {ل: ٨٧} کەوابوو گۆڕینی گۆشەنیگا خاڵێکی گرنگە لە ڕاهێنانی نووسەردا و نووسەری ئەم سەردەمە ئەبێ گۆشەنیگاکانی بگۆڕێ. پێی وایە نووسەر کە گۆشەنیگای نەگۆڕی، ئیدی نووسەر نییە. چ لە بواری فەلسەفییەکەیەوە کە چیدی ئێمە موئەلیف/نووسەر/خوا نین و موڵکایەتی موتڵەقمان بەسەر حەقێقەتدا نییە، و هەمیش لە ڕیوایەتدا و گۆشەنیگا وەک پێکهاتەیەکی سەرەکی بۆ گێڕانەوە کە ئەبێ بگۆڕدرێ.
جا لێرەدا کە ئەم گۆشە نیگایە گۆڕدرا، ئەوجار ئیدی خاڵێکی دیکەی سەرەکی پەیدا ئەبێ بە نێو «مەودا». سهیدقادر هیدایەتی پێی وایە؛ مەودا گرنگە و دەقی ئەدەبی، مەودای تێدایە. «مەودا زۆر گرینگە. مەودا ڕاست وەک سنوور وایە. بریا مەودا هەرنەبوایە. دەزانی مەودا چییە؟». ئەبێ نووسەر بزانێ مەودا چییە. مەودا دەقیق ئەو شوێنەیە کە نووسەر لە زیرەکی دەستکرد جیا دەکاتەوە. چۆن؟ لە پێشدا ئەوە بڵێم سهیدقادری هیدایەتی نووسەرێکی هێندە بوێر و ئازایە کە هیچ کات شەرمی لە بەکارهێنانی وشەی نوێ نییە لە ڕۆمانەکانیدا. ئەڵبەت نەک هەر وشە، بە گشتی هیچ پێی عەیبە نییە فەزا مودێڕن و ڕۆژانە و دەمەدەتسییەکان بهێنێتە نێو ڕۆمان و ڕیوایەتەکانییەوە. لە گۆڕەشادا هێندە جوان تلگرام و چەت و ئیمۆجی ئەهێنێتە نێو فەزای داستان، ئەڵێی سەدان ساڵە ئەو وشانە لەکار کراون. لێرەشدا هێندە وەستایانە باس لە ژیری دەستکرد دەکات ئەڵێی ساڵانێکی دوور و درێژە ئێمە لەگەڵی دەژین. ئەمە دوو واتای زۆر گرنگی تێدایە؛ یەکەم ئاگاداری و غافڵ نەبوونی لە کۆمەڵگا و لە جامعەی خۆی. دووهەم؛ بێز نەکردن لە کەرەسە مودێڕنەکان و قیز نەکردن لە بەکارهێنانیان لە دەقی ئەدەبیدا. نایەوێ خۆی لەو کۆمەڵگا و خۆی لەو مرۆڤانە گێل بکات کە ئەیانبینێ و ئەزانێ لە نێو کەرەستە مودێڕنەکاندا ئەژین. ئیدی بۆچی دەرفەتی ئەوە نەدەین بە فەزای مودێڕن و بە کەرەسەی مودێڕن کە بێنە نێو دەقە ئەدەبییەکانیشمانەوە؟ کاتێ ئێمە لەم سەردەمەداین و ڕۆژانە لەگەڵ ژیری دەستکردا ئەژین و بەکاری ئەهێنین، ئیدی شەرمی چییە و چ نائەدیبانەییەکی تێدایە کە بیهێنینە نێو ڕۆمان؟ «وشەی نوێ هەلێکی تازەیە بۆ ڕستە؟/ پیاوانی هەمووشت زانی بێ سنوور دەرفەت نادەن./ بیشارەوە./لێڵ دەبێ./ بیسڕەوە./ بزانم چی دەبێ.»{ل: ١٠٢} بە گشتی سهیدقادرهیدایهتی ئەوەش بە نووسەر ئەڵێ؛ تۆ لەم سەردەمەدا ئەژیت و ئەبێ ئەم سەردەمەش بێتە نێو گێڕانەوەکانت. بەڵام گەر بێینەوە سەر مەودا، ئەبینین ئهمیش وەک هەموو نووسەر و هونەرمەند و بگرە وەک هەموو ساحێب پیشەیە بیری لەو پرسیارە گرنگە کردوەتەوە کە ئاخۆ ژیری دەستکرد جێگای نووسەر و شاعر و ئەدیب و… دەگرێتەوە یان نا؟ دیارە بە شێوازی خۆی وڵامی ئەم پرسیارە ئەداتەوە. ئەو ئەڵێ: ژیری دەستکرد کاری داهێنانی پێ ناکرێ و هێشتا لە قۆناغی دزی و کۆکردنەوەی کاری ئەم و ئەودایە. دواتریش بەرهەمەکانی دەسکرد و بێ هەستن. «لە داهێناندا ناگاتەوە بە وشە».{ل: ٨٧} بەڵام ئەگەر ئەمەش نەبێ و ژیری دەستکرد ئەم قۆناغانەش ببڕێ، ئەوە هێشتا ژیری دەستکرد جێگای هەمووشت زانی بێ سنوور دەگرێتەوە. واتە هەمووشت زانی بێ سنوورە کە سەرەتای سەرەتا لەو شوێنەدا ڕاوەستاوە کە چیدی کارەکانی و بەرهەمەکانی ڕێک وەکی بەرهەمی ژیری دەستکرد بن و ژیری دەستکرد ئەتوانێ وەک هەمووشت زانی بێ سنوور، مەتن بخولقێنێ. بۆچی؟ چوون «هەردووکیان هەمووشت زانی بێ سنوورن». هەردووکیان شوێنێ بۆ ئەوە ناهێڵنەوە کە مەودا بێ. ئەوان لە یەک گۆشەنیگاوە تەماشای واقعییەت دەکەن. لە یەک گۆشەنیگای گشتی و کۆنکرێتەوە. ئیدی مەودایەک بۆ گۆشەنیگایەکی دیکە، بۆ جۆرێکی تر سەیر کردن ناهێڵنەوە. لێرایە مەودا زۆر گرنگە و «کاتێک تۆ بتەوێ بە وشە و ڕستە شتێک بکەی، ناچاری مەودای نێوان وشەکان لەبەرچاو بگری دەنا هەموو شتێک بێ واتا دەبێ». دەنا خوێنەر ناتوانێ خۆی لە نێو دەقەکەتدا بدۆزێتەوە. هیچ خوێنەرێ ناچێتە نێو حەقێقەتێکی کۆنکرێتییەوە کە مەودایەکی تێدا نەبێ بۆ بیرکردنەوەکانی ئەم. هیچ خوێنەرێ گوێ لە دەقێ ناگرێ کە هەمووشت بڵێت و نەهێڵێ ئەم، بەهێزی خەیاڵ و بە هەست و نەستی خۆیەوە قسەیەکی تێدا بکات. «با هەرکام بەدوای ونبووی خۆیاندا بگەڕێن. لە هەموو ڕستەکان بڕوانن تاکوو بزانن ونبوون لەکام ڕستەدا بەجێ ماوە». با خۆیان لە مەوداکاندا بدۆزنەوە. مەودای نێوان وشەکان. مەودای نێوان ڕستەکان. مەودای نێوان گرێ و تەعلیق و مەودای نێوان ئێستە و مێژوو. مەودای نێوان هەمووشت زان و ناهەمووشت زان. مەودای نێوان واقعییەت و ناواقعییەت. مەودای نێوان یەکەم کەس و سێهەم کەس و… بە گشتی هەموو مەوداکان. ژیری دەستکرد هەمووشت زانێکی بێ مەودایە.
هەرچەن ئەوەش زیادبکام کە سهیدقادرهیدایهتی لەبەر هۆکارێکی دیکە هیچ خەمی ئەوەی نییە کە ژیری دەستکرد جێگای نووسەر بگرێتەوە. چوون «نووسەر جێگاکەی ئەوەندە خۆش نییە بترسێ جێی پێ لێژ بکەن». ئەمەش دووبارە جێگای سەرنجە کە ئاخۆ جێگای نووسەر کامە جێگایە کە باکی بەوە نییە ژیری دەستکرد جێی پێ لێژبکات؟ و ئیدی من دیارە واز لەم بەشە دێنێم. «بۆیە دەڵێم شوێن و پێگەی نووسەر ئەوەندە شتێکی سەیر نییە بترسم جێگام پێ لێژ کرێ./ ڕقت لە هەرکەس بوو ئەو دۆعایەی لێ بکە: لە بیست و پێنج هەزار و دووسەد و حەفتا و نۆ ساڵ لەوەپێشدا دەک بە هەموو وشەیەک بی نەک بە نووسەر»{ل: ٩١} ئەوجار هە لەم باسەوە ئەتوانین بچینە نێو خەمێکی دیکەی هیدایهتی بۆ ئێمەی نووسەر. واتە خاڵێکی دیکەی گرنگ بۆ ئێمەی نووسەر باس دەکات و دەڵێ هۆشی ڕابردووتان ببێ. ڕابردوو وەک ڕابردووی مێژوویی و وەک ڕابردووی نووسین و وەک ڕابردوویەک کە ئەکاتە لاپەڕە پێشووترەکانت. بۆ وێنە تۆ ڕۆمانێک دەنووسی و فەسڵێکت لێ نووسیوە. ئەو فەسڵە ڕابردووە. پێی وایە هۆشی ئەمانەمان ئەبێ ببێ. «جا لەوە ناخۆشتر نییە بگەڕێیەوە بۆ دواوە… سەرباز لە داهاتوو ناترسێ، لە ڕابردوویەک دەترسێ لە داهاتوودا ڕوو بداتەوە… دووپاتە بوونەوەی ڕابردوو بابەتێکی زۆر مەترسیدارە»{ل: ٩٣} ئێمە نابێ لە ڕابردوودا بمێنینەوە. نووسەر ناتوانێ هەمیشە لە مێژوودا بژیەت. نووسەر ئەبێ ڕۆحی زەمانەی خۆی بێت و لەنێو ئەم ڕۆحەدا بنووسێت و ڕوشد بکات. «نا، تۆ نابێ لە لاپەڕەیەکدا بمێنییەوە.»{ل: ٩٩} جا خۆ ئەگەر وابێ ئیدی نووسەر قۆناغەکانی مێژوو چ لە ڕووی نووسین و چ لە ڕووی داهێنان و چ لە ڕووی مەعریفە و زانستەوە تێناپەڕێنێ. لەکاتێکدا نووسەری باش بگرە لە پێش زەمان و عەسر و سەردەمی خۆشیەوەیە. «ڕابردوو ڕا بردووە، ئەوەی لە ڕابردوو دەمێنێتەوە لەت و کوتێکی پچڕ پچڕە»{ل: ١٠٥} ئێمە پێویست ناکات بەدیار سواڵەتە شکاوەکانی ڕابردووەوە دانیشین و بگرین. ئەگەرچی هەمیشە شتێ یان هێزێ لە ڕابردوودا وەسوەسەمان دەکات کە بەرەو ئەو بگەڕێینەوە و ئەگەرچی«ڕابردوو زۆر ڕاکێشەر و زۆردارە»، بەڵام تۆ وەک نووسەرێکی باش «دەبێ بتوانی بەسەریدا زاڵ بی و تۆ ئەو ڕاکێشییە ئێستا». زۆر شارەزایانە ئەم ڕستانەی بەکار هێناوە. ئەم قسانە هەم فیلسووفانەن وەک فەلسەفەی مێژوو و هەمیش دەروونناسانەن وەک دەروونناسی نووسەر. ئەزانێ نووسەر چی بەسەردێ و چۆن ئەبێ بتوانێ قۆناغ بە قۆناغ لە ناخی خۆیدا ئەو بەسەرهاتانە و ئەو پێشهاتانەی کە تەجرەبەی ئەکات تێپەڕێنێ، تا لە نووسین نەکەوێت و بەردەوام نووسەرێ بێ بنووسێ. «من دەزانم ڕابردوو ڕستەیەکی زۆردار و ڕاکێشەرە، وشەکان بانگ دەکاتەوە دواوە و لە ڕابردوودا هەڵیاندەلووشێ و دەیانژاکێنێ. بێتوو وشەیەک بتوانێ ڕابردوو بانگ بکاتەوە ئێستا و لە ئێستادا بیگێڕێتەوە، ڕابردوو لەو وشەیەدا گەشە دەکا و دەبێتە خاڵی وەرسووڕان»{ل: ١٠٦}
بە کورتی و وەک دواهەمین خاڵ کە بمەوێ ئاماژەی پێ بکەم بەشی کۆتایی چیرۆکە و چۆن تەواو کردنی چیرۆک. واتە خاڵێکی دیکە لەو خاڵانەی کە پێویستە نووسەر بەتایبەت نووسەری ڕۆمان، ئەبێ بیزانێ ئەوەیە کە چیرۆک کۆتاییەکەی پێشبینی نەکراوە. دیارە ئەگەر بەو شێوازەی کە باسمان کرد لە نووسیندا بچینە پێشەوە و ئەو خاڵانە ڕچاو بکەین، چیرۆک کۆتاییەکەی لە دەستی نووسەردا نییە. ئەوە وشە و ڕستەیە کە دیاری دەکەن چیرۆک چۆن تەواو ببێ. یان چۆن نووسینەکەی بگات بە کۆتایی. چوون هیچ چیرۆکێ لەوانەیە تەواو نەبێ، مەگەر لە دەستی نووسەرێکی خراپدا. چیرۆکی باش خوێنەر تەواوی دەکات و خوێنەریش دیارە حەز بە تەواو بوونی ناکات و بەردەوام درێژەی پێ ئەدا. مەگەر جەنایەت و مکافاتی داستایوفسکی تەواو بووە؟. پێی وایە نووسەری باش ئەوەیە کۆتایی چیرۆکەکەی پێشبێنی نەکراوە. «کۆتاییەکی جیاواز و لێڵم لە کۆتاییەکی ڕوون و پێشبینی کراو پێ باشترە!»{ل: ٢٦٢} سێ کۆتایی بۆ چیرۆکەکەی داناوە. دیارە سەدان کۆتایی دیکەش دابنێ، چیرۆک هەر تەواو نابێ. بابەتەکە ئەوەیە. واتە ئەیەوێ بە ئێمە بڵێ؛ چیرۆکی باش تەواو نابێ. نووسەری باش نووسینەکەی بە کۆتایی ناگات و کۆتاییەکەی دیاریکراو و بڕیاردەرانە نییە. ئەوە خوایە کە قسەی فەسلولخیتابە، نەک نووسەر. نووسەر ئەبێ بەردەوام بێ. خۆی و چیرۆکەکانیشی. بە گشتی زۆر خاڵی دیکەش ئەکرێ ئاماژە پێ بکرێ کە سهیدقادرهیدایهتی ئەیەوێ فێری ئێمەی بکات کە چیتر بێگومان نە من هەمووشت زانی بێ سنوورم و نە ئەمەوێ تێکڕای خاڵەکان من دیاری بکەم. ئەوەلای دائەنێین بۆ وردبوونەوە و لێکۆڵینەوەی نووسەر و خوێنەری ئەم ڕۆمانە. “لە ئێستاوە پەرۆشی ئەو ڕستەیەم وا لێک جودا دەبینەوە”.”سەرباز پێموابێ تا ئێستا لاپەڕەیەکی بێ خەمم بە خۆمەوە نەدیوە”. “سەیری دەوروبەرم دەکەم، سێهەم کەس و دووهەم کەس و هیچکەس نابینم. تەنیا مەجبوورم بە ناخی خۆمدا ڕۆچم. بۆشایی و هیچاییەکی بێ بڕانەوە، نازانم چی بە چیدا هەڵپەسێرم. دڵم لە تووڕهەڵدراویی خۆم دادەخورپێ. لە کوێوە تووڕ هەڵدراومەتە ئەم ڕستەوە؟” {ل: ١٢٨}
ئەم بابەتە تایبەتە بە ماڵی کتێبی کوردی و بڵاوکردنەوەی بە ئاماژەدان بە سەرچاوە ڕێگە پێدراوە.
ماڵی کتێبی کوردی