خانه / پێشنیاری ده‌سته‌ی نووسه‌ران / کتێبی «بیرەوەری و ڕوانینەکانی مەلای گەورە» بڵاوکرایەوە

کتێبی «بیرەوەری و ڕوانینەکانی مەلای گەورە» بڵاوکرایەوە

کتێبی «بیرەوەری و ڕوانینەکانی مەلای گەورە» بڵاوکرایەوە

ناسنامەی کتێب: «بیرەوەری و ڕوانینەکانی مەلای گەورە»، کۆکردنەوەی و رێکخستن و پەراوێزی هێمن عومەر خۆشناو، دەزگای فام، هەولێر ۲۰۲۳.

ئەم کتێبە زیاتر لە هەزار و سەد دەنکە مێوژی نێو خۆشاوی قەڵەمی یەکێک لە زانا و کەسایەتییە دیارەکانی نێو مێژووی رۆشنبیری و زانستی و کۆمەڵایەتیی نیوەی یەکەمی سەدەی بیستەمە لە کوردستان. شەربەتی، بیرەوەریی کورت، سەربردە، یادەوەریی، ڕووداوی مێژوویی، قسەی خۆشی بەر ئاگردان و ڕوانینی تایبەتی مەلا محەمەدی جلیلزادە «مەلای گەورەی کۆیی»ن. وێڕای تام و چێژی گێڕانەوە و ڕاشکاوی و ئازایەتییەکەی, بۆخچەی نەکراوەی ژیانی تایبەتیی خۆی و بنەماڵەکەی و چەندین کەسایەتیی بە ڕووی ئێمەدا دەکاتەوە و بە کامێرای قەڵەمەکەی وێنەی ڕاستەقینەی ژیانی ئەوسای کۆمەڵی کوردەواری و جیهانی ئیسلامیمان بۆ دەگرێت و بە شقارتەی ڕوانینە تایبەتی و پڕ لە ئازایەتییەکەیەوە ئاگر لە پووشوپەڵاشی سەر ڕێی پێشکەوتنی وڵاتی کوردەواری بەر دەدات و دەست بۆ هەندێ لەو پشکۆیانە دەبات کە بە درێژایی چەندین سەدە دەستی کۆمەڵگەیان تەقەلۆ هێنابوو و مرۆڤایەتی لە سایەیان دەتلایەوە.

مەلا محەمەدی جەلیزادە (مەلای گەورەی كۆیی ۱۸۷۶-۱۹۴۳) بە یەكێك لە دیارترین زانا و كەسایەتییە كوردەكانی نیوەی یەكەمی سەدەی بیستەم دادەنرێت و چ بە نووسین و چ بە ڕۆڵی هەمەجۆری لە ژیانی كوردەواریدا، ئەسپی خۆی تاوداوە و خاوەنی دونیابینییەكی تایبەت و ناوازە بووە لە سەردەمەكەی خۆیدا و وەك چاكسازیخوازێكی ئایینی تەفسیری تایبەتی بۆ تێگەیشتنی قورئانی پیرۆز و زانستەكانی دیكەی ئایینی هەبووە و لەو سۆنگەشەوە بەرهەمی تەفسیرەكەی قورئانی پیرۆزی لەچاو هەموو تەفسیرەكانی دیكەی كوردی بەتایبەت ئەوانەی لەدوای ئەو نووسراون، جیاوازە. تەنانەت لە زۆربەی تەفسیرە عەرەبییەكانیش جیا دەكرێتەوە، ئەگەرچی بە هەندێكیان سەرسامە بەڵام لە هه‌ر شوێنێ قەناعەتی تەواوی بە شتێك نەبووبێ ئازایانە ڕەخنەی خۆی دەربڕیوە و فیقهی واقیعی میللەتی خۆی خوێندبۆوە و لەو ڕوانگەوەش دەیەویست بەو تێگەیشتنە تایبەتییانەی دەرمانێك دروست بكات و دەرد و نەخۆشییەكانی كۆمەڵگەی پێ كەم كاتەوە و یان بنبڕیان بكات.

هێمن عومەر خۆشناو لە پێشەکی کتێبەدا دەڵێیت: «لەم كتێبەدا نزیك بە دوو سەد ژمارەی پەراوێز هەن، ئەمانەش بۆ چەند مەبەستێك داندراون، لەوانە:
هەندێك جار لە باسی مژارێكی دیاریكراودا، سەرچاوەی ترمان دەستكەوتوون كە هەندێك نهێنی ژیانی مەلای گەورەیان ڕوونكردۆتەوە، ئێمە بۆ ئەوەی بابەتەكە دەوڵەمەندتر بكەین و لە ژیاننامەی خودییەوە بۆ ژیاننامەی بابەتی هەنگاو بنێین، جار جار سەرچاوەی دیكەمان بەكارهێناوە و ڕوانینی كەسانی ترمان گواستۆتەوە ناو پەراوێزەكە، بەتایبەتی مامۆستا مەسعوود محەممەدی كوڕی مەلای گەورە، لەوەشدا لەبەر زێدەبوونی قەبارەی كتێبەكە، دەستمان پێوەگرتووە و بۆ هەموو بابەتێك پشتمان بە سەرچاوەی تر نەبەستووە، مەگەر بابەتەكە پێویست بووبێ و زیاتر نزیك بووبێ لە ژیانی تایبەتی مەلای گەورە. 

هیوادارم ئەم كتێبە كەلێنێك لە ڕێكخستنی ئەدەبیاتی بیرەوەری و ژیاننامەنووسینی كوردی پڕبكاتەوە و بەشێك لە مێژوو و سەربردەی كۆمەڵی كوردەواری بە هەموو چین و توێژەكانییەوە بە نەوەی نوێ بناسێنێت و چەند لایەنێكی نادیاری ژیانی مەلای گەورەی كۆییش نیشان بدات و كەمۆكەكیش بێت بڕی خوێنەران بشكێنێت.»

جێگای ئاماژەیە کتێبی «بیرەوەری و ڕوانینەکانی مەلای گەورە» یەکێک لە پڕفرۆشترین کتێبەکانی دەزگای فام لە پازدەیەمین پێشانگای نێودەوڵەتی کتێبی هەولێر بووە.

 بۆ داگرتنی ته‌واوی بابەتەکە ببنە ئەندامی کاناڵی تلگرامی ماڵی کتێبی کوردی…

 https://t.me/kurdishbookhouse

ئەم بابەتە تایبەتە بە ماڵی کتێبی کوردی و بڵاوکردنەوەی بە ئاماژەدان بە سەرچاوە ڕێگە پێدراوە

درباره‌ی ماڵی کتێبی کوردی

همچنین ببینید

ڕۆمانی «چوار وەرز و ساڵێک» بەرهەمی خالق تەوەکولی بڵاوکرایەوە

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *