خانه / پێشنیاری ده‌سته‌ی نووسه‌ران / ڕێزگرتن لە کتێب، ڕێزدانانە لە هەوڵی ماندوونەناسانەی هزرڤانان

ڕێزگرتن لە کتێب، ڕێزدانانە لە هەوڵی ماندوونەناسانەی هزرڤانان

ڕێزگرتن لە کتێب، ڕێزدانانە لە هەوڵی ماندوونەناسانەی هزرڤانان

دوکتۆر جەعفەر قارەمانی

پێشکەوتن و گەشەپێدان لەو بابەتانەیە بەردەوام مێشکی داڕێژەرانی سیاسەت و پلاندانەرانی سەرقاڵ کردووە. چەمکی گەشەپێدان لەو چەمکە گرنگەکانی سەردەمی ئێمەیە کە هەموو وڵاتان هەوڵ دەدەن بە جۆرێک لە جۆرەکان خۆیان پەرەی پێ‌بدەن. وڵاتانی جیاواز دەیانەوێت ئاستێک لە گەشەسەندنی هاوسەنگ و بەردەوام بەدەست بهێنن کە بتوانێت ژیانی هەموو مرۆڤەکان باشتر بکات؛ بەڵام گەشەسەندن چییە و چاوەڕوانی خەڵک و کۆمەڵگا لەم پڕۆسەیە چییە؟ ئەو پرسیارە سەرەکییە کە ڕەنگە زۆر وەڵامی بۆ درابێتەوە، پێناسەی جۆراوجۆر و زۆری بۆ گەشەسەندن هێنابێتە ئاراوە، کە سەرەڕای جیاوازییەکانیان، هەموویان لەسەر ڕادە و فرەڕەهەندیی گەشەکردن کۆکن و ئامانجەکەی باشترکردنی بارودۆخی ژیان، یان بە واتایەکی دیکە، ژیانێکی باشتر و سەرتر بۆ هەموو بەرەکانە. گەشەپێدان شتێک نییە کە حکوومەت و دەسەڵاتدارن لە سەرەوە داوای بکەن، بەڵکوو بابەتێکە پێویستە لەناو کۆمەڵگادا بکوڵێت و گەشە بکات، تا بتوانرێت ئامانجەکانی گەشەپێدان پێناسە و دیاری بکرێت کە ئەو ئامانجانە لە چوارچێوەی کام پێکهاتەی کۆمەڵایەتی، سیاسی، کولتووری دەتوانرێت بەدیبهێنرێن و دەستیان پێ‌بگات.

یەکێک لە فاکتەرە گرنگەکانی پەیوەست بە گوتاری گەشەسەندن، کولتووری کتێب و  بایەخی کتێب و دیاری‌کردنی پێگەی کتێب لە کۆمەڵگەیەکدا. بە واتایەکی تر، یەکێک لە فاکتەرە دیار و گرنگەکانی گەشەسەندنی هەر وڵاتێک بریتییە لە ڕێژەی بایەخدان بە کتێب و خوێندنەوە و لە بنەڕەتدا شوێنی کولتووری کتێب لە نێو خەڵکی کۆمەڵگەیەکدا. یەکێک لە نیشانەکان و دەرکەوتەکانی گەشەسەندن لە زۆربەی وڵاتانی دونیا، بەرزی ڕێژەی خوێندنەوەیە. وەک چۆن لە کۆمەڵگا پێشکەوتووەکاندا خوێندنەوەی گشتی بەرزە، لە کۆمەڵگا ناپێشکەوتووەکان، بەهۆی بەرزی ڕێژە و ئاستی نەخوێندەواری لە لایەک و بایەخ پێ‌نەدرانی لەلایەن دەزگا حکوومییەکان لە لایەکی دیکەوە، خوێندنەوەی سەرتاسەری و بایەخدان بە کتێب لەم وڵاتانەدا کەم دەبێتەوە. لە کوردستاندا سەرەڕای زیادبوونی ژمارەی خوێندەوارەکان، بەداخەوە کەلتووری ڕێزدانان بۆ کتێب و نووسەرانی و بەرهەمهێنەرانی کتێب جێگەیەکی شیاوی نییە، ئەمەش وەک یەکێک لە فاکتەرەکانی دواکەوتوویی، پێویستی بە دیتنەوەی ڕەگ و ڕیشە و دیاری‌کردنی چارەسەرێکە بۆ ئەم قەیرانە.

کتێب، قەڵای مانەوەی بیری هزرڤانان و سەرچاوەیەکی دیارە کە توێژەرانی و پێرەوانی  زانست و هزری نەمر و هەربوو کردووە. کتێب لە هەر بوارێکدا و لەسەر هەر بابەتێک بێت، گوزارشت لە ئەزموونە بەنرخەکانی توێژەر، یان مرۆڤی سەردەمی خۆی دەکات و پێویستە لەم ڕوانگەیەوە سەیری کتێب بکرێت، بۆ ئەوەی واتا و بایەخی بەرزی کتێب بناسین.

هیوادارم ئەو وێنەیە سەلمێنەر و دەرخەری دونیابینی تاکی سیاسی بەناو ڕۆشبیر، سەبارەت بە سیاسەتی پەرەپێدانی ڕێزگرتن لە کتێب و تەنانەت زیاتر لەوەش ڕێزدانان بۆ چینی خوێندەوار و خوێنەران و نووسەران و ئەویندارانی کتێب نەبێت. بایەخدان بە کتێب و تەنانەت نواندنی وەک بابەتە پیرۆزەکان لە هەموو کۆمەڵگایەکدا، کردەیەکە بۆ ڕێزدانان لە هەوڵی ئەو نووسەر و لێکۆڵەرانەی لە بەرهەمهێنانی کتێب و داهێنانی بیرۆکەی نوێ بوونەتە قوربانی. ئاواتەخوازم ئەو وێنەیە دەرخەری ڕوانین و دونیابینی دەسەڵاتی سیاسی سەبارەت بە بایەخدان بە کتێب و  ڕوانینی گشتی بۆ ناسینی کولتووری باو سەبارت بە کتێب نەبێت. ئەم نووسراوە کورتە لەسەر ئەو وێنە ناخ هەژێنە، ڕەخنەیەک بوو لە لایەن نووسەرێک لە دەسەڵاتی سیاسی سەبارەت بەو بێ‌ڕێزییەی کە کەسایەتییەکی سیاسی سەبارەت بە کتێب لە بەرابەر ئەو هەموو کاناڵ و هەواڵنێرە ناسراوەی باشووری کوردستان، نواندوویەتی. 

دەخوازم قەت دووپات نەبێتەوە.
  https://t.me/kurdishbookhouse

 هر نوع بازنشر این متن با ذکر منبع «خانه کتاب کُردی» مجاز است.

 

درباره‌ی ماڵی کتێبی کوردی

همچنین ببینید

همایش ملی میرزا احمد داواشی برگزار می‌شود

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *