خانه / هه‌واڵه‌کان / ناساندنی کتێبی «مۆدێرنیزم» نووسینی پیتەر چایڵدز

ناساندنی کتێبی «مۆدێرنیزم» نووسینی پیتەر چایڵدز

ناساندنی کتێبی “مۆدێرنیزم” نووسینی پیتەر چایڵدز، وەرگێڕانی هیوای عەزیزی

هیوای عەزیزی

بزوتنەوەی مۆدێرنیستیانەی کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدەهه‌م و سەرەتاکانی سەدەی بیسته‌م، بەکردەوە شۆڕشێکی ئەدەبی و رۆشنبیریی بوو کە بایەخێکی حاشاھەڵنەگری ھەیە، له‌به‌رئه‌وه‌ی، بە دەربڕینێک سەرەتای ئەم بزاوتە کۆتایی ریالیزم و کۆتاییەکەشی سەرەتای پۆستمۆدێرنیزم بوو.

لەم کتێبەی بەردەستماندا کە پێشەکیەکە لەسەر ئەم بزاوته‌، تێکستە جەوھەرییە مۆدێرنیستیەکان شڕۆڤە و شیکار کراون. نوسەر لە ریشە و بنج و بناوانیەوە، تاوتوێی ئەم بزاوتە دەستپێدەکات، دەگاتە لقە جۆربەجۆرەکانیەوە، دەکەوێتە تاوتوێی چه‌ند پرسێکی وەک جێندەر و چین و نەژاده‌وه‌ و لێکدانەوە و شیکارییەکی وشیاریبەخش و رەخنەگرانەیان لێدەخاتەڕو.

پیتەر چایڵدز کە مامۆستای زمانی ئینگلیزیی و شارەزای بواری شیعری سەدەی بیستەمە، دەیەوێت بە خوێنەر بڵێت کە مۆدێرنیست کێیە و مۆدێرنیزم چییە و ئەم بزوتنەوە کولتوریی و رۆشنبیرییە، چ گرنگی و پێگەیەکی ھەیە و دەرەنجام و دەرکەوتەکانی چیین.

دروشمی بزوتنەوەی مۆدێرنیستی ئەمە بوو: « نوێ بکەنەوە ». ھەمان ئەم دروشمە و ململانێ دواترەکانی، بنەما و بونیادەکانی ئەدەبیاتیان ھێنایە له‌رزه‌ و شۆڕشێکیان لە کولتوری خۆرئاوادا بەرپا کرد کە دەیەکان و بیستەکانی سەدەی بیستەمیان خستە ژێر باندۆر و کاریگەریی خۆیانەوە و روبەر و پانتایی ئەم کاریگەرییەش ‌تا ئەو ئاستە بوو کە تەوژم و شەپۆلەکانی تا چەندین دەیەی دیکەش بەردەوام بوون.

نوسەر بەشێوه‌یه‌کی چڕوپڕ باس لە ریشەکانی بزوتنەوەی مۆدێرنیستی و کاریگەریی بیرمەندانێکی وەک داروین، مارکس، فرۆید، سۆسۆر و ئەنیشتاین دەکات؛ دواتریش لەو گۆڕانکارییە گرنگ و جێبایه‌خانه‌ دەدوێت کە لە ئەدەب و شانۆ و شێوەکاری و سینەمادا دێنەکایەوە؛ دواجاریش بە چه‌ند نمونەیه‌ک لە بەرھەمەکانی جەیمز جۆیز، ڤیرجینیا ڤۆڵف، کاترین مەنسفیڵد، ئەی. ئێم. فۆرستەر، دەبلیو. بی. ییتس، فۆرد میدۆکس فۆرد، تی. ئێس. ئەلیۆت، جۆزێف کۆنڕاد، سیمۆئیل بکێت، دی. ئیچ. لارەنس، ھێنڕی جەیمز، شارلۆت میۆ، رێبێکا وێست و ھیتره‌وه‌، « مۆدێرنیزمی کردەکی »مان پێدەناسێنێت. بەمپێیە خوێنەر دەتوانێت لە بنەما و پێشەکیەکانه‌وه‌ دەستپێبکات و ده‌رک و تێگەییشتنێکی پێشکەوتوتر لە مۆدێرنیزم به‌ده‌ستبهێنێت.

ئەمڕۆکە ناکرێت ته‌نها قسە لە یەک « مۆدێرنیزم » بکەین، بەڵکو قسە لە مۆدێرنیزمەکان دەکرێت؛ ھەر چەشنە چەمک و تەعبیرێک کە پێناسە باوەکان بخاتە ژێر گومانەوە، رەھەندی مۆدێرنیستی وەردەگرێت و مۆدێرنیزمێکی نوێش لەنێوان جۆرەکانی مۆدێرنیزمدا دێتەئاراوە. بە ھەمان ئەم سۆنگەیەش، وەکچۆن لە ناواخنی ئەم کتێبەدا دەیخوێنینەوە، زۆرێک لە لایەن و رەھەندە دژە نۆرم و ناباوەکان، وێڕای ئەوەی بانگێشەی « مۆدێرن » و « نوێ »یان ھەڵگرتوە، کەچی لەگەڵ تەحەدا و دژایەتیکردنی بەشەکانی دیکەی مۆدێرنەدا بەرەوڕوبونەتەوە، له‌به‌رئه‌وه‌ی کاردانەوە مۆدێرنیستیەکان بە زۆری لە دوو ئاراستە و ئاقاری ناکۆک و بگرە دژبه‌یه‌ک پێکدەھاتن کە یەکێکیان پێشوازیکەرانە و گەشبینانەیە و باوەشی بۆ ھەر دیاردەیەکی « نوێ‌ » دەکردەوە، ھیتریش سه‌رکۆنه‌کەر و رەشبینانەیە و ته‌نها له‌به‌ر جەبریبونیانەوە، سەرلەبەر شانی دەدایە بەر دیاردە « نوێ‌ »کانەوە و هاوکۆکیەکی ھێندەی لەگەڵدا نەبوو.

من ئەم کتێبەم لە ماوەی سێ ساڵدا وەرگێڕاوەتەوە و دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم لە ساڵی ٢٠١٩ لە چاپی داوە و لە پیشانگای نێودەوڵەتی سلێمانی نمایش کراوە. ھیوادارم ئەم کتێبە پاڵشپتێک بێت بۆ تێگه‌ییشتنت و ناسینێکی قووڵتری مۆدێرنیزم و چەند کەلێنێکی کتێبخانەی کوردی پڕ بکاتەوە.

لەژێریشەوە سەرنجی خوێنەرانی بەڕێز بۆ بەشێکی کتێبەکە ڕادەکێشێم:

ئەگەر وای دابنێین کە شوناس بوونی ھەیە، له‌به‌رئه‌وه‌ی جیاوازیی بوونی ھەیە ( واتە بزانین ھەچ شتێک چی نییە تا بتوانین بڵێین چییە )، ئەوا بەمپێیە دەتوانین بەپێی لایەنە جیاوازەکانیه‌وه‌ لە مۆدێرنیزم تێبگەین. بۆ نمونه‌ مۆدێرنیزم ریالیزم نییە، واتە ئەو شێوازە زاڵەی رۆمان نییە کە لەگەڵ گەشە و نەشەی کاپیتالیزمی بۆرژوازیدا لە سەدەی ھەژدەھەم لە بەریتانیادا ھاتە گۆڕێ و تاوەکوو شێوەی ئەمڕۆیینی خۆی، پێشکەوتن و گۆڕانی به‌سه‌ردا هاتوه‌. بە قه‌ناعه‌تی زۆرێک لە رەخنەگران، خەسڵەت و تایبەتمەندیی ریالیزم ئەوەیە کە بەشێوەیەکی کۆنکرێت ھەوڵدەدات ئاوێنەیەک لەھەمبەر جیھاندا رابگرێت، بەمپێیەش پرۆسەکانی پەیوەست بە کولتورێکی تایبەت، ھەروەھا گریمانە ئایدیۆلۆژییە ستایلمەندەکان، جێگا و شوێنێکی تێدا نادۆزنەوە. جگەلەمەش، ریالیزم بەپێی فۆرمە پەخشانیەکان، وەک بەسەرھات و تۆمارکردنی پێشهاتەکان، شێوەی وه‌رگرتوە و بەگشتی کاراکته‌ر و زمان و ژینگەی شوێنمەند و کاتمەندی تەواو ئاشنا به‌ خوێنەرانی سەردەم پیشان ده‌دات و زۆرجار زه‌لال و زوڵاڵ دەرخەری واقیعی نێو کۆمەڵگای نوسەرە. ھەیمەنەی ریالیزم، بەرەوڕوی تەحەدای مۆدێرنیزم و دواتر پۆستمۆدێرنیزم دەبێتەوە کە شێوازی دیکەی وێنه‌کردن و تەمسیلی واقیع و جیهان بوو. ریالیزم خۆی سەردەمانێک شێوه‌ و فۆرمێکی نوێگەر بوو لە ھونەری نوسیندا و نوسەرانێکی وەک دەنیەل دیفۆ (۱۷۳۱ ـ ۱۶۶۰) و سیمۆئیل ریچاردسۆن (۱۷۶۱ ـ ۱۶۹۰) لەھەمبەر شێوازی زاڵی نوسینی پەخشانیدا، واتە رۆمانس کە لە یەکێک لە رۆمانە بەراییەکاندا ــ واتە دۆنکیشۆت (۱۶۱۵ ـ ۱۶۰۵)، بەرھەمی سێرڤانتس ــ ره‌خنه‌ کرابوو، نمونە و مۆدێلێکی جیاوازیان پێشکەش کرد. ھەڵبەت ئەو ستایل و شێوازەی نوسین ( رۆمانس )، ھێشتا لەنێو چیرۆکبێژییە گۆتیک و فەنتازییەکاندا درێژەی بە ژیان دەدا. لە ھەموو مێژوی نوێی ئەدەبدا، ریالیزم وەک ستایلی باوی رۆماننوسان ماوەتەوە، بەڵام زۆرێک لە نوسەره‌ ئەڤانگارد و نوێگەر و رادیکاڵه‌کان ھەوڵیانداوە تانوپۆی ئەم ستایل و شێوازەی نوسین ھەڵوەشێننەوە. بەگشتی زۆرترینی ئەو ھەوڵانەی‌ لە ناوەڕاستەکانی سەدەی نۆزدەھەمه‌وه‌ هه‌تا ناوەڕاستەکانی سەدەی بیستەم بۆ پێشکه‌شکردنی شێوازی دیکە دراون، لە قۆناغە جیاجیاکاندا سیفەت و سیمای مۆدێرنیستیانەی بەدوای خۆیدا راکێشاوە، ئەم بابەتەش لە ئەدەب و مۆسیقا و شێوەکاری و فیلم و بیناسازیدا تەواو دیار و بەرچاوە ( بەشێوەیەک ھەندێکجار هه‌تا بەرھەمەکانی پێش یان پاشی ئەم سەردەمەشیان بە مۆدێرنیستی له‌قه‌ڵه‌مداوه‌ ). لە شیعردا، مۆدێرنیزم ھاوشانە لەگەڵ ھەوڵگەلێک بۆ دابڕان لە کێش ( ـە ) ریتمیک و رەزمدارەکان‌ کە بونیات و بنه‌مای شیعر بوون، جگەلەمە بانگەشەکردن بۆ « شیعری ئازاد »، سیمبولیزم و شێوازه‌‌ نوێکانی دیکه‌ی نوسین‌. لە پەخشاندا، مۆدێرنیزم ھاوشانە له‌گه‌ڵ‌ ھەوڵدان بۆ خستنەڕوی عەقڵیەتی مرۆیی بە چه‌ند شێوازێکی راستەقینەتر لە ریالیزمه‌وه‌: وێنه‌کردنه‌وه‌ و دەرخستنەوەی وشیاریی، فامکردن، سۆز و ھەستەکان، مانا و پەیوەندیی نێوان تاک و کۆ لەڕێی مەنەلۆگی ناوەکی، شەپۆلی ھۆش، نەغملێدان، نامۆسازیی*، ریتم و رەزم، گومان و چەمکەکانی دیکه‌وه‌‌ کە دواتر هه‌ر له‌م کتێبه‌دا لەسەریان دەوەستین. به‌ ته‌عبیر و دەربڕینی پوختی ئەزرا پاوند، نوسەرانی مۆدێرنیست، تێدەکۆشان « نوێ بکەنەوە »، مۆدێلە باوەکان بخەن، یاخود لانیکەم راستیان بکه‌نەوە، تاڕادەیەک ئەم مۆدێلانە بەرەو تەجرید یان ناخبینین ببه‌ن و ته‌عبیر لە ھەست و نەستە نوێکانی سەردەم بکەن ــ کە لە ئەدەبی تێکچڕژاو و ئاڵۆسکاوی شار، پیشەسازیی، جەنگ، ماشێن و خێرایی، بازاڕە قەرەباڵغەکان و پەیوەندییەکان، ئینتەرناسیۆنالیزم، « ژنی نوێ »، ستاتیکا، نیھیلیزم و گەڕان بەناو شەقامەکاندا‌‌ دەردەکەوێت.

ئەم بابەتە تایبەتە بە ماڵی کتێبی کوردی و بڵاوکردنەوەی بە ئاماژەدان بە سەرچاوە ڕێگە پێدراوە.

درباره‌ی ماڵی کتێبی کوردی

همچنین ببینید

بەردینە، ڕۆمانێک ڕۆنراو له سەر بناغەکانی قایەت، مێژوو، بەیت و بن زاراوەیەکی کۆن

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *