خانه / پێشنیاری ده‌سته‌ی نووسه‌ران / ناساندنی کتێبی «مرۆڤ و کەرامەت»

ناساندنی کتێبی «مرۆڤ و کەرامەت»

ناساندنی کتێبی «مرۆڤ و کەرامەت» بەرهەمی مەریوان وریا قانع

ناسنامەی کتێب: مرۆڤ و کەرامەت، مەریوان وریا قانع، دەزگای ئەندیشە، سلێمانی ۲۰۱۶.

دوکتۆر مەریوان وریا قانع

کتێبی ”مرۆڤ و کەرامەت” باسێکی درێژە سەبارەت بە سێ چەمک لە چەمکە سەرەکییەکانی ناو دونیای مۆدێرن، کە بریتین لە چەمکەکانی ”ماف“ و ”کەرامەت“ و ”پلورالیزم“. ئەم سێ چەمکە ھەم وەک دەرەنجامی دروستبوونی دونیای مۆدێرن و ھەم وەک ھێزی دروستکردنی ئەو دونیایە وێناکراوە و باسکراوە.

لەبەشی یەکەمدا، کە تەرخانە بۆ باسکردنی لەدایکبوونی ”مرۆڤی خاوەن ماف“، بەدرێژیی لەسەر مەسەلەی وێناکردنی مرۆڤ لە فیکری ئەرستۆ و فیکری سەدەکانی ناوەڕاست و فیکری ئیسلامی کلاسیکیی و ئینجا فیکری ڕۆشنگەریی و مۆدێرندا وەستاوە. لە ڕوانینی ئەرستۆوە بۆ دیاردەی کۆیلایەتیی، بۆ ڕوانین بۆ مرۆڤی ھۆمۆساکەرلە سەردەمی ڕۆمانییەکاندا، لە مافی خوداییەوە بۆ مافیی سروشتیی و لە بیعەی ئیسلامییەوە بۆ پەیمانی کۆمەڵایەتیی، کتێبێکە سەفەرێکی درێژە بەناو چەندان ڕوانینی جیاوازدا سەبارەت بە شوێن و پێگەی مرۆڤ لە ژیانی کۆمەڵایەتیی سیاسیی و فەرھەنگیدا و لەدایکبوونی زەحمەتی وێناکردنی مرۆڤ وەک خاوەن بوونەوەرێکی خاوەن ماف. بەشێکی تری ئەم بەشە تەرخانە بۆ نیشاندانی مێژو و سیاقی لەدایکبوونی بەیاننامەی مافەکانی مرۆڤ و ڕەخنەکانی مارکس و ھانا ئارێنت لەو مافانە.

بەشی دووھەمی کتێبەکە تەرخانە بۆ باسکردنی پرسی کەرامەت. ئەم بەشە بە باسکردنی شوێن و جێی کەرامەت لە کۆمەڵگای ئێمەدا دەستپێدەکات و ھەوڵئەدات مێژووی سەدەی بیستەمی کۆمەڵگای ئێمە لەڕێگای چەمکی کەرامەتەوە بخوێنێتەوە. دوای ئەوە بەدرێژیی لەسەر مانا فیکریی و فەلسەفیی و سیاسییەکانی چەمکی کەرامەت دەوەستێت و باس لە چۆنیەتی لەدایکبوونی بیرۆکەی مرۆڤ دەکات وەک بوونەوەرێکی خاوەن کەرامەت. لەمەشدا کتێبکە باس لە بۆچوونەکانی ھیگڵ و بۆچوونەکانی فەیلەسوفی کەنەدیی چارلس تایلەر و ئالێکس ھۆنێسی ئەڵمانی دەکات، کە سەر بە نەوەی سێھەمی فەیلەسوفانی قوتابخانەی فرانکفۆرتە ومەسەلەی کەرامەت یەکێکە لە بابەتە سەرەکییەکانی ناو فیکری ئەو. کۆتایی ئەم بەشەش تەرخانە بۆ نیشاندانی شوێنی کەرامەت لەنێو زمان و چەمک و ڕوانینەکانی ”بەھاری عەرەبیی“دا.

بەشی سێھەم و کۆتایی کتێبە تەرخانە بۆ شیکردنەوەی دیاردەی پلورالیزم و چۆنیەتی بوونی ئەم دیاردەیە بەبەشێک لە ڕوانین بۆ مرۆڤ و کۆمەڵگا ھاوچەرخەکان. لەم بەشەدا ڕوانینەکانی سێ فەیلەسوفی گەورە بۆ پلورالیزم بەدرێژیی باسکراون ، کە بریتین لە ھانا ئارێنت و جیانی ڤاتیمۆ و ئەلفارابی.

بەسەریەکەوە کتێبێکە بەرگرییکردنێکی ھەمەلایەنە لە مرۆڤ وەک بوونەوەرێکی خاوەن ماف و خاوەن کەرامەت و جیاواز و پلورال. بەھیوای خوێندنەوە و ڕەخنەکردن و دەوڵەمەندکرنی بابەتەکانی کتێبەکە.

پەرەگرافێک لە کتێبی (مرۆڤ و کەرامەت)

”تا بەر لە ھاتنی ژنە فەیلەسوفی ئەڵمانی ھانا ئارێنت فیکری فەلسەفیی بەشێوەیەکی گشتیی، ئەوەندەی گرنگیی بە ”مردن“ و ”کۆتایی“ەکان ئەدات، ئەوەندە گرنگیی بە مەسەلەی ”لەدایکبوون“ و ”سەرەتا“کان نادات. لە سەردەمی ھیجڵەوە بەردەوام گوێمان لە شتگەلێکە لە بابەتی ”کۆتایی مێژوو“، ”کۆتایی ئایدیۆلۆژیا“، ”مردنی خودا“ و ”مردنی مرۆڤ“ و ”مردنی ھونەر“ و ”مردنی فەلسەفە“ و چەندان مردن و کۆتایی و شتی دیکەی لەو بابەتە. ژمارەی ئەو لاپەڕانەی لەمێژووی فەلسەفەدا لەسەر ”نائومێدیی“ و ”مردن“ و ”کۆتاییەکان“ نووسراوە لە ژماردن نایەن، بەدەگمەن نەبێت ”لەدایکبوون“ و ”سەرەتای تازە“ و ”ئومێد“ بەشێک نەبوون لە بیرکردنەوەی فەلسەفیی. لەم ڕووەوە ھانا ئارێنت فەیلەسوفێکی دەگمەن و ناوازەیە، لەناو ئەو گروپە بچووکەدایە کە لە کەسانی وەک نیتشە و بێرجسۆن و ئێرنست بلۆخ پێکدێت. بەبۆچونی ھانا ئارێنت فەلسەفە لە خۆرئاوادا بەتوندیی بە مەسەلەی مەرگەوە گرێدراوە، مەیلێکی گەورەشی بۆ مردن ھەیە، فەلسەفە لەم بەشەی دونیادا تەواو بە مەرگەوە سەرقاڵە، ئەمەش وایکردوە گرنگییەکی ئەوتۆ بە وردەکارییەکانی ژیان و بەخودی ژیان و بە دۆخە کۆنکریتییەکان نەدات. بەتایبەتی گرنگینەدا بە ”ژیان لەگەڵ ئەوانیتردا“، ”ژیانی گشتیی“، ژیانێک مرۆڤ لەگەڵ مرۆڤەکانی تردا دابەشیبکات. ئەم مەیل و داشکانەش بەلای مەرگدا لە ئەفلاتون خۆیەوە دەستپێدەکات، ئەوەتا ئەفلاتون کاتێک باس لە فەلسەفە دەکات، وەک ”مەشقێک بۆ مردن“ ناویدەبات. ئەم ئیھمالکردنەی دونیا و گرنگینەدان بە ژیانی پێکەوەیی و بە لەگەڵ ئەویتربووندا وا لە ھایدگەر دەکات ساڵانێکی درێژ ئەندامی پارتەکەی ھیتلەر بێت، بەبێ گوێدانە ئەو ھەموو ئازار و تاوانانەی ئەم پارتە و ئەزموونی فاشیزم لە ژیانی ڕۆژانەدا بەرھەمیدەھێنا. لەم ڕووەوە ھانا ئارێنت سڵ لەوە ناکاتەوە ھایدگەر بە ”گەمژەیەکی سیاسیی“ ناوببات.

? ببنه‌ ئه‌ندامی ماڵی کتێبی کوردی:

https://t.me/kurdishbookhouse

! ئەم بابەتە تایبەتە بە ماڵی کتێبی کوردی و بڵاوکردنەوەی بە ئاماژەدان بە سەرچاوە  ڕێگە پێدراوە.

 

درباره‌ی ماڵی کتێبی کوردی

همچنین ببینید

بەردینە، ڕۆمانێک ڕۆنراو له سەر بناغەکانی قایەت، مێژوو، بەیت و بن زاراوەیەکی کۆن

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *