خانه / پێشنیاری ده‌سته‌ی نووسه‌ران / ماڵی كتێبی كوردی؛ پێگه‌یه‌ك بۆ ڕێزگرتن له‌ كتێب

ماڵی كتێبی كوردی؛ پێگه‌یه‌ك بۆ ڕێزگرتن له‌ كتێب

ماڵی كتێبی كوردی؛ پێگه‌یه‌ك بۆ ڕێزگرتن له‌ كتێب

زۆرجار مرۆڤ ده‌توانێ به‌ داهاتێكی‌ كه‌م و به‌ هه‌ژارانه‌ خزمه‌تێكی‌ گه‌وره‌ بكات. ماڵپه‌ڕی ماڵی كتێبی كوردی‌ ته‌نیا ماڵپه‌ڕێكه‌ ساڵانێكه‌ خزمه‌تی‌ کتێبی كوردی‌ ده‌كات، كه‌م كتێب هه‌یه‌ له‌م ماڵپه‌ڕه‌دا ئاوڕی لێنه‌درابێته‌وه‌ و قسه‌ی‌ له‌سه‌ر نه‌كرابێ. ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ بابه‌تی‌ ره‌خنه‌یی و لێكۆڵینه‌وه‌ی‌ ئه‌ده‌بی. ماڵپه‌ڕێك به‌ هه‌ژارانه‌ و خۆبه‌خشانه‌ ئه‌و هه‌موو كاره‌ جوان و ئاست به‌رزه‌ ده‌كات. لێره‌دا ئاوڕ له‌ ماڵی‌ كتێبی كوردی‌ ده‌ده‌ینه‌وه‌ و خاوه‌ن ئیمتیازی‌ ئه‌م ماڵپه‌ڕه‌ له‌باره‌ی‌ كار و چالاكییه‌كانیانه‌وه‌ ده‌دوێن.

ماڵی كتێبی كوردی یه‌كێكه‌ له‌و ماڵپه‌ڕانه‌ی شایسته‌ی رێز گرتنه‌. ئه‌م ماڵپه‌ڕه‌ له‌وه‌ته‌ی‌ دامه‌زراوه‌ به‌رده‌وام كار له‌سه‌ر كتێبه‌ كوردییه‌كان ده‌كات. ماڵپه‌ڕێكی ده‌وڵه‌مه‌ند و چالاكه‌ و به‌بێ جیاوازی ناوچه‌یی كار ده‌كه‌ن و ئاوڕ له‌ هه‌موو نووسه‌رێكی كورد ئه‌ده‌نه‌وه‌ له‌ باشووربێ یان رۆژهه‌ڵات، رۆژئاوا یان باكوور ئه‌وه‌نده‌ی ده‌ستیان پێی رابگات خزمه‌تی كتێب و نووسینی كوردی ده‌كه‌ن. له‌هه‌ر بوارێكدا بێ كار له‌سه‌ر فه‌رهه‌نگی كوردی ده‌كه‌ن. پێگه‌ی ماڵی كتێبی كوردی، یه‌كه‌مین و ته‌نیا پێگه‌ی تایبه‌تیی كتێبی كوردییه‌، كه‌ وه‌ك ناوه‌ندێكی سه‌ربه‌خۆ له‌ ساڵی ۲۰۱۷ه‌وه‌ به‌پێی مۆڵه‌تی ژماره‌۸۶۹۱۹ به‌شێوازی فه‌رمی له‌ شاری‌ سنه‌ كار و چالاكیه‌كانی ده‌ستپێكردووه‌. بازنه‌ی كار و چالاكییه‌كانی ماڵی كتێبی كوردی، كۆی مژار و هه‌واڵه‌كانی دنیای كتێبی كوردی و كتێبه‌كانی سه‌ر به‌ كتێبخانه‌ی كوردناسی و توێژینه‌وه‌ كوردییه‌كان له‌خۆ ده‌گرێت، كه‌ سه‌ره‌كیترینیان بریتین له‌: رانان و ناساندنی كتێب، ره‌خنه‌ و هه‌ڵسه‌نگاندنی كتێب، كتێب و چاپكراوه‌ی نوێ، هه‌واڵه‌كانی بواری وه‌رگێڕان، داڕشتن، چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌ی كتێب و گواستنه‌وه‌ی هه‌واڵ و راپۆرتی پیشانگاكانی كتێب و رێوڕه‌سمه‌كان و دانیشتن و وتووێژ سه‌باره‌ت به‌ كتێب. جێی ئاماژه‌یه‌ كه‌ ئاوڕدانه‌وه‌ له‌ چاپكراوه‌كانی دیكه‌ی وه‌ك: گۆڤار، رۆژنامه‌ و سه‌رچاوه‌ به‌ڵگه‌ییه‌ كوردی و كوردناسییه‌كان، به‌هۆی په‌یوه‌ندییان به‌دنیای خوێندنه‌وه‌ و لێكۆڵینه‌وه‌وه‌ كوردییه‌وه‌، به‌شێكی دیكه‌ی بابه‌ته‌كانی ماڵی كتێبی كوردی پێكدێنن.

به‌سێ زمان بابه‌ت بڵاوده‌كه‌نه‌وه‌

پێگه‌ی ماڵی كتێبی كوردی، بریتییه‌ له‌ ماڵپه‌ڕێكی هه‌واڵی، شیكاریی بە سێ زمان بڵاودەکاتەوە‌ و چه‌ندین تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تیی سه‌ر به‌و پێگه‌یه‌، كه‌ زمانی كوردی، وه‌ك زمانی سه‌ره‌كیی ده‌ستنیشانكراوه‌ و هاوكات بابه‌ته‌كانی به‌ زمانی فارسی و ئینگلیزیش پێشكه‌ش ده‌كات. هه‌روه‌ها مژاره‌كانی ماڵی كتێبی كوردی، به‌ سه‌رجه‌م شێوازه‌كانی موڵتی میدیا نووسراوه‌، ده‌نگ (پادكه‌ست)، ڤیدیۆ، وێنه‌ و پۆسته‌ر ده‌گوازرێنه‌وه‌.

چالاكییه‌كانی بواری كتێبناسی كوردی له‌خۆ ده‌گرێت

سه‌باره‌ت به‌ماڵی كتێبی كوردی خاوه‌ن ئیمتیازی پێگه‌كه‌ بێهنام دوروئی به‌م شێوه‌یه‌ بۆمان دوا: «ماڵی كتێبی كوردی» ناوه‌ندێكه‌ له‌ بواری كتێبی كوردی و كوردناسیدا، كه‌ سه‌رجه‌م كار و چالاكییه‌كانی بواری كتێب ناسی كوردی له‌خۆ ده‌گرێت و ئامانجی سه‌ره‌كیی بریتییه‌ له‌ دامه‌زراندنی گه‌وره‌ترین و گشتگیرترین پێگه‌ی كتێبناسی كوردی به‌شێوه‌یه‌كی پرۆفیشناڵ و زانستی. كار و چالاكییه‌كانی له‌ سه‌ر بۆشاییه‌كانی بواری ناساندن، هه‌ڵسه‌نگاندن و بڵاوكردنه‌وه‌ی دنیای كتێبی كوردی بونیادنراوه‌ و ده‌یه‌وێت به‌ كه‌ڵك وه‌رگرتن له‌و ده‌رفه‌ته‌ نوێ و مودیڕنانه‌ی كه‌ ئیمكانیاتی دنیای ئه‌وڕۆ به‌ تایبه‌ت دنیای ئینته‌رنت و سۆشیاڵ میدیا و تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان ره‌خساندوویانه‌، له‌ بواری كتێب ناسی كوردیدا رێكخه‌ری چه‌ندین چالاكی و كرده‌وه‌ی پێویست بێت و ببێته‌ ئاوێنه‌ی نواندنی سه‌رجه‌م ئه‌و چالاكی و به‌رهه‌مانه‌ی كه‌ دنیای كتێبی كوردی به‌ خۆیه‌وه‌ ده‌یبینێت.

كردنه‌وه‌ی ده‌رگای نوێیه‌ به‌رووی كتێبناسی كوردیدا

هه‌ر له‌سه‌ر كێشه‌ی كتێبخانه‌ی كوردی له‌ درێژه‌ی قسه‌كانیدا خاوه‌ن ئیمتیازی پێگه‌كه‌ گوتی: سه‌رجه‌م ئه‌م كێشانه‌ له‌ كاتێكدا به‌رۆكی جه‌سته‌ی لاوازی كتێبخانه‌ی كوردی و كوردناسییان گرتووه‌ كه‌ رۆژ له‌ دوای رۆژ دنیای دیجیتاڵ و ئه‌لكترۆنی ده‌رفه‌تی نوێ بۆ چاره‌سه‌ری ئه‌م كێشانه‌ ده‌ڕه‌خسێنن و نائاگایی و پشتگوێ خستنیان تا دێت له‌ كاروانی به‌ كه‌ڵكی زانست و ته‌كنۆلۆژیای نوێ دوورمان ده‌خاته‌وه‌. سه‌باره‌ت به‌ پێگه‌كه‌شیان گوتی: پڕۆژه‌ی ناوه‌ندی «ماڵی كتێبی كوردی» به‌ له‌به‌رچاوگرتنی ئه‌م گرفت و ده‌رفه‌تانه‌ ده‌ستی داوه‌ته‌ رێكخستنی كۆمه‌ڵێك هه‌نگاو بۆ پێكهێنانی ماڵێك كه‌ بتوانی به‌ شێوه‌یه‌كی گونجاو كۆی ئه‌م بوار و چالاكیانه‌ له‌خۆ بگرێت و شوێنێك بێت یه‌كخستنی ماڵی كتێبی كوردی و كردنه‌وه‌ی ده‌رگا و ده‌رفه‌ته‌ نوێ و زانستیه‌كان به‌ رووی كتێب و كتێب ناسی كوردیدا، به‌و هیوایه‌ كه‌ بتوانرێت ببێته‌ قۆناغیك بۆ په‌ره‌دان به‌ فه‌رهه‌نگی خوێندنه‌وه‌ و كتێبی كوردی.

ئه‌م پێگه‌یه‌ چۆن دامه‌زرا

سه‌باره‌ت به‌ بیرۆكه‌ی كاره‌كه‌ بێهنام دوروئی گوتی: بیرۆكه‌ی ئه‌م كاره‌ش به‌ر له‌ هه‌موو شتێك له‌ خه‌ون و خولیاكانی دامه‌زرێنه‌رانی ماڵی كتێبی كوردی سه‌رچاوه‌ ده‌گرێت. دوای ده‌ركه‌وتنی ئه‌م ئایدیا و هه‌ست كردن به‌و بۆشاییه‌ی كه‌ ده‌توانێت له‌ پانتایی كتێب و فه‌رهه‌نگی كوردیدا پڕی بكاته‌وه‌، كۆمه‌ڵێك خوێندكاری هاوڕێ یه‌كه‌م هه‌نگاوه‌كانمان ده‌ستپێكرد و له‌ سێبه‌ری هاوكاریی چه‌ندین كه‌س له‌ مامۆستایان و هاوڕێیانی خوێندكاردا قۆناغی یه‌كه‌می كاره‌كه‌مان تێپه‌ڕاند.

سەرچاوە: ڕۆژنامەی کوردستانی نوێ(پاشکۆی ئەدەب و هونەر)، ساڵی بیست‌ و نۆیەم ژمارە(۸۱۴۳) چوارشەممە ۲۰۲۰/۷/۲۲

درباره‌ی ماڵی کتێبی کوردی

همچنین ببینید

ڕاگەیەندراوی خەڵاتی ئەدەبیی کاڵ

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *