خانه / تازه‌ چاپکراوه‌کان / کتێبی «ئاوەزی خەمۆک» بڵاوکرایەوە.

کتێبی «ئاوەزی خەمۆک» بڵاوکرایەوە.

کتێبی «ئاوەزی خەمۆک» چاپ و بڵاوکرایەوە.

ناسنامەی کتێب: «ئاوەزی خەمۆک»، موراد فەرهادپوور، وه‌رگێڕانی عه‌دنان حه‌سه‌نپوور، ناوه‌ندی غه‌زه‌لنووس سلێمانی ۲۰۲۰.

موراد فەرهادپوور

پێشەکیی نووسەر بۆ چاپی کوردی

ئێستا ڕێک بیست ساڵ بەسەر یەکەم چاپی ئەم کۆمەڵەوتارەدا بە زمانی فارسی تێ دەپەڕێت. ھەر ئەودەمیش سەرەکیترین ئایدیای پشتەوەی نووسینی ئەم وتارانە، چەشنێک ئایدیای وەرگێڕان بوو. وەک چۆن لە پێشەکیی یەکەم چاپەکەدا وتراوە، «ڕۆحی زاڵ بەسەر ئەم وتارانەدا ڕۆحی وەرگێڕانە… با بە جورئەتەوە بڵێین ھیچ ئایدیا، ھزر یان بۆچوونێک لەم وتارانەدا نادۆزیتەوە کە پێشتر و لە شوێنێکی تردا بە شێوەیەکی ڕێکوپێکتر نەخرابێتە بەر باس… بە درێژایی ساڵانی ڕابوردوو بەردەوام جەختم لەسەر ئەم باوەڕەم کردووەتەوە کە بۆ ئێمە لە دونیای ھاوچەرخدا تاکە شێوازی ڕاستەقینەی ھزرین و ئەندێشەکردن -کە لە نزیکەو سەردەمی مەشرووتەوە دەست پێ دەکات و ڕەنگە لە داھاتوویەکی نە ھێندەش نزیکدا کۆتایی پێ بێت- وەرگێڕانە لە بەرینترین واتای وشەکەدا.» ئەم شێوەڕوانینە بۆ وەرگێڕان کە لەم پێشەکییەدا زیاتر بە واتا تایبەتەکەی «وەرگێڕانی دەق لە زمانێکەوە بۆ زمانێکی تر» دێتەوە، دواتر لە دووتوێی ئەو شتەدا پەرەی پێ درا کە بە «تێزی وەرگێڕان/ھزرین» ناوی دەرکرد. دواتر و لە دووتوێی وتارێک ھەر لەژێر ئەم ناوەدا کە لە کتێبی «پارەھای فکر»دا چاپ و بڵاو کرایەوە، ئایدیای وەرگێڕان لە واتایەکی زۆر بەرینتردا لێک درایەوە و پێشکەش کرا. لەم واتا بەرینترەدا، وەرگێڕان وەک کەرەستەیەک بۆ گۆڕینەوەی کولتووری لێک نادرێتەوە، بەڵکوو لە ڕاستیدا دەبێتە شێوازێک بۆ ھزرین کە دۆخی ھزرین و بە تایبەت ھزری فەلسەفی، ھەم لە ڕووی مێژوویی و ھەم لە ڕووی تیۆریکەوە، دیاری دەکات. بەپێی ئەم ڕوانینە، وەرگێڕان تەنانەت سەرتر لە دۆخی مێژوویی ئێمە، لە ئاست ھزری فەلسەفی لە خودی ڕۆژئاوای زەوییشدا دەوری خوازەیەکی بنەڕەتی دەگێڕێت. کۆی نەریتی فەلسەفیی ھەڵوەشاندنەوە و پێداگرتنی کەسانی وەک دێریدا لەسەر بەوەرگێڕانزانینی شوناسی ھەموو دەقەکان، تەنھا یەک لە دەرئەنجامەکانی ئەم بابەتەیە.

تاکە ئامانج و ناوەرۆکی سەرەکیی ئەو وتارە، کە لە پێشەکیی یەکەم چاپی کتێبەکەدا خرابووە بەردەست، پەرەپێدان و بەرزکردنەوەی ئایدیای سەرەکیی وەرگێڕان بوو بۆ تێزی وەرگێڕان/ھزرین. دەشێت بە زمانێکی دەرھەستتر و فەلسەفییانەتر ئەم گۆڕانە بە ھاوتای چەشنێک تێپەڕین لە ھێرمێنۆتیکەوە بۆ پێکھاتەخوازی و سەرووپێکھاتەخوازی لە قەڵەم بدەین؛ چەشنێک تێپەڕین لەو چەمک و فەزا ھزرییەی لە ھێرمێنۆتیکی فەلسەفیی گادامێرەوە سەرچاوەی گرتووە، بەرەو ئایدیا ڕادیکاڵەکانی لاکان سەبارەت بە زمان، سووژە و نەرێیەتی کە بە ڕێکەوت دەرفەتی خوێندنەوەیەکی دیکە و تازەتریشی بۆ دیالێکتیکی ھێگڵی دەڕەخساند. لە یەکەم قۆناغی ھەمان ڕاڤەی ھێرمێنۆتیکیدا، لە ڕاستیدا لەسەر بنەمای ئایدیای ھێرمێنۆتیکییانەی موڵکی دۆخێکی تایبەتبوون، لێکدانەوە و ھەڵسەنگاندن بۆ وەرگێڕان دەکرا. ھەر بۆیەش لەم قۆناغە و لە ڕەوتی گۆڕانی وەرگێڕاندا بۆ ئەندێشە و ھزر، یاخود ئەزموونی وەرگێڕان وەک کردەیەکی تیۆریک، بنەماییترین و گرنگترین خاڵ، تەنھا بریتی بوو لە ھۆشیاری یان باشترە بڵێین لە خۆھۆشیاری بەرانبەر بارودۆخ و ناوەرۆکی ھزر. بە واتایەکی گونجاوتر، خاڵی سەرەکی بریتی بوو لە ھۆشیاریی ئەندێشە و ھزر لە ئاست ناوەرۆکی خۆی لەم دۆخە مێژووییە تایبەتەدا، واتە ھەمان ھۆشیاری بەرانبەر وەرگێڕان یان وەرگێڕانی ھۆشیار. ھەر بۆیە سەرەکیترین پێوەر بۆ داوەریکردن بریتی بوو لە جوێکردنەوەی وەرگێڕانی ھۆشیار لە وەرگێڕانی ناھۆشیار؛ جوێکردنەوەی ئەو ھزرەی کە لە ڕووی ھۆشیارییەوە و بە زانابوون خۆی وەک وەرگێڕان پێشکەش دەکات، لەو تەوژمە بەرفراوانەی بیر و بۆچوون کە سەرەڕای پشتبەستنیان بە کۆمەڵە وەرگێڕانێک کە بە زۆری خراپ و چەوتن، کەچی خۆیان وەک “نووسین” پێناسە و پێشکەش کردووە. بەڵام لە قۆناغی دواتر و ھاوکات لەگەڵ کەمڕەنگبوونەوەی دەوری ھۆشیاری و خۆھۆشیاری وەک سەرەکیترین تایبەتمەندییەکانی سووژایەتی، کە یەکانگیر بوو لەگەڵ زەقتربوونەوەی دەوری نەرێیەتی و گشتیخوازی و حەقیقەت لە پێکھاتنی سووژەدا (سیاسی)، تێگەیشتنێکی تازە بۆ وەرگێڕان ھاتە ئاراوە. لەم تێگەیشتنەدا کە بە تەواوی ھێگڵی-لاکانییە، وەرگێڕان چ نەبوو جگە لە ھەمان ئەو درز و بۆشاییەی لە ھەموو زمان و ئەزموونێکی مێژووییدا ھەیە. لێرە بەدواوە ئیدی گرنگترین خاڵ یان پێوەری نرخاندن، ھۆشیاری یان ناھۆشیاری نەبوو، بەڵکوو کرانەوە بوو بە ڕووی فۆرمێکی تایبەتی ئەزموونی تیۆریکدا کە لە بنەڕەتدا ناوەرۆکێکی سیاسیی ھەبوو. لێرەوە خاڵی گرنگ بریتی بوو لە ئەزموونکردنی وەرگێڕان وەک نەرێیەتی یان ئەو درز و قەڵشەی لە نێو ھزری تیۆریکدایە، واتە ھەمان ئەو درزەی کە ھەرچەشنە زمان، کولتوور یان دۆخێکی تایبەتی مێژوویی دەبەستێتەوە بە بابەتی گشتی یان حەقیقەتەوە. وەرگێڕان ناوێک بوو بۆ ھەمان ئەو زیادکەوتەی نێو تیۆری کە کردەی تیۆریک سیاسی دەکاتەوە و وەرگێڕانی چەمکەکان دەبەستێتەوە بە وەرگێڕانی دۆخەوە.

بەڵام خاڵی گرنگ بۆ من، چ لە وتارەکانی نێو ئەم کتێبەدا و چ لە ڕووی پەرەپێدانی ئایدیای تیۆریکی “وەرگێڕان/ھزرین”ـەوە، ھەمان ڕەھەندە مێژووییەکەی ئایدیای وەرگێڕان و دەوری ئەو ئایدیایە بوو لە نەخشاندن و دروستکردنی فەزای مێژوویی ھزر و ئەندێشە لە ئێراندا. بە واتایەکی دیکە، مەبەست لە پێشکەشکردنی چەمکی وەرگێڕان و پەرەپێدانی ئەو چەمکە، کە سەرەتا ئاڕاستەیەکی فەلسەفیی ھەبوو و ئینجا زیاتر ئاڕاستەیەکی تیۆریک/سیاسیی وەرگرت، دۆزینەوە یان ڕەنگە باشتر بێ بڵێم دروستکردنی پێگەیەکی سیاسی/تیۆریک بوو -واتە ھەمان ئەو دەستەوشەیە کە ھاوتا عەرەبییەکەی (وشەی “موضع”)، ڕەھەندە سۆبژێکتیڤ و ئۆبژێکتیڤەکانی ھزر و ئەندێشە لە خۆیدا کۆ دەکاتەوە. ئایدیای وەرگێڕان دەرفەتی نەخشاندنی جۆرێک گەڵاڵە یان پلانی تیۆریک-مێژوویی دەڕەخساند و بۆ دیاریکردنی شوێنگە یان پێگەی بابەتییانەی کەسەکان و گرووپەکان و ھەروەھا ھەڵوێست یان ئاسۆی زەینییان، ھەر دەبێ بگەڕینەوە بۆ ئەم پلانە. بەم پێیە، ئایدیای وەرگێڕان یان باشترە بڵێین تێزی وەرگێڕان/ھزرین، بەرھەستێتیی مێژوویی و توانای سیاسیی ھزری تیۆریک دیاری دەکات، چونکوو بە پشتبەستن بەم تێزە دەتوانین ئەو خاڵە ڕوون بکەینەوە کە لە بنەڕەتدا ھەموو ئەم قسە یان بیر و بۆچوونانە لە چ پێگەیەکەوە دێنە گۆ و چ جۆرە پێوەندییەکیان لەگەڵ ھەڵوێست یان پێگە تیۆریکەکانی دیکەدا ھەیە.

وا دیارە ئایدیای وەرگێڕان لە ھەموو واتا بەربڵاوەکانیدا، لە ھەڵگێڕانەوەی کتێب و وتارەوە تا دەگاتە ھەڵگێڕانەوەی بارودۆخی سیاسی، نە تەنھا بۆ ئێران و بەستێنی زمانی فارسی و پێوەندیی ئەم بەستێنە لەگەڵ ھزری تیۆریکی ڕۆژئاوادا، بەڵکوو لە ئاستێکی گشتیتردا و بۆ ھەموو زمان و ئەزموونە مێژووییەکان، پرسێکی بنەڕەتییە. لە شۆڕشی ھایتییەوە لە سەدەی ھەژدەدا تاکوو بزووتنەوەی زاپاتیستەکانی مێکزیک لە سەردەمی ئێمەدا، دیالێکتیکی مێژوویی نێوان ئەم دوو جەمسەرە، واتە گرێدراویی دیالێکتیکییانەی نێوان شەیدابوون بە ھزری تیۆریک و بەڵێنداربوون بە کردەی سیاسی، ڕەنگی خۆی لە ھەموو شوێنێک داوە. ڕەنگە وەرگێڕان تەنھا یەک لە ناوەکانی ئەم دیالێکتیکە سیاسی-فەلسەفییە بێت.

بەم پێیە، وەرگێڕانی ئەم وتارانە بۆ سەر زمانی کوردی نیشاندەری شتێکە سەرووتر لە حەزکردن لە بڵاوکردنەوەی کتێب و وتار. خودی ئەم وەرگێڕانە ھەوڵێکە بۆ بەکارھێنان و ڕوونکردنەوەی ئەو زیادکەوتەیەی نێو ھزری تیۆریک کە دەیبەستێتەوە بە سیاسەتی ڕزگارییەوە. لێرەدا بە پێویستی دەزانم سپاسی ھەوڵەکانی عەدنان حەسەنپوور و مەنسوور تەیفووری بکەم کە لە تەنیشت کار و چالاکییە گرنگترەکانیاندا، بەشێک لە کاتی خۆیان بۆ وەرگێڕان و بڵاوکردنەوەی نووسراوەکانی من تەرخان کردووە.

م.ف

تاران- زستانی ١٣٩٨ی ھەتاوی/ ژانڤییەی ٢٠٢٠ی زایینی

داگرتنی PDF

!ئەم بابەتە تایبەتە بە ماڵی کتێبی کوردی و بڵاوکردنەوەی بە ئاماژەدان بە سەرچاوە ڕێگە پێدراوە.

درباره‌ی ماڵی کتێبی کوردی

همچنین ببینید

همایش ملی میرزا احمد داواشی برگزار می‌شود

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *