ژاراوی خەزان و …
عەزیز وەلیانی
بڕیارم دابوو بە بۆن و بەرامەی چەپکێ لە گوڵزاری نیشتمان، یان بیستنی هەواڵێکی هەستبزوێن، تەنانەت خەندەنیگای ژێردەمامکی نەوباوەیەک، کەشوهەوای سەروتار خۆش کەم. خۆزگەم دەخواست بە لەدایک بوونی شێعرێکی خۆشیبەخش لە شاعیرێکی بێدەرد و زووخاو سەردەقی وتارەکەم داگیرسێنم؛ بەتەما بووم بە سۆزی عەشقی دوو نەونەمام، پیت و وشەکان بێنمە سەما تا لەم گەڵاڕێزانەدا گۆوەندێ ساز کەین بەڵکوو تپەی دڵمان دەهۆڵی شادمانی بکوتێ.
بەڵام مخابن، بەڵام مخابن! چاوی چاوڕوانم کوێر، کڕکەوتوو و تاساو، تەنانەت بۆ سەبووری دڵ تەنانەت تۆزقاڵێ لە بریا و خۆزگەکانم نەهاتنە دی و چم شک نەبرد!
دیسان پاییز، هەمیسان لە پاییزا هوروژمی تێکڕایی چەند پەتای مەرگ و میحنەت و بێبەشی، بەرۆکی ئەم وڵاتەیان گرتۆتەوە.
لێگەڕێن با لە ڕۆژژمێری خەزانی ئەم ساڵ تۆمار کرێ کە شەقام گرژ و مۆن و پەشۆکاو، دەستەکان لێک نامۆن، لێوەکان لە گۆ کەوتوون نەکا هاڵاوی نادیاری پەتایەک، بخزێتە هەناومان و ڕێی نەمان بگرینەبەر. ڕەشەبای مەرگ بەڕەڵدا بووە و دەلورێنێ تا وەکوژێنێ چرای دەماڵان، گوڵستان ژاکاو و گۆڕستان ئاوەدان. فریشتە سپیپۆشەکان گەلێ شەکەت و بێبڕست، بەڵام هەروا لەسەر پێ و نەسرەوتوون. دەمێکە بۆنی تەرم و دڵی هەڵقرچاوی کەسەکان دوور لە ئاوەدانی و کۆڕی خزمان جێی بە بێنی سوورەگوڵانی وڵاتەکەم لێژ کردووە، دەمێکە ئاگر کەوتۆتە دارستانی هومێد و خەونەکان. دەمێکە تەقە و نیخەی سینگی کۆڵبەرانی شەکەت بۆتە ئاهەنگی شەو و ڕۆژی کەژ و بەندەنی سەرسنوور. گشتی ئەمانە سووچێکن لە دیمەنی دڵهەژێنی ئەوڕۆی وڵات.
گرفتی ئابووری بۆتە سەرەکی ترین دۆزی ژیان. سەرباری دەردان گەندەڵکار و ناچیزەکان بێ ڕووبینی و بێ دەمامک ڕۆ بوونە سامان و داهاتی شارەکان؛ گەرەکیانە غرور و عیزەتی ”ئینسان” بچڕژێنن و دەخوازن وشەی درۆ و ڕیا و فەساد ببنە ئامرازێک بۆ گەیشتن بە مراد.
با لە ڕۆژژمێری خەزانی ئەم ئەمساڵ تۆمار کرێ، کە لە ڕۆژهەڵاتی ناوین پەتای پڕ ڕەمز و ڕازی کڕۆنا و ئیستبداد بوونە ئاوەڵدووانە و دیمۆکراسی شەقامیان لە سوچێ قۆڵبەست کردووە و گزیرەکانیان بە ئەرخەیانی شاڵاو دەبەنە سەر بنەماکانی داد و عەداڵەت. کۆمەڵگا کڕ و مات کەوتووە و وشەی ”ئازادی” بۆتە هاوارێکی قەتیسماو لە ڕوح و لەشی مرۆڤی سەردەم.
کەوابوو لە هەلومەرجێکی ئەوتۆ، خۆ تەیار و پۆشتە کەین بە بیری نوێ، شێوازی نوێ، ڕێبازی نوێ، بکەوینە ئەندێش و قورسایی ئەم تەم و غەم و کەسەرە بتاوێنین و ئیزن نەدەین دەلاقەی هیوا بۆ دواڕۆژ ڕووناک گاڵە بدرێ، تا بەرەی داهاتوو بە متمانە و عیلم و زانستەوە دەنگ هەڵبڕن و سرودی سەرفرازی بە گوێی مێژووی نیشتماندا وەخوێنن، ئینجا ڕیز بە رێز و شان بە شان ڕێ ببڕن بەرەو گوڵزاری سەربەستی.
سهرچاوه: سەروتاری ژمارە ٢١٤ی گۆڤاری مەهاباد
داگرتنی فایلی دهنگیبۆ داگرتنی تهواوی بابهتهکه ببنە ئەندامی کاناڵی تلگرامی ماڵی کتێبی کوردی…
ئەم بابەتە تایبەتە بە ماڵی کتێبی کوردی و بڵاوکردنەوەی بە ئاماژەدان بە سەرچاوە ڕێگە پێدراوە.