ناساندنی کتێبی « قووڵایی ستراتیژی» نووسینی ئەحمەد داودئۆغڵوو
ناسنامهى كتێب: «قووڵایی ستراتیژی»، ئەحمەد داودئۆغڵوو، وەرگێڕان لە تورکییەوە: وریا غەفووری، چاپ و بڵاوکردنەوەی دەزگای جەمال عیرفان، سلێمانى ۲۰۲۰.
سەلاحەددین ئاشتی
دستوچاوی کاکە وریا خۆش بێ بۆ ئەم کارە سەنگین و ڕەنگینەی هەڵیبژاردووە هەتا بیری نەتەوەکەمان هەنگاوێک زیاتر لە ڕووناکی نیزیک بکاتەوە.
ئەم شێوە کتێبانە بۆ گەلی کورد بەگشتی و پێشەنگانی سیاسی بەتایبەتی جێی تێڕامان و قووڵبوونەوە و پێداڕۆچوونن. ئەوەی ڕاستی بێ هەتا ئێمە لە مێژوو و سیاسەت و هەڵوێستی دراوسێیانمان حاڵی نەبین هەروا لە جەغزی خولانەوە لە بازنەدا دەخولێینەوە. ئەم شێوە کتێبانە لە نێوانی دێڕە نووسراوەکانی خۆیاندا کە بە سپی دیارە کۆمەڵێک چەمک و ڕازی نەوێژاو خۆیان حەشار داوە، کە پێویستە چاوانی تیژبینی مرۆڤی شارەزای کورد هەڵیانبێنێ و وەک گەڵاڵەی کورتخایەن و درێژخایەن کاریان لەسەر بکا.
بێگومان کەسێکی وەک داودئۆغڵوو وێڕای درکاندنی کۆمەڵێک ڕاستی، هەر لەم قالبەدا بە داڕشتنی سیاسەتی هەنووکەیی و دواڕۆژبینی و دوورمەودای دەیهەوێ ورەی کوردیش داڕمێنێ و پێی بڵێ کە داری دامەیە و تەنیا دەتوانێ دەسکەلا بێ و ناتوانێ خۆی بدۆزێتەوە و بەو ڕێبازەی گرتوویەتە بەر و دەیگرێتە بەر هەر خۆی دۆڕاوی سەرەکییە. ئەم قسانە هەرچەندە بەشێکیان ڕاستن، بەڵام پەند و ئامۆژگارییەکی بەنرخن بۆ ئەو کەسانەی جڵەوی کاری نیشتمانیان بەدەستە و خۆیان بە خاوەنی پرۆژەی سەربەستی دەزانن…
ئەم دەقانە وانەی سیاسین و پێویستە بخوێندرێن تاکوو ئێمەش بە پێداچوونەوەی خۆمان ببینە خاوەنی گەڵاڵەیەک کە بکرێ وەکردەوە بگەڕێ، نەک بە کاڵونەکوڵیوی هەروا بیدەینە بەر و بە دروشمی خۆهەڵخەڵەتێن و بێئاکام بگەڕێینەوە گردی گەورە و جێیجاران.
! ئەم بابەتە تایبەتە بە ماڵی کتێبی کوردی و بڵاوکردنەوەی بە ئاماژەدان بە سەرچاوە ڕێگە پێدراوە.