ڕۆمانی «نەتەوەی زێرابەکان» کرایە فارسی
جەبار جەمال غەریب نووسەری بەتوانای كورد و براوەی خەڵاتی حسەین عارف (لە ساڵی ۲۰۱۶دا) كە یەكەمجار بەبۆنەی وەرگێڕانی ڕۆمانی «پێنجەمین كتێبی خودا» وە (وەرگێڕاوی ڕەزا كەریممجاور، تاران، چاپەمەنی ئەفراز، ۱۳۹۵ی هەتاوی/۲۰۱۶ی زاینی) بە خوێنەری فارس زمان ناسێندرا، ئێستا بە ڕۆمانێكی دیكە و بە پەیڤی تازەترەوە دێتەوە بۆ ناو بەردەنگەكانی فارس زمان. ئەم ڕۆمانەش «نەتەوەی زێرابەكان»ە كە لە ژێر ناوی «نسل فاضلابها» كراوە بە فارسی.
جەبار جەمال غەریب
«نەتەوەی زێرابەكان» بەسەرهاتی گەلێكی پەڕاوێزنشین و دەركراو لە ناوەندی كۆمەڵگایە كە هیچ شوێنێك پەنای پێ نادا و بەناچاری و لەوپەڕی سەرسوڕمانیدا پەنا دەبەن بۆ ناو زێرابەكان، بەڵام لە دوای ماوەیەك تێدەگەن كە تەنانەت ناتوانن لەوێش بحەسێنەوە و مرۆڤەكانی سەرزەوی كە دەڵێی بەو شوێنە پیس و پۆخڵەش ئیرەیی دەبەن، لەوێش دەستیان لێ هەڵناگرن و ناهێڵن بە ژانی خۆیانەوە داكەون.
ڕەزا كەریممجاور
كەسایەتی سەرەكی «نەتەوەی زێرابەكان» كە هەر لە سەرەتای منداڵییەوە لە خۆشەویستی دایك و باوكی بێبەش بووە، دەبێتە شاگردی شۆفێری لۆری. دواتر لە لۆرییەكەوە بۆ لۆرییەكی دیكە دەڕوا و جاری وایە وەكوو كەرستەی ناو لۆرییەكە لەگەڵ لۆرییەكە دەفرۆشرێ و…
گەر بە وردی چاو بگێڕین، ئەم كەسایەتییانە لە دەور و بەری هەموومان هەن و دەبیندرێن، بەڵام كوا چاوێكی وەها لەم سەردەمی دڵڕەقی و نەبینی و كارەساتەدا؟!
د. هاشم ئەحمەزادە و جەبار جەمال غەریب
دوكتور هاشم ئەحمەزادە لە ڕەخنەیەكدا سەبارەت بەم ڕۆمانە دەنووسێ: « نەتەوەی زێرابەکان وەک هەموو ڕۆمانەکانی تری جەبار غەریب هەر لە ناوەکەیڕا دێتە شەڕی باوەڕە باوەکانی خوێنەرەوەوە و کێشەی مانا و پێوەندیی دال و مەدلوولەکانی زیاتر لە هەمیشە بۆ زەق دەکاتەوە… خوێندنەوەی ئەم ڕۆمانە هەر لە سەرەتاوە دەتباتە ناو دونیای نامۆییەکان. دەستپێکی ڕۆمانەکە ڕستەیەکی بەهێزە کە باوەڕی پتەوی ڕۆماننووس دەکاتە دیاری بۆ خوێنەرەوە و پێی دەڵێت لە چاوەڕوانیی دەقێکی شازدایە. “من لە ژیانی هیچ کەسێک بەرپرسیار نیم دوای خوێندنەوەی ئەم رۆمانە چی بەسەردێت” ئەمە ئافۆریزمێکی بەهێزە و گوزارە لە متمانەی زۆری نووسەرەکە بەخۆیەوە دەکات. بەڵام ئەم ڕستە بەهێزە بێ خاڵی کۆتاییە (.) و ئەمەش هەر وەک چارەنووسی ڕۆمانەکە و بەسەرهاتی کاراکتێرەکانیەتییە کە خاڵی کۆتایی بۆ گێڕانەوەیان دانەندراوە.»
بۆ داگرتنی تهواوی بابهتهکه ببنە ئەندامی کاناڵی تلگرامی ماڵی کتێبی کوردی…
ئەم بابەتە تایبەتە بە ماڵی کتێبی کوردی و بڵاوکردنەوەی بە ئاماژەدان بە سەرچاوە ڕێگە پێدراوە.