خانه / پێشنیاری ده‌سته‌ی نووسه‌ران / کتێبی «رابەری ڕۆژنامەگەریی كوردی ۱۹۰۶-۲۰۱۹ز» بڵاوکرایەوە

کتێبی «رابەری ڕۆژنامەگەریی كوردی ۱۹۰۶-۲۰۱۹ز» بڵاوکرایەوە

کتێبی «رابەری ڕۆژنامەگەریی كوردی ۱۹۰۶-۲۰۱۹ز» بڵاوکرایەوە

ناسنامەی کتێب: «رابەری ڕۆژنامەگەریی كوردی ۱۹۰۶-۲۰۱۹ز»، دوکتۆر کارزان محەمەد، چاپەمەنی شڤان، سلێمانی ۲۰۲۱.

کتێبی (رابەری ڕۆژنامەگەریی كوردی ۱۹۰۶-۲۰۱۹ز) بەئامانجی ڕۆشنكردنەوەی لایەنێكی مێژووی میدیای كوردی، بەقەبارەی (۶۳۸) لاپەڕە بەسوپاسەوە لەلایەن ڕۆژنامەی (كوردستانی نوێ) بڵاوكرایەوە.

ئەم ڕابەرە، ڕێنوێنییەكە بۆ تەواوی ئەو ڕۆژنامە و گۆڤارانەی دەچنە خانەی ڕۆژنامەگەریی كوردی و لەماوەی ساڵانی (۱۹۰۶-۲۰۱۹ز) لە كوردستان یاخود لە ناوچەكانیتری ئێران بڵاوكراونەتەوە (وەك: تاران، ئیسفەهان، خۆراسان، تەورێز، هەمەدان….)

دكتۆر كارزان محەمەد

ڕۆژنامەگەری كوردی بەپێی قۆناغی مێژوویی پۆڵێن و شرۆڤە كراوە، بەشێوازێكی ئەكادیمی و بەسیستەمی پەراوێز ئاماژە بە سەرچاوەكان دراوە. بەپێی توانا، داتا و زانیاری ورد سەبارەت بەڕۆژنامە و گۆڤارەكانی تێدایە وەك: ناو و لۆگۆ و وێنەی ئۆرژیناڵ، ناوی خاوەن ئیمتیاز و بەرێوەبەری بەرپرس، شێوازی بڵاوبوونەوە، زمان، مێژووی بڵاوبوونەوە، بوار، شوێن، ئاراستە.

 بەپێی قۆناغەكانی مێژووی ڕۆژنامەگەریش، پێڕستەكەی بەم چەشنەیە:

  رۆژنامەگەری لە سەردەمی قاجاردا

  رۆژنامەگەری لە سەردەمی پەهلەویدا

  رۆژنامەگەری لە سەردەمی كۆماری كوردستاندا

  رۆژنامەگەری لە سەردەمی ئینقلابی ئیسلامیدا

هەروەها دوو تەوەرەی گرنگیش تەرخان كراوە بۆ:

 بڵاوكراوە خوێندكاری و ئەكادیمییەكان

 رۆژنامە و گۆڤارەكانی دەرەوەی كوردستان

 جێگای ئاماژەیە كۆمەڵێك سەرچاوەی گرنگ و دانسقە لەم بەرهەمەدا بەكارهاتووە كە بریتین لە:

نوسخەی ئۆرژیناڵی ڕۆژنامە و گۆڤارەكان، لە ئەرشیفی ئامادەكاردا پارێزراون.

سەرچاوەكانی تایبەت بە مێژووی ڕۆژنامەگەری كوردی یا ئێرانی، (۴۵) بەزمانی فارسی و (۱۹) بەزمانی كوردی و (۲) بەزمانی ئینگلیزی و (۱) بەزمانی عەرەبین.

دیدار و چاوپێكەوتن لەگەڵ #خاوەن_ئیمتیاز یا #سەرنوسەرەكان.

دیكۆمێنت (اسناد و مدارك) بۆ دەستنیشانكردنی ئاراستەی بڵاوكراوەكان، بەتایبەتی ڕۆژنامە و گۆڤارە كوردستانییەكانی سەردەمی قاجاری و پەهلەوی.

ستران عەبدوڵا

ستران عەبدوڵا هاندەری سەرەكی پرۆژەكە، لە پێشەکی کتێبەکەدا دەڵێیت:

«ئەم كتێبە كەلێنێكی سەنگین لە مێژووی رۆژنامەگەری پڕ دەكاتەوە. نەخاسمە مێژووی رۆژنامەگەری لە كوردستانی رۆژهەڵات. ڕاستە لێكۆڵیارانی تر ڤەكۆلین ‌و كۆششی تریان كردووە كە بەشێكی وا لەم كتێبەشدا وەك سەرچاوە ‌و وەك خشتی بنەماش بەكارهاتوون بەڵام (رابەری ڕۆژنامەگەریی كوردی ۱۹۰۶-۲۰۱۹ز ) فراوانترینیانە.. دیرۆك ‌و جوگرافیای رۆژنامەگەری رۆژهەڵاتی گرد و كۆ كردۆتەوە ‌و ناوەكەی بە خۆوەیەتی: (ئینسكلۆپیدیا).
دەمێكە دكتۆر كارزان محەمەد هەم لە كایەی لێكۆڵینەوەی رۆژنامەوانیی كە ڕشتەی خوێندنی ئەكادیمی خۆیەتی ‌و هەمیش لە كایەی مێژووی گەلەكەماندا بە وەرگێران ‌و نووسین خزمەتی كتێبخانەی كوردی دەكات، پێشنیارم بۆی كرد هەردوو كایە: پسپۆرێتی ‌و ئارەزووی (مێژوویی) خۆی لە كتێبێكدا لەسەر تۆماری رۆژنامەگەریمان لە رۆژهەڵات كۆ بكاتەوە. پێشنیارە متوازیعەكەی پەسەند كرد ‌و ئەم كتێبە نازدار ‌و ناوازەی لێ هاتە بەرهەم. جا هەر تەنها لەبەر ئەم پێشنیارە بوو كە هیچ ناكات لەچاو زەحمەت ‌و كۆششی وردی د. كارزان، شانازی ئەم پێشەكییەم پێ ڕەوا بینرا.
گەلێك خۆشحاڵ دەبم خوێنەران ‌و لێكۆڵیاران وەكو من كەڵك لەم بەرهەمە نایابە ببینن، بۆ چێژ ‌و بۆ پشت پێ بەستنیش زوو زوو بچنەوە میوانداری بەش ‌و لاپەڕەكانی لێكۆڵینەوەكانی لەسەر مێژووی رۆژنامەگەری كوردی ‌و رەوت ‌و ئاراستەكانی ئەنگێزەی دەرچوون، پێشكەوتن یان پاشەكشێ ‌و ئینجا باعیسی تیاچوونیان، بۆ كتێبخانەی كوردستان ‌و بۆ ناوەندی رۆژنامەگەری كوردی زۆر زۆر پێویستن. ئەمەش نەك تەنها لەبەر بایەخە مێژووییەكەیان، بەڵكو لەبەر ئەوەش بتوانین هەڵسەنگاندن بكەین بۆ ئەم رەوتە دوور و درێژە لە سەرتاسەری كورستان ‌و لە دەرەوەش. چ لە پایتەختەكانی كوردستانیان لای خۆیان گلداوەتەوە ‌و چ لە وڵاتانی فەرەنگستان، ئەمە یارمەتیمان دەدا بۆ روونكردنەوەی رێگای ئێستا ‌و ئایندەی هەر كۆششێكی تری رۆژنامەوانییان. ئەزموونەكانمان چین، ‌و چۆن باشییەكانی پتەو بكەین ‌و چۆن خراپییەكانی دووبارە نەكەینەوە؟ ڕاستە رۆژنامەی كاغەزی، لە كوردەواری تا لە دونیاش حاڵوباری باش نییە. بەڵام دەرس ‌و دەورەكە دەشێ بۆ هەر ئامرازێكی تری میدیایی دەست بدات، مادام مرۆڤایەتی تا مابێ رەحەت دانانیشێ ‌و هەر جارە ‌و ئامرازی تر بۆ پەیام گەیاندن ‌و میدیاپەروەری دەدۆزێتەوە.
باشترە لەوە زیاتری لەسەر نەڵێم، چونكە لێكۆڵینەوەكە خۆی بە سەنگ ‌و دەنگی خۆیەوە قسە دەكا ‌و خوێنەران بانگێشتی گەشتێكی پڕ زانیاری ‌و پڕ تەسەوف ‌و حەسرەت ‌و نەشئەی ئەزموونی لە گۆشت ‌و خوێن دروستكراوی رۆژهەڵاتی وڵاتمان دەكات. ڕایەڵەی رۆژنامەگەری رۆژهەڵات بە رۆژنامەگەری براكانی لە بەشەكانی تر ‌و بە دراوسێكانی لە ئەزموونی رۆژنامەگەری تر لە ئێران ‌و توران، پێكەوەیی ‌و لێكجیایان لە چەند وێستگەیەك دەخاتە روو. ئەدگاری كارەكتەرە دیار ‌و گومناوەكانی ئەم كاروانە دوور ‌و درێژە ‌و ناو و ناونیشانەكانی رۆژنامە ‌و گۆڤارەكانمان پێ دەناسێنێ.
دەستخۆشی ‌و پیرۆزبایی گەرم لە برای خۆشەویست د. كارزان محەمەد دەكەم ‌و هیوای تەمەن درێژی بۆ دەخوازم، بە تەندروستییەكی باشەوە تا سەركەوتوو بێت لە ژیانیا ‌و كەمێكی زۆریش لەبەرخاتری مێژووی فەقیر ‌و داماوی رۆژنامەگەری كوردی. 
»

د. ئالان فەرەیدوون (سەرۆكی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی)

شایانی ئاماژەیە بەڕێز د. ئالان فەرەیدوون سەرۆكی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی هیممەتی مەردانەی بۆ باربۆی دابینكردنی (۴۲) سەرچاوەی زانستی بۆ ئەم بەرهەمەكە كردووە. هەروەها نووسەر ئەم کتێبە ناوازەیەی پێشکەش بە م. رەفیق ساڵح بەڕێوبەری بنکەی ژین و م. سدیق ساڵح کردووە.

م. رەفیق ساڵح (بەڕێوبەری بنکەی ژین)

 ببنە ئەندامی “ماڵی کتێبی کوردی”:

 https://t.me/kurdishbookhouse

ئەم بابەتە تایبەتە بە ماڵی کتێبی کوردی و بڵاوکردنەوەی بە ئاماژەدان بە سەرچاوە ڕێگە پێدراوە.

درباره‌ی ماڵی کتێبی کوردی

همچنین ببینید

کتێبی «مژاوا» بە قەڵەمی جان دۆست وەرگێڕان کرایە سەر زمانی کوردی سۆرانی

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *