وشە داوێکە کە نووسەر کائیناتی پێ ڕاو دەکات
وتاری لێژنەی هەڵسەنگاندنی بەشی کورتە چیرۆک لە ۲٥ مین فستیڤاڵی گەلاوێژ
گێڕانەوە دیاردەیەکی دیار و دێرینە کە مرۆڤ بە ئەندێشە و ئاوەزێکی زمانییەوە لە خۆی و بارودۆخ و چرکەساتەکان و ئەوی دی تێگەیشتوە.
بەزمانی کردنی چرکەسات و دۆخە عاتیفیەکان و دەربڕینیان لە تۆی خەیاڵ و ئەستەتیکا، مەعریفەیەکی چێژمەندت پێ دەبەخشێ و ئەبەدییەت ئەدات بەو قەوارە ڕەواییە کە وێنای کورتە کاتێکە بە جەمسەری ئاوەز و خەیاڵ و زەمان و گۆشەنیگا و زمان.
داڕشتنەوەی واقێعی مرۆڤ بە لایەنەجیاواز و هاوتەریب و ناهاوتەریبەکانی، تەمسیلێکی تازەیە لە حەقیقەتە لەت لەت و بزر و پتەوەکان کە ئاوەزی مرۆڤ ئەبووژێنێتەوە. ئەو داڕشتەی کە وەک قەوارەیەکی ڕەوایی ئۆتۆنۆمیک و سەربەخۆ و بە مەودایەکی ڕەخنەئامێزەوە بوون و واقێعەکانی جیهان ئەخاتە ژێر پرسیارەوە.
ئێمە وەک لێژنەی بەرپرسیار بۆ هەڵسەنگاندن و هەڵبژاردنی کورتە چیرۆکە بەشداربوەکان لە ۲٥مین فستیڤاڵی گەلاوێژ، بە لە بەرچاوگرتنی پێوەرە زانستی و تێکنیکاڵەکانی چیرۆکی هونەری واتە مۆدێرن و هەر وەها بە لە بەرچاو گرتنی فۆڕمی ئاسەوارەکان و توانستی زمانی نووسەر و سەرکەوەتنی لە ئەو گەمە زمانییە کە لە چوارچێوەی فۆڕمی کورتە چیرۆکی کوردیدا پێویسته و مەیاندنی تەخەییولی کوردی و بە چیرۆکی کردنی ئەو خەیاڵ و هەل و هەڵوێستانه کە مرۆڤێکی کورد بە پێی غکلتوور و جوغرافیای زمانی و ئەو چاخ و دۆخەی تێیدا دەژی و ئەتوانێ بیکات بە هەڵوێستەی جوانیناسانە و ڕەخنەئامێزی جیهانی ئەوپەڕ لۆکاڵی، بە پێی بڕیار ئەو چیرۆکانەمان هەڵبژارد:
۱-پلە و خەڵاتی سێهەمی فستیڤاڵی گەلاوێژ بە شێوەی هاوبەش پێشکەش ئەکرێ بە: چیرۆکی میوانی هەلەمووت(ئەمجەد غوڵامی – بۆکان) و بارانی جێییوەری (کاروان محەمەد فەتاح – چەمچەماڵ)
۲- پلە و خەڵاتی دووهەمی فستیڤاڵی گەلاوێژ بۆ چیرۆکی: ئاخر جار لە گەڵ باوکم چووم بۆ سەفەر (ئەنوەر عەرەب- بۆکان)
۳- پلە و خەڵاتی یەکەمی فستیڤاڵی گەلاوێژ بۆ چیرۆکی: چاوەڕێم کەسێک تەلەفۆنم بۆ بکات(خاترە محەمەدی- سنە)
بە سپاسەوە
د. محەمەد ڕەحیمیان
ئارام محەمەد
زەردەشت محەمەد
گزارش تصویری اختصاصی خانه کتاب کردی
ئەم بابەتە تایبەتە بە ماڵی کتێبی کوردی و بڵاوکردنەوەی بە ئاماژەدان بە سەرچاوە ڕێگە پێدراوە