سەرجەمی بەرهەمی تۆفیق وەهبی بەڕێوەیە
بە پێی ڕاپۆرتی پێگەی هەواڵنێریی «ماڵی کتێبی کوردی»، بەهەشتی تۆفیق وەهبی، ناوێکی دیاری دنیای ڕۆشنبیریی کوردی و زمانەوانێکی مەزنی کوردەوارییە، بەرهەمە زانستییەکانی کەلێنی یەکجار گەورەیان گرتووە و بەشدارییەکی بەرچاون لە دانانی بناغەیەکی زانستی و دروستی دەستووری زمانی کوردیدا. بنکەی ژین، لە چوارچێوەی یەکێک لە پڕۆژەکانی چاپی خۆیدا، کە کۆکردنەوە و بڵاوکردنەوەی سەرجەمی بەرهەمی پەرشوبڵاوی ناوە هەرە دیارەکانی ڕۆشنبیریی کوردییە و هەر لە سەرەتای دامەزرانی خۆیەوە دەستی پێکردووە، ٢٠٠٦ بەشی یەکەمی ئەم کارە کە بەرهەمە عەرەبییەکانی ئەو زاتەن، بڵاویکردەوە و ٢٠١١یش وەک پڕۆژەیەکی هاوبەش لەگەڵ “دەزگای ڕۆشنبیری و بڵاوکردنەوەی کوردی”دا جارێکیتر بڵاویکردەوە. وا ئەمجارە خۆشبەختانە بەشی یەکەمی بەرگی یەکەم لە “الآثار الکاملة للعلامة توفیق وهبي” و بەشەکانی یەکەم “هەمەڕەنگ” و دووەم “بابەتە زمانەوانییەکان”ی بەرگی دووەمی ئەو کۆکراوەیەی بە پڕۆژەیێکی هاوبەش لەگەڵ “دەزگای ڕۆشنبیریی جەمال عیرفان” چاپ و بڵاو دەکاتەوە و یەکێک دەبێ لەو بەرهەمە نوێیانە کە بنکەی ژین ئەم مانگە لە “پیشانگەی نێودەوڵەتیی کتێبی سلێمانی”دا بڵاویدەکاتەوە. ئەم شاکارە شایانی ئەوەیە هەم بخوێندرێتەوە و هەم لە هەموو ماڵێکی کورددا هەبێ. جیگەی باسە، بیرەوەرییە عەرەبییەکانی ‘تۆفیق وەهبی’ و نامەکانیشی کە حاڵی حازر کاریان تێدا دەکرێ، لەپاڵ ئەلبوومی وێنەکانیدا، تەواوکەری هەمان پڕۆژەن و هیوامانە لە داهاتوویەکی نزیکدا ڕووناکیی چاپ ببینن.
هر نوع بازنشر این متن با ذکر منبع «سایت خانه کتاب کردی” مجاز است.
http://kurdishbookhouse.com/ku/wp-content/uploads/2022/11/d-1.jpg