فەرهەنگی پیران؛ سەبارەت بە زاراوەی تەسەوف و عیرفان بڵاو دەکرێتەوە
فەرهەنگی پیران؛ سەبارەت بە زاراوەی تەسەوف و عیرفان ناوی بەرهەمێكی نوێی بوشرا كەسنەزانی و پڕۆفیسۆر دكتۆر سەباح بەرزەنجییە، كە تێیدا نزیكەی دوو هەزار زاراوەی بواری عیرفانیی تێدا ناسێنراوە و شی كراوەتەوە، هەر زاراوەیەكیش بە هۆنراوەی شاعیرانی كلاسیك پشت ڕاستكراوەتەوە و نموونەی لە ئەدەبیاتی كوردییەوە بۆ هێنراوەتەوە.
ئەم كارە هەوڵ دەدات تەسەوف وەك ئەوەی كە هەیە و لە كولتووری كوردی دا جێی گرتووە بناسێنێت، بۆیە هەردوو نوسەر لە نووسینی كتیبەكەدا بایەخی تەواویان بە فەرهەنگ و زمان و كلتوری كوردی داوە. ئەم فەرهەنگە دەبێتە یەكەمین فەرهەنگی ناساندنی چەمك و زاراوەی سۆفیگەری لە زمانی كوردی دا. جێی باسە لە زمانی كوردی دا پێشتر دكتۆر ئیبراهیم ئەحمەد شوان كتێبیێكی لە بارەی زاراوەی سۆفیانەی شیعرەكانی مەلای جزیری و مەحوییەوە نووسی بوو بە ناوی: {فەرهەنگی سۆفییانەی دیوانی جزیریی و مەحوی}.
ئەم فەرهەنگە خۆی لە پێشەكی و ناوەڕۆك دا دەبینێتەوە، لە پێشەكی كتێبەكەدا، بە وردی لە بارەی چەمكی تەسەوف و مێژووی تەسەوف و بنەماكانییەوە قسە كراوە، جیهانی بێ پەیی عیرفانییەت نیشان دراوە، پاشان قسە لەسەر زمانی بە ڕەمزی سۆفییەكان كراوە، كە لە ئەدەبیاتیان دا ڕەنگی داوەتەوە، هەموو وشەیەك جگە لە مانای فەرهەنگی خۆی، مانایەكی تایبەتی هەیە كە پەیوەندی بە ڕەوت و ڕەفتار و سلوكی دەروێشانەوە هەیە. پاشان بە پێی پیتەكان، زاراوەكان جیا كراونەتەوە و لە نێو هەر پیتێكیشدا سەدان وشە ڕوونكراونەتەوە.
ئەم بابەتە تایبەتە بە ماڵی کتێبی کوردی و بڵاوکردنەوەی بە ئاماژەدان بە سەرچاوە ڕێگە پێدراوە