خوێندنەوەیەکی ئەدەبی لە ئەزموونی مەنفا لای سێ نەوەی شاعیرانی کورد ” نالی، حاجی قادری کۆیی ، شێرکۆ بێکەس”
لە درێژەی زنجیرە باسێکی تیۆریک و ئەدەبیدا سەبارەت بە ئەزموونی ژینکراو (زیست شدە ) و ئەزموونی ئاسایی لە شیعر و ئەدەبیاتدا ، چوارشەممە ۱۵ ی سەرماوەز پارتی سێیەم و دوابەشی ئەم باسە لە کومیتەی شیعری ئەنجومەنی ئەدەبی مەریوان لە لایەن شاعیر و نووسەر ” حەمەی کەریمی ” تەرخان کرا بۆ باس و لێکدانەوە لە ئەزموونی مەنفا لای سێ شاعیری کورد ” نالی ،حاجی قادری کۆیی و شێرکۆ بێکەس “.
حەمەی کەریمی لە کۆی باسەکەیدا ئاوڕی دایەوە لە خاڵە هاوبەشەکان و خاڵە جیاوازەکانی نێوان ئەزموونی مەنفا و غوربەت لای هەریەک لەم سێ شاعیره کوردە و لە چەند تەوەردا بە کورتی ئاماژەی بە هەر یەک لەو تەوەرانە کرد. خاڵە هاوبەشەکان بە کورتی ئامانە بوون.
[ ٭ ڕەوایەت کردن و گێڕانەوەی تەجروبەی مەنفا لە هەر یەک لە قەسیدەی ” قوربانی تۆزی ڕێگاتم ئەی بادی خوش مرووری نالی و ” گوتم بە بەختی خەواڵوو “ی حاجی قادر و ” دەربەندەی پەپوولە” ی شێرکۆ بێکەس.
٭ سێ سەفەری خەیاڵی و سێ گەڕاندنەوەی تایبەت لە مەنفاوە بۆ زادگا و گوندی یۆتۆپیا و نیشتمان.
٭ لەو دیو مەنفای هەر یەک لەم سێ شاعیردا جۆرێک زۆر بۆ هێنان و دوورخستنەوە و ناچاریی بوونی هەیە.
٭ هەر سێ قەسیدەکە سەر بە مێژوویەکی درێژی مەنفا و غوربەتن کە لە ئادەم و حەواوە دەسپێدەکا و تاکوو ئەمڕۆش بەردەوامە.
٭ لە هەر یەک لەم سێ قەسیدەیەدا هەستێکی قووڵ بە غەریبی و مەنفا بوونی هەیە و هاوکات گەڕاندنەوە بۆ شوێنی منداڵی و یادەوەریی و رابوردوو لە هەر سێ قەسیدەکەدا ڕۆڵێکی سەرەکی دەبینێ.
٭ گەڕاندنەوەی هەر کام لەم سێ شاعیرە لە مەنفا و دیاسپۆراوە بۆ زادگا و شوێن و یۆتۆپیا و نیشتمان گەڕاندنەوەیەکی ئادەمیانەیە.
خاڵە جیاوازەکانیش بە کورتی بریتین بوون لەمانەی خوارەوە.
٭نالی بڕیاری گەڕاندنەوە لە مەنفاوە بۆ زادگا و شوێن دەدات لە حاڵێکدا حاجی قادر بڕیاری نەگەڕانەوە دەدا و یاداوەریی شیعرەکانی و هاوکات مژدەی کیانێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی و کوولتووریی دەکات بە ئاڵترنیڤی گەڕاندنەوەی بۆ وڵات.
٭ گەڕاندنەوەی نالی لە مەنفاوە بۆ زادگا و شوێنی پیرۆزە و. لە حاڵێکدا گەڕاندنەوەی حاجی قادر لە مەنفاوە بۆ یۆتۆپیایه نەوەک شوێن و زادگا..
٭ مەنفای نالی مەنفایەکی لاهووتی و ئاسمانییە، کەچی مەنفای حاجی قادر مەنفایەکی بە تەواوەتی زەمینی و ئەپستمۆلۆژییەو هەڵگری مژدەی کیانێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی و کوولتوورییە.
٭ ئەزموونی مەنفا لای نالی قووڵترە لە ئەزموونی مەنفا لای حاجی قادری کۆیی.
٭ ئامرازی گەڕاندنەوە لە مەنفاوە بۆ زادگا و یوتۆپیا و نیشتمان لای نالی و شێرکۆ بێکەس.. ” با ” یە.. بەو جیاوازییەوە با لە ئەزموونی شێرکۆدا بایەکی نەرم و نیان نیە، بەڵکوو گەردەلوولێکی سەوزە و پڕە لە هێز و توانست و هەڵگری تراژدی و کارەساتە.
٭میتافۆری بای نالی و خەونی حاجی قادر لای شێرکۆ دەگۆڕدرێ بە میتافۆرێکی تووڕە و بە هێز و قورس و قاییم کە هەڵگری تراژیدی و کاولکارییە،، بەڵام هەڵگری ئومێد و ئاوەدانیشە..
٭گرنگ ترین جیاوازیی ئەزموونی مەنفای شێرکۆ بێکەس لە تەجرووبەی مەنفای نالی و حاجی قادر لەوەدایه کە مەنفای شێرکۆ مەنفای دوای وێران بوونی نیشتمان و کوشتنی مێژوو و سرووشتی نیشتمانە، لەودیو مەنفای شێرکۆوە نە شوێنی پیرۆزی نالی بوونی هەیە و نە گوندی یۆتۆپیای حاجی قادر.
دواتر کۆڕەکە بە ئاراستەکردنی هەندێ پرسیار و وڵام لە لایەن بەشداربووانەوە کۆتایی پێهات.
هر نوع بازنشر این متن با ذکر منبع «خانه کتاب کُردی» مجاز است.