ناسنامە: فەلسەفەی کامۆ، ریچارد کامبێر، له فارسییهوه: عادڵ قادری، چاپ و پەخشی سەردەم ،سلیمانی، ۱۳۹۷.
کتێبی فەلسەفەی کامۆ لە نووسینی نووسەر و مامۆستای ئەمریکی ریچارد کامبێر، لەلایەن عادڵ قادری كراوەتە كوردی و بو پێشانگای نێودەوڵەتیی کتێب لە هەولێر لە لایەن چاپ و پەخشی سەردەم بڵاو دهکرێتهوه.
عادڵ قادری، لە واڵی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک دەربارەی ئەو کتێبە نووسیویەتی:
ئەم کتێبەم بۆیە وەرگێڕا چوون پێم وابوو لە تێگەیشتنی زاڵ و باو بۆ جیهانیی ئەدەبیی و گێڕانەوەیی کامۆ لا دەدات و چەندین پرس و بابەتی شەقڵنەشکاو و تازە لە بارەی کامۆی بیرمەند و فەلسەفەوان دەخاتە روو. لەوانە سەرچاوە دینییەکانی ئەندێشەی کامۆ، کاریگەریی فەلسەفەی گنۆسی و رێبازە کەلامی و ئیلاهییاتییەکانی سەدەکانی ناوەڕاست لە سەر کامۆ، تێزەکەی کامۆ لە سەر “میتافیزیکی مەسیحی و فەلسەفەی نوێئەفلاتوونی” و پرۆسێس و رەوتی گێڕانەوەی پووچی لە ئاوێنەی رۆمان و توێژینەوەکانی، هەڵکۆڵینی بنەڕەتی ئەندێشەی پووچی لە جیهانی کامۆ و پێوەندیی ئایین و پووچی و ململانێکانی ژیان و دەروونی کامۆ لە رووبەڕووبوونەوە لە گەڵ دۆخی پووچی و دەیان تەوەر و پرسی نوێ و جێی سەرنجی دیکە… کە هەوڵێکی فەلسەفی_ هێرمنۆتیکییە لە لایەن ریچارد کامبێر; مامۆستای زانکۆ لە ئەمریکا خراوەتە روو و وەرگێڕی دیاری فارس; خەشایار دەیهیمی کردوویە بە فارسی و من بۆ کتێبخانەی کوردیی بە پێویستم زانی و هیوادارم وەکوو هەوڵێکی بچووک بۆ سەر خەرمانی ئەدەب و فیکری کوردیی جێی خۆی بگرێت.
لە وەرگێڕانەکەدا زۆر لەگەڵ ئەو ئاستەنگ و لەمپەرانەش کە لە رووی زمانیی و چەمکییەوە لە بەردەمم بووە ململانێم کرد و لە پێشەکیی وەرگێڕی کوردیی بە درێژی باسم کردوون. لە وەرگێڕانی چەمک و تێرمەکانی ئایینی مەسیحییەت، رێبازی گنۆسییەکان و رەوتە کەلامی و رازئاوییەکانی سەدەکانی ناوەڕاست، نیچە، گابریل مارسێل و…بە گەڕان بەناو هەندێ لە فەرهەنگ و وشەدانە فەلسەفییە ئینگلیزییەکان و بەراوردکردن لە گەڵ هاوتادانانەکانی دەیهیمی، هاوتاسازییم کردووە و چەند جار پێداچوونەوەم کردووە کە بەراستی ماندووی کردم، کۆی ئەم کارە بە سەرنجدان بە نەرێتێک کە لە بواری فکر و فەلسەفەی کوردی تا ئێستە کاری پێکراوە گەیاندوومە ئەنجام. ئەم کتێبە لە لایەن دەزگای “سەردەم” چاپکراوە و لە پیشانگای نێودەوڵەتی لە هەولێر و لە سێی مانگی چوار پێشکەشی خوێنەران دەکرێت.
! ئەم بابەتە تایبەتە بە ماڵی کتێبی کوردی و بڵاوکردنەوەی بە ئاماژەدان بە سەرچاوە ڕێگە پێدراوە.