خانه / پێشنیاری ده‌سته‌ی نووسه‌ران / مامۆستا عەزیز گەردی لە ئاوێنەی کتێبەکانیەوە

مامۆستا عەزیز گەردی لە ئاوێنەی کتێبەکانیەوە

مامۆستا عەزیز گەردی لە ئاوێنەی کتێبەکانیەوە

د. محەمەد یەعقووبی

بەشی دووهەم

شوکر بۆ خوای گەورە، بەشی یەکەمی وتارەکە ڕەنگدانەوەو دەنگدانەوەیەکی ئەرێنی بوو و زۆر خوێنەرێکی چالاک وتارەکەیان لا پەسەند بوو، دڵگەرمیان پێدام کە لەم نووسیینەدا کارێکی درووستم هەڵبژاردووەو درێژەپێدانی ئیشێکی ڕەوایە. بۆ خۆم لە بەشی یەکەمدا ئاماژەم بەوە کرد، ئەو هۆکارە سەرەکییەی منی هانداوە تا لە یەکێک لە سەرچاوکە دوانەهاتووەکانی ئەدەبی کوردی یانی کاک عەزیز گەردی وبەر لێکدانەوەو ناساندن بخەم، خۆشەویستی لە دڵماڕیشەداکوتاوی زمانی کوردییە کە بە ئەو پەڕی خۆشەویستی و هەبوونمەوە خەریکی فرمان و ئیش کردن لە سەر زمانەکەم دەبم و لەو ئیشانەم قەد شەکەت نابم و تەنانەت شەکەتیش لەسەر ئەو بابەتە بۆم چێژبەخشەو ئاواتم ئەوەیە کاتی زۆرترم هەبوا بۆ ئەوەی لەسەر زمان و ئەدەبی کوردی کاری زۆرتر بکەم.ڕاستی دەڵێن سنووری هەر کەسێک و هەر نەتەوەیەک بە سنووری زمانەکەی دیاری دەکرێت، بەو واتایە تۆ تا ئەو شوێنە هەیت وا زمانت بڕدەکات، کاک عەزیز هەموو خوێن و ئێسقان و گیان و لەشی خۆی لە کەوانی زمانی کوردی نا، تا سنوورەکەی درێژتر و بەرفراوانتر بێتەوەو دەڵێن کاتێک داغستانی من لە ڕەسووڵ حمزاتۆف وەرگێڕاوەتەو، ئەوەندە زمانەکەی ئەملاو ئەولا پێکردووەو دەیان جار کوژاندیوەتەوەو نووسییوەتەوە ، خوێن لە پەنجەکانی چۆڕاوە، بۆیە ئەگەر ئێستا دەماری زمانی کوردی پڕ خوێنە، لە خوێنی پەنجەکانی کەسانی وەک عەزیز گەردی و هەژارو هێمن و قزڵجێ و زەبیحی و شوکورمستەفاو ….دەیان کەسایەتی دیکەی دڵسۆزی زمان و ئەدەبەکەمانە پڕ خوێن بوەو شادەماری زمانەکە لێوانلێو لە خوێنی ڕەنگینی هەزاران شیعر و چیرۆک و پەخشانی خەمڵێنراوی ئەوانە.بۆ ئەوەی خوێنەرانی ئازیز لە سەر زمان و شێوازی نووسیین و بیرکردنەوەی مامۆستا عەزیز گەردی بە چەشنێکی ڕێک و پێک بەرەوڕووببنەوەو بیناسن، نووسیینەکەم بەش بەش کردووەو دابەشم کردوون بە چەن بەش: یەکەم ئاوێنەی کتێبە ئەدەبییەکانی مامۆستا عەزیز وەک ڕەوانبێژی و ڕەخنە و کێشناسی شیعری کوردی و زمانتاسی، دووهەم ئاوێنەی کتێبە وەرگێڕانەکانی لە زمانەکانی فەرانسەوی عەرەبی و ئینگلیزی و فارسی. مامۆستا عەزیز لە کتێبەکانی ڕەوانبێژیدا کە بریتی بن لە بابەتە سەرەکیبەکانی واتاناسی و ڕووننبێژی و جوانیکاری، هەوڵ و تەقالای ئەوەی داوە ئەو کەلێنە پڕنەکراوەی زمان و ئەدەبی کوردی پڕ بکاتەوە. بەر لە کاک عەزیز کەسێک هەموو تیور و باس و بابەتەکانی زانستی ڕەوانبێژی بە کوردی نەنووسیبوو و کەسیش ئەو تیورانەی لە سەر ئەدەبی کوردی کردەکی نەکردبووەو بەراوردی نەکردبوو. زۆر سەختە بۆ یەکەمجار کەسێک بێت و زانستێک کە بۆ خۆی سێ بەشی سەخت و جیدییە، بە زمانی کوردی بنووسێتەوەو دوایی دانە دانەی تیورەکان، شیعریان بۆ بدۆزێتەوەو سازێنەرە هونەری و سەنعەتە ئەدەبییەکان لە سەریان ساغ بکاتەوەو بۆ ئەو مەبەستەیش هەم لە شیعری کلاسیک و هەم لە شیعری هاوچەرخیش کەڵک وەربگرێت. زانستەکانی ڕوونبێژی(بیان) واتاناسی (معانی) جوانکاری (بدیع) لە سێ بەرگ کتێبدا بە جوانی و ڕێک و پێکی لە سەر ئەدەبی کوردی کردەکی کردوەتەوەو کە بەم ئیشەی چەن خاڵی هاوکات جێبەجێ کردووە، هەم ئەو زانستانەی لە زمانی عەرەبی بە زمانی کوردی دابەزاندووەو کورداندیوە هەم بۆ هەر نموونەیەک شیعرێکی کوردی یان چەن شیعری هێناوەو تیور و سازدەرە هونەرییەکەی لەسەری بەراورد کردووەو بە شێوازی کردەکی بۆ خوێنەری کورد، ئامادەی کردووە.یەکێک لەو بابەتانەی لە خوێندنەوەی پێشەکییەکەی کتێبی ڕوونبێژی کاک عەزیز زۆر دڵی گرتم بابەتێک بوو کە لەسەر پێناسەی ئەدەب نووسیبووی کە بەڕاستی وە بیری پێناسەکانی ماتیۆئارنۆڵدی تیوریداڕێژی ڕەخنەی نوێی خستمەوە کە لە سەر فەرهەنگ کردوویەتی، دەتگوت کاک عەزیز ئەو کارانەی ئارنۆڵدی خوێندبێتەوەو کارتێکردنی لە سەر بووبێت. زۆر جێگای تێڕامانە ئەو کەسایەتییە ئازیزە چەن جوان پێناسەکانی ئەدەب و تایبەتمەندی و ڕەگەزەکانی بە دەستەوە دەدات.کاک عەزیز دەڵێت ئەدەب بەو هەستە ناسکە دەڵێن کە لە دڵی مرۆڤ پەیدا دەبێت و دەردەبڕێت. باشترین هەستەکان و بیرەکانە لای مرۆڤ کە دەریدەبڕێت بە وشەی جوان و بە تین و داڕشتنی هونەرییەوە دەردەبڕدرێت.ئارنۆڵدیش پێناسەی فەرهەنگی بەرز هەر وا شەن و کەو دەکات و دەڵێت: فەرهەنگ باشترینی بیرەکانە وا مروڤ خولقاندوویەتی و دەریبڕیوە و لە باشترینی دەربڕداوەکان، ئەدەب واتە شیعر لە هەمووی بەرزترە. دیارە باسەکەی مامۆستا عەزیز و ماتیۆئارنۆڵدیش چۆن یەک دەگرنەوەو و چەندیش لێکچوونیان هەیە. مامۆستا عەزیز وەک توێژەرێکی بیرمەند بۆ ناساندنی ئەدەب گەڕانەوەیەکی توێژەرانەبۆ پێش زایین دەکات و لە بۆتیقای ئەدەبی ئەرەستوو کەڵک وەردەگرێت و هەرچەن دواتریش ئەو کتێبە لە ئینگلیزی بە کوردی وەرگێڕان دەکات.

دوایی دەپەرژێتە سەر ڕەوانبێژی دەڵێت: ئەدەب ڕووی لە ژیانە و هەستەکانی هەم تاک و هەم کۆمەڵ وە گڕدەخات و واتە ئەدەب ڕووی لە غایەتێکە. لە بەردەوامیدا دەڵێت ئەدەب سابیقە واتە لە پێشە و زانستی ڕەوانبێژی لاحیقە، واتە بە دوای ئەدەبدا خولقاوە. دیسان لە بەراوردی نێوان ئەدەب و ڕەوانبێژی دەڵێت:ئەدەب لایەنێکی ئیجابی و داهێنەرانەیە، واتە ئەدەب شیعر بێت یان چیرۆک یان شانۆنامە ێان هۆنراوە شتێک دەخولقێتێت و ئەمرێکی نوێ بەرهەم دێنێت. بەڵام ڕەوانبێژی لایەنی ئەرێ یان ئیجابی و نەرێ یان سیلبی هەیە. جاروبار کزی و عەیبەکانی ئەدەب دەبینێتەوەو جاروبایش لایەنی بەهێزی و جوانی ئەدەب وەدەردەخات. دوای باسی پێوەندی نێوان ئەدەب و ڕەوانبێژی دەپەرژێتە سەر ئەوەی زانستی ڕەوانبێژی چۆن و بە چی میکانیسمگەلێک خزمەتی ئەدەب دەکات و لە درێژەی باسەکەی دا ئەو چۆنیەتی خزمەتی ڕەوانبێژی بە ئەدەبمان بۆ ڕوون دەکاتەوە. باسی ئەوە دەکات چۆن ڕەوانبێژی دەبێتە حەڵقەی پێوەندی نێوان نووسەر و خوێنەر.

 

  https://t.me/kurdishbookhouse

 هر نوع بازنشر این متن با ذکر منبع «خانه کتاب کُردی» مجاز است.

درباره‌ی ماڵی کتێبی کوردی

همچنین ببینید

خوێندنەوەیەک بۆ پەڕتووکی «نوانەسازی و ئاماژەپێوی بۆ نووسینی ئەکادێمیکی کوردی» نووسراوەی د. بەختیار سەجادی

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *