خانه / پێشنیاری ده‌سته‌ی نووسه‌ران / ڕانانی کتێبی «وێنا و ئایدیا» بەرهەمی دوکتۆر موحسین ئەحمەد عومەر

ڕانانی کتێبی «وێنا و ئایدیا» بەرهەمی دوکتۆر موحسین ئەحمەد عومەر

ڕانانی کتێبی «وێنا و ئایدیا» بەرهەمی دوکتۆر موحسین ئەحمەد عومەر

فائزە مەحموودی

کتێبی وێنا و ئایدیا بەرهەمی د. موحسین ئەحمەد عومەر ساڵی ۲۰۲۳ و لەلایەن دەزگای “فام” لە هەولێر چاپ و بڵاو کراوەتەوە. ئەم بەرهەمە وەک لێکۆڵینەوەیەک ۵۶۴ لاپەڕە دەگرێتەوە و دابەش بۆتە سەر دە بەش. سەرەڕای هەڵسەنگاندنی ئەدەبی، کورتەچیرۆک و کێشەکانی، جۆرەکانی ئەدەبی و زاراوەسازییان، مێژووی ئەدەب و بایەخەکانی، کێشەی بوون و نەبوونی قوتابخانە و سەردەمە ئەدەبییەکان لە ئەدەبی کوردیدا و خوێندنەوەیان لە ڕوانگەی تازەوە، ڕۆمانی هاوچەرخی کوردی، شیعرییەتی شیعری فێرکاری، کورد و نەستۆری، مەنفا لە شیعری سەدەی نۆزدەیەم و هەروەها ئۆتۆبیۆگرافیا و بیۆگرافیا وەک ژانرێکی نوێ لە ئەدەبی کوردیدا خراونەتە بەر باس. نووسەر لە هەر بەشێکدا وەک بەرچاوڕوونییەک باسی مێژوو و سەرهەڵدانی ئەم شێواز و جۆرە ئەدەبییانەی لە ڕۆژئاوادا کردووە، پاشان هاتووەتە سەر ئەدەبی کوردی. شیاوی ئاماژەیە کە وێنا (Image) جیاوازە لە (photo) و بە واتایەکی دیکە ناونیشانی کتیبەکە دەبێتە: ئەندێشە و بیر.

بەشی یەکەمی ئەم کتێبە ۴۰ لاپەڕە دەگرێتەوە، نووسەر ئۆتۆبیۆگرافی و بیۆگرافیا وەک ژانرێکی نوێ لە ئەدەبی کوردیدا، بە شێوەیەکی تێروتەسەل شرۆڤە کردووە. ئەم بابەتە بۆ خۆی دابەش بۆتە چەندین بەشی دیکە کە بریتین لە: سەرهەڵدان و گەشەسەندن، ناساندن و شیکردنەوەی تیۆری، کێشەی زاراوە و جۆرەکانی ئۆتۆبیۆگرافی و بیۆگرافی، شیکردنەوە، خشتەی تیۆری و ئۆتۆبیۆگرافی و جۆرەکانی، بیبلۆگرافی تێکستێکی ئۆتۆبیۆگرافی و بیۆگرافی و جۆرەکانی. نووسینی ئۆتۆبیۆگرافی و بیۆگرافی لە ئەدەبی کوردیدا مێژوویەکی وەهای نییە، کە یەک لە هۆکارەکانی دەگەڕێتەوە بۆ سەر نەبوونی تاکایەتیی کوردی. بەرهەمە سەرەتاییەکانی ئەم بوارە دەگەڕێنەوە بۆ سەرەتاکانی سەدەی بیستەمی زایینی و دەتوانین ئاماژە بدەینە بەرهەمەکانی ڕەفیق حیلمی و ئەحمەد خواجە؛ پاشان تا کۆتایی هەشتەکانی سەدەی ڕابردوو بێدەنگیمان هەیە، بەڵام لە ساڵی ۱۹۹۲ بەدواوە نووسینی جۆرەکانی ژیاننامە، یاداشت یان گەشتی ژیان، بیرەوەری و یادەوەری، بەسەرهاتو سەرگوزەشتە، ڕۆژانەیاداشت و دەفتەریاداشت و هتد پەرەیان سەند و وەک ڕەوتێکی نوێ هاتنە نێو جیهانی نووسین کە نووسەر بەڕیز نموونەوەیان بۆ دێنێتەوە.

لە بەشی دووەمی ئەم کتێبەدا کە ۴۳ لاپەڕە دەگرێتەوە، مەبەست و ئامانجی نووسەر وەڵامدانەوە بە کۆمەڵێک پرسیارە، وەک: ئایا ڕێبازی ئەدەبی و بزووتنەوەی ئەدەبی لە مێژووی ئەدەبی کوردیدا بوونی هەیە یان نا؟ ئەگەر هەیە هۆکارەکانی سەرهەڵدانی چین؟ ئامانجی بەرهەمهێنانی ئەم جۆرە ئەدەبییە و ئەو شێواز و تەکنیک و هونەرانەی کە لێی کەوتوونەتەوە چییە؟ ئەو شاعیر و ئەدیب و نووسەرانە کێ بوون و لەو داهێنانەدا چ دەورێکیان گێڕاوە؟ نووسەر لەسەر ئەو باوەڕەیە کە پێویستە وەڵامی ئەم پرسیارانە بە گوتارێکی سیاسی، کۆمەڵایەتی و کەلتووری، بدرێنەوە. نووسەر لەدرێژەدا هەوڵی هەڵسەنگاندنی ئەو جیهان و هەڵکەوت و تایبەتمەندییە پێشنیاکراوەی ئەدەبی کوردی داوە بەرامبەر بە ئەدەبی ڕۆژئاوا و بەتایبەت ئەدەبی فەڕەنسی. پاشان نووسەر بەپێی ئەو ڕوانگە ڕەخنەگرانەی کە لەم بەشەدا خستوویەتە ڕوو، داکۆکی لەو تێزە دەکات کە مێژووی ئەدەبیی کوردی بریتییە لە سێ سەردەمی یەک لەدوای یەک و پێکەوە تێکئاڵاو کە لە هەر یەکەیاندا ئەدەبی کوردی هەڵکەوتێکی تایبەتی هەبووە و هەر سەردەمیش سەرەڕای گۆڕانکارییەکان، درێژەی سەردەمی خۆیەتی.

بەشی سێهەمی ئەم کتێبە بریتییە لە توێژینەوەیەک کە ۵۲ لاپەڕە لەسەر “چەمکی مەنفا لە شیعری سەدەی نۆزدەهەمی کوردیدا”. نووسەر سەرەتا بەم شێوە مەنفا-مان بۆ پێناسە دەکات: مەنفا وەک وشە و زاراوە لە زمانی کوردی دەرکەوتنێکی لەمێژینەی نییە و دووسەد ساڵ تێناپەڕێنێت. پێشتر وشەی غوربەت و غەریبییان بەکار هێناوە. لەگەڵ بووژانەوەی زمانی کوردی لە سەدەی بیستەمدا زۆر وشەی‌تر وەک تاراوگە، کە لە ڕوانگەی نووسەرەوە وشەیەکی زۆر ڕوون نییە و ئەو مانا ئاڵۆزە ناخاتە ڕوو، بۆیە نووسەر لەم توێژینەوەیەدا مەنفای بە کار هێناوە. مەنفا جیاوازە لەگەڵ کۆچکردن و سەرهەڵگرتن بە بڕیاری پێشوەختە و پلانداڕێژراو. کەسی مەنفی ناچارە لە وڵاتێک بژی کە هەموو نەریت و ئاقاری ئەو وڵاتەی بۆ بێگانەیە و ئەمەش دەبێتە هۆی تەنیایی، هەروەها نە سەر بە شوێنی مەنفایە و نە سەر بە زێد و وڵاتی خۆی. نووسەر بۆ ئەوەی بە باشی لە قووڵایی ئەم دۆخە تێبگەین لە مەنفای ئۆڤید شاعیری ڕۆمانی نموونەمان بۆ دەهێنێتەوە. لە ئەدەبی کوردیدا دەقی مەنفا زۆرە، دەشێ هەموو قەسیدەیەکی لاواندنەوە، لاواندنەوەی کەسێکی لەدەستچوو یان هی وڵات، بە چەشنێک خەسڵەتی مەنفا پیشان بدەن، بە تایبەتی ئەو مەنفایەی کە بە مەنفای مەجازی ناسراوە و ئەمەش دەبێ لەگەڵ هەر مەنفایەکی ڕۆحی و دەروونی یەک بگرێتەوە، بەڵام  نموونەی بەرجەستە و بێ‌وێنا لە شیعری کوردی سەدەی نۆزدەیەم، دوو چامەکەی نالی (قوربانی تۆزی ڕێگەتم) و (وتم بە بەختی خەوالوو)ی حاجی قادرە، هەڵبەت دەتوانین چامە وەڵامەکەی سالم-یش بۆ نالی هەر لە ڕیزی ئەو مەنفایە دابنێین کە بە مەنفای مەجازی ناسراوە. پێش شیکردنەوەی ئەم دوو نموونەیە نووسەر لەبەر ئەوەی کە هیچ بەڵگەیەکی کۆنکریتی لەبەر دەستدا نییە، بە وردی باس لە ژیانی حاجی قادری کۆیی و نالی دەکات. نووسەر بۆ روونکردنەوەی زیاتر و تێگەیشتن لە جیاوازی و تایبەتمەندی شیعرەکانی نالی و حاجی قادر پشت بە شیکردنەوە و لێکدانەوەی ژان کۆهێن دەبەستێ. هەروەها بۆمان ڕوون دەبێتەوە کە نالی پێش ئەوەی کە مەلا یان کورد بێ، شاعیر بووە و حاجی قادری کۆیی پێش ئەوەی کە شاعیر بێ، ڕابەرێکی نەتەوەیی و مەدەنیخواز بووە.

بەشی چوارەم لەژێر ناوی “کورد و نەستۆری لە سەفەرنامە و یاداشتەکانی ئۆژین بۆرێدا” ٢٩ لاپەڕە دەگرێتەوە. مێژووی کوردستان ئەگەر ئاشوورییەکان، کلدانییەکان، نەستۆرییەکان و سریانەییەکان نەگرێتەوە، مێژوویەکی ناتەواوە. ئەو سەرچاوانەی کە باس لە کریستییەنەکانی کوردستان دەکەن گەلێک زۆرن بەڵام بەداخەوە لە لایەن کورد و دراوسێکانەوە بایەخێکی ئەوتۆیان پێنەدراوە. لەم توێژینەوەیەدا نووسەر تەنیا بایەخی بە یەکێک لە سەرچاوە بەراییەکان داوە کە لە لایەن یەکێک لە قەشە لازارییە فەڕانسییەکانەوە نووسراوە، ئەویش: گەشتی ئۆژین بۆرێیە بۆ کوردستان. ئۆژین لە سەفەرنامەکەیدا بایەخێکی زۆری بە کورد و نەستۆرییەکان داوە. ئۆژین کاتێک لە ڤیەننا بوو بۆ ڕوونکردنەوەی زیاتر سەبارەت بە ئامانجی گەشتەکەی، نامەیەک بۆ ئاکادیمیای تۆمار و ئەدەبیاتی فەڕەنسا دەنێرێ و دەلێت: لە دەشتە گەرمەکانی ئاشوور و بابل کە بایەخێکی زۆر مەزنیان هەیە، دوو جۆر دانیشتووی نوێ هەن، کە پێویستە توێژینەوەیان لەسەر بکەین، ئەمانەش بریتین لە ئەرمەنییەکان و کوردەکان کە ژیانیکی شوانکارەیی و کۆچەرییان هەیە. پێی وایە کوردەکان دوو پێکهاتەیان هەیە: نیشتەجێ و کۆچەر. ئۆژین باس لە جوگرافییای کوردستان دەکات کە تا ڕادەیەکی زۆر دروست و تەواوە. بە باوەڕی ئۆژین کورد بە کلانەکانی سکۆتلەندی دەچێ کە هەر خێڵێک خێزانێک یان بنەماڵەیەک فەرمانڕەوایی دەکات. ئۆژین لەسەر ئەو باوەڕەیە کە ژنی کورد لە ژنی تورک ناچێ کە هەر چارشێو هەڵدەگرن، بەڵکوو ژنی کورد بە ژنانی ئاڵمانی دەشوبهێنێ کە هەردەم لەگەڵ مێردەکانیانن و یارمەتییان دەدەن بەتایبەت لە کاتی شەڕدا.

لە ڕوانگەی ئۆژین بۆرێوە نەستۆرییەکان بە هۆی جیاوازیی ئایینیان بە کافر و زەندیق دەستنیشان کراون، هەڵبەت لە ڕوانگەی کاتۆلیکییەوە، بێگومان ئەم ڕوانینە تیکەڵ بە ڕۆژهەڵاتناسییە. لە لایەکی‌ترەوە بوونی دوو سورشت نەک سێ سورشت کە نەستۆرییەکان دەیدەنەوە حەزرەتی مەسیح، دەگەڕیتەوە بۆ کاریگەریی ئیسلام و پێوەندیی ئاڵۆز و قووڵی ئەوان لەگەڵ ئیسلام. لە تێکستێکدا ئۆژین بۆرێ هەندێک دابونەریتی نەستۆرییەکان دەگێڕێتەوە و باس لە میژووی کورد و نەستۆرییەکان دەکات کە هەندێک پەیماننامە و رێکەوتنیان لەنێوان خۆیاندا هەبووە.

“ئەزموونی مێژوونووسی ئەدەبی کوردی” بەشی پێنجەمی کتێبەکەیە و ۵۰ لاپەڕە دەگرێتەوە و هەر لە سەرەتاوە لەگەڵ چەندین پرسیار ڕووبەڕوومان دەکاتەوە: مێژووی ئەدەبی چییە؟ مێژووی ئەدەبی چ جیاوازییەکی لەگەڵ ئەدەب بۆخۆی و لەگەڵ تێکستی ئەدەبیدا هەیە؟ مێژووی ئەدەبی بەرانبەر بە ڕەخنە و تێکستی ڕەخنەیی، هێشتا فراوانتر، بەرانبەر بە تیۆری ئەدەبی بە گشتی، هەڵکەوتی چۆنە و دەکەوێتە کوێوە؟ لەئەنجامیشدا مێژووی ئەدەبی سوودی چی هەیە؟ ئەم سوودە بۆ ئەدەب و ڕخنە چییە؟ ئەگەر سوودێکی هەبێ ئەم سوودە ئامانجی دیکەی وەک فێرکردن و کولتوور لە پشتە یان نا؟

بەداخەوە ئەم لایەنەش لەسەر ئاستی پراکتیکی و تیۆری لەناو زمان و ئەدەبی کوردیدا دەنگ و ڕەنگێکی وەهای نییە و بایەخێکی ئەوتۆی پێنەدراوە، هەڵبەت توێژینەوەیەکی دوکتۆر بەختیار سەجادی هەیە کە لەگەڵ ئەم توێژینەوەیەی نووسەر سەرچاوەیەکی گرینگن بۆ شیکردنەوەی پراکتیکی چەند سەرچاوەیەکی مێژوویی. کێشەی سەرەکی لەم بوارەدا دەگەڕێتەوە بۆ لاوازی و هەژاری یان نەبوونی توێژینەوەی ڕەخنەیی و تیۆریی نوێ و قووڵ لە ئەدەبی کوردی، ئەگەرچی سەرەتا و هەوڵە ڕەخنەیی و تیۆرییەکان لە ناو ئەدەبی کوردی دەگەڕێنەوە بۆ سەردەمی نوێبوونەوە، واتە کۆتایی سەدەی نۆزدەیەم و سەرەتای سەدەی بیستەم کە وەک سەرەتای سەرهەڵدانی رەخنەیی نوێ و کۆتاییهاتنی ڕەخنەی ڕەوانبێژیی سەر بە شعیر و ئەدەبییاتی سەردەمی کۆن دەستنیشان دەکرێ. سەرەتاکانی ئەزموونی مێژوونووسیی ئەدەبیی کوردی دەگەڕێتەوە بۆ ڕەخنەی ڕەوانبێژی و سەرهەڵدان و گەشەسەندنی ڕەخنەی ئەدەبی کوردی نوێ. ئەم توێژینەوەیە سێ بەش دەگرێتەوە، بەشی یەکەم و دووهەم تیۆرییە و بەشی سێهەم پراکتیکییە و لە پێنج بژاردەی پراکتیکی پێکدێ و وەک نموونە و کتێبی مێژوویی دیار لەبارەی ئەزموونەکانی مێژوونووسیی ئەدەبیی کوردی شیکردنەوەیان بۆ کراوە.

بەشی شەشەم بە ٥٨ لاپەڕەوە تەرخان کراوە بۆ بابەتی جۆرە ئەدەبییەکان و کێشەی تیۆری و زاراوەناسییان لە ئەدەبی کوردیدا. ئەم توێژینەوەیە هەوڵێکی شیکاری و تیۆری و پراکتیکییە بۆ خوێندنەوەی جۆرە ئەدەبییەکان. لە ئەدەبی کوردیدا ئەم بابەتە کەم‌تەمەنە بەڵام لە ئەدەبی جیهانیدا مێژوویەکی کۆنی هەیە. نووسەر لە بەشی یەکەمدا لە ڕوانگەی تیۆریکەوە باس لەم مێژووە دەکات، پاشان لە بەشی دووهەم دەپەرژێتەوە سەر کێشەی جۆرە ئەدەبییەکان لە ئەدەبی کوردیدا و ئەمەش بابەتێکی نوێیە و تا ئەمڕۆ سەرچاوەی کوردیی زۆر کەم لەبارەی جۆر و بن‌جۆرە ئەدەبییەکان بە شێوەیەکی سەربەخۆ لە چوارچێوی توێژینەوەی زانستی یان وەک کتێب و وتاری سەربەخۆ نووسراوە، بەڵام دیارە جۆرەکانی ئەدەب بە پێچەوانەی پێشینەی توێژینەوە لەو بوارەدا هەر لە دێرزەمانەوە لە ئەدەبی کوردیدا لەئارادا بوونە. سەرەتاکانی توێژینەوە لەم بابەتە ئەدەبییەدا لە گۆڕان و عەلائەدین سەجادییەوە دەست پێدەکات تا دەگاتە بەرهەمی توێژەرانی ئەمڕۆ. هەروەها یەکێک لە ئەو سەرچاوە نوێیانەی لەبارەی چەشنە ئەدەبییەکان ڕوانگەی نوێی پێشکەش کردووە، کتێبی “فەرهەنگی ئەدەبی” دوکتۆر موحسین ئەحمەد عومەر، نووسەری خودی ئەم کتێبەی بەردەستمانە.

ئەدەبی کوردی هەر لە کۆنەوە تا ئێستا گۆڕان و گەشەسەندن و دەوڵەمەندیی خۆی هەبووە، وەک لە ئەدەبی نووسراو و نەنووسراودا. لە ئەزموونی نووسراوی کۆنی کوردیدا، شیعری لیریکی شێوەی فۆرمی چامە و چوارخشتەکی و غەزەڵ و قەسیدەی هەبووە. ئەمەش تەواوی ئەزموونی شاعیرانی کۆن دەگرێتەوە، لە مەلا پەرێشانەوە کە یەکەم دەقی نووسراوی بڕواپێکراوی ڕێبازی گۆرانی داناوە بۆ جزیری و خانی لە ئەدەبی کوردی کورمانجیدا و تا دەگاتە نالی، سالم، کوردی، مەحوی و شێخ ڕەزا و حاجی قادر بە کوردی ناوەندی لە سەدی نۆزدەیەمدا و گۆران، هەردی و شاعیرانی هاوچەرخ. بە گشتی لە هەموو سەرچاوە کوردییەکاندا، سەرەڕای بابەتی ڕوانین و توێژینەوە لەم بارەیەوە، جۆرە ئەدەبییەکان یان جۆرە شیعرییەکان دابەش دەبنە سەر سێ بەش: لیریکی و ئێپیکی، جۆری سێهەم واتە ئەدەبی دراماتیک یان شانۆیی کە لە ئەدەبی کۆنی کوردیدا بوونی نەبووە. بۆ تیگەیشتن لە جۆرە ئەدەبییەکان لە ئەزموونی ئەدەبی کوردیدا، پێویستە بگەڕێینەوە بۆ سەرەتاکانی شیعری کوردی و بۆ یەکەم دەقەکانی شیعری کوردی.

بەشی حەوتەم لەژێر ناوی “ڕۆمانی هاوچەرخی کوردی توێژینەوەیەکی ڕەخنەیی پراکتیکی بۆ پێنج ڕۆمان” ۶۰ لاپەڕە دەگرێتەوە. سەرەتاکانی سەرهەڵدانی ڕۆمانی کوردی دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی نۆزدەیەم و سەدەی بیستەم. ڕۆمان یەکێک لە نیشانەکانی نوێخوازییە و لە هەمان کاتدا وەک سەرهەڵدان و لەدایکبوونی تاکایەتیی کوردییش دەستنیشان دەکرێت. نووسەر لە بەشی یەکەمدا شرۆڤەیەک لەسەر ڕۆمانی کوردی دەکات و پاشان کورتەیەکیش لەسەر گەشەسەندنی ڕۆمانی فەڕانسی دەخاتە ڕوو. لە بەشی دووەمیشدا بەشێک لە بیبلۆگرافیای ڕۆمانی کوردی و لە بەشی سێهەمیشدا خوێندنەوەیەکی پراکتیکی و ڕەخنەیی بۆ پێنج ڕۆمانی کوردی پێشکەش دەکات. سابیر ڕەشید لە کتێبی ڕۆمانی کوردیدا پێی وایە، ڕۆمانی کوردی بە چەند قۆناغێکدا تێپەڕیوە، وەک: قۆناغی لەدایکبوون و هەوڵە بەراییەکان لە ١٩٢٧ەوە تا ١٩٧٠، قۆناغی دامەزراندان و گەشەسەندن لە ١٩٨٥ەوە تا ١٩٩٠ و پێشکەوتن و نوێبوونەوە لە ١٩٩١ەوە تا ئیستا. نووسەر تەنیا لەسەر دواقۆناغ هاوڕای سابیر ڕەشیدە.

هەروەها توێژینەوە و وتارە تیۆری و ڕەخنەییەکان لەبارەی ڕۆمانی کوردی دوکتۆر هاشم ئەحمەدزادە وەک یەک لە بابەتە سەرەکی و بناغەکانە کە لە سێ کتێبدا بە ناوەکانی (گیڕانەوەناسی، جیهانی ڕۆمان و کتێبی زمان ئەدەب و ناسنامە)، گرینگییەکی زۆری بە ڕۆمانی کوردی و ڕۆمانی جیهانی داوە. لەسەر سەرهەڵدانی ڕۆمان لە ئەدەبی نویی کوردی، نووسەر ئارام سدیق پێی وایە هەر وەک چۆن لە ئەورووپا ڕۆمان بەرهەمی شارە، لە کوردستانیش لەگەڵ دروستبوونی شاردا ئەدەبی گێڕانەوەی ڕۆمانی کوردی گەشەی کردووە. بەگشتی سەدەی بیستەم بە سەدەی سەرهەڵدان و گەشەسەندن دادەنرێ، ئەم سەردەمە بە لە خەوما-ی جەمیل سائیب دەست پێدەکات، بە ئەزموونی شیرزاد حەسەن کۆتایی دێت. هەڵبەت لەگەڵ تیپەڕبوون بە ئەزموونی حسێن عارف، سەلاح عومەر، ئەحمەد ئیسماعیل، ڕەئوف بێگەرد، حەسەن قزڵجی، محەمەد ئۆزۆن و زۆری‌تر. بەڵام سەرەتای سەدەی بیست و یەکەم بە سەرەتای ڕۆمانی نوێ، نوێ لە هەموو ڕوویەکەوە وەک زمان، خەیاڵ، شێواز و گێڕانەوە، نوێ وەک ڕووداو و گۆڕانی سەردەم و ڕوانینەکان بۆ ئەم توێژینەوەیە. نووسەر پێنج ڕۆمانی هاوچەرخی کوردی لە نێوان دەیان ڕۆمان هەڵبژاردووە وەک نموونەیەک بۆ ڕۆمانی هاوچەرخی کوردی و بنیاتنانی گوتارناسییەک لەمەڕ ڕەخنەی پراکتیکی کە لە ناو بازنەی ڕەخنەی ئەدەبی کوردیدا بایەخێکی ئەوتۆی پێنەدراوە. ئەم ڕۆمانانە بریتیین لە: میرنشینی خاک و خۆڵ، پاسەوانانی خودا، یاداشتی عەتر و ئاگر، سەردەمی گریانی بەلقیس و دەریاس و لاشەکان.

بەشی هەشتەمی ئەم کتێبە بریتیە لە ٥٧ لاپەڕە و تەرخان کراوە بۆ سەر بابەتی شیعرییەتی شیعری فێرکاری وەک ئەزموونێک لە ئەدەبیاتی کوردیدا. نووسەر لەڕێگای ئاراستەکردنی چەندین پرسیارەوە ئەم بەشەی بە تەواوی بۆمان ڕوون کردووەتەوە. یەکەم پرسیار کە پێویستە وڵام بدرێتەوە ئەمەیە کە شیعری فێرکاری چییە؟ ئامانجی چییە؟ نووسەر لێرەدا ئاماژەی بە ڕوانگەی چەندین بیرمەند لەم بوارەدا کردووە و لەبەشی دووەمیدا شرۆڤەیەکی چڕوپڕی لەسەر ئەزموونی شیعری فێرکاری کوردی خستۆتە ڕوو. سەرەتاکانی شیعری فێرکاری دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی جزیری و خانی و ڕەنگە کۆنتریش. عەقیدەنامەکان، مەولوودنامەکان، هەندێک لە نامە شیعرییەکان، سروودەکان، شیعرە ئاینییەکان، لە ئەدەبی هاوچەرخ شیعر بۆ  منداڵ و میرمنداڵ… بەشێکن لە شیعری فێرکاری.

هەموو ئەو گۆڕان و وەرچەرخانانەی کە شیعری کوردییان گرتۆتەوە شیعری فێرکاریشیان گرتۆتەوە. لە سەدەی نۆزدەیەمدا ئێمە شیعری عارفانە و شیوەی موناجاتنامەمان هەیە لە شێوەی شیعری مەولانا، لە لای حاجی قادری کۆیە بەپێچەوانە بەرکەوتن هەیە بە جیهانی ڕۆژئاوا و نوێبوونەوە. لە سەردەمی گۆران، شێخ نووری شیخ ساڵح و پیرەمێرددا شیعری فیرکاری نوێبوونەوەیەکی چڕ بەخۆوە دەبینێ. ئەزموونی دواتر دەوڵەمەندبوون و بەرفراوانبوونی ئەم جۆرە شیعرییە لەسەر دەستی هەندێ کەسایەتی وەک ئیبراهیم ئەحمەد، فایق بێکەس، گۆران و ع.ع. شەونەم بەردەوام دەبێت، بەڵام سەردەمی زێڕینی ئەم جۆرە شیعرە کە ئەبێ دوائەزموونی گەورەی خۆی بێ لە ئەدەبی کوردیدا، ئەزموونی شیعری عەبدوڵا پەشێو لەگەڵ بەشێک لە ئەزموونی شیعری شێرکۆ بێکەس و گروپی شاعیرانی هەمان نەوەیە. بۆ یەکەمین ئەزموونی شیعری فێرکاری ئەتوانین ئاماژە بدەینە نەوبەهاری ئەحمەدی خانی و لوغەتنامەی ئەحمەدی شێخ مارفی نۆدێ. ئەمڕۆ وەک ئەزموونێک لە ئەدەبی نوێی کوردیدا، خەسڵەتی فیرکاری نە وەک جۆرێکی ئەدەبی بەڵکوو وەک گوتار و وەک تایبەتمەندی بوونی هەیە، لە زۆربەی فۆرمە ئەدەبییەکاندا، وەک شیعری ئاڤانگارد و منداڵان و پەروەردەیی، شانۆنامەی پەروەردەیی، ڕۆمان و چیرۆک و پەخشانەشیعر و وتاری ئەخلاقی و فێرکاری دەبیرنێتەوە.

بەشی نۆیەمی ئەم کتێبە توێژینەوەیەکی ٥٢ لاپەڕەییە سەبارەت بە چیرۆکی کوردی کە ژانرێکی نوێیە لە ئەدەبی کوردیدا و بەرهەمی نوێبوونەوەیە. سەرەتاکانی سەرهەڵدانی دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای سەدەی بیستەم و لەدرێژەی ئەم سەدەیەدا گەشەی سەندووە و گۆڕانکاری زۆری بەسەردا هاتووە. نووسەر لەم توێژینەوەیەدا باس لە سەرهەڵدان و گەشەسەندن ناکات بەڵکوو ئامانجی بایەخدان و بەرزنرخاندنی هونەری کورتەچیرۆکە. نووسەر لەم بەشەدا لە ڕووی تیۆریکەوە سەرنجی داوەتە بنیاتی هونەریی کورتەچیرۆکی هونەری لە ناوەوە و دەرەوە وەک فۆرمێکی تایبەتی ئەدەبی سەر بە گێڕانەوەی نوێ و پاشان وەڵامی ئەو پرسیارانە دەداتەوە کە ئایا ئەدەبی کوردی یان کورتەچیرۆکی نوێی کوردی هەمان بناغە و تایبەتمەندییە جیهانیانەی هەیە و پاشان کاری شیکاری و کردەیی لەمەڕ تەکنیک و شێوازەکانی داڕشتن بۆ دە چیرۆکی براوەی خەڵاتی فستیڤاڵی گەلاوێژ دەکات. یەکەمین بابەتێک کە لەم بەشەدا ئاماژەی پێ دەکات ئەمەیە کە کورتەچیرۆک چییە و جیاوازی لەگەڵ چیرۆک چییە؟ بۆچی چیرۆک و کورتەچیرۆکی کوردی کە وەک دوو بن‌جۆری ئەدەبی چیرۆکنووسینن لە باشووری کوردستان تێکەڵ بە یەکتری دەکرێن؟ نووسەر پێی وایە کورتەچیرۆکی هونەر سەختترین فۆرمی گیڕانەوەیە. گێڕانەوە هەردەم گەورەترین کێشەی مرۆڤ بووە و ئێمە بەردەوام لە ناو تۆڕێک لە گێڕانەوەی واقعی و خەیاڵی و مەجازیدا دەژین. هەروەها پاشان شرۆڤەیەک لەسەر چیرۆکی واقعی و خەیاڵی دەدات و لە ڕوانگەیەکی تیۆریکی و ستانداری جیهانیەوە پێناسەی کورتەچیرۆک دەکات و لە بەشی شیکاریدا ئەم لایەنە بە کردەکی دەخاتە ڕوو.

دوکتۆر موحسین ئەحمەد عومەر

نووسەر لە بەشی “بەراوردی ئەدەبی”دا وەک بەشی کۆتایی کتێبەکە، پێش هەموو شتێک هەڵەیەک لەسەر دەستەواژەی بەراوردکاری ئەدەبی کە زۆرتر بە ئەدەبی بەراوردکاری ناسراوە بۆمان پشتڕاست دەکاتەوە، چونکە ئەدەبێک بە ناوی بەراوردکاری بوونی نییە و بەراورد مێتۆد و بوارێکی ئەدەبییە کە ئامانجیشی پشکنین و گەڕانە لە گواستنەوەی کاریگەر و بەراوردکردنی دوو ئەدەب یان دوو فەرهەنگ یان دوو زمان. سەرهەڵدانی بەراودی ئەدەبی وەک تێما دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتاکانی سەدەی نۆزدەیەم واتە بۆ سەردەمی ڕۆمانتیکی ئاڵمانی و فەڕەنسی. دوای شەڕی یەکەمی جیهانی بەراوردی ئەدەبی چەندین قوتابخانە و بزووتنەوەی لێ دەبێتەوە، ئەم قوتابخانانە شان بە شانی ناوەندی فەرهەنگی و کۆمەڵایەتی خۆیان و خەسڵەتەکانیان تایبەتمەندی جیاجیا وەردەگرن. بەراوردی ئەدەبی وەک میتۆد و بوارێکی ئەدەبی بەرهەمی مۆدێرنیزمە.

پێویستە گرینگایەتی وەرگێڕان وەک بوارێک بۆ سەرهەڵدانی بەراوردی ئەدەبی لە بیر نەکەین، وەرگێڕان مێژوویەکی زۆر کۆنی هەیە، نووسەر لەم بەشەدا نایهەوێت بچێتە نێو مێژووی وەرگێڕان بەڵکوو ئەوەی لای گرینگە بریتییە لە بەشداریکردنی وەرگێڕان لە بنیاتنانی بەراوەردی ئەدەبی و ئاماژە دەدات بە چەند تێکستێک کە بوونەتە مۆدێل و هێمای وەرگێڕان و وەک نموونەیەکی دیارن بۆ لایەنی پراکتیکی ئەدەبی پێش سەرهەڵدانی وەک تیۆری و میتۆد، ئەم چەند تێکستە بریتیین لە: کلیلە و دمنە، هەزار و یەک شەو و چواریینەکانی خەیام. بە گشتی بەراوردی ئەدەبی بە پێی فەرهەنگ و جوگرافیای فەرهەنگی دەگۆڕدرێ و ئەو پێوەندیە لە ئەدەبی ڕۆژئاوا بەرانبەر بە ڕۆژئاوا هەیە جیاوازە لەچاو ئەو پێوەندیە کە لە ئەدەبی ڕۆژهەڵات بەرانبەر بە ڕۆژهەڵات هەیە.

سەرەڕای فیلۆلۆژی، زانست و ئەدەبی ڕۆمانتیکی و وەرگێڕان، سەفەر و وێنا و ئایدیای ڕۆژهەڵات یان ڕۆژهەڵاتناسی بەکورتی بەشدارن لە بنیاتنانی تیۆریی بەراوردکاری لە بوارەکانی بەراوردی فەرهەنگی و بەراوردی ئەدەبی و هتد. توێژینەوەکانی ئێدوارد سەعید لە کتێبی ڕۆژهەڵاتناسی وەک کتێبی سەرەکی بەراوردی ئەدەبی و بەراوردی فەرهەنگی نێوان ڕۆژهەڵات و رۆژئاوا دادەنرێت و لەگەڵ ئەمەشدا سەفەرنامەکان دەتوانن وەک تێکستێک کە خاوەن گیڕانەوەن و وەک ماتریالێکی سەرنجڕاکێشی بەراوردی ئەدەبی هەژمار بکرێن. لە کۆتاییدا بۆمان ڕوون دەکاتەوە کە مەوداکان لە جیهاندا زۆر کورت بوونەتەوە و سەرچاوەکانی گواستنەوە تەنیا وەرگێڕان و خوێندنەوە نین، بەڵکوو کرانەوەیەکی زۆر بەسەر فێربوونی خێرای زمانەکان و هەروەها خوێندنەوە و توێژینەوەی نوێدا هاتووە. تۆڕە کۆمەڵاتییەکان وەک شەبەنگێک لە پێوەندی و کاریگەریدا دەوری مرۆڤی ئەم سەردەمەیان داوە، هەموو شت بەوپەڕی خێرایی دەگات. سەفەر و گەشت زۆر بووە، بۆیە ئەگونجێ ئەم سەردەمە بە سەردەمی بەراوردی فەرهەنگی دابنێن.

تێبینی کۆتایی

“وێنا و ئایدیا”کتێبێکی دانسقەیە، کە هەڵگری چەندین خاڵی گرینگە:

یەکەم: ئەوەی کە نووسەر خۆی نەخستۆتە ژێر سێبەری هیچ بزووتنەوە و خوێندنەوەیەکی ئایدیۆلۆژیانە یان تەندانسێکی لەم جۆرە یان یەکێکی دەرەکی، بەڵکوو تەنیا ویستوویەتی لە ڕوانگە و ڕوانینێکی تازە و نوێخوازانەوە و بە مێتۆدێکی نوێ خەسڵەت و پانتایی ئەدەبی ێنێتەوە. هەموو شتێک لەپێناو وشەی کوردی، بنیاتنانی جوانیناسی کوردی، ڕەخنەی نوێی کوردی و گوتاری کوردی بووە.

دووەم: کۆی پانتایی زمان و ئەدەبی کوردی، بگرە فەرهەنگی کوردی وەک دەشتێکی پان و بەرین وایە کە کاری تێدا نەکراوە، ئەوەش کە کراوە بە نەریتی کۆن و بەسەرچوو بووە، بەڵام ئەم لێکۆڵینەوە هەنگاوێکی گەورەیە بە مێتۆد و خوێندنەوە و پشکنینی نوێ.

سێیەم: دەتوانێت سەرچاوەیەک بۆ خوێندکارانی زمان و ئەدەبی کوردی و ئەو کەسانەی کە خولیای خوێندنی بابەتە ئەدەبییەکانن.

 چوارەم: لەکۆتایی کتێبەکەدا ئاماژە بە کارنامەی نووسەر کراوە، کە ئەمە دەتوانێت بەرچاوڕوونییەک بێت بۆ خوێنەران سەبارەت بە ئەو توێژینەوە و بەرهەمانەی کە نووسەر پێشکەش بە کتێبخانەی کوردی کردوون.

لەئەنجامدا، هیوادارین کە قەڵەم بەدەستان و ڕەخنەگرانی ئەم بوارە بتوانن لەداهاتوویەکی نزیکدا ڕەخنە و بۆچوونی خۆیان سەبارەت بە ئەم کتێبە پێشکەش بکەن. هەڵبەت شیاوی ئاماژەیە هیچ ڕەخنە و بۆچوونێک لە نرخ و بایەخی ئەم بەرهەمە وەک لێکۆڵینەوەیەکی ئەدەبی کەم ناکاتەوە.

بۆ خوێندنەوەی دەقی بابەتە کرتە بکە سەر لینکی خوارەوە.
  https://t.me/kurdishbookhouse

 ئەم بابەتە تایبەتە بە ماڵی کتێبی کوردی و بڵاوکردنەوەی بە ئاماژەدان بە سەرچاوە ڕێگە پێدراوە.

درباره‌ی ماڵی کتێبی کوردی

همچنین ببینید

بەردینە، ڕۆمانێک ڕۆنراو له سەر بناغەکانی قایەت، مێژوو، بەیت و بن زاراوەیەکی کۆن

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *