خانه / پێشنیاری ده‌سته‌ی نووسه‌ران / ئەوڕەحمانی حاجی مارف؛ گەڕیدەی وشە و ڕێزمانی کوردی

ئەوڕەحمانی حاجی مارف؛ گەڕیدەی وشە و ڕێزمانی کوردی

ئەوڕەحمانی حاجی مارف؛ گەڕیدەی وشە و ڕێزمانی کوردی

زانا و نووسەر و زمانزان و زمانناسی مەزنی کورد «ئەوڕەحمانی حاجی مارف»، نیو سەدە بێ پسانەوە کونجکاو بەدوای وشەی کوردی و خجڵی کاری زمانەوانی، ئەمئێستاش لە نێو وشە و قەڵەمی هەمووماندا دەژیت، یەکێکە لە سەرچاوە و کۆڵەکە سەرەکی و پتەوەکانی زمانی کوردی، بە نووسین و لێکۆڵینەوە و وەرگێڕان و سەرنجەکانی خزمەتێکی گەورەی پێشکێش بە نەتەوەکەی کردووە و لە زۆربەی لایەنەکانی زمان دواوە و گەلێک دیوی شاراوەشی دەرخستوون و پەردەی لەسەر هەڵماڵیون و ساغیکردوونەتەوە.

زانای گەورەمان «ئەوڕەحمانی حاجی مارف» لەدوای تەواوکردنی قۆناغی ئامادەییدا، بە مەبەستی درێژەدان بە خوێندن ڕوو لە وڵاتی ڕوسیا دەکات، سێزدە ساڵ لەوێ دەمێنێتەوە و بەهەوڵ و کۆشش و توانستی خۆی لەڕێگەی خوێندنەوەی بەرهەمی نووسەرە گەورەکانی جیهان زمانی ڕووسی فێردەبێت. لە زانکۆی “لێنیگراد” بڕوانامەی بەکالۆریۆس و ماجستێر بەدەستدەهێنێت، دواتریش لە “ئامۆژگاری ڕۆژهەڵاتناسیی ئەکادیمیای سۆڤیەتی لێنیگراد” بە هاوکاری مامۆستا کوردەکەی پرِۆفیسۆر «#قەناتی_کوردۆ- #کوردۆیف)، کە کەڵک و قازانجێکی زۆری لێبینیوە و بۆئەو پاڵپشتێکی بەهێز بووە، نامەی دکتۆرایەکەی لەبارەی “مێژووی فەرهەنگنووسیی کوردی و شێوازی دانانی فەرهەنگی رِووسی-کوردی” تەواودەکات و برِوانامەی دکتۆراش بەدەستدەهێنێت.

لە ساڵی (۱۹۷۳)دا دەگەڕێتەوە و نیشتمان و لە کۆڕی زانیاریی کورد و زانکۆیەکۆیەکانی: (سلێمانی و ئیبن ڕوشد و خانەقین) قۆڵی خزمەتکردن هەڵدەکات و وانە بە قوتابییانی بەکالۆریۆس و ماجستێر و دکتۆرا دەڵێتەوە و سەرپەرشتی دەیان نامەی ماجسێر و دکتۆرای کردووە، ئاریکار و هاندەری گەورەی قوتابییە کوردەکانی بەشی کوردی بووە لە شاری بەغدا و پاڵپشتێکی بەهێزیان بووە.

لەماوەی ژیانیدا زیاتر لە بیست کتێب و سەدان وتار و لێۆڵینەوە و چەندین کتێب و وتاری وەرگێڕدراوی لە بارەی زمان و ئەدەب و کوردناسی و ڕەخنە و فەرهەنگنووسی پێشکێش بە کتێبخانەی کوردی کردووە و ئەو بەرهەمانەش گرنگی و تایبەتی خۆیان هەیە و بوون بە هەوێنی چەندان کتێب و وتار و توێژینەوەی دیکە، کە بڕواناکەم نووسەرێک لەسەردەمی ئەو و دوای ئەویش هەبووبێت، دوو قسەی لەسەر زمانی کوردی کردبێت و سوودی لە نووسین و بیروڕایەکانی ئەوڕەحمان وەرنەگرتبێت، ئێستاش نووسینەکانی لە قوتابخانەکان و زانکۆیەکان دەخوێنرێن و نرخ و بایەخی تایبەتییان هەیە، بە جۆرێک زۆربەی هەرە زۆری خاوەن قەڵەم و خوێندەوارانی ئەم وڵاتە مشتێک لە خەرمانی زۆر و زەوەندی ئەم کەڵە زانایەیان بەرکەوتووە، بەرهەمەکانی پڕن لە داهێنان و بابەتی نوێ، بەردەوام ملی داوەتە بەر ئەو لایەنانەی زمان، کە قسەیان لەسەر نەکراوە یان کەمترین سەرچاوەیان لەسەر هەیە و کتێبخانەی کوردی پێویستی پێ هەبووە. لە ڕێگەی وەرگێڕانیشەوە دەیان کوردناس و زمانناس و کەڵەنووسەری جیهانی بە خوێنەرانی کورد ناساندووە.

دوای تەمەنێک لە نووسین و خزمەت و خەمخۆری، کاروانی خزمەتی ئەو کەڵە زانایەمان بەردەوام دەبێت و بڕیاری کارێکی درێژخایەن وەکو دانانی فەرهەنگێکی کوردی-کوردی دەدات، کە خەونێکی لە مێژینەی خۆی بووە و ماوەیێک بەتامەزرۆییەوە خەریکی فەرهەنگەکە دەبێت، بەڵام نەخۆشی بەرۆکی دەگرێت و تا ڕادەیێک لە کاری فەرهەنگەکە دووری دەخاتەوە، دواجاریش مەرگ مەودای تەواوکردنی فەرهەنگەکەی پێنەدا. فەرهەنگەکەی ناوی میدیای لێنابوو، خۆی لە بیست و پێنج بەرگدا دەبینیەوە و بە ڕێوشوێنێکی زانستیی فەرهەنگنووسی دایڕشتبوو و بە پشتبەستن بە یاسا و دەستورەکانی بواری فەرهەنگسازی وشە و واتایەکانی تۆمارکردبوون و لەسەر هەمان ڕێچکەی فەرهەنگەکەی عەبدولڕەحمانی زەبیحی (قاموسی زبانی کوردی) دەڕۆیشت. مخابن (میدیا)ش وەک فەرهەنگەکەی زەبیحی بە نامورادی سەرینایەوە.

ئەوڕەحمانی حاجی مارف نزیکەی چل ساڵ وەک خزمەتکارێکی شارەزا و دڵسۆز شەو و ڕۆژی لێکگرێداوە و لێرە و لەوێ بە وشە و هەڵوێست خزمەتی نەتەوەکەی کردووە، ئەوەتە خاکییانە و لەخۆبوردوانە نووسیویەتی: (کۆڵەوارم و هەر هێندەم لە دەست دێت، خۆزگە کاری گەورەم لە باردا بووایە، خەجاڵەتی قاپی دڵسۆزی میللەتەکەمم، کە هێندە دڵپاک و لەخۆ بووردوون، دەست بە ڕوومەوە نانێن ئەو جۆرە دیاریانەم لێ وەرگرن).

سەد مخابن لە شەوی ۷\۰۸-۰۷-۲۰۰۷ بەکارەساتێکی دڵتەزێن گیانی پاکی سپارد و لە دەست نەتەوەکەی چوو، زمانەکەمان پێویستی زۆری بەم زانایە مەزنە مابوو، هێشتا چەندین مەڵۆ و شارای دیکەی لە باوەش بوو بیانخاتە سەر خەرمانی زانستیی کارەکانی، تا گەلێک مەسەلە و کێشەی دیکەی زمانی کوردیمان بۆ ڕوون و یەکلابکاتەوە.

دانەبڕان و درێژەدان بە کاروانی خزمەتەکانی جوانترین وەفایە پێشکێش بەو پیاوە مەزنەی دەکەین، پێویستیشە لە لایەن حکومەت و لایەنی پەیوەندیدار و دڵسۆزانەوە، لە ئاست خزمەتە بەرچاوەکانیدا ساڵانە یادی ئەم زانایە بکرێتەوە، پەیکەرێکی شایستەی لەبەردەم کۆلێژی زمان یان کۆڕی زانیاریی کورد بۆ چێبکرێت، هەروەها ئاوڕ لە بەرهەمە چاپ نەکراوەکانی بدرێتەوە و کار بۆ چاپکردنیان بکرێت، بەرهەمە چاپکراوەکانیشی دووبارە چاپ بکرێنەوە، کە هەموویان سەرچاوەی پێویست و گرنگن. هەزاران سڵاو لە گیانی پاکی (ئەوڕەحمانی حاجی مارف) گۆڕەکەی شاد و پرِ نوور بێت.

سوودم لەم سەرچاوانە وەرگرتووە:

۱-بەرهەمە زمانەوانییەکانم، ئەورەحمانی حاجی مارف، بەرگی یەکەم سلێمانی، ۲۰۰۲٫

۲-بەرهەمە زمانەوانییەکانم، ئەورەحمانی حاجی مارف، بەرگی دووەم، سلێمانی، ۲۰۰۴٫

۳-نیوسەدە لە ژیان و زانستی پرِۆفیسۆر ئەورەحمانی حاجی مارف، نەریمان عەبدوڵڵا خۆشناو و حەمید ئەبوبەکر بەدرخان، چاپی یەکەم، دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی بەدرخان، هەولێرهەولێر، ۲۰۰۷٫

ئامادەکردنی: دادیار ئازاد

دیزاین: خالید گرافیک

 بۆ داگرتنی ته‌واوی بابه‌ته‌که ببنە ئەندامی کاناڵی تلگرامی ماڵی کتێبی کوردی…

 https://t.me/kurdishbookhouse

سەرچاوە: کوردیپدیا

درباره‌ی ماڵی کتێبی کوردی

همچنین ببینید

تاثیر سینمای چارلی چاپلین بر شخصیت های کتاب «از راحیل بانوی یهودی چه خبر؟

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *