سنە، گەیشتە قۆناغی کۆتایی هەڵبژاردنی حەوتەمین پێتەختی کتێبی ئێران
پێگەی هەواڵنێریی “ماڵی کتێبی کوردی”– بە پێی راگەیێنراوی پێوەندییە گشتییەکانی جێگرایەتیی کاروباری کولتووریی وەزارەتی فەرهەنگ و ئیرشادی ئیسلامی، کۆبوونەوەی کۆتایی هەڵبژاردنی حەوتەمین پێتەختی کتێبی ئێران بە ئامادەبوونی یاسر ئەحمەدوەند، جێگری کاروباری کولتووری؛ ئیبراهیم حەیدەری، سکرتێری بەڕێوبردنی ئەم بۆنە کولتوورییە و ئەندامانی ئەنجوومەنی سیاسەتدانان، ڕۆژی چوارشەممە (۵ی خەزەڵوەر) لە وەزارتی فەرهەنگ و ئیرشادی ئیسلامیدا بەڕێوە چوو.
ئیبراهیم حەیدەری، وێڕای ئاماژەدان بە گەیشتنی ۱۹۱ فایل بە نووسینگەی پێتەختی کتێبی ئێران، گوتی: پاش چەندین قۆناغ تاوتوێ و هەڵبژاردن، ۳۶ شار گەیشتنە قۆناغی پێشکۆتایی. لەم قۆناغەشدا جارێکی دیکە هەڵسەنگاندن بەڕێوە چوو و پاش شەنوکەو کردنی بەرنامەکان، پێنج شار بۆ قۆناغی کۆتایی هەڵبژێردران، کە بریتین لە شارەکانی: سنە، ئوز، نەجەف ئاباد، بەم و سمنان.
لە درێژەی کۆبوونەوەکەدا، نوێنەری شارەکان لە کاتی دیاریکراودا، بەرنامەکانی کتێب و کتێبخوێنیی خۆیان ناساند و لە کۆتاییدا ئەندامانی ئەنجوومەنی سیاسەتدانان، چەندایەتی و چۆنایەتیی بەرنامەکانیان خستە بەر باس و هەڵسەنگاندن.
هەروەها دیاریکرا کە حەوتەمین پێتەختی کتێبی ئێران لە مەراسیمی کۆتایی ئەم مێهرەجانەدا بناسێنرێت.
لە مەراسیمی حەوتەمین پێتەختی کتێبی ئێراندا، ئەشرەف برووجردی، سەرۆکی کتێبخانەی میللی ئێران؛ عەلیڕەزا موختارپوور، سکرتێری گشتیی بنکەی کتێبخانەکانی وڵات؛ حوجەتولئیسلام ئەرزانی، سەرۆکی بارەگای باڵای ناوەندە فەرهەنگی و هونەرییەکانی مزگەوتەکانی وڵات؛ فەریبورز خوسرەوی سەرۆکی لێژنەی بەڕێوەبەرایەتیی کتێبداری و ڕاگەیاندن؛ سابیر سوهرابی، بەڕەێوەبەری گشتیی فەرهەنگ و ئیرشادی پارێزگای فارس؛ موحسین پەرویز، سەرۆکی لێژنەی بەڕێوەبەرایەتیی ئەنجوومەنی قەڵەم؛ نادر قەدیانی، بڵاڤۆککار و سەییدعەلی کاشیفی خانساری، لێکۆڵەر و نووسەری منداڵان و مێرمنداڵان ئامادە بوون.