خانه / پێشنیاری ده‌سته‌ی نووسه‌ران / کۆڕی پەردەلادان لەسەر بەشێک لە دیوانی «فەقێ ئەوڕەحمانی جوانڕۆیی» بەڕێوە چوو

کۆڕی پەردەلادان لەسەر بەشێک لە دیوانی «فەقێ ئەوڕەحمانی جوانڕۆیی» بەڕێوە چوو

کۆڕی پەردەلادان لەسەر بەشێک لە دیوانی «فەقێ ئەوڕەحمانی جوانڕۆیی» ناسرا بە موخلیس لە ئاوایی کۆرێ بەڕێوە چوو

ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە ڕێککەوتی ۱۶ی ڕەزبەر ڕێوڕەسمێک لە ژێر ناوی بەشێک لە دیوانی «فەقێ ئەوڕەحمانی جوانڕۆیی» ناسرا بە موخلیس لەلایەن ئیدارەی فەرهەنگ و ئیرشاد و ڕێکخراوی مافی شارۆمەندی شاری جوانڕۆ بەڕێوە چوو.

لەبەشی یەکەمی بەرنامەکدا مستەفا جەوانڕوودی بەرپرسی وەشانخانەی ماپریس سەرەتا بەخێرهاتنی هەموو ئامادەبوونی بەڕێزی کرد و خۆشحاڵی خۆی دەربڕی کە لەم ساڵانەی دواییدا توانییەتی بەرهەمی قەڵەم بەدەستان لەم وەشانخانەیە بەچاپ بگەیەنێت. هەروەها ئاماژەیان بە جیاوازی چاپ کردنی کتێبی فەقێ ئەوڕەحمانی جوانڕۆیی لەگەڵ کتێبانەی دیکە کە لەم وەشانخانەیە بەچاپ گەیشتووە کرد. بە وتەی جەنابیان بەشێک لەم دەستنووسە مێژوویە لەلای باپیری گەورەی میرزا ئەحمەد بووە و نەوە لە دوای نەوە ئەمەیان پاراستووە و بەخۆشحاڵییەوە بە هەوڵ و تێکۆشانی کاک غەفار ئەم بەڵگەیە مێژووییە بەچاپ گەیشتووە و پێشکەشی کتێبخانەی کوردی کراوە.

دوکتۆر جەوانڕوودی گوتی: لێرەوە دەستی ماندوونەبوونی کاک غەفار دەگوشین کە ساڵانێکی زۆرە لەم ڕێگەدا خزمەت بە کەلتوور، زمان و ئەدەبی کوردی دەکەن و هەروەها بە پێویستیان زانی لەهەموو ماڵێکدا یەک بەرگ لەم کتێبانە لە لە کتێبخانەکانیاندا بوونی هەبێ.

لەبەشی دووەمی بەرنامەکەدا مەلا فاروق ئاماژەیان کرد کە ئەگەر ئەم کتێبە بخوێنینەوە بۆمان دەردەکەوێت فەقێ ئەوڕەحمانی جوانڕوویی لەبەرانبەر نەیارانی سەردەمی خۆیدا نەترسانە و غەریبانە لەوڵاتێکی دوور توانییەتی لەبەرانبەر زمان و ئەدەب و قەڵەمی خۆی بەبێ چەک و پشتیوان ڕابوەستێت.

ئاماژەشی بەوە کرد کە: مامۆستا فەقێ ئەوڕەحمان لە حوجرە پەروەردە بوو و یەکێک لە ئەدیبەکانی ئێمە فەرموویەتی:

حوجرە خەریکە تێپەڕ ئەبێ هەزار ساڵ

شوێن نەما تێیدا هەڵنەدەم ڕەشماڵ

گوندا و گوند شان بە شانی بای شەماڵ

گەڕاوم کوردەواری ماڵ بە ماڵ منم

حوجرە دڵی بێداری کوردستان

لەم دێلاوێ لەو دێلاوێ دەستچن دەکەم تاو نە تاوێ

چەشنی ڕاوچی لێرە داوێ لێرە داوێ

تا نێچیر بێ لەم داوانەعەبدولڕەحمان ناوێ

منم حوجرە دڵی بێداری کوردستان

دەمێ بێکشەم کۆرپەی هەتیوو

ڕاپەژێنم

دەمێ چەکم تەک پێشەوا نیشتیمانم دەهەژینم

دەمێ شاعیر بۆ حەبیبە و سەلما ئەخوێنم

دەمێ شێخم لە شارەزوور تەریقەت دەنەخشێنم

منم حوجرە دڵی بێداری کوردستان

وەر لەو دەلاقە تەنگەوە بڕوانن بۆ ڕابردووم

ڕۆڵەکانی بیارە و دارولئێحسان هان لە دوور

لە شارەزوور لە دەینەوەر لە حەکاری یارانی زووم

هەر پیاوێ دەنگی هەبوو، دەیوت من زوو لە حوجرە بووم

منم حوجرە دڵی بێداری کوردستان

هەروەها باسیان لەوەش کرد کە: ئێمە ئاگادارین لە کوردستان هەر شاعێریک، ئەدەبێک، نووسەرێک و هەر گەورە پیاوێک بووە دەستی لەناوی حوجرەدا بوو و حوجرە باوانی کوردەوارییە. حوجرە کەسایەتییە گەورەکانی وەک: مەولەوی، قەرەداغی پێنجوێنی، قانع، نالی، مەحوی، ناری، و عەبدولڕەحمانی جوانڕۆیی و…….. پەروەردە کردووە. ئەم کەسایەتییە پایەبەرزانە عیزەت و زانایی خۆیان نەشکاند و پێشکەش بە بێگانەیان نەکردووە.

لەبەشی سێهەمی بەرنامەکەدا غەفار ئیبراهیمی سپاس و پێزانینی خۆی ئاراستەی هەموو ئەو کەسانەی کرد کە لە پێکهێنانی ئەو کتێبەدا یارمەتییان دابوو، بەتایبەت دوکتۆر مستەفا جوانڕۆیی و دوکتۆر ئیرشاد ڕەشیدی ڕۆستەمی کە ئەرکی بەڵگە وەرگرتن و دیزاین کردنی ئەو کتێبەیان لە ئەستۆ گرتبوو. هەروەها سپاسی خەڵکی ئاوایی کۆرێ و ئەو کەسانەش کە بە ناردنی بەڵگەنامە و دەستنووس پشتیوانی کارەکە بوون.

بەڕێز ئیبراهیمی لەدرێژەی بەرنامەکەدا تیشکی خستە سەر ئەوەی کە بەشێک لەو هۆکارانەی کە زمانی کوردی پاراستووە، بوونی گۆرانی و ئەدەبیاتێکی عامە پەسەند بووە کە لە بەرەیەکەوە بۆ بەرەیەکی دیکە گواستراوەتەوە و هەر درێژەی هەبووە. هەروەها گوتی: بەشێک لەو ئەدەبیاتە بە سەدان ساڵ لە دیواخانە کوردییەکاندا خوێندراونەتەوە، لاوان لە بەریان کردوون و زمانی ڕەسەنی کوردییان پێ جەلا داوە.

لەدرێژەدا گوتی: بەداخەوە بە هۆی نەبوونی بەڵگە و سەرچاوەی زیاتر نەتوانراوە ئەو جۆرەی کە شایانی ناساندنی فەقێ ئەوڕەحمانی جوانڕۆیی و فەقێ هۆمەری مامیەتی بناسرێ و باس لەسەر ژیاننامەی تەواو و بەرهەمەکانیان بکرێت. یەکەم کەس کە بووە هۆی ئەوەی من فەقێ ئەوڕەحمان و فەقێ هۆمەر بناسم خوالێخۆشبوو مامۆستا عەلائەددین سەججادییە کە لە کتێبی مێژووی ئەدەبەکەیدا ناویانی هێناوە و دەفەرمێت: ئەگەر تەمەن مۆڵەتی پێمدا لەساڵی داهاتوودا دیوانە شیعری فەقێ ئەوڕەحمانی جوانڕۆیی بڵاو دەکەمەوە بەڵام بەداخەوە مەرگ مەودای نەدا و بۆ هەمیشە بەجێی هێشتین.

هەروەها فەقێ ئەوڕەحمان شارەزای زمانەکانی کوردی، فارسی، تورکی، عەرەبی و بەشێک لە زمانی ڕووسی بووە.

لەکۆتاییدا دەسخۆشی لە ئیدارەی ئیرشادی ئیسلامی و ڕێکخراوی مافی شارۆمەندی جوانڕۆ کرد کە مۆڵەتی بەڕێوەچوونی ئەو ڕێوڕەسمەیان پێداوە.

لەکۆتایی بەرنامەکەدا بە پەردەلادان لەسەر کتێبەکە کۆتاییان بە ڕێوڕەسمەمە هێنا.

هەواڵنێر: نووشین مەحموودی

  https://t.me/kurdishbookhouse

 ئەم بابەتە تایبەتە بە ماڵی کتێبی کوردی و بڵاوکردنەوەی بە ئاماژەدان بە سەرچاوە ڕێگە پێدراوە.

درباره‌ی ماڵی کتێبی کوردی

همچنین ببینید

بەردینە، ڕۆمانێک ڕۆنراو له سەر بناغەکانی قایەت، مێژوو، بەیت و بن زاراوەیەکی کۆن

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *